فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

راگەیاندنی نوێنەرایەتی کۆمەڵە له دەرەوەی وڵات به بۆنەی مەرگی هاوڕێ یەدی بیگلەری
پێنجشەممە ۰۹-۰۱-۱۴۰۳   |  28-03-2024

به داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممه ٩ی مانگی خاکەلیوه ( ریکەوتی ۲۸ی مارسی ۲۰۲۴)، هاوڕێ یەدی بیگلەری، یەکێک له دامەزرێنەرانی کۆمەڵە و ئەندامی پێشووی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران له شاری “ستۆکهۆڵم” له وڵاتی سوئێد، لە تەمەنی ٨١ ساڵی دا، دڵه گەورە و پڕلە هەستەکەی له لێدان کەوت و ماڵئاوایی له ژیان و بنەماڵه و هاوڕێیان و دۆست و ناسیاوی کرد.
هاوڕێ یەدی له ساڵەکانی دەیەی ٤٠ی هەتاوی له دانشگای تاران لیسانس و فوقی لیسانسی له بواری ماف واتە حقوق دا تەواو کرد. له هەمان کاتدا هەڵسووڕاوێکی سیاسی چەپ و یەکێک له دامەزرێنەرانی کۆمەڵە له ساڵی ۱۳۴۸ بوو. دوای تەواو کردنی زانکۆ، هاورێ یەدی وەک دادستانی پارێزگای کرماشان دەستی بە کار کرد و دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی ساڵی ۱۳۵۷ بوو به دادستان شۆڕش له شاری سنه. له هەمان کاتدا هاوری یەدی بیگلەری ماندویی نەناسانه ئەرکە شۆڕشگێڕانەکانی خۆی وەک کادرێکی لێهاتووی کۆمەڵە و خۆشەویست و جێی متمانەی جەماوەری خەڵکی شاری سەربەرزی سنە بەڕێوە دەبرد. له کاتی چۆڵ کردنی شار له لایەن پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە، هاوڕێ یەدیش لەگەڵ ئەوان شاری بەجێ هێشت. دوای گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناو شاری سنە، هاوڕێ یەدی بەو پەڕی لەخۆبردوویی وەک تێکۆشەرێکی ماندوویی نەناسی کۆمەڵە له هەموو هەڵسوکەوتەکانی سیاسی ناو شار بەشدار بوو و دەخاڵەتی دەکرد. دوای شەڕی قارەمانانەی ۲۴ روژەی سنه، هاوڕێ یەدی جارێکی دیکه لەگەڵ باقی هاوڕێیانی پێشمەرگە شاری بەجێ هێشت و ڕووی لە شاخ کرد. 
هاوڕێ یەدی له ته شکیلاتی ئاشکرای کۆمەڵە دا ئەرک و بەرپرسایەتی زۆر گرینگی لە عۆدە بوو کە بەوپەڕی توانا بەڕێوەی دەبردن. له وانه بۆ ماوەیەکی زۆر بەرپرس و دامەزرێنەر دەبیرخانەی کۆمەڵە لە تەشکیلاتی کوردستان بوو. هاوڕێ یەدی بەهۆی ئەوە کە مافناس بوو لە هەموو ئەرک و کاری حقوقی و قەزایی ناو کۆمەڵە دا مەرجەع بوو. ساڵی ١٣٥٩ بۆ ماوەیەکی کورت بەرپرسی زیندانی مەرکەزی کۆمەڵە بوو. لەو ئەرکەش دا هاوڕێ یەدی بەوپەڕی بەرپرسایەتێوە مافی زیندانیانی دەپاراست و لە چەسپاندنی سونەتی شۆڕشگێڕانەی پارێزگاری لە مافی دیل و زیندانی، زۆر لێبڕاوانە هەڵوێستی دەگرت و هەستیار بوو. لە سەر ئەساسی ئەو پرەنسیپانە هاوڕێ یەدی ساڵی ١٣٦٤ لەگەڵ هاوڕێی گیانبەخت کردوو سدیق کەمەنگەر کە ئەویش مافناس بوو، گەڵاڵە و سەنەدی “قانوونی دادگاکانی شۆڕشی کۆمەڵە” یان لە روانگەی سۆسیالیستی و بەمەبەستی پاراستنی مافی مرۆڤ نووسی. 
هاوڕێ یەدی دوای ئینشعابی “ڕەوتی سوسیالیستی” لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، بۆ ماوەیەک تێکۆشانی سیاسی خۆی لەگەل هاوڕێیانی ڕەوتی سوسیالیستی درێژه پێدا. لەو ساڵانەی دواییداشدا وەک تێکۆشەرێکی چەپ درێژەی بە هەڵسووڕانی سیاسی خوی دەدا. ئاواتی سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بوو.
هاوڕێ یەدی بیگلەری کەسێک بوو بە تایبەتمەندی و خسووسییاتی بەرزی ئینسانێوە. کەسیکی پڕهەست، بەدەربەست، سەبوور، متەوازع، دڵ نەرم، میهرەبان و بە محەبەت و کەم وێنە بوو. هەر بۆیە بە هاسانی جێی خۆی لەدڵی هەموو پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و خەڵکی دیکەشدا دەکردەوە و بۆ ئەوانەی دەیانناسی جێی متمانە بوو.
نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات بەو پەڕی غەم و پەژارەوە سەرەخۆشی دەکا لە عەزیزە خانمی هاوژینی بەڕێزی کاک یەدی و کاک حەمە و سۆما خانم جگەرگۆشەکانی و باقی ئەندامانی بنەماڵەی بەڕێزی هاوڕێ یەدی و هەموو هاوڕێیان و دۆستان و خۆشەویستانی ئەو ئینسانە گەورە و خۆمان بە شەریکی غەمی قورسی لەدەست دانی دەزانین.

نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات ( ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣
٢٨ی مارسی ٢٠٢٤