
ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی مانگی جۆزەردان، زیاتر لە حەوسەد کرێکار لە دوو هەزار کرێکاری شیفتیی کارخانەی “کەربۆنات سۆدیۆم” لە هەوای داغی دەشتی فیرووزئابادی شیرازدا خەریکی کار بوون کە لەناکاو تەقینەوەیەکی سامناک ڕووی دا و ئاگر و گازی ژەهراویی ئامۆنیاک و ئۆکسیدی کەربۆن، بەری بە هەناسەدان و دیتنی کرێکاران گرت. گازە ژەهراوییەکان بەخێرایی دەوروبەری کارخانە و ڕێگاکانی جەم و شیرازیان داگرت و هەوای شاریان لەوەیکە بوو پیستر کرد. پێویستە بوترێت کە کارخانەی کەربۆناتی سۆدیۆمی فیرووزئاباد، مانگی سەرماوەزی ١٣٩٩ بە توانای ٣٢٠ هەزار تۆن لە ساڵدا دەستی بەکار کرد. ئەم کارخانەیە بەرهەمهێنەری مەوادی ئەوەڵییەی سەنعەتی ئارایشی، بێهداشتی، نەساجی، دەباغی، سەنعەتی خۆراک، کاغەز و هێندێک ماددەی شیمیایی ترە و کەمتر لە دوو ساڵە دەستی بە کار کردووە.
بەرپرسان و میدیاکانی ڕێژیم هۆکاری ئەم ڕووداوە مەترسیدارەیان تەقینەوەی لوولەی پەیوەنددراو بە مەخزەن ڕاگەیاندووە کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی گازی ئامۆنیاک و ئاگرگرتنی یەکێک لە مەخزەنەکانی نیترۆژێن و وتوویانە کە پێنج کەس لەم تەقینەوەیەدا بریندار بووە. بەڵام بەرپرسانی نەخۆشخانە ژمارەی زیاندیتووانی ئەم ڕووداوەیان ١٣٣ کەس ڕاگەیاندووە کە بەشێکیان تووشی کێشەی سییە و هەناسەدان بوون. هەڵبەت دانی ئاماری غەیرە واقعی و ناتەبا لەلایەن کارگێڕانی کۆماری ئیسلامییەوە بابەتێکی ئاساییە. لەم ڕووەوە خەڵکیش هیچ باوەڕێکیان بەو ئامارانە نییە کە ڕێژیم لەپێوەند لەگەڵ ڕووداوەکانی گۆشە و کەناری ئێران دەیانداتە دەرێ. چ ئەو ڕووداوانە سرووشتی بن یان کردەوەیەکی لەئانقەست و تەخریبی دژبە حکوومەت یان تەنانەت ئامانجدار و بە بەرنامە بن و لەلایەن خودی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ئامانجی تایبەت سازمان درابن، خەڵک باوەڕ بە ئامارەکانی ڕێژیم ناکات. لەو جێگەوە کە نیگای دەسەڵات نیسبەت بە هەموو ڕووداوەکان نیگایەتی ئەمنیییەتییە، لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر ڕووداوێک، دامودەزگای میدیایی و هەواڵنێریی هێزە ئەمنییەکان، دەست بە کار دەبن و لە دەستڕاگەیشتنی میدیا سەربەخۆکان بۆ شوێنی ڕووداوەکە ڕێگری دەکەن و بە سێناریۆی ساختە هەوڵ دەدەن واقعییەتی ماجەرا بشارنەوە. بەڵام سەرەنجام واقعییەتەکان بۆ خەڵک ئاشکرا دەبن.
لە ڕووداوی تەقینەوەی کارخانەی “کەربۆناتی سۆدیۆم”ی فیرووزئابادی شیرازیشدا، دوای ڕاکردنی کرێکارانێک کە لە ناوەندی تەقینەوەکە نەبوون، هێزی ئەمنی و سەرکوتگەری ڕێژیم کارخانەکەیان گەمارۆ دا و ڕێگاکانیان بەست و لە هاتووچۆی هەواڵنێران و ئامادەکردنی هەرجۆرە ڕاپۆرتێکی هەواڵنێریی سەربەخۆ ڕێگرییان کرد. بەریان بە حزووری خەڵکی تووڕە و بنەماڵەی کرێکارانی زیاندیتووش گرت تا بەڵکوو نەهێڵن ئەو ناڕەزایەتییانەی کە خەڵک دژبە کارەساتی ڕووخانی بینای میترۆپۆل بەڕێوەیان برد، لە فیرووزئاباد دووپات بێتەوە.
لە ئاگرکەوتنەوەیەکی دڵتەزێنی دیکەدا کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی جۆزەردان لە ڕێستوورانێک لە شارەکی “مەریەم شەهر ئەندیشە” لە شارستانی “شەهریار” ڕووی دا، بەداخەوە هەشت کەس لەوانە چوار منداڵ و سێ ژن و پیاوێک بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵ و گازی ژەهراوی گیانیان بەختکرد و ژمارەیەکی تریش زیانیان بەرکەوت. ئەگەرچی بەرپرسانی دەوڵەت هۆکاری ئەم تەقینەوەیەیان ئاورگرتنی بادکۆنەکێکی پڕکراو بە گازی هێلیۆم و کەناف بوونی سەقفی ڕێستوورانەکە و کەمتەرخەمی ڕاگەیاند، بەڵام ڕوودانی وەها تەقینەوەیەک و مەرگی ٨ ئینسان بەهۆی تەقینی بادکۆنەکێک یەکجار گومان هەڵگرە و جێگەی باوەڕ نییە. وەها تەقینەوەیەک چ بەهۆی کەمتەرخەمیی سەرمایەدارانەوە بووبێت لە ئیمەن کردنی شوێنی کاردا و یان بەهۆی تەخریبێکی عەمدییەوە بووبێت، کردەوەیەکی جەنایەتکارانە بەحیساب دێت.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومەتی، ڕۆژانەی دەیان جۆر ڕووداوی مەرگبار لە شوێنی کار ڕوو دەدات. بە ئیعترافی بەڕێوەبەری گشتیی دەفتەری موعایناتی باڵینیی سازمانی پزیشکی قانوونیی کۆماری ئیسلامی، “لە ساڵی ١٤٠٠دا، نزیک بە ٢٨ هەزار ڕووداو لە پزیشکی قانوونیدا لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە”. بەڵام مەعلووم نییە کە ئاکامی ئەم لێکۆڵینەوانە، ئایا کردەوەی پێشگرانە و سزادانی هۆکار و ئەنجامدەرانی لێ کەوتووەتەوە یان نا. بێگومان بەرپرسی ئەم ڕووداوە دڵتەزێن و مەرگبارانە وەئەستۆی سەرمایەدارانی حکوومەتی ئیسلامییە کە بەخاتری بەرژەوەندی سەرمایە و درێژەی مانەوەی دەسەڵاتەکەیان بایەخێکیان پێ نادەن. بەڵام خاڵی سەرەکی و جێگای نیگەرانی ئەم ڕووداوانە ئەوەیە کە زۆربەی کرێکارانێک کە لەم ڕووداوانەدا گیانیان لەدەست دەدەن، بە بێ قەرارداد و دامەزران و بەشێوەی پەیمانی کاریان پێ دەکرێت و لە هیچ جۆرە بیمە و ماف و خزمەتگوازرییەک بۆ جوبرانی خەسارەت بەهرەمەند نین.
تەقینەوەی کارخانەی کەربۆناتی سۆدیۆمی فیرووزابادیش تەنیا نموونەیەکە لە سەدان تەقینەوە و ڕووداوی مەرگباری ساڵانەی کار لە ناوەندە سەنعەتییە سووختییەکانی ئێران. هۆکاری بەشێک لەو ڕووداوانە کۆنەبوونی دەزگاکان و نەبوونی قەتەعاتی یەدەکی بەهۆی سزا ئابوورییە نێونەتەوەییەکان ڕادەگەیەندرێت. ئەوەش ڕاستە، بەڵام واقعییەتێکی حاشاهەڵنەگر لە ئێران و وڵاتانی هاوشێوە ئەوەیە کە دەوڵەت و خاوەنکارانی سەرمایە بەخاتری قازانجی زیاتر، بایەخ بە گیانی کرێکاران و بنەماڵە کرێکارییەکان نادەن. دەوڵەت و خاوەنکاران بەرپرسی دابینکردنی ئیمکاناتی پێویست بۆ ئیمەنکردنی شوێنی کارن. ئەرکی سەرشانیانە کە دەورەی فێرکاری لەلایەن شارەزایانەوە بۆ کرێکاران دابنێن تا لەگەڵ دەزگا و ئامێرەکان ئاشنا بن. پێویستە دەزگاکان، مەواد و ئامرازی کار بە زەریبی ئیمەنیی لەسەرێوە بەکار بگرێت و لە بەکارهێنانی دەزگای کۆنە و خراپ خۆببوێرن. ئەوە ئەرکی خاوەنکارە کە پێداویستییەکانی پێشگری لە ڕووداوەکانی شوێنی کار بە هەڵاوەسینی نەخشە و بە دانانی ڕێگا و دەرگای چوونەدەرەوەی ئیزتراری بۆ کاتی ڕووداوەکان، فەراهەم بکات. پێویستە خاوەنکار، جلوبەرگ، کەوش، دەستکێش، کڵاو، عەینەک، سەمعەکی کار و باقیی پێداویستییە ئەمنییەکانی دیکە دابین بکات و بیانخاتە بەر دەست کرێکارانەوە.
بێگومان بایەخدان بە بابەتی ئیمەنی دەتوانێ تا ئاستێکی زۆر بەر بە زەرەر و زیانەکانی شوێنی کار بگرێت. زۆر جار خاوەنکارانی قازانجپەرست سڵامەت و گیانی کرێکاران دەخەنە مەترسییەوە و لە دابینکردنی خۆدەبوێرن. بەڵام کرێکاران بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی گیان و پاراستنی سڵامەتی خۆیان و باقی هاوچارەنووسانیان دەبێت بە زەبری خەباتی خۆیان، ئیمەنیی شوێنی کار بەسەر دەوڵەت و خاوەنکاراندا بسەپێنن.