زیندانیەکی سیاسی کورد کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
هەینی ۱۷-۰۴-۱۴۰۱   |  08-07-2022
ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی پووشپەڕ، بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی مەتین حەسەنوەند ٢١ ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری شنۆ، دوای تێپەڕاندنی سێ ساڵ لە ماوەی ٥ ساڵ سزای بەندکرانەکەی، کە بە سەریدا سەپابوو، یەک ڕۆژ دوای هاتنە مەرەخەسی لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
مەتین حەسەنوەند ٣ساڵ لەمەوبەر، لە حاڵێکدا کە لە یەکێک لە پادگانەکانی شاری شنۆ سەرقاڵی تێپەڕکردنی سەربازی زۆرەملێ بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردوستان دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە ورمێ گوازرایەوە و دوای یەک مانگ و کۆتایی هاتنی لێپرسینەوەکانی ڕاپێچی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ کرا.