سەرهەڵدان و گەشەی نیزامی سەرمایەداری لە ئێران، وەک هەموو شوێنێکی تر لە کوردستانیش پێناسەی کۆمەڵایەتیی بەخشیوە بە خەڵکی ئەم ناوچەیە وەک نەتەوەیەک. بەڵام ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران هەروەک ڕژیمی سەڵتەنەتی پەهلەوی حاشای لە مافە سەرەتاییەکانی ئەم نەتەوەیە کردووە و بە گرتنەبەری سیاسەتی میلیتاریزەکردن و سەرکوتی خوێناوی ڕێگەی نەداوە ئەم نەتەوەیە چارەنووسی سیاسیی خۆی بەپێی ئیرادەی دیاری بکات. لەم ڕاستایەدا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان کە یەکێک لە خواستەکانی کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوەیی بووە، بەردەوام کەوتووەتە بەر هێرشی سەرکوتگەرانەوە.
خەبات بۆ نەمانی ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان کاردانەوەیەکی جەماوەرییە بەرانبەر بە هەڵاواردن و نابەرابەری و بێ مافییەکانی سەرچاوەگرتوو لەم ستەمە. بەڵام سەرەڕای گشتگیربوونی ئەم ستەمە نەتەوەییە، کاردانەوە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵگای کوردستان یەکسان نییە. ئەمڕۆ سەرمایەداران و خاوەنانی سەروەت لە کوردستان، ئەو بوروکراتانەی کە خاوەنی پلە و پایەی بەرزن لە ئیداراتی مەحەلی، گوشاری ئەم ستەمە زۆر هەست پێناکەن و بەرژەوەندی مادی خۆیان لە پاراستنی وەزعیەتی مەوجوددا دەبینن. ئەمانە بوونەتە پایە مادیەکانی نفووزی ڕژیم و ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی لەناو ڕیزەکانی خەباتی خەڵکی کوردستان.
بەڵام بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کورد کاتێک نەمانی ستەمی نەتەوەیی بەشێوەی ڕاستەقینە ئاڵوگۆڕ لە ژیانیاندا پێکدێنێت، کە نەمانی ئەم ستەمە لە هەمان حاڵدا بە مانای ژیانێکی ئابووریی ئاسوودەتر و فەزای سیاسی کراوەتر بێت بۆ خۆیان و ئاسۆیەکی ڕوون و گەش بێت بۆ منداڵەکانیان. لەڕاستیدا کرێکارن و زەحمەتکێشانی کوردستان تەنیا بۆ لەناوبردنی ستەمی نەتەوەیی پەیوەستی ڕیزەکانی ئەم خەباتە نەبوون، بەڵکوو بە ئاسۆی نەمانی ستەمی چینایەتی و گەیشتن بە ژیاێنکی ئازاد و خۆشبژێو و بەرابەر بە ڕیزەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان پەیوەست بوون. هەر ئەم واقعیەتە بووەتە زەمینەی کۆمەڵایەتیی پەرەسەندنی نفووزی هێزی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی لە کۆمەڵگای کوردستان. ئەگەر ئەوەمان قەبووڵە کە ستەمی نەتەوەیی لەم کۆمەڵگایەدا بە هێزی زۆرینەی ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە کە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشن لەناو دەچێت، کەوابوو دروشم و ستراتێژی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە کوردستانیش پێویستە هەموو بوارەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتی لەخۆبگرێت. کۆمەڵە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ئاڵاهەڵگری ئەم ستراتێژیە بووە و بەم ئیعتبارە بزووتنەوەی کوردستان وەک “بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان” خەسڵەت نمایی کردووە.
بەڵام ناسیۆنالیسمیش بە سیاسەت و کردەوەی خۆی کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگا داناوە. ناسیۆنالیسم ئایدیۆلۆژی و ئاراستەیەکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوە کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەروەک باقیی کۆمەڵگاکانی دیکە هاوزادی سەرهەڵدان و گەشەی نیزامی سەرمایەداری بووە. حیزبی سیاسی و کۆمەڵێک بەرنامەی سیاسیی جۆراوجۆر بە پێی ئەم ئایدیۆلۆژییە و لەسەر بەستێنی ئەم ئاراستە کۆمەڵایەتییە دامەزراون و ئامادە کراون. ئەم ئایدیۆلۆژییە خاوەنی جیهان بینی، ستراتێژی سیاسی، کلتوور و سوننەتی تایبەت بە خۆیەتی. مێژووی گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەداری نیشانی داوە کە ئایدیۆلۆژی و بەرنامەی ناسیۆنالیسم بە پێی پێویستیی سەرمایەداری بە پێکهێنانی بازاڕی ناوخۆیی و پاوان کردنی ئەم بازاڕە لە چوارچێوەی سنوورە دیاریکراوەکان و زەروورەتی پاراستنی ئەم سنوورانە بەزەبری هێزی جەماوەری خۆجێیی، شکڵی گرتووە. ناسیۆنالیسم، کلتوور و ئەدەبیات و هونەر و سەمبۆلی تایبەت بەخۆی بۆ ئاسان کردنەوەی بابەتی هێنانە مەیدانی جەماوەر لە خزمەت وەدیهێنانی ئەم ئامانجە چینایەتییە خوڵقاندووە. بەڵام ئەمڕۆ کە لەگەڵ گەشەی بەرچاوی سەرمایەداری و جیهانی بوونەوەی ئەم سیستمە، هەموو سنوورێک بەرەوڕووی حەرەکەتی کاڵا و سەرمایە کراوەیە، پایە ئابوورییەکانی ئەم ئایدیۆلۆژییە لە گشت جیهان خەریکە لەناودەچێت. سەرەڕای ئەم ئاڵوگۆڕانە ناسیۆنالیسم وەک ئایدیۆلۆژییەک لە مەیدانی سیاسەتی ڕۆژ و لە سەرخانی کۆمەڵگا و لە مەیدانی کلتوور و ئەدەبیات و هونەردا، درێژە بە حەیاتی خۆی دەدات. مانەوەی ستەمی نەتەوایەتی لە گۆشە و کەناری جیهان، هێستا پۆتانسییەلی حزووری ناسیۆنالیسمی لە بواری سیاسیدا پاراستووە.
لەژێر کاریگەریی ڕەوتی جیهانی بوونەوەی سەرمایەداری، سەرمایەدارانی کوردیش تەنانەت بەویژدانترینیان بەدوای هێزی کاری هەرزان و لەپێناو قازانجی زیاتر سنوورەکان پشت سەر دەنێن. بەخاتری هەر ئەم گۆڕانکارییانە بورژوازیی کوردیش ئەنگیزەی چینایەتیی خۆی بۆ پێکهێنانی بازاڕی ناوخۆیی لەچوارچێوەی سنووری جوگرافیای دیاریکراو و زەروورەتی پاراستنی ئەم سنوورانەی لەدەست داوە و بەم هۆکارە ئەنگیزەیەکی بۆ بەشداریکردن لە بزووتنەوەی خەبات بۆ نەمانی ستەمی نەتەوەیی نییە. ئەحزابی ناسیۆنالیست لە کوردستانیش بە حوکمی ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی چەند دەیەی ڕابردوو، خۆیان لەگەڵ ئەم ئاراستە و ئاواتانەی پێگەی چینایەتیی خۆیان ڕێکخستووە و لەجیاتی ئەوەیکە لەناوبردنی ستەمی نەتەوەیی بکەنە ئامانجیان، تەنیا بە بەدەستهێنانی بەشێک لە دسەڵاتی مەحەلی، ئەویش لە هەر ڕێگەیەکەوە بێت، ڕەزایەت دەدەن. ڕیشەی هەوڵی ئەحزابی ناسیۆنالیست لە کوردستان بۆ نزیکبوونەوە لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و دووی خوردادییەکان لە سەردەمێکدا کە دەسەڵاتیان بوو و پاشان ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی لایەنگری ڕۆژاوا و لەم دوایانەشدا سەڵتەنەت خوازان و ڕەزا پەهلەوی و ئامادە بوونیان بۆ سازان لەسەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی بێ ئەرزش، پێویستە بەلەبەرچاوگرتنی ئەم ستراتێژییەی ئەوان شیبکرێتەوە.
کەوابوو ئەگەرچی هەرکام لە ئەحزابی ناسیۆنالیست بەرنامەیەکی دیاریکراویان بۆ مەسەلەی نەتەوەیی هەیە بەڵام لە مەیدانی کردەوەی واقعیدا تەنیا لەپێناو وەدەستهێنانی بەشێک لە دەسەڵاتی خۆجێی و یان سەرتاسەری بۆ حیزبەکەی خۆیان هەوڵ دەدەن. ستەمی نەتەوایەتی نێردیوانی بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم حیزبانەیە بەبێ ئەوەیکە چارەسەر کردنی واقعیی ئەم ستەمە ئامانجی ئەوان بێت. حیزب و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان هیچ داخوازییەکیان دژبە پەیوەندیی کار و سەرمایە، دژبە نیزامی سەرمایەداری نییە و لەم ڕوانگەوە لایەنگری پاراستنی باروودۆخی زاڵن. بەڵام ئەم باروودۆخە شتێک بێجگەلە درێژەی دەسەڵاتدارییەتی ئابووری، سیاسی و کلتووریی بۆرژوازی نییە. بەمجۆرەیە کە ئەم حیزبانە لەژێرناوی ئەحزابی بورژوازیی لە ئۆپۆزیسیۆندا پێناسە دەکرێن.
بۆ ئەحزابی ناسیۆنالیست دەخاڵەتی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان لە ئێران فرسەتێکە بۆ ئەوەی بتوانن هاوسەنگیی هێز بە قازانجیان بگۆڕێت و زەمینەکانی بەشداریی ئەوان لە دەسەڵاتی مەحەلی و سەراسەری فەراهەم بکات. چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد بۆ ئەوان ئیتر ئارمان نییە، ئەوەیکە ئەوان بەشوێنێوەن هەبوونی سەهمێکە لە حاکمیەتی مەحەلی لە پەنا دەوەڵەتی ناوەندی و لایان وایە کە ئەم کارە لەڕێگەی سازانی نێوان دەسەڵاتەکانەوە مسۆگەر دەبێت و لەڕێگەی سنووردارکردنی خواستەکانی خەڵکی کوردستان و یان لەڕێگەی دەخاڵەتی دەسەڵاتە گەورەکانەوە مومکینە. ئەوان بە بێ ئەوەیکە لەلایەنی بەرامبەریان هیچ بەڵێن و زەمانەتێکیان وەرگرتبێ، ئەم داخوازییانە هەڕاج دەکەن. هێندێک لە ئەحزابی ناسیۆنالیست لەئێستادا لەسەر ڕۆڵی ئیحتمالیی ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەتخوازان و هێندێکی تر لەسەر دەورونەخشی ئۆپۆزیسیۆنی نیولیبڕاڵی لایەنگری ڕۆژاوا لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی داهاتووی دوای کۆماری ئیسلامی و پشتیوانیی دەوڵەتانی ڕۆژاوا حیسابیان کردووەتەوە. بەڵام ئەوەیکە هەر لەئێستاوە بەڕوونی دیارە ئەوەیە کە نزیکی و هاوپەیمانی ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردستان لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەتخوازان و یان لەگەڵ نیۆلیبڕاڵەکانی ئێران هیچ پەیوەندیەکی بە بەرژەوەندی خەباتی خەڵکی کوردستانەوە نییە. بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی لە ئێران بەپێی ئەو هەڵوێستانەی کە هەتا ئێستا گرتوویانە، هەرجۆرە هەوڵ و خەباتێک لەپێناو ئامانجی نەمانی ستەمی نەتەوەیی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران بە مەترسی دەزانن. ئەوان مافی خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەڕەسمی ناناسن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە