فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سازانی زەبوونانە، “ڕازی مانەوە”ی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
دوشەممە ۰۵-۰۴-۱۴۰۲   |  26-06-2023
سازانی زەبوونانە، "ڕازی مانەوە"ی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

لەماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا هەواڵی پێوەندیدار بە وتووێژی کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئورووپا لە میدیاکانەوە بڵاودەکرێتەوە. ئەگەرچی سەبارەت بە تەوەری گفتوگۆکان هەواڵی جۆراوجۆر دەبیسترێ، بەڵام سەرەکیترینیان بووژاندنەوەی بەرجامە. میدیاکانی ڕۆژاوا لەوانە وێبسایتی هەواڵنێریی “ئێکسپرێس” ڕۆژی ١٩ی مانگی جۆزەردان ڕایگەیاند کە نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا “بە بێ دەنگ” لە عومان وتووێژی ناڕاستەوخۆیان بووە. هێندێک لە میدیاکان ڕایانگەیاند کە لەم گفتوگۆیانەدا سێ تەوەری سەرەکی بەرنامەی هەستەیی، تەعەهوداتی پادمانی و ئازادیی زیندانیان بوون. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمی ئیسلامی سەرەنجام بیست و دووی مانگی جۆزەردان لە کاردانەوە بە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ئیدیعای کرد کە گفتوگۆکە لە عەمان بەنهێنی نەبووە و “لەڕێگەی واستەکانەوە لەوانە وڵاتی عومان چەند وتووێژێکمان ئەنجامداوە”. ئەو لە وتەکانیدا باسی مەسەلەی ئازادیی زیندانیان، لابردنی تەحریم و ئازادکردنی پارەی بلۆکەکراوی کۆماری ئیسلامی کرد. لە هەمان حاڵیشدا وتی کە “ئێمە بەشوێن هەر ئەو بەرجامەی پێشووین و شتێکی تر بۆ وتووێژ لەگەڵ لایەنی بەرامبەر بوونی نییە و وتووێژەکان لە هەمان چوارچێوەی بەرجامی پێشوودان”. هەروەها هیواشی خواست کە بە زوویی زیندانیانی هەر دووک لا ئازاد بکرێن. عەلی باقری جێگری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمیش ڕۆژی چوارشەممە سی و یەکی مانگی جۆزەردان تەئیدی کرد کە لەگەڵ “ئێنریکە مورا” جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە دۆحە دیداری جیدی و سازەندەی بووە و باسی لابردنی تەحریمەکانیان کردووە. ئەگەرچی ئەو وردەکاریی زیاتری سەبارەت بەم گفتوگۆیانە باس نەکرد بەڵام لە ڕۆژانی ڕابردوودا وێبسایتی “ئێکسپرێس” و “نیۆیۆرک تایمز” باسیان لەوە کرد کە بەم زووانە ئەگەری دەستڕاگەیشتن بە جۆرێک ڕێکەوتنی کاتی و غەیری ڕەسمی لە نێوان ئێران و ڕۆژاوادا لەئارادایە. ڕۆژنامەی ئێعتمادیش باسی لە جۆرێک ڕێکەوتنی نەنووسراو لە نێوان ئێران و ئیسرائیل کرد کە بەم شێوەیە: لە بری ڕێگەدانی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ پەرەپێدانی شارەکسازی لە ئەرازیی داگیرکراو، نابێ تێلاڤیڤ کارشکێنی نەکات.

ئەم گفتوگۆیانە لە حاڵێکدایە کە دانوستانی ئەتۆمی لە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو و لەگەڵ ڕەتکردنەوەی دوایین پێشنیاری “جۆزێف بۆرل” بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئورووپا لەلایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە بە بنبەست گەیشت. لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە مانگی ڕەزبەر، هەم وتووێژکارانی ڕۆژئاو و هەم ڕژیمی ئیسلامی بەرەوووڕی کێشەی تازە بوونەوە. دەوڵەتی بایدێن هەر ئەوکات ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنی هەستەیی “سەرنجی ئێمە نییە”، هەرچەند خۆی بەڵێندار بە درێژەی دیپلۆماسی بۆ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی دەزانێت. ئەم بابەتە بۆ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ڕاست و ناسیۆنالیستی ئێران ئەم تەوەهومەی دروست کرد کە گۆیا غەرب لە فورسەتی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بۆ بەناو “ڕژیم چەینج” کەڵک وەردەگرێت. بۆ ئەمانە کە بەردەوام لە خەیاڵی گۆڕینی ڕژیم لە سەرەوەدان، بوو بە فورسەتێک تا لەڕێگەی میدیاکانی غەربەوە خۆیان وەک بەدیلی حکوومەت پێناسە بکەن. ئەوان هێندە لەو خەیاڵەدا نوقم بوون کە لەبیریان چوو و یان نەیانویست باوەڕ بکەن کە ئەوان بێ بایەختر لەوەن کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا وەک بەدیلی جیدی چاویان لێبکات. ئەم هێزانە لە باشترین حاڵەتدا مۆرەی داسەپاندنی گوشاری کۆنتڕۆڵکراون بەسەر کۆماری ئیسلامی لەپێناو هاوئاراستەکردنی ئەم ڕژیمە لەگەڵ سیاسەتە ناوچەییەکانیان.

لەم ماوەیەدا گۆڕانکاریی گرینگ لە ناوچەکەدا پێکهات. ئێستا ئیتر ئەوە تەنها ڕووسیە نەبوو کە لە جەریانی قەیرانی سووریە ببووە یەکێک لە ئەکتەرە گرینگەکانی ناوچەکە، بەڵکوو چین وەک ڕەقیبی سەرەکیی جیهانی غەرب سیاسەتی چالاکتری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتەبەر. نێوبژیی چین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی عەرەبستانی سعوودی و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەم دوو ڕەقیبە ناوچەییە، بەستنی قەراردادی نوێ لە نێوان چین، قەتەر، ئیمارات، پەیوەستبوونی دووبارەی سووریە بە یەکیەتیی عەرەب، ڕاگەیاندنی بێ لایەنی ئەم حکوومەتانە لە جەنگی نیابەتیی لە ئۆکراین، حەساسیەتی دەوڵەتانی غەربی لێکەوتەوە. لەئێستادا مەعلووم دەبێت کە هەموو ئەو تەبلیغاتەی کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە هەفتەکانی ئەوەڵی مانگی گوڵان لەسەر چالاککردنی “مێکانیسمی ماشە”و یان هەڕەشەی ڕژیم بۆ بردنەسەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم خستبوویانە ڕێ، شتێک نەبووە بێجگەلە ئیمتیازخوازی بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژ و دانوستان. دەوڵەتانی ڕۆژاوا بەخاتری گۆڕانکاری لە ڕەوتی سەقامگیرکردنی جیهانی چەند جەمسەری بەتایبەت دوای شەڕی نیابەتی لە ئۆکراین و پەرەسەندنی جەداڵ و کێشمەکێش لەگەڵ چین و گرینگیدان بە ناوچەی “پاسیفیک”، چیتر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە ئەولەویەتدا نییە. بۆ کۆماری ئیسلامیش هەم بەخاتری قەیران و داڕمانی ئابووری و هەم بەخاتری سەرهەڵدانی گڕکانی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی وەگیانهاتوو، پاراستنی نیزام لەڕێگەی نۆشینی جامی ژەهرێکی تر بووەتە “ڕازی مانەوە”ی دەسەڵات.

سەرەڕای هەموو ئەم تەبلیغاتە نابێ فەرامۆش بکرێت کە هەم کێشمەکێش و هەم سازش و ئامانجەکانیان پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشەوە نییە. لە هەر دوو حاڵەتدا ئەوەیکە بەنەسیبی جەماوەری کار و زەحمەت دەبێت، دیسان هەژاریی زیاتر و دیسان هەمان فرۆشی هێزی کاری هەرزانە لەبری حەقدەستێک کە تەنانەت بەشی دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان ناکات.

واقعیەت ئەوەیە کە دەوڵەتانی ئیمپریالیستیی ڕۆژئاوا و دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا پۆتانسیەلی ڕادیکاڵ و چەپی کۆمەڵگای ئێرانیان بەڕوونی بینیوە و لەم ڕووەوە پاراستنی کۆماری ئیسلامی بە هەموو سەرکەشییەکانی هەتا ئێستایەوە زۆر بە باشتر و کەم مەترسیتر دەزانن، تا ئەوەیکە لەلایەن بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتییەوە بڕووخێت. بۆ کۆماری ئیسلامیش هەم هێنانەخواری هەزینەی فشارەکانی غەرب و هێنانەخواری هەزینەی بەرینی دەخاڵەتگەریی نیزامی لە ناوەندەکانی قەیرانی ناوچەکە، بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی ئابووری و کەمکرنەوەی قەیرانی حکوومەتی و پاراستنی یەکڕیزیی هێزی سەرکوت لەپێناو پاراستنی نیزامی ئیسلامی، یەکجار گرینگ و حەیاتی بووەتەوە. ئێستا ئیتر بۆ ڕژیمیش ڕوون بووەتەوە کە بەرەی سەرەکیی شەڕ لەناو سنوورەکانی ئێراندایە. سەرانی ڕژیم ئەگەر سەردەمانێک دەیانگوت کە بۆ پاراستنی ئەمنیەت لە خورەمشار دەبێ لە سووریە بەشەر بێن، لەئێستادا بە ئەزموون بۆیان دەرکەوووتە کە بۆ پاراستنی ئەمنیەتی نیزامی ئیسلامی دەبێ لە خەیابانەکانی تاران بەرەنگاری ژنانی بێ حیجاب ببنەوە و لە ناوەندی سەنعەتیی نەوت و پێترۆشیمی لەگەڵ کرێکاران بەرەوڕوو ببنەوە. هەموو شوێنێک، کارخانە و شەقام، زانکۆ و مەدرەسە، سیستان و بەلوچستان و کوردستان بووەتە مەیدانی نەبەرد.

لە جەرگەی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی هەژاری و فەلاکەت و بێ مافیی سیاسی و لەڕێگەی ئەو ئەزموونانەی کە کرێکاران و بێبەشانی شار لە جەرەیانی مانگرتن و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەدا بەدەستیان هێناوە، ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە هەنگاو بە هەنگاو ڕیزەکانی پتەوتر و ڕێکخراوتر دەکات و پێداویستییەکانی کردەوەیی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی فەراهەم دەکات.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co