ئەم ڕۆژانە بە بۆنەی سەرلەنوێی بە دەسەڵات گەیشتنی تاڵەبان لە ساڵی ڕابوردوودا ڕەسمەکانی هەڵاتنی سەرشۆڕانەی ناتۆ و ڕەسمەکانی شەڕکەرانی تاڵەبان لە کابول جاریکیتر لە میدیاکاندا ڕەنگی دایەوە. لەو نێوەدا رەسم و شانۆی دەیان هەزار کەس لە دەرەوەی فڕۆکەخانەی کابولکە لە نێوان چەکدارانی ناتۆ و تاڵەبانەکاندا گیریان کردبوو، هەر وەها ئەو ئەفغانستانیانەی کە خۆیان بە تەیارەکاندا هەڵواسیبوو بەو هیوایەی کە ڕێگایەک بۆ دەرباز بوون لەو ولاتە بدۆزنەوە، جارێکی دیکە چارەنووسی تاڵی میللەتێکی نیشان دا. چارەنووسی کۆمەڵگایەکنیشان دادا کە چوار دەیەیە لە ژێر دەسەڵاتی بەربەریەتی ئیسلامیدا و میلیتاریزمی ئەوانەی کە بە ناوی موبارزە لە گەڵ ترۆریزم، بە ناوی دیموکراسی و بە ناوی ئازادی ژن هێرشیان کردۆتە سەر ئەو ولاتە. ئەو خەڵکە بە چاوی خۆیان دیتیان کە چۆن ئەشرەف غەنی و زۆربەی سەرانی حکومەت بە سەروەت و سامانێکەوە کە وەلایان خستبوو بەر لە گەڕانەوەی تالەبان بە کابول خۆیان گەیاندە شوێنە ئەمنەکان لە دەرەوەی ئەفغانستان. هەر ئەوانەی کە چەند ڕۆژ پێشتر بە قسەی زل و فیزێکەوە بەڵێنیان بە خەڵک دەدا دەیان پارێزن و ئەو هێزانەی کە بیست ساڵی ئازگار ئەو دەوڵەتە پووشاڵیەیان لە سەر دەسەڵات ڕاگرتبوو، ڕێگای هەڵاتنیان هەڵبژارد و خەڵکیان خستە نێو پەنجەی خوێناوی ڕەوتێکی بە غایەت کۆنە پەرستەوە.
ئەو کاتەی کە وڵاتانی ئەمپڕیالیستی ڕۆژاوا بۆ وەدەر نانی ڕوسیە لە ئەفغانستان موجاهیدینی بە قەولی خۆیان ئیستقلال تەڵەبیان چەکدار کرد، هەر ئەو موجاهیدینە دوای وەدەرنانی روسیە کۆمەڵگایان کردە مەیدانی بەربەرەکانێی کۆنە پەرستانە و خوێناوی و ڕێگایان بۆ دەسەڵاتی بەربەریەتێکی دیکە بە ناوی تاڵەبان ئاوەڵا کرد. سەرئەنجام دوای ئەوەی کە ناتۆ و لە سەروی هەموێانەوە ئامریکا دوای بیست ساڵ میلیتاریزم و داگیر کردنی ئەو ولاتە ڕێگای هەڵاتنیان بۆ خۆیان دیاری کرد، ئەوەی کە لە واقعدا ڕوویدا دەسەڵاتی سەرلە نویی بەربەریەتی تاڵەبان لە کۆمەڵگایەکدا بوو کە شیرازەی بە تەواوی لێک هەڵپچڕابوو.
مارگارت تاچر ساڵی ١٩٨١ لە دەورانی داگیر کردنی ئەفغانستان لە لایەن ڕوسیەوە لە یەکێک لە کەمپەکانی تاڵەباندا لە سنووری پاکستان ڕوو بە تاڵەبانەکان وتێ: “ئێوە وڵاتەکەتان بەجێ هێشت چونکو نەتاندەویست لە ژێر دەسەڵاتی نیزامێکی کمونیستی کە خوای نە دەپەرست بژین، نیزامێک کە دەیهەویست دین و سەربەخۆیتان لێ بستێنێتەوە، بۆیە من لێرەدا پێتان دەڵێم دڵی هەموو خەڵکی دونیای ئازاد لە گەڵ ئێوەیە”. ڕوون و ئاشکرایە کە خەڵکی ئازادی دونیا نە دەیتوانی و نە دەتوانێ دڵی لە گەڵ دڕندە گەلێکی وەک موجاهیدینی ئەفغان و تاڵەبان بێت، بەڵام بێ هیچ شک و دوودڵیەک بۆ دەورەیەک دڵی دەوڵتمەدارانی بە ڕواڵەت دونیای ئازاد لە گەڵیان بوو. تاڵەبان کاتێک بە هیمەتی هەر ئەو دەوڵتمەردانە بە دەسەڵات گەیشت ئیتر کاری پێیان نەما و کەوتە بەربەرەکانێ لە گەڵیان. ئەو وڵاتە ئەمپڕیالیستیانەی کە شەڕکەرانی تاڵەبانیان ئاموزش دا و بە هەموو چەک و چۆڵێک تەیاریان کردبوو، بە تەجروبە دیتیان کە بە دوای چوونە دەری ڕوسیە لە ئەفغانستان ئەم وڵاتە بوو بە مەیدانی تەڕاتێنی تازەی ئەلقاعیدە و بارهێنانی ڕەوتە ترۆریستێەکان. ئەو کاتەش کە بە لشکر کێشیەکی نیزامی و لە پرۆسەی شەڕێکی خوێناوی تەواو عەیاردا کە تاڵەبان و ئەلقاعیدەیان لە دەسەڵات هێنایە خوارێ و دەوڵاتێکی پوشاڵیان لە جیگایی دانا، دیسانەوەش پاش بیست ساڵ ناچار بوون جارێکیتر دوو دەستی دەسەڵات بدەنەوە بە هێزێکی دڕندە. لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا نزیک بە دووسەد و پنجا هەزار کەس لە خەڵکی ئەفغانستان، هەفتا هەزار هیزی نیزامی و بە پێی ئاماری ناتۆ سەد هەزار کەس لە هێزەکانی تاڵەبان کوژران. هەزاران میلیارد دۆلار تەرخانی تەیار کردنی هێزە نیزامیەکانی ئەو حکومەتە پوشاڵیەی دەسەڵاتدار لە ئەفغانستان کرا بۆ ئەوە بە بێ کەم و کەسری تەحویلی تاڵەبانی بدەن.
بە بەدەستەوە گرتنی جارێکیتری دەسەڵاتلە لایەن تاڵەبانەوە، کۆمەڵکای ئەو وڵاتە بە خێرایەکی زۆرەوە بەرەو نابودی دەچێت. هەر چەند ڕۆژ لەمەبەر ڕاگەیاندرا کە زیاتر لە سەدا هەفتای خەڵکی ئەم وڵاتە توانای تەئمینی ژیان و بەڕێچوونی خۆیان نینە و لە سەدا نەوەدی مناڵان لە خواردەمەنی پێویست بە تەوای بێ بەهرەن. بەڵام هێشتا ئەمە تەواوی ئەو تراژدیە دڵتەزێنە نیە کە بەسەر ئەم وڵاتەدا باڵی کێشاوە. هێزەکانی تاڵەبان بە دڕندەیەکی بێ وێنەوە کەوتۆنەتە گیانی ئەو کەسانەی کە بەهیچ لەونێک حازر نین مل بە دەستور وپێوەرە دڕندانەکانی ئیسلامی بدەن. لە بیرمان نەچی هەر ئەوکاتەی کە دژی شٶڕشی ئیسلامی لە ئێراند بە دەسەڵات گەیشت یەکەمین هێرشی بۆ سەر سازمانی ژنان بوو. لە ئەفغانستانیش تاڵەبان لە یەکەمین ڕۆژەکانی بە دەسەڵات گەیشتنیەوە هێرشی وەحشیانەی خۆی دەست پێکرد. لە بێکار کردنی ژنانە بە برێنایەکی زۆرەوە بگرە تا ناردنەوەیان بۆ ماڵەکانیان و بەستنی دەرگای موئەسسەکانی فێر کردن و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی ژنان، هەمو ئەمانە تەنیا بەشێکی بچووک لەو دڕندەیەیە کە نیشانیان داوە. تاڵەبانی سەرچاوە گرتوو لە ئیسلامی سیاسی ناتوانێ کارنامەیەکی بێجگە لەمانە هەبێ. ئەلقاعیدە و باقی گروپە ڕەنگاو ڕەنگەکانی موجاهیدین لە ئەفغانستان هەر هەمان کردەوەیان سەبارەت بە ژنان هەیە. داعش لە سوریە و عێراق و باقی ڕەوتە ئیرتجاعیەکانی دیکەی ئیسلامی لە سودان، سومالی و مالیش هەر بە هەمان جەوهەری دژە ژنەوە دەناسرێنەوە. لە عێراق کردەوەی داعش دژ بە ژنانی ئیزەدی هیچکات لە بیر ناچێتەوە. لە ئەفغانستان دامەزرانی وەزاڕەتخانەی” ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکیر” ئەرکی ئەوەیە کە ژنان لە سەرەتایترین مافەکانی خۆیان لە هەموو بوارەکانی هەڵسووڕانی کۆمەڵایەتی مەحروم بکات. حیجابی زۆرەملیی، رێگری کردن لە ژنان بۆ چوونە دەرەوە لە ماڵ و تەنانەت ڕێگری کردن بۆ چوونە لای دوکتۆر و بیمارستانەکان،سەفەری ناوەوە و دەرەوەی وڵات بە بی ئیزنی بە ناو “مەحرەمی شەرعی” ڕێگری کردن لە ژنان و پیاوان بۆ چوونە پارکە تەفریحیەکان، ڕێگری لە کچانی گەورەتر لە ١٢ ساڵ بۆ خوێندن، تەنیا بەشێک لە یەکەمین فەرمانی دژایەتی لە گەڵ ژنانە لەم وەزارەتخانەیەدا. سەرەڕای هەموو ئەم دڕندەییە ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە خەڵکی ئەفغانستان هێج رێگایەکیان بێجگە لە ڕاوەستانلە بەرانبەر تاڵەباندا نیە. ئەگەر ژنانزیاتر لە هەر کەسێکی دیکە کەوتوونەتە بە هێرشی سیاسەتەکان و کردەوەی تاڵەبان، پێویستە لە قامەتی ئینسانە پێشڕەوەکاندا دەست لە ناو دەستی پیاوانی ئازادە پەرچەمی خەبات بۆ ڕزگاری ژنان و رزگاری کۆمەڵگا شکاوەتر ڕابگرن.
