فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

راپۆرتی پلۆنۆمی یازدەهەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – بەشی یەکەم
شەممە ۱۷-۰۷-۱۴۰۰   |  09-10-2021

پلۆنۆمی یازدەهەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دوازدەهەم، رۆژی شەممە 27ی مانگی خەرمانان بەرابەر لە گەڵ 18ی مانگی سێپتامبر بە سروودی ئەنتێرناسیۆناڵ و دەقەیەک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی گیانبەخت کردوانی رێگای ئازادی و سۆسیالیسم کارەکانی خۆی دەستپێکرد. ئەم پلۆنۆمە بە بەشداری زۆرینەی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی حیزب بەڕێوەچوو. بەشی یەکەمی باسەکانی ئەم دانیشتنە تەرخان کرابوو بۆ باس لە بارەی راپۆرتی سیاسی کومیتەی ئیجرایی و راپۆرتی تەشکیلاتی کومیتەکان و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزب و هەڵسەنگاندنی ئەم راپۆرتانە. لێکدانەوەی گرینگترین رەوەندەکانی ئێستای دنیا، ناوچەکەو و ئێران لە سەرەکیترین تەوەرەکانی راپۆرتی سیاسی کومیتەی ئیجرایی حیزب بە کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی حیزب بوو.

لە بابەت رەوەندە گرینگەکانی ئیستای دنیا، ئاماژە کرا بە تووند بوونەوەی کێبڕکێی ئێمپریالیسمی ئەمریکا و قۆناغی نوێی شەڕی سارد لە دژی ئیمپریالیسمی چین وەک وڵامێکی چارەهەڵنگری ئەمریکا بە بەهێزبوونی رۆژبەرۆژی چین. هەر ئەو جۆرەی کە لە دەیەکانی چل و پەنجای سەدەی پێشوو شەڕی ساردی لە دژی شۆڕەوی و چین راگەیاندبوو، ئێستاش هەر لە درێژەی لەبارکردنی هێژموونی بە سەر زلهێزە سەرمایەدارییەکانی دیکە  و دابین کردنی پێگەی باشتر لە شەڕی ساری نوێ لە گەڵ چین دا بەرەو پێشی دەبا. ئەگەر دەوڵەتی ترامپ بە پشتیوانی لە پیشە ناوخۆییەکان شەڕی تیجاری لە  گەڵ چینی بە لووتە گەیاند، دەوڵەتی بایدێنیش لە درێژەی سیاسەتەکانی ترامپ، بە شێوازێکی سیستماتیکانە کێبڕکێ لە گەڵ چین بەرەو پێش دەبا. ئەگەرچی ستراتێژی ترامپ لە بەرامبەر چین شپرزەو پێشبێنی نەکراو بوو، بەڵام بایدێن لە مەیدانی کێبڕکێ لە گەڵ چین سیاسەتێکی دوژمن کارانەی تۆکمەی گرتووەتە پێش. چین بە رێبەرایەتی “حیزبی کۆمۆنیست”، لە هەوڵی کۆتایی هێنان بە باڵادەستی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەی هێند و ئەقیانووسی ئارامە کە لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانییەوە وەک خۆی ماوەتەوە. چێن هەروەها لە دەستووری دایە تا ساڵی 2025 لە ئابوورییەکی سەنعەتی کە بەستێنێکە بۆ پێشکەش کردنی هێزی کاری هەرزان بۆ شیرکەتە چەند میلییەتییەکانی رۆژاوا، بەپشت بەستن بە تێکنۆلۆژی پێشکەوتوو لە هەموو بوارەکاندا  ئابوورییەکی بە هێزتری هەبێت. ئەم پێکهاتەیە کە ئامانجە ژێئۆپۆلۆتیکەکان و پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیکی ئابووری چین لە خۆ دەگرێ، بۆ ئەمریکا زۆر جیگەی مەترسییە.

لە بەرامبەریش دا ئەمریکا بە پێکهاتن لە گەڵ دەوڵەتەکانی ژاپۆن، هێند و ئوسترالیا پەیمانی نیزامی و ئیستراتژیکی “کواد”یان سەرلە نوێ وەگەڕ خستووەتەوە. پەێمانێکی ئیستراتژیکی کە زۆریک لە لێکۆلێران لە ئەو وەک ناتۆی ئاسیا ناوی لێ دەبەن. لە راستیدا کارتێکردنی روولەهەڵدانی ئابووری، نیزامی و گەشەی کاریگەرییەکانی چین لە ناوچەی هێند-پاسیفیک نیگەرانی ئەمریکاو گرووپی “کواد”ی قووڵتر کردووەتەوە. دەوڵەتی بایدێن لە سێ مانگی سەرەتای سەرۆک کۆماری خۆی دا هیچ هەلێکی بۆ زیاد کردنی گوشارە نیزامییەکانی ئەمریکا بۆ سەر چین لە دەست نەدا. لە مانگی ژانویە تا ئاوریلی ئەمساڵ، جووڵە نیزامییەکانی ئەمریکا لە سنوورەکانی چین بە تووندی زیادی کردوو کەشتییەکی شەڕکەری بۆ تینپێدان بە هێزەکانی رەوانەی دەریای چینی باشووری کرد. لێرە بە دواوە سنووربەزاندنی کەشتییەکانی ئەمریکا بۆ ئاوەکانی چین 20 لە سەد زیادیان کردوو چوونە ژوورەوەی فڕۆکەشەڕکەرەکانیش بۆ ئاسمانی چین بە رادەی 40 لە سەد هەڵکشاوە. لەم ماوەیە دا ئاڵمان و بریتانیاش هەر کامەیان کەشتییەکی شەڕکەرییان بەرەو دەریای چینی باشوور و بەرەوە ئەقیانووسی ئارام رەوانە کردووە. واشینگتۆن لە رەوانە کردنی ئەم کەشتییانە وەک “پشتیوانی ئاڵمان و ئینگلیس” بۆ سەقامگیری نێونەتەوەی لەسەر بنەمای یاساکان لە هێند و ئەقیانووسی ئارام ناوی بردو پێشوازی لێکرد. لە گۆڕانکارێکی دیکە دا، ئەمریکا، بریتانیا و ئوسترالیا لە درێژەی هەوڵەکانیان بۆ بەرامبەرکێ لە گەڵ بە‌هێزبوونی روولەهەڵدانی چین، هەواڵی واژۆ کردنی مێژوویی پەیمانێکی تایبەت لە ژێر ناوی “ئاکۆس” لە پێناو بەشدار کردنییان لە پێشکەوتنە تەکنیکییەکان لە بواری بەرگری نیزامی دا بڵاو کردەوە. بە پێی ئەم پەیمانە ئوسترالیا ئەم ئیمکانەی پێ دەدرێ بۆ کەڵک وەرگرتن لە زانیارییە نەهێنییەکانی ئەمریکا ژێردەریایی بە هێزی بزوێنەری “ناوەکی” ساز پکات. لە ئاکامی ئەم پێکهاتنە دا، ئوسترالیا گرێبەستێکی 90 میلیارد دولاری لە گەڵ فەرانسە بۆ درووست کردنی 12 ژێردەریایی هەڵوەشاندەوە. پەیمانیک کە فەرانسە وەک خەنخەرێک لە پشتەوە ناوی لێ برد و چینیش سەرچاوەکەی بۆ “زێهنییەتی شەڕی سارد” گێڕاوە.

ئەم هەوڵانەی ئەمریکا نیشاندەری ستراتێژی ئێستای ئەون بۆ وادارکردنی چین بۆ پەیڕەوی کردن لە ئەو نەزمە سیاسی-ئابوورییە کە دەیهەوێ بە بەستنی گرێبەست گەلی ستراتژیک لە گەڵ زلهێزەکانی دیکەی سەرمایەداری ژێر رکێفی خۆی ، بیانسەپێنێ. ئامانجی ستراتژیکی شەڕی ساردی نوێ لە دژی چین لە روانگەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دۆزینەوەی ئەو رێگایانەیە بۆ بەرتەسک کردنەوەی پێشکەوتنە تێکنۆلۆژیکییەکان و ناکام کردنی چین لە گەیشتن بە ئامانجە ژێئۆپۆلۆتیکەکانی. ئامانجی سەرەکی لە سەدی 21 دا، وەدەستهێنانی سەرکەوتنە لە مەیدانی کێبڕکێ لە گەڵ چین دا. لە سەرەکیترین ئامرازەکانی ئەمریکا بۆ دەستەبەر کردنی ئەم ئاواتە، پێکهێنانی پەیمان گەلی ستراتژیکی نیزامییە لە گەڵ دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکانی دیکەو سەپاندنی ئەم عەهدنامە نەبەرابەرانەیە کە لە سەر بنەمای رێککەوتنی زلهێزەکان پێکهاتووە و ئەمریکا لە سەروویان دایە. یەکێکی دیکە لە ئامرازەکانی دیکەی ئەمریکا بۆ بەرامبەرکێ لە گەڵ چین، دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی بە بیانووی داکۆکی لە مافی مرۆڤ و قووڵ کردنەوەی کلێنەکان و کێشە نەتەوەیی و مەزهەەبییەکانە کە ئێستا لە چین بوونیان هەیە. لە راستیدا تێکەڵاوییەک لە کۆمەڵێک ئامرازی نیزامی، سیاسی، ئابووری، ماڵی، تێکنۆلۆژیکی، سایبری و نەریتی، بە شێوازی ئاشکاراو نەهێنی کەرەستەکانی بەرەوپێش بردنی سیاسەتی شەری ساردی ئەمریکا لە دژی چینن.