نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی بەفرانبار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ساسان چەمەن ئارا، لە هونەرمەندانی دانیشتووی شاری ئیلام و ناوبراویان دەستبەسەرکردووە و بۆ بەندیخانەی ئەو ناوەندە ئەمنییە گواستوویانەتەوە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتی دەستبەسەرکردنی ساسان چەمەن ئارا دەستیان بەسەر کەلوپەلە ئەلیکترۆنییەکانی ئەو هاووڵاتییە گرتووە و هەروەها ماڵی خوشکەکەیان پشکنیوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ساسان چەمەن ئارا زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.
ساسان چەمەن ئارا، هونەرمەندی خەڵکی شاری ئیلام لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری پارەکە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای شۆڕشی تاران سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.