فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

زەروورەتی چینایەتیی یەکگرتنی کرێکاری لە دژی بێکاری
هەینی ۱۸-۰۲-۱۴۰۵   |  08-05-2026

ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە لێکەوتەکانی شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە لەسەر دۆخی کار، ژیان و بژێویی کرێکاران لە ئێران، باس لە پەرەسەندنی بێ‌پێشینەی ڕەهەندەکانی بێکاری و هەژاریی گشتی دەکەن. تەشەنەسەندنی بێکاری و بەردەوامبوونی پرۆسەی بێکارکردنەکان نیشانی دەدات کە چۆن شەڕ قورسترین گورزی لە چینێک وەشاندووە کە هیچ ڕۆڵێکی لە بڕیاردان بۆ هەڵگیرسان یان کۆتاییپێهێنانی ئەو شەڕەدا نییە، بەڵام باجەکەی بە گیانی خۆی، بە وێرانبوونی کار و بژێوی و داهاتووی خۆی و منداڵەکانی دەدات. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، بۆردومانی کۆمەڵگەی بەرهەمهێنانی پۆڵا بووەتە هۆی ئەوەی پیشەسازییەکانی ئۆتۆمبێل‌سازی، پارچەسازی، کەلوپەلی ناوماڵ یان پڕۆژە ئاوەدانییەکان کە گرێدراوی پەڕە پۆڵایینەکانی ئەم ناوەندەن، بەرەوڕووی کەمیی کەرەستەی خاو و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان ببنەوە. ئەم پچڕانە زنجیرەییە کە لە ناوەندێکەوە بۆ ناوەندێکی دیکە گواستراوەتەوە، ڕاستەوخۆ ئاسایشی کاری کرێکارانی خستووەتە مەترسییەوە. بەپێی ڕاپۆرتی چالاکانی کرێکاری، ئەم بۆردومانانە تەنیا لە پیشەسازییەکانی پترۆکیمیای ماهشەهر و عەسەلوویە، بوونەتە هۆی بێکاربوونی زیاتر لە ٣٠ هەزار کرێکار. لە لایەکی دیکەوە بەهۆی بڕینی ئینتەرنێت لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە، لە سەردەمێکدا کە ئینتەرنێت وەک یەکێک لە ژێرخانە ئابوورییەکان هەژمار دەکرێت، کارکردی کەرتە جیاوازەکانی ئابووری کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەوە و چەندین کاروکەسابەت لەناو چوون. بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوە حکوومەتییەکان، ئەم دۆخە وای کردووە کە لە سەرەتای ئەم شەڕە چل ڕۆژەیەوە تا ئێستا کە هێشتا هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی یەکجاریی شەڕەکە لە ئارادا نییە، زیاتر لە چوار ملیۆن کەس کار و پیشەی خۆیان لەدەست بدەن. کارەساتی بێکاری لە کاتێکدا ئەم ڕەهەندە سامناکانەی بەخۆیەوە گرتووە کە بەپێی دانپێدانانی جێگری وەزیری کاری ڕژێم، زیاتر لە ٨٦ ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران شایستەی وەرگرتنی کالابەرگن کە زیاتر لە ٩٠ لەسەدیان پشکی یارانەکەی خۆیان بەکار هێناوە.

بێکاری لە ئێران واتە پاڵنانی بنەماڵە کرێکارییەکان بۆ ژیان لە ژێر هێڵی هەژاریی ڕەها و سەپاندنی مەرگێکی شێنەیی بەسەریاندا؛ قەیرانێک کە گرفتە دەروونییەکان، خەمۆکی، بێ‌متمانەیی بەخۆ، هەستی بێ‌شوناسی و لەخۆنامۆیی، لە ئاکامە دەستبەجێ و ڕاستەوخۆکانیەتی. ئەم تراژیدیا خەمناکە لێرەدا کۆتایی نایەت؛ هەڵوەشانەوەی بنەماڵە کرێکارییەکان، پەنابردن بۆ ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی لە ڕووی ناچارییەوە، بگرە هەندێک جار فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە و خۆکوژی و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، درێژەی لۆژیکیی ئەم ڕەوتەن و قوربانییەکانیشی لە نێو ژنان و پیاوان، گەنجان، مێرمنداڵان و منداڵانی بنەماڵە کرێکارییەکان و چەوساوەکانی کۆمەڵگەوە دەگرێت. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە لە ئێراندا، زیاتر لە ٧٠ لەسەدی کرێکاران بە گرێبەستی کاتیی کار، گرێبەستی سپی‌واژۆ، یان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی هێزی مرۆیی و بەڵێندەرییەوە پێ دەنێنە بازاڕی کارەوە. ئەمە بەو واتایەیە کە ئەم بەشە بەرفراوانەی کرێکاران تەنانەت مافی وەرگرتنی ئەو دەرماڵە کەم و کورتەی قۆناغی بێکاریشیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو نییە. بۆیە هەر لە یەکەم ڕۆژی بێکارییەوە، ئابووری و داهاتی بنەماڵە بۆ قووڵاییەکانی هەژاری دادەبەزێت و نەهامەتییەکان دەست پێ دەکەن.

بێکاری یەکێکە لە نەهامەتییە زادەکانی سیستەمی سەرمایەداری. بوونی ئەرتەشی پاشکەوتی بێکاران هەمیشە نیعمەتێکی پڕ پیت و بەرەکەت بووە بۆ خاوەنانی پیشەسازی و سەرمایەداران. ئەم قەیرانە لە قۆناغە قەیراناوییەکەی ئێستادا ڕەهەندێکی بێوێنەی بەخۆوە گرتووە و بووەتە کارەساتێکی کۆمەڵایەتی. حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران هۆکاری سەرەکیی توندتربوونەوەی ئەم نەهامەتییە گەورەیەیە. لە وەها بارودۆخێکدا، خەبات لە دژی دیاردەی وێرانکەری بێکاری و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی، بووەتە یەکێک لە پێداویستییەکان و لە هەمان کاتیشدا یەکێک لە گیروگرفتەکانی بەردەم چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە کۆمەڵگەی ئێراندا. خەباتی یەکگرتووانە لە دژی بێکاری لە کاتێکدا بووەتە زەروورەتێکی چینایەتی کە سەرانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە پێداگری لەسەر سیاسەتە شەڕانگێزییەکانیان، نەک هەر هیچ ستراتیژی و ئاسۆیێکیان بۆ ڕەخساندنی هەلی کار نییە، بەڵکوو بەلەبەرچاوگرتنی وێرانبوونی بەشێک لە ژێرخانەکان و قەیرانی وزە و کەمئاوی، خۆیان پەرەپێدەری پرۆسەی بێکارکردنی کرێکاران و تەشەنەسەندنی بێ‌پێشینەی دیاردەی بێکارین. بەردەوامبوونی داخرانی ڕۆژانەی ژمارەیەکی زۆر لە کارگە و ناوەندە بەرهەمهێنەرە قەیرانتێكەوتووەکان و دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران بە بیانووی مایەپووچبوونەوە، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. پێدانی بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری بە پشتبەستن بە پڕۆژە ئابوورییەکانی سپای پاسدارانی گەندەڵ یان کەرتی تایبەت، یان کەمکردنەوەی بێکاری لە ڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و هەڵگرتنی سزاکان و ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکان لەلایەن زلهێزە ڕۆژئاواییەکانەوە، بەڵێنیگەلێکی پووچ و بێ‌بنەمان. ئامانج لەم بەڵێنانە، هێشتنەوەی کرێکارانە لە دۆخی چاوەڕوانیدا و ڕێگریکردنە لە وەڕێکەوتنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی بێکار.

کار و ئاسایشی کار، یان بیمەی بێکاریی تەواو و کۆتاییپێهێنان بە گرێبەستە کاتی و سپی‌واژۆکان، خواست و مافی بێ‌ئەملاوئەولای سەرجەم ژنان و پیاوانی کرێکاری شاغڵ و بێکار و ئەو گەنجانەیە کە خوازیاری کارن. بەڵام ئەم مافە تەنیا بە خەباتێکی ڕێکخراو و، بێگومان تەنیا بە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری لە دژی بێکاری، وەدی دێت. بزووتنەوەیەک کە هێزە شاراوە و ئامادەکەی بوونی هەیە. بزووتنەوەیەک کە دەتوانێت نەک هەر لەشکری ملیۆنیی کرێکارانی بێکار، بەڵکوو ملیۆنان کرێکاری شاغڵ و بنەماڵە کرێکارییەکانیش لەخۆ بگرێت کە دێوەزمەی بێکاری، ئاسایشی کاری لێ زەوت کردوون. بزووتنەوەیەک کە بەهۆی بەردەوامیی قەیرانی ئابووری و تەشەنەسەندنی پرۆسەی بێکارکردنەکان و هەروەها خواستە هاوبەشەکانەوە، دەتوانێت زۆر خێرا گشتگیر و بەهێز ببێت و حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بخاتە ژێر گوشارەوە.

بەڵام بەرەوپێشبردنی ئەم خەباتانە و بەرزکردنەوەیان بۆ ئاستی بزووتنەوەیەکی جەماوەری، پێویستیی بە هاوپشتیی چالاکان، تۆڕەکان و مەحفەلە هۆشیارەکانی نێو بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران هەیە. لەشکری بەرینی بێکاران و هۆشیاری سەبارەت بە مەترسیی ئەو خەسارە بەئازارە کۆمەڵایەتییانەی لە بۆسەدان بۆ بێکاران و بنەماڵەکانیان، توانای بەرزی بۆ ناڕەزایەتی پێکهێناوە، بەتایبەتی لە نێو گەنجان و چینی بەرفراوانی بێکارانی خوێندەواردا کە دەبینن سەرجەم ئاواتەکانیان بە با چوون. لە هەمان کاتدا، پێکهاتنی هۆشیارانە و هەنگاو بە هەنگاوی ئەم ناڕەزایەتییانە دەتوانێت زەمینەخۆشکەر بێت بۆ پێکهێنانی شوورای کرێکارانی بێکار و ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی کرێکاران.