فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سازانی “قارەمانانە”یەک کە ڕژیمی جمهوری ئیسلامی ملی پێ دەدا
یەکشەممە ۳۰-۰۵-۱۴۰۱   |  21-08-2022

بە شوێن چەند دەور گفت و گۆی نێوان دەوڵەتەکانی ٤+١ لە گەڵ رژیمی جمهوری ئیسلامی و بە بەشداری ناڕاستەوخۆی ئامریکا لە شاری ویەنی پاێتەختی ئوتریش، مەتنی دوایین تەوافوقی بەرجام لە لایەن یەکیەتی ئوروپاوە خرایە ئیختیاری جمهوری ئیسلامی و بۆ ماوەی حەوتوویەک یانی تا ڕۆژی ٢٤ ی گەلاوێژ مۆڵەتی پێدرا کە ئاخرین وەڵامی خۆی بداتەوە. ئەم مەتنە پێشتر تەوافوقی لە سەر کرابوو بەڵام ئاشکرانەکرابو. دەزگا تەبلیغاتیەکانی یەکیەتی  ئوروپا و جمهوری ئیسلامی لە هاوئاهەنگی لە گەڵ یەکتریندا، مەیدانی ئەم سازانەی جمهوری ئیسلامیان بە گەورە کردنەوەی مەترسی بەرەو پێش چوونی  بەرنامە ئەتۆمیەکەی و ڕێگری دەست بەجێی، ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی قبووڵ کردنی ئەم تەوافوقەی جمهوری ئیسلامی لە بیر وڕای گشتی خەڵکی ئێراندا ئاسان بکەنەوە. ئەگەرچی هیچ کام لە لایەنەکان بە ڕواڵەت بەندەکانی ئەم مەتنەیان ئاشکرا نەکرد، بەڵام بە پێی ئەو زانیاریانەی کە هاتۆتە دەرەوە، وا وێ دەچێ کە یەکەم: ئەم مەتنە جیاوازیەکی لە گەڵ مەتنەکەی پێشوو نیە و تا ئەو جێگایەی بە لایەنەکانی دەوڵەتانی ٤+١ دەگەڕێتەوە هێج ئیمتیازێکی زیاتر لەوەی کە ساڵەکانی پێشوو قسەیان لە سەر کردبوو بە جمهوری ئئیسلامیان نەداوە، دووهەم: ئەوەی کە بە جمهوری ئیسلامیان ڕاگەیاندوە کەئەمە مەتنی کۆتاییە و جێگای هیچ چەشنە چەنە لێدانێکی تێدا نیە وهیچ شتێکی دیکە بۆ گفت و گۆ نەماوەتەوە و کۆتایی هاتوە. کەواتە جمهوری ئیسلامی دەبێ دەست لە فرەخوازیە غەیرە واقعیەکانی خۆی لە بەرجام هەڵبگرێ و ئەم مەتنە واژۆ بکات.

تا ئەو جێگایەی کە بەشگەلێک لەم تەوافوقە ئاشکرا کراوە، جمهوری ئیسلامی قبووڵی کردوە کە لە وزەی ناوەکی بۆ دەست ڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی کەڵک وەر ناگرێ، کۆسپلە سەر ڕێگای چاوەدێری کامڵ و بە تەواوی ناوەندە هەستەیەکان لە لایەن ئاژانسی نیو نەتەوەییەوە پێک ناهێننیێ، لە پەیوەند لە گەڵ تەرحی مەسەلەکانی پادمانیی بێ دەنگی ڕادەگرێ ولە مەرجی هێنانە دەرەوەی سپای پاسداران لە لیستی تەحریمەکان و لە مەرجی وەرگرتنی زەمانەت لە چوونە دەرەوەی سەر لە نوێی ئامریکا لە بەرجام چاوپۆشی دەکات. لە بەرانبەر ئەمەدا دەوڵەتانی ٤+١ قبووڵیان کردوە کە بەشگەلێک لە پووڵە بلووکە کراوەکانی جمهوری ئیسلامی لە بانکە کانی وڵاتەکانی دیکە ئازاد بکەن و هاوکات لە گەڵ جێبەجێ کردنی مەتنی تەوافوقەکە بە لە سەرەخۆیی بەشگەلێک لە تەحریمەکانیش لابەرن.

هەڵبەت ئەوەش بڵێین کە جمهوری ئیسلامی بەر لە کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکە وەڵامی رەسمی خۆی بۆ جوزف بوریل بەرپرسی دەرەوەی یەکیەتی ئوروپا و هاوئاهەنگ کردنی وتو ویژی ناوەکی بەڕێ کردوە. وەک هەوڵێکی دیکەش خوازیاری ئەوە بووە کە ئامریکا نەرمیەکی زیاتر لە خۆی بنوێنێ بۆ باقی ئەو مەسەلانەی کە ماوەتەوە. لە وەڵامێکدا کە وتەبێژی وەزاڕەتی دەرەوەی ئامریکا داویەتەوە، هۆشداری سەر لە نوێی بە جمهوری ئیسلامی داوە کە ” تەنیا ڕێگای گەڕانەوەی ئێمە بۆ بەرجام ئەوەیە کە تاران لە هێنانەگۆڕێی تەرحی داخوازە فەرا بەرجامیەکان دەست هەڵبگرێ. ئەگەر ڕژیمی جمهوری ئیسلامی دەیهەوێ تەحریمەکان لە سەری هەڵبگیردرێ، لە یەکەمین هەنگاودا دەبێ کردەوە و هەڵسووڕانە مەترسی هێنەرەکانی خۆی کە بوونەتە هۆی ئەم تەحریمانە بگۆڕێ. ئێمە لە هەموو کەرەسەکان بۆ ڕێگری لە کردەوە و دەخاڵەتەکانی جمهوری ئیسلامی لە مەنتەقە کەڵک وەردەگرین. ئەمە هەر ئەو شەرت و مەرجانەن کە ئامرێکا و یەکیەتی ئوروپا ساڵیانی ساڵە لە بەردەم جمهوری ئیسلامیان داناوە. یانی خۆ پاراستنی جمهوری ئیسلامی لە دەست تیوەردان لە کارو بارە ناوخۆییەکانی وڵاتانی دیکە بە تایبەت وڵاتانی دەوڵەمەندی خاوەنی نەوت و گاز و دەست هەڵگرتن لە دەست ڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی.

ئەوەی کە ئێستا جمهوری ئیسلامی ناچار بە پێ بەند بوونیان بووە تەنیا ڕێگایەکە کە لە چەند ساڵ لەوەپێشەوە دەبوایە قبوڵی بکردایە. جمهوری ئیسڵامی چەندین ساڵە  بە بیانووی تەحریمەکان ژیان و گوزەرانی کرێکاران و باقی توێژە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگای بە گروگان گرتوە. ساڵهایە باندە مافیایەکانی ناو ڕژیم بە بیانوی دەور لێدانەوەی تەحریمەکان خەریکی توجاڕەتن و میلیاردها دۆلاریان وەسەریەک ناوە. زەرەر و خەسارەتی واقعی تەحریمەکانی ئامریکا  و ڕۆژاوا لە دژی جمهوری ئیسلامی، داوێنی کۆمەڵانی خەڵکی رەنج دیتوی ئیڕان و توێژە کەم داهاتەکانی گرتۆتەوە. لەم گۆشە نیگایەوە جەرەیان و ئینسانە چەپ و کمونیستەکان و هەر ئینسانێکی ئازادیخواز و هەر ویژدانێکی وەخەبەر هاتوو دژ بەم تەحریمانە بوون و هەن. بەڵام تەحریمە ئابووریەکان تەنیا یەکێک لە هۆ گەڵی قەیرانی ئابووری ڕژیمە. هەژاری و نەداری، گرانی و برسیەتی خەڵک و وەستان و بەدوادا هاتنی ئابوری کۆمەڵگای ئێران، لە قەیرانی ساختاری نیزامەوە سەرجاوە دەگرێ. بەڵام ساختاری سیاسی جمهوری ئیسلامی ، دزی و گەندەڵی نیهادینەکراو لە هەموو گۆشە و قوژبنی ئەم حکومەتە سەرمایەداریەی سەدەکانی ناوەڕاست دایە. تێچووی گەورەی بەڕیوە بردنی سیاسەتی مانەوەی رژیم، چ لە مەیدانەکانی پەرەپێدانی هەزاران ناوەند و نیهادی خەرفاندن و جەرەیاناتی ترۆریستی و کۆنەپەرستانەی ئیسلامی  لە ناوە و دەرەوەی وڵات، چ لە پێک هێنانی حیزب و جەرەیاناتی ترۆریستی و کۆنە پەرستی لە وڵاتانی دیکەو دیاری کردنی بودجەی سەدان میلیارد دۆلاری بۆیان ، یەکێکی تر لە هۆ گەڵی قەیرانی ئابووری و هەژاری و برسیەتیەکە  کەجمهوری ئیسلامی بە سەر کرێکاران و کۆمەڵانی هەژاری ئێرانیدا تەحمیل کردوە.

کۆتایی هاتنی تەحریمەکان ئەگەر چی پێویستە، بەڵام ئال و گۆڕێکی ئەو تۆ لە ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک و کرێکار و زەحمەتکێش و خزمەتگوزاریەکان و وەحەرەکت خستنی چەرخی بەرهەم هێنان پیک ناهێنێ. ڕژیمی جمهوری ئیسلامی  دەورانی بەر لە تەحریمەکانیش و ئەو کاتەی کە سەدان میلیارد دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت  و گاز بە دەست دەهێنا، لە وەڵام دانەوە بە داخوازەکانی کرێکاران و باقی توێژەکانی هەژاری کۆمەڵگا ناتەوان بوو. ئەم ڕژیمە جینایەتکارە هەتا ئێستا بە پشت بەستن بە کوشتار و زیندان و ئەشکەنجە وزیندان و ڕێگری لە پێک هێنانی رێکخراوە چینایەتی و کۆمەڵایەتیەکانی سەرتاسەری و باقی توێژەکانی کۆمەڵگایە کە توانیویەتی بە سەر پێوە خۆی ڕابگرێ. کە وایە لە هەل و مەرجی ئێستادا تەنیا ڕێگا بۆ درباز بوون لە هەژاری، بێ کاری  وگرانی وئەو گیروگرفتانەی کە داوێنی کۆمەڵگای گرتوە، درێژە و پەرەپێدانی مانگرتن و ئیعترازاتی رێکخراو و هاوئاهەنگی کرێکارانو توێژە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگا و پێک هێنانی پیداویستیەکان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی جمهوری ئیسلامی لە ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی دایە.