ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی مانگی ڕێبەندان هەواڵنێریی ڕوویتێرز ئاشکرای کرد کە بەدوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکا لە بنکەی “تاوەر ٢٢” لە ئۆردۆن بەهۆی هێرشی مووشەکیی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی عێراق کە سەربە ڕژیمی ئیسلامین، و بەدوای هەڕەشەی نیزامیی ئەمریکا بەدژی ئەم گرووپانە و ئێران، کۆماری ئیسلامی داوای لە هێزە نیابەتییەکانی نزیک لە خۆی کردووە کە کۆتایی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی خۆیان دژبە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بێنن. لە ڕاپۆرتەکەی ڕوویتێرزدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕاستبوونی ئەم هەواڵە لایەن دە سەرچاوەی عێراقی، لوبنانی، سووریەیی و حکوومەتی ئیسلامیش پشتڕاست کراوەتەوە و وتوویانە کە: ”لەماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر دوای هەڕەشەکانی ئەمریکا کە تێیدا کۆماری ئیسلامی و گرووپە چەکدارە عێراقییەکان لەئاست کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکا بە بەرپرسیار پێناسە کرابوون، ڕۆژی ٢٩ی ژانویە ئیسماعیل قائانی بەنهێنی چووە فڕۆکانەی بەغدا”. قائانی بەهۆی نیگەرانبوونی لەئاست کوژرانی خۆی، هەر لەوێ لەگەڵ سەرانی گرووپە ئیسلامییەکان و چەند بەرپرسی عێراقی وتووێژی کرد و گەڕاوە بۆ تاران. لەم دیدارەدا قائانی بۆ پاساوکردن و نادیدە گرتنی سیاسەتی نیزامیی هەتا ئێستای کۆماری ئیسلامی لەئاست گوشاری گرووپەکانی نزیک لە خۆی بەدژی ئەمریکا بۆ چوونەدەر لە عێراق، پێی وتن: ”ڕشتنی خوێنی ئەمریکایییەکان کاردانەوەی توندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی بەدواوە دەبێت و درێژەی هێرشەکانی ئێوە وتووێژی بەغدا و واشینگتۆن بۆ چوونەدەری هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە بەرەوڕووی کێشە دەکاتەوە. لەم ڕووەوە دەبێ هێرشەکانی خۆتان بەدژی هێزەکانی ئەمریکا کۆتایی پێبێنن”. پێویستە بوترێ کە ڕۆژێک دوای ئەمەش، گرووپی حیزبوڵڵای عێراق و عەسائبی ئەهلی حەق سەرەڕای کوژرانی فەرماندەیەکی سەرەکییان لە هێرشی نیزامیی ئەمریکادا، لە بەیاننامەیەکی فەرمی و چاوەڕواننەکراودا ڕایانگەیاند کە هێرشەکانیان دژبە هێزەکانی ئەمریکا ڕادەگرن. دوای ئەم ماجەرایە لەماوەی سێ حەفتەی ڕابردوودا نەتەنیا هیچ هێرشێکی نیزامی لەلایەن گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکانی عێراقەوە بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام نەدراوە بەڵکوو هیچ باسێکیش لەسەر چوونەدەری هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەلایەن ئەوانەوە نەهاتووەتە ئاراوە.
هەر لەم ڕاستایەدا و هاوکات ئەمیر عەبدوڵڵاهیانیش ڕەوانەی سووریە و لوبنان کرا تا بە گرووپەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لەوێ لەژێرناوی ئەوەیکە هێرشی نیزامی دەبێتە هۆی کوژرانی ڕێبەرانیان و دەبێتە هۆی لەناوچوونی ژێرخانە نیزامی و ئابوورییەکانیان، هۆشداریان پێ بدات کە عەمەلیاتی نیزامی دژبە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریە و شەڕی حیزبوڵڵای لۆبنان دژبە ئیسرائیل کۆتایی بێنن. ئەنجامدانی ئەم هەوڵانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ جارێکی دیکە نیشانی دەدات کە هێرشی نیزامیی گرووپەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی بەدژی ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بۆ دیفاع لە خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین لە شەڕی جەنایەتکارانەی ئیسرائیلدا نەبووە. بەڵکوو مووشەک هاویشتن و هێرشی درۆنیی سنووردار و کۆنتڕۆڵکراوی ئەم هێزانە، کردەوەیەک لەلایەن بەناو “هێزەکانی میحوەری موقاومەت” بە فەرمانی کۆماری ئیسلامی بووە. تا لەم ڕێگەوە بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی ڕەخساو بەهۆی شەڕی غەززە، لە موعامەلە و سات و سەودا لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژاوا کە هەر ئێستا لەئارادایە، وەک ئیمتازێک بەکاری بێنێ. ڕۆژنامەکانی ئەمریکاش کاردانەوەی پارێزکارانەی حکومەتی بایدن بەرامبەر بە کوژرانی ئەو سێ سەربازەیان بە نیشانەی ڕێککەوتن و سازان لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ناوبرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە: “ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی بەوە گەیشتوون کە بەرژەوەندیان لەم ڕێگەوە مسۆگەر دەبێت نەک لەڕێگەی هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران”.
واقعیەت ئەوەیە کە لەماوەی پتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا سەرەڕای تەبلیغاتی دووڕوویانەی ڕژیمی ئیسلامی بەدژی ئەمریکا لەژێرناوی “شەیتانی گەورە و ئیستکباری جیهانی و هیتر” کۆماری ئیسلامی بەردەوام بەشوێن سازشکردنی لەگەڵ ئەمریکا لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتەکەی بووە. ڕژیمی ئیسلامی هەتا ئێستا لەم ڕاستایەدا لە بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی ئەمریکا لەئاستی ناوچەیی و بەتایبەت لە عێراق و ئەفغانستان گەلێک یارمەتیدەر بووە. دەوڵەتانی ئەمریکا و ڕۆژاواش بێجگەلە ئەوەیکە هەر لە سەرەتاوە لە بەدەسەڵات گەیشتنی دژەشۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە جەریانی ڕاپەڕینی جەماەوریی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی، لەدوای ئەمەش بەردەوام هەوڵیان داوە بەرانبەر بە ئاخێزە ئینقلابییەکان و مانگرتنە کرێکارییەکان و ناڕەزایەتیی جەماوەری لە کۆماری ئیسلامی پشتیوانی بکەن. ئەوان دەزانن کە بەدیلە دڵخوازەکانی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی سەرمایەداری لەوانە ڕەوتی لیبڕاڵ، کۆماریخواز، ڕێفۆرمخواز، سەڵتەنەتخواز و ناسیۆنالیست، لەناو کرێکاران و جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران کە خوازیاری کۆتایی هێنان بە هەژاری و نەهامەتی ئابووری و بێمافیی کۆمەڵایەتی و هەموو شێوازەکانی هەڵاواردن و نابەرابەرین، هیچ کامیان خاوەنی ئیعتبار و هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتی نین.
بەڵام سازان و پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی لە بەرابەر ئەمریکا و زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکانیش ناتوانێ مانەوەی ڕژیم زەمانەت بکات. کێشە و دوژمنی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی لە ناوەوەی ئێرانە. ئەم ڕژیمە گەندەڵ و کۆنەپەرستە کە ساڵەهایە لەگەڵ قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایدیۆلۆژیی ناوخۆیی بەرەوڕوویە و بەردەوام لە ڕیزەکانی کەم دەبێتەوە و ئاڵقەی دەسەڵاتەکەی تەنگتر و سنووردارتر دەبێتەوە، لەگەڵ گەشەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری بەرەوڕووە، توانای وڵامدانەوەی بە هیچکام لە خواستەکانی کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگای نییە. ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە لەگەڵ شەپۆلی خرۆشانی ناڕەزایەتیی ژنان دژبە یاسای کۆنەپەرستانەی ئایینی و حیجابی ئیجباری بەرەوڕوویە و لە بەرابەریدا ناچار بە پاشەکشە بووە. لە وەها بارودۆخێکدایە کە خامنەیی بۆ مەشرووع نیشاندانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەموو ڕۆژێ زەبوونانە داوا لە خەڵک دەکات کە لە شانۆی ئینتخاباتدا بەشداری بکەن و تەنانەت بە تووڕەیی و نیگەرانییەوە لەو خەڵکەی کە لێبڕاوانە بڕیاریانداوە لەم گاڵتەجاڕییەدا بەشداری نەکەن هەڕەشەیان لێدەکات و بە دوژمن پێناسەیان دەکات. بێگومان کۆماری ئیسلامی دەمێکە تەمەنی کۆتایی هاتووە و دەبێ بڕووخێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran