شەوی یەک شەممە ٢٨ی خاکەلێوە ئەرتەشی داگیرکەری تورکیە لە زەوی و هەواوە بە چەکی جۆراوجۆر هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر چیای ”کوڕەژارۆ”، ”زاپ”، ”مەتینا” و ”ئاڤاشین” لە ناوچەی ”ئامێدی”. لە ئاکامی ئەم هێرشە داگیرکاریە دا دەیان کەس گیانیان لە دەست داوە و بریندار بوون و زەرەر و زیانێکی زۆر بە خانوو و مەڕ و ماڵات و زەوی و زار و باغ و باغاتی خەڵکی زەحمەتکێشی ناوچەکە گەیشتوە و بۆتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ یان. خەڵکی دەیان گوند بۆ پاراستنی گیانیان ماڵ و کاریان جێی هێشتوە و ئاوارەی ناوچەکانی دەوروبەر بوون.
فەرماندهی هێزەکانی ”هه.پ.گ” رای گەیاند هێرشی ئاسمانی تورکیە لە رۆژی جومعەوە دەستی پێکردوە و لە ماوەی چوار رۆژ دا ١٤٧ هێرشی کردۆتە سەر ئەو ناوچانە کە پێی وابوە ”هێزەکانی پاراستنی گەل”ی تێدایە. هوشداریشی داوە کە شەڕە کە تەنیا لە هەرێم نامێنێتەوە و دەیکێشنە ناو خاکی تورکیەوە.
ئەم هێرشە لە درێژەی سیاسەتی داگیرکاری حکوومەتی تورکیە لە ژێر ناوی شەڕی ”پ ک ک” دا، بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک بەڕێوە دەچی کە چەند ساڵە لە ئارادایە و تائێستا بەشێک لە خاکی هەرێمی کوردستانی داگیر کردوە و دەیان بنکەی سەربازی تێدا دامەزراندوە. لە مانگی بەفرانباری رابردووش دا، ئەرتەشی تورکیە هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر ناوچەی ”گارە”. ”خلووسی ئاکار” وەزیری بەرگری تورکیە رۆژی دووشەممە دانی بەوە دانا کە لەو هێرشە دا هێزی زەمینی و هەوایی لە گەڵ کۆماندۆ و هێزی تایبەت، بە پشتێوانی تۆپخانە و ”پەهباد” و هێلیکۆپتەر بەشدارن.
کۆمەڵە ئەم هێرشە وەحشیانەی ئەرتەشی داگیر کەری تورکیە بۆ سەر ناوچەی ئامیدی بە توندی مەحکووم دەکا و داوا لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و ناوچەکە دەکا لە ئاست ئەم دەسدرێژیەی حکوومەتی تورکیە بۆ سەر ژیان و ماڵی خەڵکی کوردستان دەنگ هەڵبڕن و بێ دەنگ نەبن.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
( رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٢٩ی خاکە لێوەی ١٤٠١