فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

رژیمی ئاپارتایدی ئیسراییل دژ بەخەڵکی فەلەستین
دوشەممە ۱۸-۱۱-۱۴۰۰   |  07-02-2022

“رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی” رۆژی سێ شەممە یەکەمی مانگی فێوریە راپۆڕتێکی دووسەدو حەفتاو هەشت لاپەڕەیی بەناونیشانی “ئاپارتایدی ئیسراییل دژ بە فەلەستینییەکان: سیستەمی زۆرەملی جەنایەت دژ بە مرۆڤ” بڵاوکردەوە. لێبوردنی نێونەتەوەیی لەو راپۆڕتەدا ئاماژەی بەسیاسەتی جۆراوجۆری ئاپارتایدی دەوڵەتی ئیسراییل کردووەو ئەو دەوڵەتەی بەرژیمی ئاپارتاید ناولێبردووە. هەروەها ئەو رێکخراوە داواکاری دادگایی کردنی کاربەدەستانی دەوڵەتی ئیسراییل بووە. ئەو راپۆڕتە ئاماژەی بەچەند بابەتی وەکوو “داگیرکردنی خاک و داراییەکانی فەلەستینییەکان، کۆشتن، کۆچکردنی زۆرەملیی، بەرتەسک کردنی هاتووچۆ و خۆبوواردن لەدانی رەگەزنامە” کردووەو رایگەیاندووە کە بەپێی “دادگای کەیفەری نێونەتەوەیی” و “کۆنوانسیۆنی دژ بەئاپارتاید”ی رێکخراوی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەئاپارتاید و تاوان لەدژی مرۆڤایەتی بەئەژمار دێت. “رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی” داوای لە دادگای نێونەتەوەیی دینهاخ کردووە ئەو رێوشوێنانەی لەراپۆڕتەکەیدا ئاماژەی پێداوە، بەدۆسیەی دەوڵەتی ئیسراییل لەناوچە داگیرکراوەکان زیاد بکات. ئەو رێکخراوە رایگەیاندووە کە ئاپارتاید نابێت لەجیهانی ئەمڕۆدا هەبێت و ئەو دەوڵەتانەی لەبەرانبەر ئەو سیاسەتانەی دەوڵەتی ئیسراییلدا بێ دەنگن لەمێژووی تاریکی مرۆڤدان. هەروەها داوای لەشووڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لەبڕیارنامەیەکدا گەمارۆ بەسەر ئیسراییلدا بسەپێنێ. ئەو رێکخراوە پێشنیاری کردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەئابڵۆقەیەکدا ناردنی چەک و چۆڵ بۆ ئەو ووڵاتە قەدەغە بکات.

راستییەکەی ئەوەیە کە هەر لەکاتی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسراییلەوە تا ئێستا سیاسەتی ناچارکردنی فەلەستینییەکان بەکۆچی زۆرەملی بڕبڕەی پشتی سیاسەتی دەوڵەتی رەگەزپەرەستی ئیسراییل بووە. دەوڵەتی ئێسراییل بە بەدواداچوون و درێژەی ئەو سیاسەتانە دەیەوێ ژوومارەی دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکان بەقازانجی جوولەکەکان بگۆڕێ و بە تەواوەتی دەست بەسەر زوی و زار و سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەو ناوچانەدا بگرێت. رێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی وێڕای ئاماژەی بەسیاسەتە سەرکوتگەرانەکانی دەوڵەتی ئیسراییل هەم لەناوخۆی ئەو ووڵاتەو هەم لەناوچە داگیرکراوەکان و “غەزە”، قامکی لەسەر هەڵاواردن لەسەر بەرەوڕووبوونەوەی پاندێمی کرۆنا داناوە. بەپێی ئەو راپۆڕتە، تەنیا ١.٧% لەیارمەتییە مرۆییەکان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەو پاندێمییە بە فەلەستینییەکان گەیشتووە.

ئەو بابەتانەی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەراپۆڕتەکەیدا ئاماژەی پێداوە، بەشێک لەمێژووی پان و بەرینی کارەساتێکە کە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئارادایە: لانیکەم لەساڵی ١٩٤٧ەوە کە زلهێزەکان مۆری خۆیان لەسەر دابەشکردنی ووڵاتی فەلەستین بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە کووتا، مێژووی ئاواریی و سەرکوت و داپڵۆسینی خەڵکی فەلەستین بووە. ئەوەش رێکخراوی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان نەیکرد، دەوڵەتی داگیرکەری ئیسراییل لەشەڕی شەش رۆژەی ساڵی ١٩٦٧ و داگیرکەرییەکانی دواتری بەکردەوەی دەرهێنا کە دەبووا بەپێی بڕیارنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەفەلەستینییەکان بدرایە.

 هەموو ئەمانە چەندین نەوەی خەڵکی فەلەستینی لەووڵاتانی ناوچەکەو تەنانەت ووڵاتی خۆیان ئاوارە کردووە. ئەمانە یان قووربانی سیاستە سەرکوتگەرانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسراییل بوون یان لەلایەن دەوڵەتانی ملهووڕی دیکە لەناوچەکەوە ستەمیان لێکراوە. جێگای خۆیەتی ئاماژە بەروڵی زلهێزەکانی جیهانی لەرەواییدا بەدوڵەتی ئیسراییل بکەین. سێبتەمبەری رەش لەئۆردۆن یان لەخوێن گلاندنی ئاوارەکان لەکەمپەکانی باشووری لوبنان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئیسراییل و دەوڵەتی سووریە بەشێک لەو مێژووە خوێناوییەیە. بەشێکی تری ئەم تراژێدیایەی کوشتنی هەڵسووڕاوانی ئەو خەڵکە لەکاتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دژ بەداگیرکاری دەوڵەتی ئیسراییل بووە. لەبیرمان ناچێتەوە کە دەوڵەتی سەرکوتگەری ئیسراییل هەموو دەرفەتێک دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر ماڵ و حاڵی خەڵک لەغەزە.

لەدرێژەی ئەم ساڵانەدا زلهێزەکانی جیهان لەبەرانبەر ئەم داگیرکاری و سەرکوتگەرییەدا پشتی رژیمی داگیرکەری ئیسراییلیان گرتووە. بڕیارنامەکانی رێکخراوی نێودەڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر مافەکانی خەڵکی فەلەستین بایەخی پێ نادرێت. بڕیارنامەی ژوومارە ١٨١ی نەتەوە یەکگرتووەکان بەروونی باس لەپێکهێنانی “دەوڵەتێکی عەرەب لەپاڵ دەوڵەتێکی جوولەکە” دەکات. بڕیارنامەی ژوومارە ١٩٤ باس لەگەڕانەوەی فەلەستینییەکان بۆ ووڵاتەکەیان دەکات. بڕیارنامەی ٢٤٢ی ئەو رێکخراوە خوازیاری پاشەکشەی هێزی سەربازی ئیسراییل بۆ ناوچەکانی بەر لە شەڕی شەش رۆژە دەکات. شایانی باسە کە “رێکخراوی ئازادیخوازی فەلەستین” لەساڵی ١٩٨٨ گشت ئەم بڕیارنامانەی بەڕەسمی ناسیووە. تەنانەت لەساڵی ١٩٩٣دا لەپەیماننامەی “ئۆسلۆ”دا دوڵەتی ئیسراییلی بەفەرمی ناسیووەو ساڵێک دواتر لەقاهیرە گشت ئەو خاڵانەی لەچارتی نەتەوەیی فەلەستین سڕیەوە کەدەوڵەتی ئیسراییلی رەت دەکردەوە. لە “کەمپ دەیویدی یەکەم و دووهەم”دا دیسانەوە دەوڵەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین گەلێک ئیمتیاری نوێی لەسەر چوارچێوەی جوغرافیایی بەدەڵەتی داگیرکەر دا. سەرەڕای ئەوە چارەنووسی بەملیۆن کەس لەفەلەستین هەمیشە لەنێو هات و هاواری تەبلیغیدا پشتگوێخراوە. ترامپ لەرێگەی بەرەسمی ناسینی ئورشەلیم، وەکو پێتەختی ئیسراییل بەسڕنا باسی لە “مامەڵەی سەدە” دەکات. لەراستیدا مامەڵە لەسەر بێ بایەخ کردنی مافی نەتەوەیەکی ژێردەستەیە کە حەفتا ساڵی رەبەقە لەماڵ و حاڵ خۆیان دوورخراونەتەوە. بایدێنیش دیعایە دەکات کە “تا ئەو کاتەی ناوچەکە مافی بوونی ئیسراییل وەکوو ووڵاتێکی سەربەخۆی جوولەکە بەفەرمی نەناسێت، هیچ قسەیەک لەئاشتی ناتوانێت لەکایەدا بێت.” دەوڵەتی ئەڵمانیا لەئەوروپا زیاتر لەهەموو دەوڵەتێکی ئەمپریالیستی دیکە هەمیشە بۆ لەبیربردنەوەی کوشتنی جولەکەکان چاوی لەتاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەر خنیوە. لەئەڵمانیا هەر چەشنە رەخنەیەک لەسیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسراییل مۆرکی دژە جوولەکەی لەسەر دادەنرێت (تەنانەت ئەگەر لەلایەن هێزی پێشڕو لەناو جولەکەکانیش بێتە ئاراوە). هەر لەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆڕتی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، دوای سێ رۆژ وەزیری دەرەوەی رژیمی ئیسراییل مۆرکی دژە جوولەکەی لەسەر دانا. شایانی باسە کە تەنانەت لقی ئەڵمانیای رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی.

لەبڵاوکردنەوەی ئەو راپۆڕتە لەسایتەکەیدا خۆی بوواردووەو کاربەدەستانی دەوڵەتی ئەڵمانیا هەڕەشەیان لە “رێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی” کردووە.

راستییەکەی ئەوەیە کە ژیان بۆ خەڵکی فەلەستین رۆژ بەرۆژ دژوارتر دەکەنەوە. ئەمەش بارودۆخێکی خولقاندووە کە لەنەبوونی هێزێکی پێشڕەو بەئاسۆی ئازادیخوازانەو یەکسانیخوازانەدا، رەوتی وەکوو حەماس، جیهادی ئیسلامی، ئەردۆغان و کۆماری ئیسلامی ئێران خۆیان وەکوو پارێزەری بزووتنەوەی حەقوازانەی خەڵکی فەلەستین دەنوێنن. گرینگ ئەوەیە کە مرۆڤایەتی پێشکەوتوو نابێ مل بەگوشارەکانی دوڵەتانی زلهێز و دەوڵەتی داگیرکەری ئیسراییل بدەن. پێویستە بەپشتیوانی و بەهێزکردنی بەرەی هاوپشتی جیهانی لەخەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین هاوسەنگی هێز بەقازانجی خەباتی حەقخوازانەو رزگاریخوازانەی ئەو گەلە چەوساوە بگۆڕین. نابێت رێگا بدرێ ئاوات و ئارەزەووەکان ئەو گەلە بۆ رزگاری پێشێل بکرێت.

وتەی رۆژی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵەو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv