
سەرهەڵدان و گەشەی نیزامی سەرمایەداری لە ئێران، وەک هەموو شوێنێکی تر لە کوردستانیش پێناسەی کۆمەڵایەتیی بەخشیوە بە خەڵکی ئەم ناوچەیە وەک نەتەوەیەک. بەڵام ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران حاشا لە مافە سەرەتاییەکانی ئەم نەتەوەیە دەکات و ڕێگە نادات ئەم نەتەوەیە چارەنووسی سیاسیی خۆی بەپێی ئیرادەی خۆی دیاری بکات. هەر بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی لەدژی ئەم ستەم و چەوساندنەوەیە بوەستێتەوە، بەرەوڕووی هێرشێکی سەرکوتگەرانە دەبێتەوە.
خەبات بۆ نەمانی ستەمی نەتەوایەتی کاردانەوەیەکی جەماوەرییە بەرانبەر بە هەڵاواردن و نابەرابەری و بێ مافییەکانی سەرچاوەگرتوو لەم ستەمە. بەڵام سەرەڕای گشتگیربوونی ئەم ستەمە نەتەوایەتییە، کاردانەوە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵگای کوردستان یەکسان نییە. ئەمڕۆ سەرمایەداران و خاوەنانی سەروەت لە کوردستان، ئەو بوروکراتانەی کە خاوەنی پلە و پایەی بەرزن لە ئیداراتی مەحەلی، فشاری ئەم ستەمە زۆر هەست پێناکەن و بەرژەوەندی مادی خۆیان لە پاراستنی وەزعیەتی مەوجوددا دەبینن. ئەمانە بوونەتە پایە مادیەکانی نفووزی ڕژیم و ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی لەناو ڕیزەکانی بزووتنەوەی نەتەوەییدا.
بەڵام بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کورد کاتێک نەمانی ستەمی نەتەوەیی بەشێوەی ڕاستەقینە ئاڵوگۆڕ لە ژیانیاندا پێکدێنێت، کە نەمانی ئەم ستەمە لە هەمان حاڵدا بە مانای ژیانێکی ئابووریی ئاسوودەتر و فەزای سیاسی کراوەتر بێت بۆ خۆیان و ئاسۆیەکی ڕوون و گەش بێت بۆ منداڵەکانیان. هەر ئەم واقعیەتە بووەتە زەمینەی کۆمەڵایەتیی پەرەسەندنی نفووزی هێزی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی لە کۆمەڵگای کوردستان. ئەگەر ئەوەمان قەبووڵە کە ستەمی نەتەوەیی لەم کۆمەڵگایەدا بە هێزی زۆرینەی ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە کە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشن لەناو دەچێت، کەوابوو دروشم و ستراتێژی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە کوردستانیش پێویستە هەموو بوارەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتی لەخۆبگرێت. کۆمەڵە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ئاڵاهەڵگری ئەم ستراتێژییە بووە و بەم ئیعتبارە بزووتنەوەی کوردستان وەک “بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان” خەسڵەت نمایی کردووە.
بەڵام ناسیۆنالیسمیش بە سیاسەت و کردەوەی خۆی کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگا داناوە. ناسیۆنالیسم ئایدیۆلۆژی و ئاراستەیەکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوە کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەروەک باقیی کۆمەڵگاکانی دیکە هاوزادی سەرهەڵدان و گەشەی نیزامی سەرمایەداری بووە. حیزبی سیاسی و کۆمەڵێک بەرنامەی سیاسیی جۆراوجۆر بە پێی ئەم ئایدیۆلۆژییە و لەسەر بەستێنی ئەم ئاراستە کۆمەڵایەتییە دامەزراون و ئامادە کراون. ئەم ئایدیۆلۆژییە خاوەنی جیهان بینی، ستراتێژی سیاسی، کلتوور و سوننەتی تایبەت بە خۆیەتی. مێژووی گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەداری نیشانی داوە کە ئایدیۆلۆژی و بەرنامەی ناسیۆنالیسم بە پێی پێویستیی سەرمایەداری بە پێکهێنانی بازاڕی ناوخۆیی و قۆرخ کردنی ئەم بازاڕە لە چوارچێوەی سنوورە دیاریکراوەکان و زەروورەتی پاراستنی ئەم سنوورانە بەزەبری هێزی جەماوەری خۆجێیی، شکڵی گرتووە. ناسیۆنالیسم، کلتوور و ئەدەبیات و هونەر و سەمبۆلی تایبەت بەخۆی بۆ ئاسان کردنەوەی بابەتی هێنانە مەیدانی جەماوەر لە خزمەت وەدیهێنانی ئەم ئامانجە چینایەتییە خوڵقاندووە. بەڵام ئەمڕۆ کە لەگەڵ گەشەی بەرچاوی سەرمایەداری و جیهانی بوونەوەی ئەم سیستمە، هەموو سنوورێک بەرەوڕووی حەرەکەتی کاڵا و سەرمایە کراوەیە، پایە ئابوورییەکانی ئەم ئایدیۆلۆژییە لە گشت جیهان خەریکە لەناودەچێت. لەڕاستیدا ناسیۆنالیسم وەک ئایدیۆلۆژییەک لە مەیدانی سیاسەتی ڕۆژ و لە سەرخانی کۆمەڵگا و لە مەیدانی کلتوور و ئەدەبیات و هونەردا، درێژە بە حەیاتی خۆی دەدات. مانەوەی ستەمی نەتەوایەتی لە گۆشە و کەناری جیهان، هێستا پۆتانسییەلی حزووری ناسیۆنالیسمی لە بواری سیاسیدا پاراستووە.
ناسیۆنالیسم لە کوردستان ڕەوتێکی ڕیشەداری کۆمەڵایەتییە کە لە بوونی ستەمی نەتەوایەتییەوە تەغزییە دەکات. ئەم ڕەوتە ڕەنگدانەوەی مێژوویی ئاواتەکانی بورژوازیی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی کورد بوو کە لەگەڵ بورژوازیی غەیرە کوردی دەسەڵاتدار لە ئێران لە پێگەیەکی یەکساندا نەبوو. لەسەر بەستێنی ئەم ئاراستە کۆمەڵایەتییە بوو کە حیزبە سیاسییەکان و ئ ئایدیۆلۆژیی ناسیۆنالیستی لە کوردستان پێکهات. واتە حیزب گەلێک کە لە چوارچێوەی نیزامی سەرمایەداری و پەیوەندیی بەرهەمهێنانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای ئێران، خوازیاری بەشداری کردن لە دەسەڵاتی سیاسیی خۆجێیی و سەرتاسەری بوون. ئەوان بۆ وەدەستهێنانی نفووز و بەڕێوەبردنی بەرنامەی سیاسیی خۆیان پێویستیان بە ڕاکێشانی سەرەنجی جەماوەرێک بوو کە لە ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی ڕەنجیان دەبرد.
ئەگەرچی هەرکام لەم حیزبانە بەرنامەیەکی دیاریکراویان بۆ مەسەلەی نەتەوەیی هەیە بەڵام لە مەیدانی کردەوەی واقعیدا تەنیا لەپێناو وەدەستهێنانی بەشێک لە دەسەڵاتی خۆجێی و یان سەرتاسەری بۆ حیزبەکەی خۆیان هەوڵ دەدەن. ستەمی نەتەوایەتی نێردیوانی بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم حیزبانەیە بەبێ ئەوەیکە چارەسەر کردنی واقعیی ئەم ستەمە ئامانجی ئەوان بێت. حیزب و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان هیچ داخوازییەکیان دژبە پەیوەندیی کار و سەرمایە، دژبە نیزامی سەرمایەداری نییە و لەم ڕوانگەوە لایەنگری پاراستنی بارودۆخی زاڵن. ئەم بارودۆخەش بەمانای درێژەی دەسەڵاتدارییەتی ئابووری، سیاسی و کلتووریی بۆرژوازییە و هیچی تر. لەم ڕوانگەوەیە کە ئەم حیزبانە لەناو ئۆپۆزیسیۆندا بە ئەحزابی بورژوایی پێناسە دەکرێن.
ئەم حیزبانە بە حوکمی ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی چەند دەیەی ڕابردوو، خۆیان لەگەڵ ئەم ئاراستە و ئاواتانەی پێگەی چینایەتیی خۆیان ڕێکخستووە و لەجیاتی ئەوەیکە لەناوبردنی ستەمی نەتەوەیی بکەنە ئامانجیان، تەنیا بە بەدەستهێنانی بەشێک لە دەسەڵاتی مەحەلی، ئەویش لە هەر ڕێگەیەکەوە بێت، ڕەزایەت دەدەن. ڕیشەی هەوڵی ئەم ئاراستەیە بۆ نزیکبوونەوە لە لیبڕالەکانی لایەنگری ڕۆژاوا و ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و ئامادە بوونیان بۆ سازان لەسەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان لەبری بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی ورد و کەم بەها، پێویستە بەلەبەرچاوگرتنی ئەم ستراتێژییەی ئەوان شیبکرێتەوە.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا هێدێک لە حیزبە ناسیۆنالیستەکان هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی لەناو ئۆپۆزیسیۆنی لیبڕالی لایەنگری ڕۆژاوادا تەنانەت لەناو سەڵتەنەتخوازەکاندا هاوپەیمانی سەرتاسەری بدۆزنەوە. نە ئەم هەوڵانە هەتا ئێستا ئاکامێکیان بووە و نە سەرەنجی خەڵکی کوردستانیشی بەرەوخۆی ڕاکێشاوە. هەڵسووکەوتی سەڵتەنەتخوازان و ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا لیبڕالی ئێران لەگەڵ ئەم حیزبانە لە سەرەوە و تێکەڵ بە بێڕێزی بووە. بۆ ئەحزابی ناسیۆنالیست دەخاڵەتی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان لە ئێران فرسەتێکە بۆ ئەوەی بتوانن هاوسەنگیی هێز بە قازانجیان بگۆڕێت و زەمینەکانی بەشداریی ئەوان لە دەسەڵاتی مەحەلی و سەراسەری فەراهەم بکات. چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد بۆ ئەوان ئیتر ئارمان نییە، ئەوەیکە ئەوان بەشوێنێوەن هەبوونی سەهمێکە لە حاکمیەتی مەحەلی لە پەنا دەوەڵەتی ناوەندی و لایان وایە کە ئەم کارە لەڕێگەی سازانی نێوان دەسەڵاتەکانەوە مسۆگەر دەبێت و لەڕێگەی سنووردارکردنی خواستەکانی خەڵکی کوردستان و یان لەڕێگەی دەخاڵەتی دەسەڵاتە گەورەکانەوە مومکینە. ئەوان بە بێ ئەوەیکە لەلایەنی بەرامبەریان هیچ بەڵێن و زەمانەتێکیان وەرگرتبێ، ئەم داخوازییانە هەڕاج دەکەن. ئەوان لەسەر ڕۆڵی ئیحتمالیی ڕەوتە نێئۆلیبڕالەکانی ئێران لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی داهاتووی دوای کۆماری ئیسلامی و پشتیوانیی دەوڵەتانی ڕۆژاوا حیسابیان کردووەتەوە. بەڵام ئەوەیکە هەر لە ئێستاوە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە هەوڵ بۆ نزیکبوونەوە و هاوپەیمانیی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان لەگەڵ لیبڕالەکانی ئێران و یان هیواداربوون بە فشاری زۆرینەی ترامپ هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی خەباتی خەڵکی کوردستانەوە نییە. ڕەوتە لیبڕالییەکان و هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بورژوازییەکان لە ئێران بەپێی ئەو هەڵوێستانەی هەتا ئێستایان، دانی هەر ئیمتیازێک لە بواری کەمکردنەوەی ستەمی نەتەوایەتی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران بە مەترسی دەزانن. ئەوان مافی خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەڕەسمی ناناسن.