فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

راپۆرتی پلۆنۆمی یازدەهەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – بەشی سێهەم، باروودۆخی گشتیی عێراق و هەڕەشەکانی کۆماری ئسیلامی
سێشەممە ۲۰-۰۷-۱۴۰۰   |  12-10-2021

باسە بەربڵاوەکانی پلۆنۆمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دوازدەهەم کە لە رۆژی 27ی مانگی خەرمانان بەڕێوەچوو، یەکێک لە تەوەرەکانی، باس کردن لە باروودۆخی گشتی عێڕاق و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بوو.

لەو بابەتە دا جەخت کراوە کە لە عێڕاق دوو رووداوی سیاسی گرینگ لە ئارا دان کە هەموو هێزەکانی بەشدار لە دۆخی عێڕاق، چ رەوت و حیزبە بورژوا ئیسلامییەکان لە ئاستی سەرتاسەری دا و چ حیزبە ناسیۆنالیست و ئیسلامییەکانی کوردستان و چ حکوومەتە کۆنەپەرەستەکانی ناوچەکە و هێزە ئیمپریالیستییەکان، هەموویان خۆیان بۆ کاریگەریدانان و کارتێکردن لە سەر ئەم دوو رەوەندە ئامادە دەکەن. یەکێک لە رووداوەکان، هەڵبژاردنی پاڕلمانی لە عێڕاقە کە لە مانگی ئۆکتۆبر دا بەڕێوە دەچێ. ئەم هەڵبژاردنە یەکەم هەڵبژاردنی دوای ئاخێزی شۆڕشگێرانەی کۆمەڵانی خەڵکی عێڕاق لە ئۆکتۆبری ساڵی 2019 دایە. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێرانەیە کە لە دژی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، گەندەڵی و دزییە ریشە داکوتاوەکان لە پێکهاتەی سیاسی دەسەڵات، دەستێوەردانی هێزە کۆنەپەرەستەکانی ناوچەکە و ئەمریکا و بە تایبەت کۆماری ئیسلامی سەری هەڵدابوو، وەلانانی دەوڵەت و پاڕلەمان لە خواستە سەرەکییەکانی بوو. ئەم ئاخێزە جەماوەرییە لە لایەکەوە بۆ هۆی سەرکوتی خوێناوی دەوڵەت و گرووپە مێلیشیاییە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی بڵاو بوونەوەی ویرووسی کۆڕۆنا بەرەبەرە پاشەکشەی پێکرا. لە ئاکامی ئەم سەرکوتە خوێناوییە دا زیاد لە هەزار کەس لە خۆپێشاندەران و خەڵکی ناڕازی گیانیان لە دەست دا، 30 هەزار کەس بریندار بوون و بە هەزاران کەسیش دەستبەسەرکران. ئاگری ئەم ئاخێزە شکۆدارە هەرچەند گڕی نەماوە و لە ژێر خۆڵەمێش دایە، بەڵام لە سەر بەستێنی پەرەسەندنی هەژاری و نەهامەتی هەرچەند جارێک دەگەشێتەوە و بڵێسە دەستێنێتەوە. ئاخێزی ئۆکتۆبری 2019ی عێڕاق هەر وەک ئاخێزی مانگی بەفرانباری 96 و خەزەڵوەری 98ی ئێران هاوکێشەکانی بە قازانجی چینی کریکار و کۆمەڵانی ناڕازی خەڵکی عێڕاق گۆڕی و مۆری خۆی لە سەر دۆخی سیاسی و هەلومەرجی خەباتی چینایەتی لەو کۆمەڵگایە داکوتا. بێ گۆمان دواهات و کاردانەوەی ئەم ئاخێزە شکۆدارە لە بایکۆتی بەربڵاوی هەڵبژاردنی پاڕلمانی مانگی ئۆکتۆبری 2021 دا خۆی دەبینێتەوە. یەکێک لە جیاوازییەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە گەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو ئەوەیە کە ئەمجار جیا لە حیزبە چەپ و کۆمۆنیست و شۆڕشگێرەکان کە بە درووستی بایکۆتییان کردووە، حیزبە ئیسلامی و ناسسیۆنالیستەکان لە بەغدا فریوکارانە دەیانهەوێ نیشان بدەن کە ئەم هەڵبژاردنە لە پێناو بەدیهێنانی خواستە سەرەکییەکانی کۆمەڵانی راپەڕیو لە ئۆکتۆبری 2019 دایە. هەموو حیزبەکان و هێزەکانی ناو دەسەڵات دەیانهەوێ وای نیشان بدەن کە تەنیا رێگەی بەدیهاتنی خواستەکانی ئاخێزی ئۆکتۆبر و لاوانی ناڕازی و هەرجۆرە چاکسازییەک لە دۆخی ئێستا دا تەنیا و تەنیا لە ریگەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پاڕلمانییەوە مەیسەر دەبێ. لەم بەینە دا هەموو حکوومەتە کۆنەپەرەستەکانی ناوچەکە و بە تایبەت کۆماری ئیسلامی کە لە مەودای ئاخێزی ئۆکتۆبر دا کۆنسولگەری و هێماکانی ئاگریان تێبەردرا، بۆ بەهێز کردنی شوێن پێی خۆی لە عێڕاقی دوای هەڵبژاردن هەوڵ دەدەن. بەڵام سەرەڕای هەوڵی حیزب و هێزەکانی دەسەڵات لە عێڕاق و دەستێوەردانی حکوومەتە کۆنەپەرەستەکانی ناوچەکە، ئاخێزی ئۆکتۆبری 2019 و ریزی بەربڵاوی بایکۆت و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن دا نیشانی دەدا کە هێزی مادی راستەقینە بۆ ئاڵووگۆڕ لەو کۆمەڵگایە دا بوونی هەیە. کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، ژنانی ستمەلێکراو، موعەلیمان و هەموو ئەو کەسانەی بە درێژەی ئەم دۆخە لە عێڕاق و کوردستان و زاڵە هاتوون، بۆ کۆتایی هێنان بەو بارودۆخە، رێگایەکیان نییە بێجگە لە بەشداری لە گۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگە، یەکخستنی ریزەکانیان، پێکهێنانی رێکخراوی خۆیان و  شکڵدان بە رێبەری و لەو رێگەیەوە کاناڵی دەخاڵەت لە ئیدارەی کۆمەڵگا و دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان بدۆزنەوە. کرێکارانی وشیار، کۆمۆنیستەکان و هێزە ئازدیخوازەکان بە یەکخستنی ریزەکانی خۆیان و ستراتژێکی روون دەتوانن پێشڕەوەی خۆیان دەستەبەر پکەن.

لە لایەکی دیکەوە رووداوەکانی یەک مانگ و نیوی دوایی و بە تایبەت چوونە دەرێی ئەمریکا لە ئەفغانستان نیشانی دەدا کە لە دەوڵەتی عێڕاقەوە گرتوویەتی تا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی هێزەکانی بەشدار لە دۆخی عێڕاق و زیاتر لە هەموویان کۆماری ئیسلامی خۆیان بۆ سێنارییۆی دوای چوونە دەرێی ئەمرێکا لە عێڕاق ئامادە دەکەن. ئەمریکا لە پێکهاتنێکی فەرمی لە گەڵ دەوڵەتی عێڕاق بڕیارە تا کۆتایی ساڵی زایینی هێزە نیزامییەکانی خۆی لە عێڕاق بەرێتە دەرێ. ئەم پرۆسەیە بە چوونە دەرێی هێزە عەمەلیاتییەکانی ئەمریکا لە پێگەی “عەینەل ئەسەد” و هەولێر دەستی پێکردووە. لەبەر ئەوەیە کە هێرشەکان و هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامی لە دژی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی جێگیر لە کوردستانی عێڕاق و نیزامیگەری لە دەرەوەی سنوورەکان نە تەنیا دەبێ وەک بەشێکی جیانەکراوە لە ستراتژی پەرەدان بە سەرکوت لە ناوخۆی سنوورەکانی ئێران، بەڵکوو هەروەها دەبێ لە سەر بەستێنی ئەم دۆخە نوێیە دا لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ. کۆماری ئیسلامی بە دەستدرێژی بۆ سەر خاکی کوردستانی عێڕاق و چالاک کردنی کەیسی پەیوەندی دار بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەیهەوێ لە کێبڕکێ لە گەڵ دەوڵەتە عەڕبییەکانی ناوچەکە، لەوانە قەتەر و ئۆردۆن و عەڕەبستان و دەستێوەردانییەکانی دەوڵەتی تورکییە پێگەی خۆی دوای چوونە دەرێی ئەمریکا بەهێز بکات.