نزیک بە نۆ مانگ لە دەستپێکی ڕاپەڕینی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران دژبە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، بێ مافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەتایبەت هەڵاواردنی ڕەگەزی کە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا چەخماخەی لێدا، تێدەپەڕێ. وێنەیەکی واقعی لە بارودۆخی سیاسی ئێران پێمان دەڵێ کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا ئەگەرچی لە ناڕەزایەتی و شەڕ و تێکهەڵچوونی هەموو ڕۆژێی سەرشەقام و تەڵەفاتی سێ مانگەی ئەوەڵی فاسلەی گرتووە، بەڵام بەشێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە. ئەم بزووتنەوەیە بەردەوامبوونی خۆی بەشێوەی بزووتنەوەی داخوازیی کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان و ڕادیکاڵیزەبوون و سیاسیتربوونی هەرچی زیاتری داخوازی و ناڕەزایەتییەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران پاراستووە. جومعەکانی ناڕەزایەتی لە سیستان و بەلوچستان، ناڕەزایەتیی خوێندکاران، بەرپاکردنی مەراسمی یادی گیانبەختکردووان لە شارە جۆراوجۆرکانی ئێران وێڕای بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و وتنەوەی دروشم دژبە ڕژیم و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان، نیشانەی ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوەیە نەتەنیا ڕانەوەستاوە، بەڵکوو پۆتانسیەلی خۆی بۆ مانەوە لەسەر شەقام وەک یەکێک لە سەنگەرەکانی خەبات و مەیدانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزی دوژمن پاراستووە. لەم ڕووەوە پەرەپێدانی سەرکوت و کوشتاری بەندکراوان، تەهاجوم بۆسەر ژنانی بێ حیجاب، هێرشی کیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان، هێرشی سازماندراو بۆسەر بزووتنەوەی خوێندکاری و بانگکردن و دەستگیرکردنی بەردەوامی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نەیتوانیوە بەربە درێژەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری بگرێت. ڕۆژانە دەیان مانگرتنی کرێکاری و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەدەچێت، بزووتنەوەی داخوازیی کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشیان و هیتر کەوتوونەتە مەسیری پەیوەنددران لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا. درێژەی مانگرتنی کرێکاری و کۆبوونەوەی ئیعتڕازی و پاراستنی زەرفیەت و توانای ئەم بزووتنەوەیە لەو واقعیەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنها بە پەرەپێدانی سەرکوت توانیویەتی تا ئاستێک ناڕەزایەتیی شەقام دامرکێنێ و بێجگەلە پەرەپێدانی سەرکوت توانای کەمترین گۆڕانکاریی لە ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا نییە. ئەم داماوییەی ڕژیم لە حاڵێکدایە کە ترسی جەماوەر ڕژاوە و دەزگای ئایدیۆلۆژیی ڕژیم توانای مەشرووعیەتدان بەم ئەوزاعەی لە دەست داوە و هەربۆیە ئەگەری هەڵچوونی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک بەردەوام لەئارادایە.
پاراستنی ئەم زەرفیەتانە و درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە سەلمێنەری ئەوەیە کە شەپۆلی توندکردنەوەی سەرکوت نەتەنیا خەڵکی چاوترسێن نەکردووە، بەڵکوو هێزی هاوپشتیی لەناویاندا بەهێزتر کردووە. لە کارخانە، لە زانکۆ و لە گەڕەکی شارەکان لە هەموو شوێنێک سەرکوت جێگای خۆی داوە بە موقاومەت و خەبات و بەرەنگاربوونەوە لەدژی هێزی سەرکوتگەر و گشت دەسەڵات. ئەگەرچی پەرەپێدانی سەرکوت نەیتوانی جەماوەری ڕاپەڕیو چاوترسێن بکات، بەڵام درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە توانیی ڕیزی هێزەکانی حکوومەت تێکبدات، کە بەرهەمی یەکدەستکردنەوەی سێ ناوەندی دەسەڵات لە دوایین شانۆی هەڵبژاردندا بوو. ئەو بەڵگانەی کە لە کۆبوونەوەی فەرماندەکانی سپای پاسداران و هێزە ئەمنیەتییەکان لەگەڵ خامنەیی بڵاوکراونەتەوە تا ئاستێک داماوی و دەستپێکی ڕەوتی لێکهەڵوەشانی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم نیشان دەدات. فەرماندەکانی سپا بەئاشکرا باس لە وازهێنانی هێزە وەفادارەکانیان دەکەن. ناوەرۆکی ئەمجۆرە بەڵگانە و ڕەوتی ڕووداوەکان سەلمێنەری ئەم واقعیەتەن کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی وەک ئاخێزی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ ڕووی نەکردە سەرکوت و کوشتاری بەرین و لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەشێکی لە دەستبەسەرکراوان ئازاد کرد، ئەمە نەک لەڕووی نەخشەیەکی ئاگاهانەوە، بەڵکوو لەڕووی لاوازی و بێتوانایی و نیگەرانیی سەرانی ئەم ڕژیمە بووە لە ئاست وازهێنانی هێزە سەرکوتگەرەکان.
ئەوەیکە ڕوونە، درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و بوێری و فیداکاریی ژنان و پیاوانی لاو لە خەبات بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە و لە بەرەنگاربوونەوە دژبە هێزە سەرکوتگەرەکان، یەکڕیزی هێزەکانی ڕژیمیان تێکداوە و کردوویانەتە قەیرانێک بوو حکوومەت. لەم ڕۆژانەدا مۆرە باڵاکانی حکوومەت باس لە ڕووخانی دیواری بەرلینی یاسا ئسیلامییەکان و حیجابی ئیجباری دەکەن و دان بەوە دادەنێن کە بە زۆری سەرکوت ناتوانن حیجاب داسەپێنن. درێژەی گوشاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، داڕمانی ئابووری و پەراوێزخرانی کۆماری ئیسلامیی لەئاستی جیهانی و ناوچەییدا زیاتر پەرەپێداوە و جەداڵ و کێشمەکێشی لەناو سەرانی حکوومەتدا زیاتر کردووە و هاوسەنگیی هێزی بەقازانجی ڕیزی خەباتی جەماوەر، بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕیوە. ئەگەرچی ئەم شۆڕشە هێستا نەیتوانیوە بەسەر خاڵە لاوازەکانیدا زاڵ بێت، هێستا جەماوەری وەگیانهاتوو لەم بارودۆخە لەئاستی ملیۆنیدا نەهاتوونەتە مەیدانی خەباتەوە، مانگرتنی کرێکاری هێستا ناوەندە سەنعەتییە سەرەکییەکانی نەگرتووەتەوە و سەرانسەری نەبوونەوە، ڕەوتی سازماندان لە خوارەوە نەگەیشتووەتە قۆناغێک کە دەستکەوتەکانی هەتا ئێستا سەقامگیر بکات، بەڵام هاوسەنگیی هێزی ئێستا بەستێنێکی گونجاوی بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو ئەم خاڵە لاوازانەدا ئامادە کردووە.
لە بارودۆخی ئێستادا بێجگەلە پەرەپێدانی ئاسۆی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران و ئاسۆی دژەسەرمایەداری، زاڵبوون بەسەر خاڵە لاوازەکانی بواری سازماندان، زامنی پێشخستنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستایە. پێشڕەویی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە مەسیری پێکهێنانی شۆرای کرێکاری لە کارخانەکان و ناوەندە سەنعەتی و خزمەتگوزارییەکان و لە مەسیری پێکهێنانی ڕێکخراوی جەماەوریی ژنان، خوێندکاران و توێژەکانی ترەوە تێپدەپەڕێ. ئەم شۆرا و ڕێکخراوانە لە بارودۆخی ئێستادا لە پەیوەند لەگەڵ یەکتر دەتوانن زەرفیەتی واقعیی بزووتنەوە بێننە مەیدانی سیاسیی کۆمەڵگا، دەستکەوتەکانی خەباتی ئێستا سەقامگیر بکەن و لە دواڕۆژی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران لەسەر وێرانەکانی، دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشانی کۆمەڵگا دامەزرێنن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە