بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی جۆزەردان، سزای سێدارەی هێمن مستەفایی،بەندکراوی سیاسی خەڵکی شارۆچکەی کانی دینار سەر بە شاری مەریوان دوای ١٢ ساڵ زیندان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێکرا.
هێمن مستەفایی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی جۆزەردان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کرابوو.
ئەم بەندکراوە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەندیخانەی ناوەندیی ڕژیم لە شاری سنە، گوللەی چەکی ساچمەییی هێزە حکومەتییەکان بەر لای چەپی سینگی کەوتبوو و ساچمەکان چوونەتە ناو قوڵاییی جەستەی ناوبراو و نزیک لە دڵی.
سەرەڕای سەختیی برین و خراپیی دۆخی تەندروستیی هێمن مستەفایی و پێویستی خێرای بە نەشتەرگەری و چارەسەریی پزیشکی، ڕێگەی گواسترانەوەی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکان نەدرا. هێمن مستەفایی، لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩١، بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسداران بە ناوی ئیبراهیم محەممەدی لە شاری مەریوان دەستبەسەرکرا. ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە گرتنە ئەستۆی کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران بوو. دواتر ئەم بەندکراوە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی ڕژیم لە سنە، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای “قەساس” و بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.