لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سامان سەیدی، ناسراو بە “سامان یاسین”، ڕەپێر و ئاوازدانەری تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی شاری کرماشان، به بڵاوکردنەوەی پەیامێکی دەنگی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ تاوانێکی نەکردووە و دەستبەسەرکردنی ناوبراو هیچ بنەمایەکی یاساییی نییە.
ئەم هونەرمەندە ناڕازییە لە بەشێکی پەیامەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە ناکارامەبوون و بایەخنەدان بە دۆسیەکەی لە لایەن داداوەر “سەڵواتی” لە ڕەوتی دادگاییکردنی ناوبراودا وتوویەتی: “دادوەر سەڵواتی پارێزەرێکی دەستنیشان کراوی بۆم دیاری کردووە و هاوکات ئەو پارێزەرە دیاریکراوەشی لە دەستپێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەم بێبەری کردووە”. سامان یاسین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە: “ئەگەر هەر تاوانێکم هەیە بیخەنە ڕوو، ئەگەریش هیچم نەکردووە لەخۆڕا تاوانبارم مەکەن و ئازادم بکەن. بۆچی هێشتا چارەنووسم ناڕوونە و یەکلایی ناکەنەوە. ئەگەر سەد ساڵی دیکەش لەو دۆخە بمێنمەوە و هەر دەستبەسەر بم، بێگومان هیچ شتێکتان لە من دەست ناکەوێت، چونکە بەڕاستی هیچم نەکردووە و بێتاوانم”. جێگای ئاماژەیە، دانیشتنی دادگاییکردنی سامان یاسین، ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەری پارەکە لە شاری تاران بەڕێوە چووە و بەگوێرەی خوازەنامەی پێشکەش کراوی ناوبراو، بە شەڕکردن بە دژی خودا (واتە موحارەبە) تۆمەتبار کراوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، سامان یاسین، گۆرانیبێژ، ئاهەنگساز و ڕەپێری خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی شاری تاران، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، بەهۆی پشتیوانیی ناوبراو لە ڕاپەڕینی خەڵک و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەلکی ئێران و کوردستان، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە لە ماڵەکەی خۆیدا ڕفێندرا.