فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

زانکۆ شوێنی تیرۆریستانی حەشدی شەعبی نییە
دوشەممە ۲۶-۰۴-۱۴۰۲   |  17-07-2023
زانکۆ شوێنی تیرۆریستانی حەشدی شەعبی نییە

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هێندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، تیرۆریستانی حەشدی شەعبی لە جلی خوێندکاردا ڕەوانەی زانکۆکانی ئێران کراون. هەواڵنێریی حکوومەتیی تەسنیم ڕۆژی ١٧ی مانگی پووشپەڕ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە کۆمەڵێک لە خوێندکارانی عێراقی و خوازیارانی خوێندن لە وڵاتی عێراقەوە بە بەشداریی ئاخوند حەسەن مووسەوی بخاتی، جێگری تەعلیم و تەربیەتی حەشدی شەعبی، مستەفا ڕۆستەمی نوێنەری عەلی خامنەی لە زانکۆکان لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی تاران و ژمارەیەک لە ئەساتیدی بەسیجیی زانکۆی تاران دیداریان کردووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە سەرۆکی زانکۆی تاران وێڕای پێشوازی لە “درێژەدانی خوێندنی برادەرانی حەشدی شەعبی” تەئکیدی کرد کە “ستانداردە زانستییەکان لەپێوند لەگەڵ دۆستانی حەشدی شەعبیمان زیاتر لە خوێدکارانی دیکەی بیانی بەڕێوەدەبەین، چونکە ئامانجی ئێمە بەهێزکردنی توانا و شارەزایی موجاهدینی مسوڵمانە”.

کاناڵی سەربەخۆی خوێندکاریی “زانکۆ سەنگەری ئازادی و بەرابەری” لە کاردانەوە بەم پیلانگێڕییەی ڕژیم نووسیی: „ئەمە وەزعی حکوومەتێکی دەرماندەیە کە بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی شارەزایانی بواری زانست دەخاتە زیندانەوە و لەجیاتیان تیرۆریستانی ئیسلامی دێنێتە زانکۆکان”. هەروەها لە درێژەدا ڕایگەیاند: „کۆماری ئیسلامی بەسەرەنجدان بە کەشوهەوای شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری لە زانکۆکان و ڕۆڵی چارەنووسسازی خوێندکاران لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەیهەوێ بە جێگیرکردنی لات و چەقۆکێشە ئیسلامییەکان لە زانکۆکان فەزای سەرکوتی خوێندکاران پەرەپێبدا. هەڵبەت ئەم بڕیارەی حکوومەت هەروەک سەدان گەڵاڵەی ئەمنیەتیی دیکە و ملیاردها دۆلار خەرج بۆ سەرکوتی زانکۆ ناتوانێ لە حەرەکەتی لافاوی خرۆشانی ناڕەزایەتییەکانی ئێستا لە زانکۆ و گشت کۆمەڵگا ڕێگری بکات”. چالاکانی خوێندکاریی زانکۆی تارانیش لە بەیاننامەیەکدا کە هەر بەم بۆنەوە بڵاویان کردووەتەوە نووسییان: „پێشتریش بەناو ئۆستادانی وابەستە و میلیشیای بەسیجمان بینیبوو کە لەسەر کورسییە داگیرکراوەکانی زانکۆ دادەنیشن و دەستیان لە گیرفانی برای گەورەیاندا بوو. بەڵام وادیارە ئەوانیشیان پێ کەمە بۆیە هێزی زیاتر ڕەوانەی زانکۆکان دەکەن. ئێمە دەبێ بڕۆین تا ئەوان بێن. زانکۆیان بەزەبری دەرکردن و تەعلیق و سەرکوت چۆڵ کردووە و هێزی نیزامیی عێراقی دەخەنە جێگامان. ئەوان لە درێژەدا دەنووسن: „دە مانگ لە دەستپێکی ئاخێزی ژینا تێدەپەڕێت. ئەو ئاخێزەی کە تێیدا مافی ژیانمان داوا کرد و ئەمڕۆ مافی ژیان لەڕێگەی وەرگرتنەوەی مافی مەدەنی دێتە دی. ئەمڕۆ چارەیەکمان بێجگەلە خۆڕاگری و پێشڕەوی نییە. چونکە لەسەر دوو ڕێیانی مان و نەمان، ئینفعال بەمانای لەناوچوونە. ئێمە حزووری هێزی نیزامی لە زانکۆ چ لە جلی ڕەزم و لە جلی دەرسدا قەبووڵ ناکەین و لە بەرامبەریدا ڕادەوەستین. لەم تاریکاییەدا بە موقاومەت و بە خۆڕاگری و پایەداری، مژدەی ڕووناکایی بەرەبەیان دەدەین کە چاوەڕوانمانە. بۆیە دانانیشین، دەست لەسەر دەست دانانێین و ڕێگەی سڕینەوە و ئینکاری یەکسانیخوازان و ئازادیخوازانتان پێ نادەین”.

بێگومان وەرگرتنی تیرۆریستانی ئیسلامی ئەمجارەیان بەناوی خوێندکار شتێک نییە بێجگەلە تۆڵەسەندنەوە لە بزووتنەوەی خوێندکاری. لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا هەر جار کە بزووتنەوەی خوێندکاری بەپشت بەستن بە سوننەتی خەباتکارانە و ئاراستەی چەپی ڕادیکاڵی هاتووەتە مەیدان، بەرەوڕووی هێریشی سەرکوتگەرانی ڕژیم بووەتەوە. لە ساڵانی سەرەتای هاتنەسەر کاری دژەشۆڕشی ئیسلامی لەژێرناوی ئینقلابی فەرهەنگیدا هجومیان کردە سەر زانکۆکان و هەزاران خوێندکار و مامۆستای ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەبیان دەرکرد و زیندانییان کردن و پاشان ئەوباشانی بەسیجییان لە جلی خوێندکاراندا ڕەوانەی زانکۆکان کرد. ساڵی ٧٨ی هەتاوی خوێندکارانیان لە شەقامەکان دایە بەر گولـلە و بێبەزەیانە لە سەربانی خابگاکانەوە فرێیان دانە سەر شەقام. سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوتگەرییانە خوێندکاران لە مانگی بەفرانباری ٩٦ بە دروشمی “ئیسلاح تەڵەب، ئوسوولگەرا، ئیتر تەواو بوو ماجەرا” ڕۆڵێکی بەرچاویان لە کۆتایی هێنان بە سوڵتەی وتاری ئیسلاح تەڵەبانی حکوومەتی بینی. بەشی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئاخێزی مانگی بەفرانباردا بە دروشمی “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی” یەکگرتوویی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری نیشاندا. لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨، لە ڕۆژانی ڕاپەڕینی جەماوەری هەژار و برسی، شان بە شانیان ڕاوەستان و گیانیان بەختکرد و هاوڕێ لەگەڵیان زیندانی کران. بەڵام سەرەڕای هەموو سەرکوتگەرییەکانی ئەوکات ڕایانگەیاند کە “ئێمە خوێندکار نین مەگەر نیسبەتی خۆمان لەگەڵ خوێنە ڕژاوەکان، لەگەڵ دەستبەسەرکردنی هاوکلاسییەکانمان و لەگەڵ کەشوهەوای ئەمنییەتیی زانکۆ دیاری بکەین. بێدەنگی لەم بارودۆخەدا یانی هاودەستی لەگەڵ سەرکوت، هاودەستی لەگەڵ بکوژانی هاوڕێیانمان.

لەئێستادا دوای سەرکوتی خوێناویی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مانگەکانی ڕابردوو و دەور و نەخشێک کە خوێندکاران لەم ئاخێزەدا بینییان، ڕژیم پەرەپێدانی سەرکوت و جێگیرکردنی تیرۆریستانی حەشدی شەعبی لە زانکۆکان بە ڕێگاچارە دەبینێت. بەڵام ڕژیم خەیاڵی خاوە، بزووتنەوەی خوێندکاری هەموو جارێ دوای سەرکوتی خوێناوی، دیسان سەرهەڵدەداتەوە و بەرەنگاری ڕژیم دەبێتەوە و بەگژی دادەچێ. بێگومان بزووتنەوەی خوێندکاری بەلەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی، ئەمجارەش پیلانگێڕیی ڕژیم تێکدەشکێنێت. بەیاننامەی چالاکانی خوێندکاری لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ئاشکراترین پەیامی خوێندکارانە دژبە پیلانگێڕیی ڕژیم. لەم نەبەردەدا نابێ خوێندکاران بەتەنیا بمێننەوە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co