پەسەندکراوی کۆنگرەی یازدەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
پێوەر و بنەماکانی ستڕاتێژی ئێمە:
پێشەکی،
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران چەندین بەڵگەی بنەڕەتی هەیە کە لە قۆناغە جۆاوجۆرەکانی چالاکی حیزب ئامادە کراون. ئەم بەڵگانە پێناسەی ئێمە ، ئامانج و پێگەی سیاسی و خەتی سیاسی خەباتی چینایەتی ئێمەن. ئەم بەڵگانە پشت ئەستوورن بە ڕوانگەی زانستی ئێمە لەسەر بنەماکانی ماتریالیزمی دیالێکتیک و ماتریالیزمی مێژوویی و ئەزموونەکانی مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە جیهان. “بەیانییەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران”، “بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران”، “ئەساسنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران” و “ستڕاتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران”، لە زومرەی ئەو بەڵگانەن.
ئەم بەڵگانە پشت ئەستوورن بە باسە نەزەرییەکانی مارکس و لە روانگەیەکی زانستییەوە ئامادە کراون و هەر بۆیە لە پشتیوانییەکی زانستی بەهرەمەندن. کۆنگرەکانی ئێمە هەلێکن بۆ ئەوەیکە لەوێ بتوانین جارێکی دیکە پێداچوونەوەیان بەسەردا بکەین و هەوڵ بدەین بە یارمەتی وەرگرتن لە دوایین دەستکەوتەکانی زانست و ئەزموونی خەباتی خۆمان و کرێکاران و کۆمۆنیستەکانی جیهان، تازەیان کەینەوە. ئەم دەقە کە لە کۆنگرەی یازدەی حیزبدا پەسەند کراوە، کۆکراوەی سەرلەنوێی باسی ستڕاتێژی حیزبە.
ستڕاتێژی بەرابەر بە دەستەواژەی “راهبۆرد”ی لە زمانی فارسییە. ستڕاتێژی یەکێک لە چەمکەکانی کۆمەڵگاناسی زانستییە. ستڕاتێژی پانتایی چالاکییەکان بەر لەوەیکە ڕووبەڕوو بوونەوەکانی تایبەت پێکبێن، باس دەکات. ستڕاتێژی لە شەڕێکی دیاری کراو لە (باسی ئێمە واتە خەباتی چینایەتی و سیاسی) بە پێی هەڵسەنگاندنی واقێعی لە توانای لایەنەکان، ئامرازەکانی کە لە ئێختیاریان دایە و هەروەها هەڵسەنگاندنی بارودۆخی واقێعی لە مەیدنی شەڕ داڕشتراوە. هەڵسەنگاندنی هەڵە لە توانای هێزە دژبەرەکان، هەڵسەنگاندنی نابەجێ لە ئەگەری جووڵەی دوژمن و تەوەرەکانی لەم پێوەندەدا، دەتوانێ ببێتە هۆی لەدەست چوونی هەلەکان یاخود ببێتە هۆی شکست و پێکهاتنی کارەسات. لەو ڕووەوەیە کە ستڕاتێژی درووست دەبێ پشت ئەستوور بێ بە دوایین داتاکان و لەسەر لێکدانەوەیەکی زانستی بێت. ستڕاتێژی ڕێکاری ئێمە بۆ گۆڕینی دونیای دەورووبەرە. ئەگەر بەرنامە، بەیانی ئاواتەکانی ئێمە نییە، ئەگە وایە باس کردنی هەوڵ و مۆتاڵباتێکە کە بنەمای واقێعی و زانستی هەیە و بوارەکانی بەکردەوە دەرهاتنی لە کۆمەڵگای ئەمڕۆ دابین کراوە. ئەگەر بەرنامە لە ئێستاوە ئامرازێکە بۆ ئەوەیکە کۆمۆنیستەکان بەهۆیەوە ئامانجەکانیان لە کۆمەڵگا پێناسە بکەن، ستڕاتێژیش “چ بایەد کردەکان” ی ئێمە لە هەر قۆناغێکدا دیاری دەکات. بەو ڕادەیەی کە بەرنامەی ئێمە لەسەر بنەماکانی زانستی و کردارییە، هەر بەو ڕادەیە ستڕاتێژی ئێمە بەدوور لە خیاڵاوی بوون و زانستییە و دەتوانێ هەلی سەرکەوتنی چینی کرێکار بە ڕوونی دیاری بکات.
بەکردەوە دەرهێنانی هەر ستڕاتێژییەکی دیاری کراو، تاکتیک، سیاست و ڕێگای گونجاوی خۆی دەوێت.
باسە سەرەتاییەکان لە بواری ستڕاتێژی کۆمۆنیستەکان لە بزووتنەوەی کرێکاری، بە دوای بڵاوبوونەوەی “مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست” کە له ڕاستی دا بەرنامەی کۆمۆنیستەکان لە ساڵەکانی دەیەی ٤٠ و ٥٠ی سەدەی نۆزدە بوو، لە پێوەند لەگەڵ خەبات بۆ وەدیهاتنی ئەم بەرنامەیە باس کرا. مارکس و ئێنگێلس، هەر دووکیان ستڕاتێژی “یەکێتی کۆمۆنیستەکانیان” لە بزووتنەوەی کرێکاری و خەباتی شۆڕشی ساڵەکانی ١٨٤٨ بۆ ١٨٥١ لە ئۆرووپا بەرنامەڕێژی کرد. هەروەها لە ڕوانگەی “ستڕاتێژی کۆمۆنیستی”یەوە لەسەر دەستکەوت و هۆکارەکانی شکستی کۆمۆنی پاریس لە ساڵی ١٨٧١ هەڵسەنگاندنیان ئەنجام دا. بەڵام لە ساڵەکانی دواتر لەم ڕووداوە، مارکس هەموو توانای خۆی خستەسەر تەواو کردنی “کاپیتاڵ” و هەڵسەنگاندنی بنەڕەتی نیزامی ئابووری کاپیتالیزم. بەدوای کۆچی دوایی کارڵ مارکس و پاشان ئێنگێلس، باسەکانی پێوەندی بە ستڕاتێژی حیزبە چەپەکان و کۆمۆنیستەکان لە ساڵەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم، لە بنەڕەتدا لەژێر کاریگەری باسەکانی حیزبی “سۆسیال دێمۆکراتی ئاڵمان” و تئێوریسییەکانی ئەم پارتە واتە “کائۆتۆسکی و برنشتاین”دا بوو. ئەوان بۆچوونەکانی مارکس سەبارەت بە “ستڕاتێژی شۆڕشگێرانەی”چینی کرێکاریان وەلانا و بوون بە نوێنەرانی “ستڕاتێژی رێفۆرمخواز” لە بزووتنەەی جیهانی چەپ و کۆمۆنیست دا. بۆلشۆڤیکەکان و لەسەروی ئەوانەوە “لێنین” لە بەرامبەر “ستڕاتێژی رێفۆرمخواز”ی سۆسیال دێمۆکراتەکانی ئاڵمان ڕاوەستانەوە. شکستی شۆڕشی ١٩٠٥ رووسییە بۆ لێنین و هاوڕێکانی لە حیزبی بۆلشێڤیک، بووە ئەزموونێک تا ستڕاتێژی خۆی بە مەبەستی سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری لە ڕووسییە، لە شۆڕشی ١٩١٧ بە سەرئەنجام بگەیەنێت. بەڵام ئەم باسانە زۆر زوو لە چوارچێوەی بارودۆخی سیاسی ڕووسییە چووەسەرتر و وەک ئەزموونێکی جیهانی لە بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەکارهێنرا. نووسراوە گرینگەکانی لێنین لەو قۆناغەدا بۆ دیفاع لە ستڕاتێژی سۆسیالیستی بە مەبەستی بە سەر ئەنجام گەیاندنی شۆڕشی کرێکاری بریتین لە، “ئەرکی سۆسیال دێمۆکراتەکانی ڕووسییە”، “دوو تاکتیک لە بزووتنەوەی سۆسیال دێمۆکراسی” و دواتر “هەنگاوێک بەرەو پێش، دوو هەنگاو بەرەو دوا” و “چەپ ڕەوی، نەخۆشی منداڵانەی کۆمۆنیزم”. ئێستا ئەگەر چی زۆربەی تەوەرەکانی سەدەی ئێمە لەم بوارەدا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتوو، بەڵام ڕێکارێک کە لەم نووسراوانەدا بۆ پێناسەی ستڕاتێژی کۆمۆنیستەکان گیراوەتە بەر، لە ئێستاشدا دەتوانێ وەک، ئەزموونێکی بەنرخ کەڵکی لێ وەربگیرێت.
لە کاتی سەرهەڵدانی شوڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی، ڕێکخراوەکانی ناو “بزووتنەوەی چەپی ئێران” هێشتا وێنایەکی ڕوونیان لە ئامانج و بەرنامەکانی خۆیان بەدەستەوە نەدابوو. پڕژوبڵاوی لە ڕێکخراوبوون و زاڵبوونی ڕوانگەی گشتی خەڵک بەسەر بۆچوون و کردەوەی چەپ لە بزووتنەوەی ئێران، ڕێگەی نەدا کە ستڕاتێژییەکی ڕوون لە بەرامبەر بارودۆخی نوێ پێک بێت. کێشەی چەپی ئێران لەو سەردەمەدا ئەگەر چی لە ڕواڵەتدا کرداری بوو، بەڵام لە ڕوانگەی ماتریالیستییەوە لە سەرەتایی ترین ئاستی خۆی سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی ڕووداوەکانی کۆمەڵگای ئێران و حوزووری چالاکی ئەم چینە لە بواری خەباتی سیاسی دا بوو. نوێنەرانی ئەم چینە لەناو “چەپی ئێران” هەڵگری بۆچوونی “پۆپۆلیستی” واتە بۆچوونی خەڵکی بوون. لەهەمان حاڵدا، چینی کرێکار ئەگەر چی نەیتوانی ڕێبەری سیاسی خۆی پێک بێنێ، بەڵام بە ئامادەبوونی کاریگەری خۆی لە مەیدانی خەباتی چینایەتی، لە دژی ڕژیم پاشایەتی و سەرمایەداران دا، توانیبووی متمانەیەکی کۆمەڵایەتی لە ئاستی کۆمەڵگای ئێران بەدەست بێنێت و بوار بۆ دوور کەوتنەوەی چەپی ئێران لە ڕوانگەی توێژی مامناوەندی کۆمەڵگا بڕەخسێنێت. ئامادەبوونی چینی کرێکار لە ڕوتی شوڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی و خۆڕاگری ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی لە کوردستان لە بەرامبەر ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی، ئەم هەلەی بۆ چەپی ڕادیکاڵی ئێران پێکهێنا کە بە باوەڕبوون بە خۆیەکی زیاتر، خۆیان بۆ قۆناغی دوای شکستی شوڕشی گەلانی ئێران ئامادە بکەن. بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیست، ئامرازی ئەم حەرەکەتە بوون. ئێستا بەهۆی بارودۆخی خەباتی چینایەتی و ڕوتی گەشەسەندنی چەپی ئێران، ناوەڕۆکی ئەم بەرنامانە تا ڕادەیەکی زۆر وەک دەستکەوتێک لە ئاستی بزووتنەوەی چەپی ئێران سەلمێندراوە و کەم تا زۆر تێگەیشتنێکی هاوبەش لەم بەرنامانە بوونی هەیە. هەر بۆیە جیابوونەوەکانی ساڵانی ڕابردوو لە ناو هێزەکانی چەپی ئێران هیچکامیان لەسەر جیاوازی پڕۆگرامەکان نەبوون. لەم ڕووەوەیە کە ستڕاتێژی ئەو بازنە سەرەکییەی کە هۆکاری جیابوونەوەکان یاخود نزیکبوونەوەکان باس دەکات.
خەباتی سیاسی و چینایەتی چینی کرێکار، کۆکراوەی هەوڵی تاکەکەسی و ڕوو لە پاشەکشەی ناپێوەندیدار لەگەڵ یەکتر نییە، بەڵکوو ئەم خەباتە وەکوو زنجیر بەیەکەوە گرێدراوە. چینی کرێکار بۆ باشتر بوونی بارودۆخی کار و ژیانی خۆی بەشێوەی سرووشتی خەبات دەکات و لە ئەنجامی ئەم خەباتە، پاشەکشە بە چینی دەسەڵاتدار دەکات و بارودۆخی ژیانی باشتر دەبێ. باشتربوونی بارودۆخی ژیان هەل بۆ ئەو دەرەخسێنێت تا سەرقاڵی کاری دیکە بێت وەک، لەگەڵ ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیست و شۆڕشگێر پێوەندی هەبێ، ئاسۆیەکی بەربڵاوتر بۆ خۆی وێنا بکات، پێگەی خۆی وەک چینێک بزانێت، بچێتە مەیدانی خەباتی سیاسییەوە و بە خەباتی خۆی، ئازادی دێمۆکراتیک و مافی گشتی زیاتر بەسەر دژومنی چینایەتی بسەپێنێت. بەدەست هێنانی ئازادی دێمۆکراتیک هەلی ڕێکخراوبوون و یەکگرتوویی بەو دەدات. لە هەمان کاتدا کە ڕێگاکانی یاسایی بۆ گۆڕنی بارودۆخی کۆمەڵگا بەسەریدا بەستراوە، حیزبی سیاسی و کۆمۆنیستی خۆی پێک دێنێت یان دەچێتە ناو حیزبێکی کۆمۆنیستییەوە و دەزانی کە لەبنەڕەتدا بەهۆی ئەوەیکە ئامرازی بەرهەمهێنانی لەدەستدا نییە، بووەتە کۆیلەی ئەم نیزامە. لێرەدایە کە بۆ ڕزگاربوونی لەم کۆت و بەندە شوڕش دەکات و بە ڕاپەڕینی خۆی دەمودەزگای دەوڵەتی بۆرژوازی تێکدەشکێنێ، دەستوور واتە “قانونی ئەساسی” خۆی بە تەئیدی زۆرینەی کۆمەڵگا دەگەیەنێت و دەوڵەتی خۆی پێک دێنێ. شێوازی بەرهەمهێنانی گشتی بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا جێگۆڕکەی بەرهەمهێنان بۆ قازانج دەکات. ئەم پرۆسەیە هەروا درێژەی دەبێ تا وەدیهاتنی یەکسانی و خۆشبژێوی و ئەم دوو هەنگاوەش بە گۆڕنکاری کەم کەم و ناوە ناوە، لەگەڵ پڕۆژەی گەشەسەندنی ئابووری و بەرهەمهێنانی بەرفراوان و لە ئاکامی گۆڕینی فەرهەنگ و ئەخلاقیاتی کۆمەڵگا، بەدی دێت و پاشان بە کۆتایی هێنانی لێبڕاوانە بە نیزامی چینایەتی و دامەزراندنی کۆمەڵگای کۆمۆنیستی، بوونی دەوڵەتیش هەڵدەوەشێتەوە و پڕۆسەی لەناوچوونی بە ئەنجام دەگات. دەبینین کە ئەم ڕەوتە لێبڕاوانە بەردەوامە و گرێدراوە بە یەکەوە. لە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیە ئەگەری هەیە کە شایەتی شکست و پاشەکشە بین، بۆ ماوەی کاتی ڕەوتی ڕاگیرانی ئەم پڕۆسەیە بەسەرماندا بەسەپێت، بەڵام ڕەوتی سەرەکی ئەم حەەرکەتە ناگۆڕێ. تێگەیشتن لەم پڕۆسەیە، لە پێوەرەکانی ستڕاتێژییەکی سەرکەوتووانەیە.
هەر کۆمەڵگایەک لە قۆناغ گەلێک زەمەنی دەکەوێتە بەر گۆڕانکاری و ڕووداوی گرنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەم گۆڕانگاری و ڕووداوانە ئەگەری هەیە کە ڕاپەڕینی جەماوەری بێت، داگیرکردنی نیزامی لە لایەن هێزی بیانی بێت، ڕوودانی شەڕ و یاخود کارەساتی سرووشتی بێ! حیزبی سیاسی لە کاتە هەستیارەکانی کۆمەڵگا و لە خاڵە گرنگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەبێ بتوانێ بە ستڕاتێژی درووست و بە کردەوەی وشیارانە، سازماندەر و لەجێی خۆی، کۆمەڵگا بەرەو ڕێگایەکی درووست ڕێنوێین کات، یا تەنانەت ڕۆڵی ئەرێنی بەرچاوی لە وەها قۆناغ گەلێک بگێرێ و لە وەها ڕەوتێک دایە کە بە خێرایی کۆمەڵایەتیی و جەماوەری دەبێتەوە. بە پێچەوانە ئەگەر لە وەها ڕەوتێکدا ئەم هەلانە لەدەست بدات، بە چەندین ساڵ کاری چڕوپڕ ناتوانێ قەرەبووی کاتەوە و ئەم هەلە مێژووییەی لەدەست داوە. هەر ئەو جۆرەی کە سیاسەتی درووست لەم قۆناغەدا ڕۆڵی چارەنووسی هەیە، سیاسەتی هەڵەش دەتوانێ حیزبەکان بە لارێدا ببات. لە بنەڕەتدا، جەماوەری بوونی حیزبێک بەرهەمی پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوە پێشرەو کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆڵی ئەرێنی لەم قۆناغانە دایە. بۆ نموونە دەکرێ بە خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ژێرەوە ئاماژە بکرێ:
حیزبی بۆلشوڤیک لە مانگەکانی فێورییە و ئۆکتۆبری ١٩١٧، کۆمەڵە لە ساڵەکانی ١٣٥٧و ٥٨، چەپی کوردستانی عێراق لە ساڵی ١٩٩١، پشتیوانی ئەکسەرییەتی چریکەکانی فیدایی خەڵک لە خومەینی لە ساڵەکانی دوای شوڕشی گەلانی ئێران، لەدەستدانی پێگەی کۆمەڵایەتی حیزب “توودە”ی ئێران لە شەڕی جیهانی دووهەم لەسەر پێداگری سەبارەت بە “سپاردنی ئیمتیازی نەوت”ی باکوور بە ڕووسییە، و یان “بەەری نیشتمانی” کە بە درووشمی نیشتمانی کردنی سەنعەتی نەوت جەماوەری بووەوە.
کۆمەڵگای سەرمایەداری لە ڕێگەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییەوە بەرەو کۆمەڵگای سۆسیالیستی دەچێت. شۆڕشی کۆمەڵایەتیی پرۆسەیەکە کە بە شێوەی ئارام و هێمنانە بەڕێوەدەچێت. لە سەر ڕێگای پڕ لە هەوراز و نێشوی خۆی، تووشی گۆڕانکاری ئابووری و سیاسی لە کۆمەڵگا دەبێت. ئەم پڕۆسەیە لە قۆناغێکدا دەگات بە لووتەکی خۆی، سیستمی حقووقی تێک دەشکێنێت و گۆرانکاری بەسەر شێوازی خاوەندەرایەتی بەرهەمهێنان لە ئاستێکی گونجاو لە کۆمەڵگا پێک دێنێت ونیزامێکی کۆمەڵایەتی نوێ لە جیاتی دادەنێ. لەم پڕۆسەیەشدا شایەتی گۆڕانکاری سیاسی و هەروەها گۆڕانکاری ئابووری لە کۆمەڵگا دەبین. لەم قۆناغەدا گۆڕانکاری ئابووری بە پێچەوانەی گۆڕانکاری سیاسیی بە شێوەیەکی زۆر خێرا ڕوو نادات، بەڵکوو بە ئارام پێک دێت. کەموکۆڕییەکان لەسەر یەک کەڵەکە دەبن تا کاتێک کە پێکهاتەی ئەم سیستمە تێک دەشکێت و لە قۆناغێکدا، سیستمێکی نوێ دێتە ئاراوە. ئەم ڕەوتە کۆمەڵایەتییە واتەی گۆڕینی کەموکۆڕی بۆ ئاستێکی باشتر، سەرهەڵدانی ڕاپەڕینە. پڕۆسەی پێکهاتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەستکەوتی گەشەسەندنی لێکدانەبڕاوی پێکهاتەی ئابووری و سیاسییە کە هەر کامیان بارودۆخی وەدیهاتنی یەکتر پێک دێنن. هێمای سیاسی شوڕش، ململانێکی سیاسییە بۆ ئەوەیکە بارودۆخی ناپێوەندیداری ئابووری لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی یک لا بکاتەوە. لایەنی ئابووری شۆڕش لە ئاکامی ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناوە ناوە و لە ناو دڵی کۆمەڵێک گۆڕانکاری پێشکەوتن خوازانە ڕوو دەدات. گۆڕانکاری ئارام و ناوە ناوە واتە “ڕێفۆرم و گۆڕانکاری خێرا و لەناکاو واتە “شۆڕش” بە یەکەوە گرێدراون و لە پێوەندییەکی دیالێکتیکی پێکەوە دان. شۆڕش لە کۆمەڵگایەک لە دڵی گۆڕانکاری ئارام سەر هەڵ دەدات و پاش سەرکەوتنی شۆڕش، کۆمەڵگا سەرلەنوێ ڕێگای گۆڕانکاری ئارام و هێمنانە دەگرێتە بەر. لەم ڕێگەیەدا چاکسازی ئابووری زۆرجار ڕێفۆرمی سیاسی بەدواوە دەبێت. بۆ نموونە، شۆڕشی مەشرووتییەت لە ساڵی ١٩٠٥ تا ١٩١٢ سەرهەڵدانی سیاسی نیزامی سەرمایەداری لە ئێران بوو و چاکسازیی ئەرزی “محەممەدڕەزا شا” وەڵامێک بوو بە پێویستییەکانی گەشەی سەرمایەداری لەم وڵاتە.
دەتوانین سیستمی حقووقی ئێستا بە فەرمانێک بی گۆڕین، بەڵام گەیشتن بە بەرفراوانی و خۆشبژێوی، هەر چەندە بە خێرایش تێپەڕبێت، بمانەوێ یان نەمانەوێت ئاڵوگۆڕێکی ئارام دەبێت. بەم جۆرە دەبینین کە ئێمە لەگەڵ دوو جەمسەرییەک لە نێوان شۆڕش و چاکسازی رووبەڕوو نین. شۆڕشی کۆمەڵایەتی بە بێ چاکسازی سەر هەڵنادات و بەدوای ئەوەیکە ناکۆکییەکانی دونیای کۆنی یەک لا کردەوە، خۆی ڕێگای گۆڕانکاری واتە چاکسازی دەگرێتە بەر. کۆمۆنیستە شۆڕشگێرەکان تەنانەت ئەگەر کاتێک کە شۆڕشیش لە ئارادا نەبێ، شۆڕشگێڕترین و پەیگیرترین کەسانێک لە بواری بە سەرئەنجام گەیاندنی چاکسازیی لە بواری ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دا. وشەەکانی “رێفۆرم و شۆڕش” بۆ هەر مەبەستێک بەکار بهێنرێت کێشە نییە، بەڵام بۆ تێگەیشتنی کۆمەڵگانسانە و زانستی لە چەمکی رێفۆرم لە باسی ستڕاتێژی، دەبێ لە بەکارهێنانی ڕادەبەدەری ئەم وشانە مەوادا بگرین.
بۆ نموونە: گۆڕانکاری لە سیستمی دەسەڵاتداریەتی لە ئۆرووپای ڕۆژهەڵات بەدوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت بە “شۆڕشی مەخمەڵی” ناسران. “محەممەدڕەزا شا” ناوی چاکسازییەکانی خۆی نا “شوڕشی شا و خەڵک”. کۆماری ئیسلامیی ناوی ڕەوتی بە دەسەڵات گەیشتنی خۆی نا “شۆڕشی ئیسلامی”.
کردنە دەرێ داگیرکارانی بیانی لە وڵاتێک و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ناوی دەنرێت شۆڕش. هەروەها ڕووخانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو، ناوی نرا شۆڕش. هەندێ جار کۆنەپەرەست ترین گۆڕانکارییەکان لە کۆمەڵگایەک ناوی دەنرێ شۆڕش. سەبارەت بە چاکسازیش ئەم چیرۆکە دووپات دەبێتەوە. بۆ نموونە: نەخشاندن و وێناکردنی ڕژیمێکی ئیسلامیی ناوی دەنرێت “چاکسازی”. یان ڕێکارە سیاسی و پاشەکشەکانی ڕژیمەکان پێی دەوترێت چاکسازی. “دترمنیسم اقتصادی” واتە دیاری کردنی ئابووری و دەست لەسەر دەست دانان تا گەشەسەندنی ناکۆکییەکانی دەروونی کۆمەڵگای سەرمایەداری، خۆی لەناو خۆیدا ئەم سیستمە لە یەک هەڵ بوەشێنێت لە ستڕاتێژی ئێمەدا جێگەی نییە. جووڵەی مێژوویی لە نیزامی سەرمایەداریی دەستکەوتی دوو ڕووداووی کۆمەڵایەتییە، گەشەسەندنی هێزی بەرهەمهێنان و خەباتی چینایەتی. سەرهەڵدانی ئەم دوو هێزەیە کە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دیاری دەکات. ئەوەیکە لە باسی ستڕاتێژیدا گرنگە، جەخت کردنەوە لەسەر ئەو دوو خاڵەیە کە هێزی چالاکی ئینسانی لە خەباتی چینایەتی دا، ڕۆڵی گرنگ لە دیاری کردنی چارەنووسی کۆمەڵگایەک دەگێرێت. مێژووی هەموو شۆڕشەکان، ڕاپەڕین و مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان لە سەدەی نۆزدە و بیستەم، نیشان دەدات کە نیزامی سەرمایەداری لە حاڵێکدا کە ڕێگەی سرووشتی و ڕوو لە گەشەی ئابووری خۆی دەپێوێت، لە هەمان حاڵدا لەژێر گوشاری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ناچار دەبێ لە هەندێ بواردا پاشەکشە بکات. ئەم گوشارانە لەکاتی خۆیدا، بەشێک لە پڕۆسەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بوون، لە داخوازی بۆ گەیشتن بە حەقدەست و مۆتاڵباتی کرێکارییەوە گرتوویەتی تا مافی دەنگ دانی ژنان، تا پەسەند کردنی یاسای پاراستنی ژینگە و هیتد. کەمتر پاشەکشە و چاکسازییەک لەم سیستمەدا دەبینی کە پێوەندی بە خەباتی کۆمەڵایەتی دیاری کراوەوە نەبووبێت و سەرئەنجام بەدەستی هەر ئەم هێزە چالاکەیە کە ئەم سیستمە هەڵدەوەشێتەوە. ڕەوتی ڕوو لە گەشەی شۆڕش لە ئاکامی گەشەسەندنی بارودۆخی ڕاستەقینەی ناو کۆمەڵگا دێتە ئاراوە. هەلومەرجی “عەینی” واتە بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ڕێژەی گەشەسەندنی هێزی بەرهەهێنان و هیتد… بەشێوەی سرووشتی پڕۆسەیەکە لە پێشکەوتن و ئاڵۆگۆڕدا. بارودۆخی مێشکی بەواتای هێزێکە کە بە کاری خۆی ئەم پڕۆسەیە بە شێوازێکی خێراتر بەڕێوە دەبات. ئەم دوو هۆکارە بنەمای داڕشتنەوەی ستڕاتێژییەکی سەرکەوتوو پێک دێنن. لە دونیای ئێمە و بە جیهانی بوونی سەرمایە، بارودۆخی واقێعی بۆ ڕوودانی شۆڕشێکی سۆسیالیستی ڕەخساوە. ئەوەیکە بارودۆخەکەی نەڕەخساوە، لە باری مێشکییەوەیە. واتە ئامادەنەبوونی چینی کرێکار لە بواری وشیاری، ڕێکخستن، تەشەکول، نەبوونی حیزبی سیاسی و هیتد. ستڕاتێژی ئێمە لەم بەشەدا کارایە.
ئامانج لە بەرەوپێش بردنی ستڕاتێژی ئێمە نەتەنیا کارخانە و شوێنی کار نییە، بەڵکوو سرووشت بە هەموو ئاڵۆزییەکانییەتی. چینی کرێکار، بەهۆی بوونی ئارمانەکانی نییە کە پیرۆزە، بەڵکوو بەهۆی پێگەی واقێعی خۆیەتی و بەهۆی ئەوەیکە چینی کرێکار دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و لە دونیای واقعی دا لەگەڵ خەڵکانی دیکەی کۆمەڵگا تێکەڵاوە. پێگەی واقێعی چینی کرێکار وەک چینێکی کۆمەڵایەتی، لە بواری خاوەندەرایەتی بەسەر ئەمرازی بەرهەمهێنانە کە ئەوەی کردووە بە هێزێکی چالاک بۆ گۆڕینی نیزامی سەرمایەداری بەرەو سۆسیالیزم. چینێک کە پێویستی بوونی، مەرجی درێژەی ژیانەوەی کۆمەڵگایە. بەڵام کرێکار ئەگەر لە کارخانە و مەزرا کار دەکات، لە هەمان حاڵدا لە شار و دێهات دەژیت. لە ڕێگەی میدیا کۆنەپەرەستانەکانی بۆرژوازییەوە، بەردەام دەکەوێتە بەر هێرشی تەبلیغاتی. هەر ئەو جۆرەی کە پەیوەست دەبێ بە ڕیزی خەباتی کۆمۆنیستییەوە، لە ناوەندەکانی بە ڕواڵەت کرێکاریش دەبێتە ئەندام. ستڕاتێژی ئێمە، ئاڵۆزی بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئێستا لەبەر چاو دەگرێت و لەم ڕووەوە نە بە پێی بۆچوون و ئاواتەکان، بەڵکوو بە پێی واقعیاتی کۆمەڵگا و باوردۆخی عەینی چینی کرێکار داڕشتراوە و تێدەکۆشێ، بە هەموو تەوەرەکانی ئەم کۆمەڵگایە وڵام بداتەوە. ئەزموونی سەرجەم وڵاتانی جیهان نیشانی داوە کە بۆرژوازی بە زمانی خۆش دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری بە جێ ناهێڵێت، بەڵکوو ئەم هەوڵە تەنیا لە ئاکامی گوشار لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی دەگونجێت. هەر چی زیاتر نیزامی سەرمایەداری تووشی قەیران دەبێ، بۆ درێژە دان بە دەسەڵاتی خۆی دەست دەبات بە ئامرازگەلێکی وەک توندووتیژی و سەرکوتی زیاتر. توندوتیژی لە بنچینەی ئەم نیزامە دایە. شەڕی یکەم و دووهەمی جیهانی، لوتکەی توندووتیژی ئەم نیزامە بۆ مانەوەی خۆیەتی. شەڕی ناوچەیی دەورانی “شەڕی سارد” و بەدوای ئەودا، چەندین نموونەی دیکە، توندووتیژی ئەم نیزامە نیشان دەدات.توندووتیژی نەهێنی و ئاشکرای نیزامی سەرمایەداری لەدژی چینی کرێکار و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا، بە بێ وەستان هەروا درێژەی هەیە. بێکاری، هەژاری، برسییەتی، دەستڕانەگەیشتن بە ئیمکاناتی بێهداشتی و دەرمانی، زیانە کۆمەڵایەتییەکان، هەموو ئەوانە بەشێک لە توندووتیژی سیستماتیکی نیزامی سەرمایەداری و دەوڵەتەکانی لەدژی چینی کرێکار و زۆربەی خەڵکی کۆمەڵگایە.
بورژوازی ئامرازی سەرکوتی جۆراوجۆری بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵات بەکار دێنێت کە سەرکوتی ڕاستەوخۆ تەنیا یەکێک لەم ئامرازانەیە. بورژوازی لە ڕێگەی پەرەپێدان بە بۆچوونی درۆئینە، جەماوەر لەدژی یەکتر هەڵدەخرێنێت و بەم جۆرە سەرکوت بە شێوازێکی ناوخۆیی دەردێنێت. یاسا، ئامرازێکی دیکەی سەرکوتە. یاساگەلێک کە لە پەرلەمانەکانی بورژوازی دێتەدەرێ، هەر ئەو سەپاندنی توندووتیژی دەوڵەتیە کە بۆ درێژەدان بە بێبەش بوون و ئازاری خەڵک ڕواڵەتی قانوونی بە خۆیەوە دەگرێت. دەرئەنجامی هەمووی ئەمانە، نیشان دەدات کە ئەوە کرێکاران و باقی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا نین کە بۆ گەیشتن بە ئامانجە حەقخوازانەکانیان ئامرازی توندووتیژیان بەکار هێناوە، بەڵکوو ئەوە سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیانن کە لە کردەوەدا ڕێگایەک جگە لە بەرەوڕوو بوونەوە توندووتیژانە لەگەڵ چینی کرێکار و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا ناهێڵنەوە. هەندێ جاریش کاردانەوەی توندووتیژانەی چینی کرێکار بەم شێوازە لە سەرکوتی سازماندراوی بورژوازی دەبینین. لە ستڕاتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ڕزگاری کۆمەڵگا لە هەڵسووکەوتی زاڵمانەی نیزامی سەرمایەداری بەرهەمی شۆڕشێکە کە هێزێکی پاڵنەری ئەم شۆڕشە کرێکارانە. ئەم شۆڕشە سەرچاوەگرتوو لە ئیرادەی ئێمە نییە، بەڵکوو پشت ئەستوورە بە ڕاستییەکانی بنەڕەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی ناو کۆمەڵگا. کەلێنی چینایەتی، نایەکسانی، هەڵواردن و بێبەشییەکانی کۆمەڵایەتی، نەبوونی ئازای تاکەکەسی و سیاسییە کە کۆمەڵگا بەرەو شۆڕش هان دەدات. ئێمە دەمانهەوێت ئامانجی دادپەروەرانە و مرۆییانە گونجاو لە بەرنامەی حیزب، لەڕێگەی هێمنانەوەی بەدەست بێت، بەڵام ئەمە ناوەڕۆکی سەرکوتگەرانەی بورژوازی لە ئێرانە کە شۆڕش بەرەو توندووتیژی دەکێشێت. تێگەیشتن لەم ڕاستییە و بەدەست هێنانی ئەزموون بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ وەها بارودۆخێک، لە گرینگترین پێوەرەکانی ستڕاتێژییەکی سەرکەوتووە.
ستڕاتێژی ئێمە لە هەڵسەنگاندنی ئەخلاقی، گرێ داراوە بە ئامانجی کۆتایی ئێمەوە. ئەرزشە ئەخلاقی و ئینسانییەکان لە ستڕاتێژی ئێمە ڕێزی لێ دەگیرێت، بەڵام “ئەخلاق” شتێکی خارج لە دەرەوەی تەوەری چینایەتی نییە. نەریتی ناو کۆمەڵگا نەریتی چینی دەسەڵاتدارە کە لە بواری ئابووری لە خزمەت بە شێوازی بەرهەمهێنان لە نیزامی سەرمایەداری دایە. بەڵام ئەم نیزامە لە بنەڕەتدا نیزامێکی بێ ئەخلاق و نا ئینسانانەیە. نەریتی بورژوازی بە پێی پەرەستینی نایەکسانی کۆمەڵایەتی، پەرەستینی پێوەندی خاوەندەرایەتی و بایخ دان بە کرداری بێ ئەخلاقانەی چەوساندنەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ، پێکهاتووە. بورژوازی بەکارهێنانی هەر ئامرازێک بۆ خزمەت بە مانەوەی پێوەندی خاوەندەرایەتی بە پێویست دەزانی و ڕێگەی پێ دەدات. هەر تاکێک کە ئامانجی تەنیا بەدەست هێنانی پارە بێ، دەتوانێ بۆ دابین کردنی ئەو پێداویستییە کڵاوبەرداری بکات، دزی بکات، گەندەڵی ماڵی و هیتد….ئەنجام بدات. ئەگەر ئامانج تەنیا بەدەست هێنانی دەسەڵاتی تاکەکەسیشە، لەو ڕوانگەیەوە پاشقولدان و پیلان داڕشتنیش دەتوانێ ڕێگە پێ دراوبێت. بەڵام نەریتی ئێمە ڕزگاری بەخشی مرۆڤەکانە لە هەموو ئەم هەڵسووکەوتە نامرۆییانەی سەرمایەداری. لە ستڕاتێژی ئێمە دڵ ڕەقی، درۆکردن و فورسەت تەڵەبی و کاریزما درووست کردن هیچ پێگەیەکی نییە. لە ستڕاتڕێژی ئێمە ڕاستی ئامانجەکانمان، بەکارهێنانی هەموو ئامرازێک پاساو دەکات. بەواتایەکی دیکە، بەرنامە و ستڕاتێژی ئێمە لە بواری پێوەرە ئینسانییەکان یەک شتن. پێوەندییەکی بنچینەیی و ئەخلاقی لە نێوان بەرنامە و ستڕاتێژی ئێمە بوونی هەیە کە نیشان دەدات هەم ئامانجی کۆتایی ئێمە ئینسانییە و هەم ڕێگایەک کە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە گرتوومانەتە بەر، پێوەرێکی قورس و پتەوی لە پشتە. لەوێوەکە بنەمای پێوەندی خاوەندەرایەتی لە نیزامی سەرمایەداری موقەدەس و جێگەی دەست بەردن نییە، دەنگدەران ناتوانن لەڕێگەی دەنگدان، خاوەندەرایەتی لە سەرمایەداران بستێننەوە. هەروەها لەوەێوەکە لە دێمۆکراسی پەرلەمانی، دەنگدەران ناتوانن بنەمای ئەم پێوەندییە لەڕێگەی دەنگدانەوە هەڵبوەشێننەوە، لە ڕاستی دا ناتوانن مافی یەکسانیان لە دیاری کردنی چارەنووسی کۆمەڵگا هەبێت. کاتێک کە مانەوەی نیزامی سەرمایەداریی لە ئەولەوییەت دا دەبێت، مرۆڤەکان لە بارودۆخێکی یەکساندا لەبواری ئابووری دا قەرار ناگرن و لە بارودۆخێکی ئاسایی دا ئەم هەلە ڕەخساو نابێت تا بتوانرێ لە هەلێکی یەکسان و گونجاودا لە کێبەرکێی هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن و لە ڕێگەی ئەو ئیمکاناتەکەی کە لە ئێختیاریاران دا دانراوە، خۆیان بە کۆمەڵگا بناسێنن. لە کۆمەڵگاکانی کە مرۆڤەکان بە شێوەی واقێعی لە بارودۆخی یەکساندا لە بواری ئابووری قەراریان نەگرتووە، نیزامی پەرلەمانی لە ڕاستی دا شتێک نییە جگە لە ئەستاندنەوەی مافی دەنگدان. لە ستڕاتێژی ئێمە دا، گونجاوترین و لە هەمان کاتدا دێمۆکراترین ڕێگای بەشداری جەماووەری لە دیاری کردنی چارەنووس لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی، شوڕاکانە. نیزامی هەڵبژاردنەکانی شوڕایی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لە هەر بوارێکدا دەخاتە بارودۆخێکی یەکسان بە مەبەستی دەنگ دان لەسەر دیاری کردنی ئاسۆی کۆمەڵگا و بەڕێوەبردنی ئەو شتەی کە لەسەر بڕیار دەدرێت. سەرەڕای ئەمانە، لە قۆناغی ئێستادا، نیزامی پەرلەمانی سەرەڕای بێ دەسەڵاتی مێژوویی خۆی، تووشی ئاستەنگییەکی دیکە بووە. ڕەسمییەتی دەوڵەتەکان پشت ئەستوورە بە نیزامی پەرلەمانی و لەم سیستمەدا بە سێ هۆکاری بنەڕەتی چووەتە ژێر پرسیارەوە.
یەکەم: بڕیارەکانی پەرلەمان لە دژایەتی لەگەڵ دەنگی زۆرینەی جەماوەر کە هاتوونەتە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن، قەراری گرتووە. واتە ڕەسمییەتی پەرلەمانەکان لەڕێگەی ئەو کەسانەی کە دەنگیان پێ داوە لەناو چووە.
دووهەم: ئاستی کەمی بەشداری خەڵک لە زۆربەی وڵاتان کە هەندێ جار دەگاتە کەمتر لە ٥٠ لەسەدی ئەو کەسانە کە دەتوانن دەنگ بدەن.
سێهەم: نەبوونی ئازادی هەڵبژاردنەکان، ئیمکانات و هەروەها بارودۆخی یەکسان بۆ دەنگدەران، تەنانەت لە چوارچێوەی یاساوڕێسای ئەو نیزامە پەرلەمانییە. بە پشت بەستن بەم بنەمایانە، سیاسەتی ئێمە لە پێناو پەرلەمان لەبارودۆخێکی سیاسی دیاریکراو و لە چوارچێوەی تاکتیک و سیاسەتی وردی حیزب دیاری دەکرێت.
شۆڕشی کۆمەڵایەتی بە بێ ڕێبەری چینی کرێکار بە ئاکام ناگات. چونکە تەنیا چینی کرێکارە کە هیچ بەرژەوەندییەکی لە ڕاستای مانەوەی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی دا نییە و لەم شەڕەدا کرێکاران شتێکیان نییە جگە لە لەدەستدانی زنجیرەکانی دەست و پێیان. بەڵام کاتێک لە ڕێبەری چینی کرێکار قسە دەکەن، مەوزووع ڕێبەری کردنی ئەم چینە بەسەر خۆیدا نییە، بەڵکوو ڕێبەری کردنی پڕۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لەلایەن ئەم چینەوەیە. چینی کرێکار لەوێوەکە کە لەناو کۆمەڵگایەکدا دەژیت، بەناچار چارەسەر کردنی هەموو کێشەکان لە ئەستۆیەتی. بەڵام وەها ڕۆڵێک نەک پێشتر و نەک بەهۆی ژێرخانی ئابووری کۆمەڵگای سەرمایەداریی بە شێوەی سیستماتیک گەرانتی نەکراوە. ڕۆڵ گێرانی ڕێبەری چینی کرێکار لە پڕۆسەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی، بەرهەمی تواناییەکانی چینی کرێکار لە ڕەسمییەت دان بە بەرنامە و ستڕاتێژی سیاسی خۆی لای باقی هێزە پێشکەوتوو خوازەکانی دیکەی کۆمەڵگایە. واتە بەدەست هێنانی توانایی و ڕێبەری کردنی توێژ و چینەکانی دیکە کۆمەڵگا لە دەوری ئاڵایەک کە بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ چینی کرێکار هەیە. ئەرکی چینی کرێکار لەهەمان حاڵدا بە ئێقناع گەیاندنی چینەکانی دیکەی کۆمەڵگایە سەبارەت بەوەیکە چینی کرێکار دەتوانێ ئەوان لە قەیرانە جەنگی و ئەمنییەتی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ڕزگار بکات. لەم پێوەندەدا، سەرنج دان بە دوو ڕوانگە زۆر گرینگە، یەکەم: ئەو ڕاونگەیە کە گوایە “چینی کرێکار لە ڕێگای پشت بەستن بە خۆی و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی، سەرئەنجام دەبێتە نوێنەری جەماوەری ستەم لێکراو و توێژەکانی مامناوەندی کۆمەڵگا”. دووهەم: چینی کرێکار لە خەباتێکی سیاسی، پەروەردەیی و نەزەری،بە گرتنەبەری تاکتیک و سیاسەتی گونجاو و کارامە، دەتوانێ توێژەکانی مامناوەندی کۆمەڵگا بەو قەناعەتە بگەیەنێت کە بەرەو شۆڕش هەنگاو بنێن. ستڕاتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە بواری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و توێژەکانی مامناوەندی کۆمەڵگا، لەسەر ڕوانگەی دووهەم پێداگری دەکات. تەرکیزی ستڕاتێژی ئێمە لەسەر خەباتی چینایەتی و بزووتنەوەی کرێکاری، ئێمە لە باقی بزووتنەوەکانی دیکەی کۆمەڵگا کە لە بەرامبەر سەرمایەداران ڕیزیان بەستووە دوور ناکاتەوە. ئەم بزووتنەوانە بەواتای خەباتی بێ وچانی نێوان کرێکار و سەرمایەدار نایەنە ئەژمار، بەڵام لە ڕووی واقێعییەوە دژی سەرمایەدارین. بزوونەوەی ژنان، خەباتی دادپەروەرانە و پێشکەوتووخوازانەی کەمینەکان بۆ بەدەست هێنانی مافی دێمۆکراتیک، بزووتنەوەی ئاشتی، بزووتنەوەی ٩٩ لەسەدییەکان، “فرومهای اجتماعی”، بزووتنەوەی پاراستنی ژینگە و هیتد… لە زومرەی ئەو بزووتنەوانەن.
ئاشکرایە کە هەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری لەڕێگەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی مسەوگەر دەبێت. ئەگەر وابوو، درووشمی ڕووخانی ئەم ڕژیمە لەم ئاستەدا، ئەرکی بێ پسانەوەی کاری سیاسی و خەباتی چینایەتی ئێمەیە. بەڵام ڕووخانی ئەم ڕژیمە بۆ ئێمە ئامانجی یەک لاکەرەوە نییە. خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لە ستڕاتێژی ئێمە ئەرکێکی چینایەتییە. ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئێمە خاڵی جووڵانەوە بەرەو ئەستاندنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری لە بورژوازییە وەک چینێکی کۆمەڵایەتی. بەڵام کۆماری ئیسلامی نە تەنیا لەڕێگەی شۆڕشێکی کرێکارییەوە، بەڵکوو لەڕێگاکانی دیکەوە دەکرێ بڕووخێندرێت. لەوەها ئەگەرێک دا حیزبی کۆمۆنیستی ئێران نەک تەنیا چاودێر نابێت و کاردانەەی دەبێ، بەڵکوو بە ڕێژەی توانای سازماندان و بردنەسەرێ وشیاری چینی کرێکار و سەلماندنی پێگەی حیزب لە ناو ئەم چینەدا تێ دەکۆشێت تا لەناو ئەم ڕووداوانەدا بەهێزتر بێتە دەرێ و ئەرکی خۆی لە بارودۆخێکی نوێی و لەڕێگەی مێژوویی خۆی بەسەرئەنجام بگەیەنێت. ئەگەر چی حەوزەی چالاکی دیاری کراوی ئێمە کۆمەڵگای ئێرانە و خاڵە سەرەکییەکانی ستڕاێژی سیاسەتی ئێمە چالاکی لەم کۆمەڵگایە دایە، بەڵام دیاری کردنی ئەم ئەولەوییەتە ناتوانێ بە واتای ڕێگە پێدان بە سەرهەڵدانی بۆچوونی ناسیۆناڵیستی لە حیزبی ئێمەدا بێ. ئەنترناسیۆناڵیسم پێناسەی ئێمەیە و چالاکی ئێمە لە ئێران بە شێوەی گرێدراو کاریگەری لە بارودۆخی جیهانی خەباتی چینی کرێکار و بزووتنەوەی جیهانی کۆمۆنیستیی وەر دەگرێت. خاڵی حەرەکەتی ستڕاتێژی ئێمە بەرژەوەندی جیهانی چینی کرێکارە و لە ڕوانەگەی ئێمەوە، جیاوازییەک لە نێوان بەرژەوەندی لایەکانی جۆراوجۆری چینی کرێکار بوونی نییە. درووشمی “کرێکارانی جیهان یەک بگرن” بۆ ئێمە وە ک هەڵواسینی خۆمان بە چینی کرێکار نییە، بەڵکوو بە واتای بەکردەوە دەرهێنانی کۆمەڵێک کردەوەی سیاسی و تەشکیلاتییە.
:2
ستڕاتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
پێشەکی:
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ دامەزراندنی نیزامێکی سۆسیالیستی خەبات دەکات. وەدیهاتنی وەها ئامانجێک لەڕێگەیەکی شۆڕشگێرانەوە تێپەڕدەبێ کە تێیدا چینی کرێکار وەک چینێکی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە دەگرێت و ئاسۆی خۆی وەک ئاسۆیەکی زۆرینەی کۆمەڵگا دەسەلمێنێت و بە بێ پسانەوە و بە خێراییەکی گونجاو لەگەڵ هێزێک کە بۆ حەرەکەتی خۆی ڕیزی کردووە، بەرەو بونیات نانی نیزامی سۆسیالیستی هەنگاو هەڵدەگرێت.
سێ خاڵی سەرەکی ستڕاتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بریتین لە: وشیارکردنەوە، پەروەردە کردن، پروپاگاندا و ڕێکخستن و کاری تەشکیلاتی. سەرجەم خاڵە ستڕتێژیکەکانی چالاکی ئێمە لە ڕاستی دا، گرێ دراون بەم سێ ئەرکە. هەروەها ستڕاتێژی ئێمە تیشکی خستووەتە سەر بوارەکانی دیکەی کۆمەڵگا وەک، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، ئەنجام دانی کاری تەشکیلاتی و سیاسی لە دەرەوەی وڵات و چالاکی ئەنترناسیۆناڵیستی بە شێوەی دیاری کراو.
خاڵی یەکەم: وشیارکردنەوە
یەکێک لە ئەرکەکانی ستڕاتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کاری بێ وچانی وشیارکردنەوەیە. ئەم ئەرکە بەر لە هەر شتێک دەبێ تیشک بخاتە سەر چینی کرێکار بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکی مێژوویی خۆی کە لە ئەستۆیەتی. لەم بوارەدا، کاری ڕێکخستن دەبێ ناوەڕۆکی نیزامی سەرمایەداری و پێویستی بۆ تێپەڕبوون لەم نیزامە و بوارە واقعییەکانی دامەزراندنی کۆمەڵاگەیەکی سۆسیالیستی بە ڕوونی و بەردەوام و لە خەباتی کرێکاران خۆی نیشان بدات. دەبێ بە شێوەی بەردەوام سەرقاڵی ڕەخنەگرتن لەو سیاسەت و بیروڕایانەی کە چینی کرێکار لە ناسینی بنەڕەتی ئەم کۆمەڵگایە و ڕۆڵی چارەنووس سازی چینی کرێکار بۆ گۆڕینی پێوەندییەکانی بەرهەمهێنان دوور دەکاتەوە بێت. ئەرکی وشیارکردنەوەی ئێمە لە ڕوانگەیەکی چینایەتییەوەیە نیسبەت بە هەموو تەوەرەکانی ناو کۆمەڵگا. واتە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و پێویستی ئەمڕۆ و سبەینێی چینی کرێکار، ڕوو لە کۆمەڵگا قسە دەکات و ڕێگاچارەی کرێکاری دەنێتە بەردەم سەرجەم کێشەوگرفتەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایە. لەو ڕوانگەیەوەیە کە ئەرکی وشیارکردنەوەی ئێمە دەبێ گشتگیر بێت و لە هیچ بوارێکدا کەم و کورتی نەبێت. ئەرکی وشیارکردنەوە بە پێی وتنی ڕاستییەکان ئەنجام دەدرێت. چونکە ڕاستییەکان لە ڕاستای بەرژەوەندی چینی کرێکار دایە. درۆکردن، گەورەکردنەوەی ڕووداوەکان و تەوەرە چکۆلەکانی ناو کۆمەڵگا بە ئامانجی سیاسی و یاخود خراپتر لەو لە ڕاستای ئامانجی کەسی، بڵاوکردنەوەی قسەی بێ بنەما و زانیاریی هەڵە لە کاری وشیارکردنەوەی ئێمە هیچ پێگەیەکی نییە. لێدوانی بێ ناوەڕۆک، بەخۆدا هەڵوتنی خۆڕایی، پەرەپێدان بە دڵنیاکردنەوەی هەرەمەکی، وتنەوەی درووشم و بەڵێنی پروپووچ، لەم بوارە لە چالاکی ئێمە هیچ پێگەیەکی نییە. ئەرکی وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا دەبێ بە خێرایی ئەنجام بدرێت. کاردانەوە لە بەرامبەر ڕووداوەکانی ئێستا، دەبێ زۆر بە خێرایی و ڕاشکاوانە ئەنجام بدرێت. دەبێ لە باشترین کاتدا بەرهەڵەستی دەوڵەمەندەکان و دەوڵەتەکانیان و هەروەها دەمودەزگای سەرکوتیان ببینەوە و لەم ڕێگەیەوە باوەڕ بەخۆبوون و متمانە بە چینی کرێکار بە درێژە دان بە خەباتی چینایەتییان بدەین. بورژوازی هەموو ئامرازەکانی پێشکەوتووی بۆ پەرەپێدان بە کولتوور و ئەخلاقیاتی چینایەتی خۆی بەکار دێنێت. هەر چەندە دەستڕاگەیشتنی ئێمە بەم ئیمکاناتە زۆر کەمە، بەڵام دەبێ تەواو هەوڵی خۆمان بدەین تا لەم ئامرازانە کە لە ئێختیارمان دایە لە قەوارەیەکی بەربڵاو بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک کەڵکی لێ وەربگرین.
خاڵی دووهەم: پەروەردە و پروپاگاندا
ئەگەر ئەرکی کاری ئێمە ڕەخساندنی بارودۆخ بۆ ئاگاکردنەوەی مێشکی چینی کرێکارە، کەوایە ئەم ڕێکارە بە دوو قۆناغدا تێپەڕ دەبێت. یەکەم قۆناغ لە ناو چینی کرێکار دایە. واتە چینی کرێکار دەبێ لە کاری ڕۆژانەی خۆی لە چوارچێوەی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و خەباتی چینایەتی خۆیدا، بەئاستێک لە وشیاری بگات. بەڵام ئەم وشیارییە خۆی لە خۆیدا بەرتەسک دەبێتەوە. زانستی سۆسیالیستی و کامڵ بوونی تێئۆری ئەو جۆرەی کە لێنین باسی لێ دەکات، زۆربەی لە لایەن ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیستەوە دەچێتە ناو چینی کرێکاری کۆیلەوە. ڕەخنەی مارکس لە کۆمەڵگای سەرمایەداری، بنچینەی لە سۆسیالیسمی فەڕانسە، ئابووری ئینگلیس وفەلسەفەی ئاڵمان دا هەیە و ئەمانە بە دەستکەوتەکانی فیکری کۆمەڵگای بەشری لە دەورانی مارکس دێنە ئەژمار کە لە دەرەوەی چینی کرێکار سەریان هەڵداوە. ڕێکخستنی ئەم هەوڵانە لە ئەرکەکانی بێ وچانی حیزبە دێنە ئەژمار. لەم بوارەدا، بەرنامەڕێژی بۆ گەشەپێدانی ئاستی سیاسی و نەزەری حیزب و بەشداری لە بۆچوونە نەزەرییەکان لەئاستی ئێران و جیهان بۆ وەڵام دانەوە بە ڕووداوە نوێیەکانی بەردەم کۆمەڵگا و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، حیزب لە بواری نەزەری بەتوانا دەکات و دەبێتە هەوێنی پەرەپێدان بە کولتووری سۆسیالیستی زانستی لەناو هەڵسووڕاوانی کرێکای دا. پەروەردە کردنی کادری کۆمۆنیست و بە ئەزموون و توانا و زاڵ بەسەر زانستی سۆسیالیستی زانستی، بارهێنانی کادری جێ متمانەی کرێکاران و جەماوەری بێبەش کە توانای ڕووبەڕوو بوونەوەیان لەگەڵ کێشەوگرفتەکانی سەر ڕێگای بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستیان ببێ. پێویستە بوارەکان بۆ ئەوە پێکبێت کە ئەم کادرانە بتوانن لە ئاستی جۆراوجۆر لە ڕێبەری حیزب دا قەرار بگرن. بەهێزکردن و پەرەپێدان بە پێوەندی نێوان ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیست و کرێکارانی پێشڕەو. وەها ڕێکارێک لە ئەمری خەباتێکی سیاسی حیزبایەتی دا، جگە لە هەڵسووکەوتی دڵسۆزانە، بەهێزکردنی ئیرادەی دۆستایەتی لەناو کرێکاران و ڕاکێشانی متمانەی کرێکارانی پێشڕەو، ناتوانرێ پێکبێت. وەک: پروپاگاندای کاری ئاشکرا و یاسایی، بنەما و شێوەکاری حەوزەکانی حیزبی، پروپاگاندای شێوەکاری نەهێنی و پاراستنی ئەمنییەت و هیتد….
سازمان و تەشکیلات: حیزبایەتی
چینی کرێکاربۆ بەرگری لە بەرژەوەندی چینایەتی خۆی لە بوارەکانی جۆراوجۆری خەباتی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و بۆ ئامادە بوون لە گۆڕەپانی کێبەرکێ و ململانێی چینایەتی و بۆ ڕێکخستنی شۆڕشی کرێکاری، بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی، پێویستی بە حیزبی کۆمۆنیستی خۆی هەیە. پێویستی چینی کرێکار بۆ ڕێکخراوبوون لەحیزبی کۆمۆنیستی دا، پێویستییەکی کاتی و تاکتیکی نییە، بەڵکوو پشت ئەستوورە بە ناوەڕۆکی خەباتی چینایەتی و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری. زەروورەتی حیزب، سەرچاوەگرتوو لە پێویستی وشیاری و ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار بۆ ڕێکخستنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بۆ گەیشتن بە سۆسیالیزمە. بەهۆی ئەوەیکە چینی دەوڵەمەند دەسەڵاتی ئابووری لە دەست دایە و هاوکات کۆنتڕۆڵی ئامرازەکانی بەرهەمێنانی بەدەستەوەیە و بە پشت بەستن بە دەوڵەت و ناوەندەکانی سەرکوت، مانەوەی خۆی بەسەر کۆمەڵگا و چینی کرێکار سەپاندووە و بەهێز کردووە. هەروەها بە پشتیوانی سەرچاوەی داهات کە لە ئێختیاری دایە، ئایدیالۆژی و کولتووری خۆی کردووە بە ئایدیالۆژی و کولتووری زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا. هەروەها بەهۆی ئەوەیکە چینی سەرمایەداری دەسەڵاتدار بەپشت بەستن بە دەیان ڕۆژنامە، کاناڵی تێلویزیۆنی، کەرتی پەروەردە و بارهێنان، مزگەوت و کلیسا، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم و بە هەزاران ڕێگەی دیکە، بەردەوام سەرقاڵی بەلارێدا بردنی بیروڕای گشتییە و بیروڕای خەڵک لە چوارچێوەی دیواری ماڵەکانیان موهەندیسی دەکات، چینی کرێکار بە بێ حیزبی کۆمۆنیستی خۆی ناتوانێ لەگەڵ ئەمانە بەرەوڕوو بێتەوە. چینی کرێکار تەنیا بە پشت بەستن بە حیزبی کۆمۆنیستی خۆیەتی کە دەتوانێ بچێتە شەڕی نیزامی سەرمایەدارییەوە و وەک چینێکی کۆمەڵایەتی هەڵسووکەوت بکات. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ دەورەیەک ناوەندی سەرەکی ڕەوتە چەپ و سۆسیالیستەکان لە ئێران بوو و ئێستا لە باشترین پێگە دایە بۆ ئەوەیکە لە یەک خستنی کۆمۆنیستەکان ڕۆڵ بگێرێت. ئەم حیزبە پێگەی کۆمەڵایەتی بەهێز لەناو چینی کرێکار و باقی توێژەکانی دیکەی ستەم لێکراوی کوردستان هەیە. لە ئاستی سەرتاسەریش، کۆمەڵێک لە هەڵسووڕاوانی کرێکاری و کۆمۆنیست خۆیان لەگەڵ ئەم حیزبە پێناسە دەکەن و سیاسەتەکانی بەڕێوە دەبەن. هەر بۆیە بەهێز کردنی ئەم حیزبە لە هەموو بوارەکانی فیکری، سیاسی و تەشکیلاتی و پەروەردە کردنی هەڵسووڕاوی حیزبی و ناردنیان بۆ ناوەندە کرێکارییەکان، لە خاڵە سەرەکییەکانی ستڕاتێژی ئێمەیە. هەرچەند پەرەدان بە پەروەردەکردنی ئەندامانی حیزبی و ناردنەوەیان بۆ ناو وڵات لەجێی خۆیەتی و ڕێکارێکی پێویستە کە دەبێ ئەنجام بدرێ، بەڵام کاری سەرەکی ئێمە لە بارودۆخی ئێستا، پەرەدان بە پێگەی و نفوزی حیزب وەک سیاستی گشتی، بەرنامە و ستڕاتێژی لەناو کۆروکۆمەڵەکانی کرێکارانی پێشڕەو و کۆمۆنیستە لە ناوخۆی وڵات. ئەوەیکە بۆ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێویستە تا خۆی بۆ شۆڕشی کرێکاری لە داهاتوو و هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی سیاسی لە ئێران ئامادە بکات ئەوەیە کە، کاری تەشکیلاتی خۆی لە چوارچێوەی سەرتاسەری لەگەڵ ناوەڕۆکی چالاکییەکانی هاوئاهەنگ بکات، واتە جێ پێیەکی بەهێز لە ناو چینی کرێکاری ئێران پەیدا بکات و ببێت بە ئامرازێکی کاریگەر لە خەبات و ململانێی سیاسی و چینایەتی کۆمەڵگادا. دابین کردنی یەکگرتوویی سیاسی حیزب، پتەوکردنی نەزمی تەشکیلاتی بە پێی ئەسڵی سانتریالیزمی دێمۆکراتیک، بەڕێوەبردنی ئەساسنامە و پێبەندبوون بە ئائین نامەی تەشکیلاتی بە جێگەی کاری مەحفلی و خۆبواردن لە ئیرادەی تاکەکەسی کە بەرژەوەندی حیزب بە جێگەی چینی کرێکار پەیرەو دەکات، لە خاڵە سەرەکییەکانی ستڕاتێژی ئێمە لە پێوەند لەگەڵ بردنەسەرێی تواناییەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە.
ڕێکخراوە کرێکارییەکان:
سەرکەوتنی چینی کرێکار لە شەڕی چارەنووس ساز کە بەردەوام لە ئارادایە، پێویستی بە هێزی وشیار و ڕێکخراو بوونی چینی کرێکار هەیە. بەڵام چینی کرێکار لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی تەنیا لە ڕێکخراوە حیزبییەکان سازمان نادرێن. لە نەریتی بەرەوڕوو بوونەوەی پرۆلتاریا واتە “کرێکارانی سەنعەتی” لەگەڵ بورژوازی لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری، کرێکاران بە شێوەی سرووشتی لە سەندیکاکان و یەکێتیە کرێکارییەکان لەدەوری یەک کۆ دەبنەوە. کارکردنی ئەم یەکێتییەکان و هەروەها ڕۆڵی ئەرێنی یاخود نەرێنی هەتا ئێستای ئەم ناوەندانە لە خەباتی چینی کرێکار جێگەی باسی ئێمە نییە، بەڵکوو هەر چەند چینی کرێکاری ئێران لە ماوەی یە ک سەدەی ڕابردوودا ئەزموونێکی زۆری لەم بوارەدا بەدەست هێناوە و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی بەدیهێناوە و بەتایبەت لە قۆناغی ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ی ئەم چینە، ئەزموونێکی گرینگی لە بواری بەڕێوەبردنی شۆراکان بەدەست هێنا، بەڵام نەیتوانیوە ئەم شێوازە لە کار وەک شێوازێکی گونجاو بسەلمێنێت و ئەمە ڕێگایەکە کە هێشتا دەبێ کاری بۆ بکرێت. هەوڵ دان لەم بوارەدا ڕواڵەتێکی جیانەکراوە لە ستڕاتێژی ئێمەیە. ڕێکخراوەی کرێکاری، سازماندانێکی ئاشکرایە. ئەوەیکە ئەم ڕێکخراو بوونە تا چ ڕادەیەک دەتوانێ خۆی لە چوارچێوەی یاسا بگونجێنێت یاخود دوژمن لەڕووی ناچارییەوە چاوپۆشی لێ بکات، تەوەرێکی دیکەیە. بەڵام لە هەرحاڵدا تەوەری سەرەکی ئاشکرابوونی ئەوە. ڕێکخراوی کرێکاری، ناوەندێکی ئایدۆلۆژیا نییە، بەڵکوو تەشکیلاتێکە کە لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەشی جەماوەری کرێکاران پێکهاتووە. بۆ چوونە ناو وەها تەشکیلاتێک، مەرجی یەکەم و بنەڕەتی ئەوەیە کە ناوەڕۆکی ئەم بەرژەوەندی بە ڕەسمییەت بناسرێت. لەم ڕووەوە پێبەندبوون یاخود پێبەندنەبوون بەم ڕوانگەیە یان جیهان بینی تایبەت ناتوانێ، پێش بە وەها تەشکیلاتێک بگرێت. بورژاوزی سەرجەم ئامرزاەکانی جیایی خستن لەوانە، نەتەوە، ئایین، ڕەگەز و ڕەنگی پێست و هیتد… بەکار دێنێت تا پێش بە یەکگرتنی چینایەتی کرێکاران بگرێت. ئەرکی ڕێکخراوە کرێکارییەکان ئەوەیە کە، بە هەموار کردنی ڕێگاکان بەسەر جەماوەری کرێکار کە ئامانجی هاوبەشی چینایەتیان هەیە، بەرەنگاری ئەم جیایی خستنە بێن. پێوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەگەڵ ڕێکخراوە کرێکارییەکان پێوەندییەکی تەشکیلاتی نییە. ڕێکخراو بوونی کرێکاری ئامرازێک بۆ چالاکی نەهێنی حیزب نییە، بەڵکوو تەشکیلاتێکە کە بە پێی ئەساسنامەی پەسەندکراوی ئەندامانی چالاکی دەکات. بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە ئەم حیزبە لە ڕاستای ستڕاتێژی خۆی تێدەکۆشێ کە ڕێگای ئەم ڕێکخراوانە هەموار بکات و لەناویاند پێگە و ئێعتبارێک بەدەست بێنێت. حیزبێک کە لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و لە لوتکەی ڕووداوە مێژووییەکان، ڕۆڵی چارەنووس ساز بگێرێت، حیزبێک کە بۆ بەرنامە و ئامانجەکانی ڕەزامەندی کۆمەڵایەتی بەدەست بێنێت، حیزبێک کە پێشینەی سیاسی و تاکتیکی ڕوونی هەبێت، بە سیاسەت و کاری بەرپرسان لە ناوە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بە گشتی لە ناو کۆمەڵگادا بناسرێت، حیزبێک کە هێمای دێمۆکراتیک و ڕاستگۆی لەگەڵ ڕێکخراوە جەماوەرییەکان بێت، وەها حیزبێک بە شێوەی سرووشتی لە ناو ڕێکخراوێکی کرێکاری و جەماوەری جێگەی قەبووڵە و پێگەی زۆری دەبێت یا لانیکم دەبێ بڵێن کە تەنیا لەم ڕێگەیەوە دەتوانێ پەرە بە نفوزی خۆی لە ناو چینی کرێکاردا بدات. ئەمە ئیرداەی ژمارەیەکی دیاری کراو، سیاسەتێکی درووست، نەخشەڕێیەکی گونجاو، وشیارکردنەوە و هیتد…. بە تەنیایی نییە کە ڕێگڕەی پێکهێنانی ڕێکخراوێکی جەماوەری بەدەستەوە دەدات، بەڵکوو گرینگتر لە هەمووی ئەوانە، هەبوونی ڕێژەیەکی دیاری کراو لە ناڕەزایەتیی و خەباتی عەمەلی و پێشکەوتن خوازانەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییەکان لەم بوارە دایە. ڕێکخراوێکی جەماوەری و درێژە کاری لەناو خەباتێکی جەماوەری سەرهەڵ دەدات و لە جەنگەی ئەم خەباتەدایە کە پێگەی خۆی پتەوە دەکات.
ڕێکخراوە جەماوەرییەکان:
بوونی کۆمەڵگایەک کە زۆربەی زۆری تاکەکانی لە ڕێکخراوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتووخوازەکاندا ڕێکخراو بێت، چوارچێوەیەکی گونجاوترە بۆ چالاکی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران. هەر بۆیە لە ستڕاتێژی ئێمەدا ئەم جۆرە لە ڕێکخراوبوون هان دەدرێت و بە پێی پێگەی ڕێکخراوەکان سیاسەتێکی جیاواز دەگرێتە بەر. خاڵەکانی ئەم سیاسەتە لە چوارچێوەی تاکتیکی و لە حاڵەتەکانی تایبەت ئامادە و بەکردەوە دەردێت. لەم بوارەدا بە تایبەت پێکهێنانی ڕێکخراوەیەکی بەهێزی ژنان کە ئەرکی خۆی لە خزمەت بەرەوە پێش بردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان بزانێت، بەتایبەت لە بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگای ئێران گرینگییەکی زۆری هەیە. ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە بواری مافی شارستانییەتی و لە بواری ماڵی بە تەواوی لە حیزبە سیاسییەکان جیان. بەڵام ئەمە بەم واتایە نییە کە ئەم ڕێکخراوانە سیاسی نین. ڕێکخراوێکی جەماوەری لە هەمان حاڵدا دەتوانێ لەم بوارانەدا سەربەخۆ چالاکی بکات، بەڵام لە بواری سیاسی ئیمکانی هەیە لەژێر کاریگەری و نفوزی سیاسی و دەنگی حیزبە سیاسییەکان دا قەرار بگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوێکی جەماوەری بە هەر ئەندازەش پێوەندی سیاسی نزیکی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان هەبێت، کار و چالاکییەکانی دەبێ بە پێی ئەساسنامە و ئائیننامەی تەکشیلاتی ئەو ڕێکخراوەیە بەڕێوەبچێت. بڕیاردان و دابەش کردنی ئەرکەکان دەبێ لەڕێگەی ئەو ڕێکارانەی کە دیاری کراوە لەناو ڕێکخراوەکەدا، ئەنجام بدرێت. کاریگەری دانان لەسەر هەڵوێستی سیاسی ڕێکخراوێکی جەماوەری لەڕێگەی میکانیزمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت.
چالاکی ئاشکرا و یاسایی:
چالاکی ئاشکرا و قانوونی، ڕوویەکی دیکەی ئامادە کردنی شۆڕشی کرێکارییە. ئەنجام دانی کار لە چوارچێوەیەکی بەربڵاوترە کە ئەم هەلە بە پێشڕەوانی شۆڕشی کرێکاری دەدات کە هێزەکانیان ئامادە بکەن. شێوازێک لە کاری ئاشکرا لە بارودۆخی دەسەڵاتی دیکتاتۆریش پێویستە، بەڵام پەرەدان بە ئەنجام دانی چالاکییەکانی، دەبێ لە بەرژەوەندی چینی کرێکار بێت. بەر لەوەیکە بچینە سەر ئیمکانات و ئاستەنگییەکانی کاری ئاشکرا و قانوونی، پێویستە هەندێ لە بۆچوونەکان لەم پێوەندەدا لێک جیاکەینەوە.
یەکەم: کاری ئاشکرا
کاری ئاشکرا بە شێوەی گشتی بەواتای ئەنجام دانی چالاکی لەسەروی یاساوەیە و پێوەندی بە ڕێژەی سیاسی لە کۆمەڵگاوەیە. هەندێ جار ڕژیمەکان لە بارودۆخێکدا قەرار دەگرن کە ناچارن ڕادەیەک لە چالاکی ئاشکرا لە دژی دەوڵەمەندەکان یاخود ناوەندەکانی دەوڵەتی قەبووڵ کەن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، مانگرتن نایاساییە، بەڵام بە شێوەی ئاشکرا بەڕێوە دەچێت. کۆمەڵێک یاسای بەرتەسک کردنەوەی کاری ڕۆژنامەوانی بوونی هەیە، بەڵام ڕۆژنامەکان هەروا بڵاودەکرێنەوە و کۆمەڵێک شتی دیکە لەم جۆرە.
دووهەم: کاری ئاشکرا و یاسایی
ئەم وشەیە پێوەندی هەیە بە یاساکانەوە. قسە ئەوەیە کە ئەم یاسایانە تا چ ڕادەیەک ڕێگا بۆ ئەنجام دانی کاری چالاکی دەکەنەوە. لەم بوارەدا لە لایەکەوە، یاساکانی کۆماری ئیسلامی لانیکەمی ئەم ڕێگایە دەکات و لە لایەکی دیکەوە لە زۆربەی حاڵەتەکان، ڕژیم یاسا پەسەندکراوەکانی خۆشی بەڕێوە نابات و پێشێلیان دەکات. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەمانە، کۆماری ئیسلامی لە قۆناغەکانی دوای ڕووخانی ڕژیم پاشایەتی و بارودۆخی شۆڕشگێرانەی کۆمەڵگا، کۆمەڵێک یاسای پەسەندکردووە کە ئێستاش یەخەی بەم ڕژیمە گرتووە.
سێهەم: تێکەڵاوکردنی کاری ئاشکرا و نەهێنی
ئەم وشەیە لە ڕاستی دا هەم تاکتیکە و هەم هونەریشە. شێوازێکی تایبەت لە چالاکییە کە دەبێ ڕەوشەکانی فێربی، بەڵام لە بنەڕەتدا لە بواری هەڵسەنگاندن لەگەڵ دوو حاڵەتەکی دیکە جیاوازە. تەوەری سەرەکی ئێمە لەم بوارەدا، کاری ئاشکرا و نەهێنی و یاساییە کە تەرکیزی دەکەیەنە سەر.
ئامانجی چالاکی ئاشکرا لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەر ئەو ئامانجانەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە کە بە ئەنجام دانی کاری ئاشکرا دەگیرێتە بەر. ڕێکخراوەکان و چالاکانی ئەم بوارە پردی پێوەندی حیزبەکان نین، بەڵام چالاکی ئەوان لە بواری واقێعی دەتوانێ یارمەتی دەری حیزب بێت. هەروەها حیزبیش بە شی کردنەوە و تەبلیغی سیاسەتەکانی خۆی، یارمەتی دەری چالاکانی بواری کاری ئاشکرا لە بەرەو پێشبردنی ئامانجەکانیان بێت. هەر ئەو جۆرەی کە ئاماژەی پێکرا چالاکی ئاشکرا بە پێی هەڵسەنگاندنی ڕێژەی هێز لە نێوان چینی دەسەڵاتدار و نەیارانی ڕێک دەخرێت. بۆ هەڵسەنگاندنی درووست و واقێعی هێز لە هەر قۆناغێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دا، دەبێ هەڵسەنگاندنێکی سیاسی و ڕوونت سەبارەت بە بارودۆخی گشتی هێزی بەرامبەر و پێگەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ئاستی وشیاری جەماوەری خەباتکاری ببێت. لە هەژمار کردنی هێز، هەندێ جار بەڵگەی درۆینە و تەنانەت جیهانیش دەستیان هەیە. لەم شەڕەدا ئەگەری ئەوەیکە دوژمن بیهەوێت دەست بداتە هێرش و ئەنجام دانی توندووتیژی و ئەو بنەمایانەی کە خۆی قەبووڵی کردوون هەیە. ڕێبەرانی لێهاتوو لە بواری چالاکی ئاشکرا بە لەبەر چاوگرتنی ئەگەری ڕوودانی ئەم جۆرە پێشهاتانە، دەبێ درێژەی ئەنجام دانی چالاکی ئاشکرا هەموار بکەن. بۆ بەدەست هێنانی سەرکەوتن لە حەرەکەتێکی ئاشکرادا، نیشان دانی ڕاستییەکانی کۆمەڵگا و داخوازییەکانیان، بەکردەوە دەرهێنانیان لە کورت ماوەدا، متمانە کردن بە ڕێبەری، پاراستنی یەکگرتوویی جەماوەری خەباتکار تا کۆتایی ئەم شەڕە، سەلەماندنی هەر دەستکەوت و سەرکەوتنێک ئەگەر چکۆلەش بێ بۆ درێژەدان بەم شەڕە چینایەتییە، لە پێویستییەکانی ئەم حەرەکەتە دێتە ئەژمار. بەڵام چالاکی ئاشکراش سنوور و ئاستەنگی خۆی هەیە. ڕوون و ئاشکرایە کە چالاکانی ئەم بوارە لە خەباتی بەرەوپێشیان و هەروەها پاشەکشێ لەم بوارەدا، بەوپەڕی لەخۆبردوویی لە چوارچێوەی سەرجەم ئیمکانات و ئاستەنگییەکانی بەردەمیان، کاری خۆیان دەبەنە پێشەوە. بۆیە نابێ کاری ئەوان بەردەوام لەژێر چاودێری دا بێت. بەڵام ئەم هەڵوێستە بە واتای ئەوە نییە کە ئاستەنگی لەسەر ڕێگای چالاکی ئەوان نییە. کاری ئاشکرا نابێ لە ڕاستای ئامادەکردنی جەماوەر بۆ بەرەو پێش بردنی ئامانجی ڕادیکاڵ لە بەرامبەر دوژمن لە دواتر بێ.کاری ئاشکرا نابێ ناوەڕۆکی دوژمنانی چینی کرێکار لە جەماوەری کرێکاران بشارێتەوە. چالاکی ئاشکرا نابێ ببێتە هۆی جیایی لە ناو ڕیزی کرێکاراندا. ڕێکار و تاکتیکەکانی ئەم بوارە بە پێی ڕێژەی هێزی جەماوەر دەچێتە پێشەوە و نابێ بە شێوەی ئارام ئەنجام بدرێت.
بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتی بە شێوەی سرووشتی و ئاشکرا، ڕەوتی چەپ و کۆمۆنیست بەهێز دەکات. هەر بۆیە نابێ ڕێگەی پێ بدرێ ئیرادەی تاکەکەسی و عەقیدەتی لەم بوارڕەدا، بەهێز بێت. ڕواڵەتێکی چارەنووس ساز لە هەر چالاکییەکی ئاشکرا، ڕێکخستنی هاوکاری لە نێوان بۆچوونە جیاوازەکان لە کەشێکی ئارام و دێمۆکراتیکە. کاتێک کە پێی دەنێنە بواری چالاکی ئاشکراوە، بە واتای ئەوەیە کە چووینەتە ناو پێوەندییەکی دیاری کراوی کۆمەڵگا بە هەموو بۆچوونەکانەوە. هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست کە بە شێوەی ئاشکرا کار دەکەن، کەسانێکی توندڕۆ و وشک نین، بەڵکوو لە هەر کوێنێ بن نیشان دەدەن کە هیچ بەرژەوەندییەکیان جگە لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و زەحمەتکێش نییە. هەر بۆیە، لە ئەگەری پێویست زۆرترین مەیدان بە مەبەستی بە سەرئەنجام گەیاندنی حەرەکەتێکی مافخوازانە دەدرێ. ڕێبەری کردنی چالاکییەکی ئاشکرا و یاسایی، پێویستی بە وشیاری و زانستی سیاسی لە هەموو بوارەکاندا هەیە. ڕێبەرانی ئەم جووڵانەوەیە دەبێ گرینگیەکی زۆر بە بردنەسەرێی ئاستی زانستی سیاسی خۆیان بدەن. هەڵسووڕاوێکی بواری کاری ئاشکرا دەبێ بارودۆخی عەینی کۆمەڵگا بە تەواو وردەکارییەکانی بناسێت و زانیاریی خۆی لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا بباتە سەرێ. کاری ئاشکرا، هەڵسووڕانێکی ناڕێکوپێک و ناسازماندراو نییە. هەر چەندە، ئەمڕۆکە هێشتا ڕێکخراوی کرێکاری زۆر پێک نەهاتووە یاخود لە سەروبەندی سەرەتایی پێکهاتن دان، بەڵام ئەوەیکە لە کردەوەدا هەیە، ڕەهەندێک لە هەڵسووڕاوانی پێشڕەو لەم بوارە دایە کە پێوەندییەکی بەربڵاویان هەیە. لەم پێوەندییانە دەبێ بۆ بەرەو پێش بردنی هەرچی زیاتری ڕێکخستن و پڕوپاگاندا لە بواری کاری ئاشکرا کەڵک وەربگیرێت.
پێکهێنانی جەمسەرێکی سیاسی چەپ لە کۆمەڵگا:
بەهۆی ئەوەیکە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەردەوام بۆ باشتر بوونی بارودۆخی ژیانی کرێکاران و جەماوەری بێبەش خەبات دەکات، پشتیوانی لە خەباتی ئازادیخوازانە و مافخوازانەی هەموو بزووتنەوەکان کە لەدژی کۆماری ئیسلامی پەیگیرانە بۆ نەمانی هەر جۆرە ستەمێکی ڕەگەزی، ئایینی، نەتەوەیی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری خەبات دەکەن دەکات. لەم پێوەندەدا و لە هەر خەباتێکدا، حەرەکەتی کۆمەڵایەتی لە هەر ناوەندێکی سیاسی کە بەشێک لە ئامانجەکانی حیزب بەدی دێنێت و ئیمکانی دەستڕاگەیشتنی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی بە ئامرازەکانی دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگا هەموار دەکات، چالاکانە بەشداری دەکات. بە پێی ئەم سیاسەتە، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەوڵ دەدات تا جەمسەرێکی سیاسی چەپ و ڕادیکاڵ لە کۆمەڵگادا پێک بێنێت. بەم ئاڕاستەیە لە ناوخۆی وڵات و لە ناوبزووتنەوەکانی ناو کۆمەڵگا و هەم لە دەرەوەی وڵات، لە پێوەند لەگەڵ ڕێبەری ڕێکخراوە چەپ و ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستییەکان، ڕێکاری پێویست دەخرێتە دەستووری کارەوە. سەبارەت بە پێویستی هاوکاری و یەکگرتوویی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان لە ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی وڵات، ئێمە وێڕای ئەوەیکە بوونی بیری جیاوازی سیاسی لە ناو هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی ڕادیکاڵی ئەم بزووتنەوەیە بە ڕەسمییەت دەناسین، بەڵام لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەم جیاوازییە نابێ ببێتە بەربەست لە پێناو چالاکی ئەم کەسانە لەدژی کۆماری ئیسلامیی و سەرجەم بورژوازی ئێران. هەر بۆیە جەخت دەکرێتەوە کە بەهێزبوونی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران نە لە ڕێگەی سیاسەتی سێکتاریستی، بەڵکوو لەڕێگەی بەدواداچوونی سیاسەتی یەکگرتوویی و هاوکاری بە ئاڕاستەی بەرەو پێشبردن و ڕادیکاڵیزەکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە هاوکاری و یەکگرتوویی ڕێکخراوە چەپەکانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، خاڵی دەستپێکی ئێمە بۆ هاوکاری لەگەڵ ئەم ڕێکخراوانە، بۆچوونی هاوبەش سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسی کۆمەڵگا، بارودۆخی خەباتی چینایەتی و ململانێی سیاسی ئێستایە. هەڵسەنگاندنێکی واقێعی لە حیزب و ڕێکخراوە چەپەکان بە ئێمە نیشان دەدات کە زۆربەی ئەم ڕێکخراوانە، پێداگری لەسەر جیهان بینی هاوبەش دەکەنەوە و هەموویان جەخت لە دەسەڵاتی کرێکاری دەکەن. ئێمە ئەو ڕادەیە لە کاری هاوبەش بەپێی جیهانی بینی و بەرنامەی سیاسی کە هەمانە بە ئەرێنی و دەستکەوتێکی مێژوویی لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران دەزانین. بەڵام لەهەمان حاڵدا، نامان هەوێت بە هەڵسەنگاندنی ئامانجی بەرنامەیی ئەم ڕێکخراوانە و هەروەها ئامادەکردنی پێلاتفۆرمێک سەبارەت بەو، پرۆژەی یەکگرتوویی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان بەرەو پێش بەرین. بە سەرنج دان بەوەیکە خاڵی هاوبەش بە ئاڕاستەی هەڵوێست گرتنی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان لە بواری بەهێز کردنی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێستای خەڵکی ئێران هەیە، دەکرێت هەر لەسەر ئەم خاڵە هاوبەشانە، هاوکاری و یەکگرتوویی بەربڵاو لە نێوان ڕێکخراوەکاندا پێک بهێندرێت.
ستڕاتێژی ئێمە لە بزووتنەوەی ژنان:
نیزامی سەرمایەداری هۆکاری سەپاندن و مانەوەی ستەم لەدژی ژنە. بە تێگەیشتن لەم ڕاستییە و ناسینی حاڵەتەکانی ستەم لەدژی ژنان لە نیزامی سەرمایەداریە کە دەتوانین، خەبات لەدژی ئەم نایەکسانییە کۆمەڵایەتییە بە سەرئەنجام بگەیەنین. مەرجی پێشڕەوی خەباتی ژنان، جەماوەری بوون و کۆمەڵایەتی بوونی ئەم بزووتنەوەیە. بۆ ئەوەیکە بزووتنەوەی ژنان ببێت بە بزووتنەوەیەکی جەماوەری و کۆمەڵایەتی، دەبێ جەماوەری ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە چوارچێوەی ملیۆنی بێنە گۆڕەپانی خەباتەوە. بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم هەنگاوە، دەبێ جەخت لەسەر سەربەخۆیی ئابووری ژنان و خواستەکانیان بۆ ژیانێکی گونجاو بکرێتەوە و ڕێگەی بەدیهێنانی ئەم خواستانە نیشان بدرێت. لەوەها ڕێگەیەکەوەیە چینی کرێکار بە پێی ناوەڕۆکی داخوازییەکانی کە هەیەتی و بەهۆی ئەوەیکە زۆربەی ژنانی کۆمەڵگا پێک دێن لە ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش، پشتیوانی بزووتنەوەی ژنانە. بزووتنەوەی ژنان بەو خواستانەی کە هەیەتی لە یەکەم هەنگاودا لەگەڵ بەربەستی کۆماری ئیسلامیی بەرەو ڕوو دەبێتەوە. بۆ تێکشکاندنی ئەم بەربەستە، بزووتنەوەی ژنان ناتوانێ دوور لە باقی بزووتنەوەکانی دیکە خەبات بکات و سەرکەوتوو بێت. بۆ پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی، هاوکاری و یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوە دێمۆکراتیکەکانی دیکەی کۆمەڵگا پێویستە. خەبات بۆ وەدیهاتنی مادەکانی “بەیانییە مافی ژنان” لە هەمان حاڵدا هۆکاری ئەم هاوکاری و یەکگرتوویە دەبێت و چالاکانی بواری سیاسەتەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە هەر خەباتێک بۆ وەدیهێنانی هەر کام لەم بەندانە، چالاکانە بەشداری دەکەن. لایەنە لیبڕاڵەکان هەوڵ دەدەن کە لە بزووتنەوەی ژنان وەک ئامرازێک بۆ بە دەسەڵات گەیشتن کەڵک وەرگرن. لە حاڵێکدا ئەوان بە شێوەی واقێعی بەهۆی پێبەندبوونیان بە پاراستنی پێوەرەکانی خاوەندەرایەتی نیزامی سەرمایەداری بە شێوەی گشتی و پەیرەوی کردن لە سیاسەتی نێئۆلیبرالیستی ئەم دەورەیە، توانای دابین کردنی داخوازییەکانی ژنانیان نییە. ئەم ڕاستییە دەبێ وەک بەڵگەیەکی متمانە پێکراو بۆ جەماوەری ژنان شی بکرێتەوە. پێکهێنانی ناوەندێکی حیزبی بەهێز و ڕێکوپێک بۆ تەرکیز کردنە سەر چالاکی بواری کارو باری ژنان. ژنان لە حاڵێکدا لە شوێنەکانی کار و ژیانیان وێڕای پیاوان لە ڕێکخراوە جۆراوجۆرە سیاسی و چینایەتییەکانی ڕێک دەخرێن کە پێویستە بە مەبەستی جەماوەری بوونەوەی بزووتنەوەی ژنان، لە چوارچێوەی بەربڵاوتر، ڕێکخراوی ڕادیکاڵ و پێشڕەو پێک بێنن. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هاندەری پێکهێنانی وەها ڕێکخراوگەلێک بووە و پشتیوای لێ کردوون.
ستڕاتێژی ئێمە لە بزووتنەوەی کوردستان:
ستڕاتێژی ئێمە لە بزووتنەوەی کوردستان، سازدانی شۆڕشێک کە هێزی بزوێنەری پێکهاتووە لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش. لە ڕوانگەی ئێمەوە بارودۆخی ئێستای کوردستان، نایەکسانی و کەلەبەری زۆری چینایەتی، ستەم و سەرکوتی دەوڵەتی ناوەندی و ئەستاندنەوەی سەرەتایی ترین ئازادی و مافەکانی خەڵک، نەریتی چەندین دەیەی خۆڕاگری و خەبات، پێگەی ڕەوتێکی چەپ و ڕادیکاڵ لەم کۆمەڵگایە، هەمووی ئەوانە بواری سەرهەڵدانی ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە کوردستان خۆش کردووە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ڕێگەی ڕێکخراوی کوردستانی خۆیەوە واتە “کۆمەڵە” بە بەشداری کردن لە هەموو قۆناغەکانی ئەم خەباتە، هەوڵ دەدات کە ڕێبەری ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی ئەم بزووتنەوەیە دابین بکات و ئەم خەباتە بەرەو سەرکەوتن ڕێنمایی کات.
ڕێکخستنی حەرەکەتە ئێعتڕازییەکان، پێکهێنانی ڕێکخراوی جەماوەری و لەسرووی ئەوانەوە پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری، پەرەدان بە چالاکی ئاشکرا و قانوونی، پاراستنی تواناییەکانی هێزی چەکدار، پەڕاوێزخستنی سیاسەت و کاری ناسیۆناڵیستی و لیبڕاڵی، پتەوکردنی پێگەی کۆمەڵە لە خەباتی شۆڕشگێرانەی کوردستان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ستەمی میللی، لە زومرەی ئەو ئەرکانەن کە لە قۆناغی ئێستادا خاڵەکانی ستڕاتێژی ئێمە دیاری دەکەن. بە تێکشکاندنی هێزی دەوڵەتی ناوەندی، ڕێگا بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتێکی شۆڕایی هەموار دەبێت. لەم قۆناغەدا کۆمەڵە تێ دەکۆشێت، بەرنامەی سیاسی خۆی بۆ دەسەڵاتی جەماوەری لە کوردستان بە تەئیدی شوڕای نوێنەرانی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بگەیەنێت و دەستبەجێ بیخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەم بەرنامەیە لەمڕۆوە بنەمای چالاکی ئێمە لە کوردستان دەبێت.
چالاکی حیزب لە دەرەوەی وڵات:
چالاکی ئێمە لە دەرەوەی وڵات بەشێک لە ستڕاتژێی سیاسی حیزب لە پێوەند لەگەڵ ناوخۆی وڵاتە. بەهۆی ئەوەیکە لە ئاکامی زیاتر لە سێ دەیە دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران بەتایبەت چالاکانی سیاسی لەوانە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە وڵاتانی دەرەوەی وڵات ئاوارە بوون، دەرەوەی وڵاتیش بووەتە گۆڕەپانێک بۆ ئەنجام دانی چالاکی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و چالاکی لەم بوارە بەشێک لە ستڕاتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە. دوو قۆناغ لە چالاکی حیزب لە دەرەوەی وڵات دەبێ لە یەکتر جیابکرێتەوە:
یەکەم: کاری ئەو ئۆرگانانەی کە بەهۆی بارودۆخی تایبەت و بەمەبەستی پاراستنی درێژە کارییان لە دەرەوەی وڵات جێگیر کراون، لەوانە: چالاکییەکانی سەرەکی حیزب، کاری پێوەندیدار بە تێلوێزیۆنی کۆمەڵە و چالاکی پێوەندیدار بە کومیتەی شارەکان و هیتد….
دووهەم: ئەو چالاکییانەی کە لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە دەرەوەی وڵات لەژێر چاودێری کومیتەی دەرەوەی وڵات لە پێوەند لەگەڵ بەرەوپێش بردنی ستڕاتێژی حیزب لەناوخۆی وڵات بەڕێوە دەچێت. تەوەری ئەم بەشە لە سەنەدی ئێمە لە پێوەند لەگەڵ قۆناغی دووهەمە. لەم پێوەندەدا دەتوانین خاڵەکانی ستڕاتژێی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە لە خوارەوە ئاماژەی پێکراوە، باسی بکەین:
یەکەم: ڕێکخراوبوونی ئۆرگانەکانی حیزبی لە دەرەوەی وڵات، ئەنجام دانی کاری تەشکیلاتی لە دەرەوەی وڵات بە پێی ئەساسنامە، بردنەسەرێی ئاستی چالاکی کادرەکانی حیزب و لێپرسینەوە لە کار و چالاکییەکانیان. دووهەم: لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە هاورێیانی تەشکیلاتی ئێمە لەوێدا نیشتەجێن، کاری ئێمە دەتوانێ بە شێوەی ئاشکرا ئەنجام بدرێت. هەربۆیە لە قۆناغەکانی کاری ئاشکرا دەبێ زۆرترین بەهرە لە بارودۆخی دێمۆکراتیک بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی حیزب ببەین.
پەرەدان بە چالاکییەکان بۆ پشتیوانی کردن لە بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران:
بەڕێوەبردنی کەمپەینەکانی دژی کۆماری ئیسلامی و گوشار خستنەسەر ڕژیم و لەقاودانی سیاسەت و کردەوە دژە خەڵکییەکانی کۆماری ئیسلامی. پێکهێنانی یەکگرتووییەکی خەباتکارانە یاخود بەرەیەک چەپ لە نێوان لایەن و گرووپە سیاسییەکانی دیکە لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی گشتی حیزب. ڕاکێشانی سەرنجی هەڵسووڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست و هەڵسووڕاوانی کرێکاری لە دەرەوەی وڵات، بەرەو ئامانجەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و لایەن سۆسیالیستەکان و کرێکارییەکان لە ئێران. پێوەندی گرتن لەگەڵ ڕێکخراوە کرێکارییەکان، حیزب و ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەنترناسیۆناڵیستی حیزب و بەشداری لە خەباتی چینایەتی و پێشکەوتنخوازانەی ئێستا لە وڵاتانی ئۆرووپایی. هەروەها پشتیوانی کردن لە مافی پەناخوازان و یارمەتی کردن بە کەم کردنەوەی کێشەکانیان لە دەرەوەی وڵات کە لەگەڵی دەستەوە یەخەن و بەهێزکردن و پشتیوانی کردن لە بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان.
ئەرکی ئەنترناسیۆناڵیستی حیزب:
ئەنترناسیۆناڵیسم بەشێک لە پێناسەی ئێمەیە. نوێ کردنەوەی سازمان و پەرەپێدان بە چالاکی “ناوەندی پێوەندییەکانی نێودەوڵەتی حیزب” دەبێ لە ئەولەویەت دابێ. ئەم ناوەندە دەبێ لەخۆگری وەها پۆتانسییەلێک بێ کە بتوانێ پێوەندییەکی چالاک و کاریگەری لەگەڵ ناوەندەکان و حیزب و لایەن کۆمۆنیست و کرێکارییەکان لە ئاستی جیهان پێک بێنێت. دەبێ بوار بۆ ئەرکی پشتیوانی، هاوکاری و هاوفکری پێویست پێک بێنێت. دەبێ هەوڵ بدات سەرنجی بەشە جۆراوجۆرەکانی حیزب بەرەو مەسائلی سیاسی و نەزەری لەسەر بزووتنەوەی کرێکاری لە جیهان و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ڕابکێشێت. ئەرکی سەرەکی ئێمە لەم بوارەدا بریتن لە: بەهێزکردنی ناوەندی پێوەندییەکانی نێودەوڵەتی حیزب لەڕێگەی کادرە بە ئەزموونەکان، پێوەندی گرتن لەگەڵ یەکێتییەکان و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆر، بەمەبەستی گۆرینەوەی بیروڕا و ڕاکێشانی پشتیوانی ئەوان، پێوەندی گرتن لەگەڵ ڕێکخراو و حیزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان و بەشداری لە کۆنفرانس، سیمینار و کۆنگرەکانیان و هەروەها بانگ کردنی ئەوان بەمەبەستی وتووێژ لەسەر تەوەری بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە ئاستی جیهان و بڵاوکردنەوەی بەڵگە و ئەسنادی حیزبی بە زمانەکانی دیکە.
مارسی ٢٠١٣