کرێکاران کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان! شەپۆلی سێهەمی هێرش و دەستبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارەکانی کوردستان هەروا بەردەوامە. لە درێژەی ئەم رەشبگیریەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئازادیخوازان و چالاکوانان لە شارەکانی کوردستان، رۆژانی یەک شەممە، دووشەممە و سێ شەممەش لانی کەم چوار کەسی دیکە لە شارەکانی جوانرۆ، سنە و سەقز لە لایەن هێزە سەرکوت کەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کران. دیارە پێشتریش دەیان کەسی دیکە لە هاووڵاتیانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەتۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و هێزە ئەمنیەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون.
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، ئەمە سێهەمین شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەربڵاو لە شارەکانی کوردستانە. ئەم هێرشانە بە بیانووی بێ بنەمای: تەبلیغ لە دژی نیزام، کۆبوونەوە و تەبانی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، لە لایەن هێزە سەرکوت کەرەکانی ئەمنی و ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئەنجام دراوە.
جمهوری ئیسلامی کە لە قەیرانی قووڵی سیاسی و ئابووری دایە و لە دابین کردنی سەرەتایی ترین پێداویستیەکانی ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش داماوە، لە ئاستی سەراسەریش دا بەرەوڕووی مانگرتن و ئیعترازی جەماوەری کرێکاران، مامۆستایان خانە نشینان و خەڵکی دی بۆتەوە. ئەم رژیمە کە دەزانێ لە ئاستی کوردستانیش لە سەر دەریایەک لە رق و بێزاری خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دانیشتوە، بە مەبەستی چاو ترسێن کردنی جەماوەری بێزار لە رژیم، دەستی داوەتە رەشبگیری و ئیعدامی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی. شەپۆلی ئەم دوایانەی دەستبەسەرکردن لە کوردستان بەشێکی جیانەکراوە لە سیاسەتی گشتی توندکردنەوەی کەشوهەوای سەرکوتە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەبەرابەر رەوتی روو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاری، خەباتی سەرتاسەریی مامۆستایان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران.
کۆمەڵە کردەوەی رەشبگیری کۆماری ئیسلامی بە توندی مەحکووم دەکا. داوا لە هەموو خەڵکی تێکۆشەر و چالاکوانانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دەکەین بە هەموو تواناوە پشتگیری بەندکراوان بکەن. بە کۆبوونەوەی ئیعترازی سەراسەری و یەکگرتوانە لە بەر دەم زیندان و دادگاکان نەهێڵن ئەم ئینسانە تێکۆشەرانە لە زیندان دا بمێننەوە. دڵنیاین چالاکوانانی بوارە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان سەردەمی ترس و خۆفی ڕژیمیان تێپەڕاندوە. کۆماری ئیسلامی بە ئیعدام و ئەشکەنجە و رەشبگیری ناتوانێ بەر بە گەشەی جموجۆڵی خەباتکارانە لە کوردستان و سەراسەری ئێران بگرێ. ئەم کردەوە دژی ئینسانیانە نەک نیشانەی قودرەت بەڵکوو نیشانەی لاوازی و داماویەتی.
کۆمیتەی رێبەری کۆمەڵە ( سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
١٩ی بەفرانباری ١٤٠٠