فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سزای لەسێدارەدان بۆ تۆمەتباری کوشتنی “مێهران سەماک”
پێنجشەممە ۰۹-۰۱-۱۴۰۳   |  28-03-2024

“جەعفەر جەوانمەردی” تۆمەتبار بە کوشتنی “مێهران سەماک”، لاوێک کە بەهۆی “بۆق لێدان” دوای دۆڕانی تیمی میللی کۆماری ئیسلامی لە کاپی جیهانی کووژرا، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای تۆڵەسەندنەوەی بەسەردا سەپێندراوە.
مەجید ئەحمەدی، پارێزەری بنەماڵەی مێهران سەماک لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: “دادگای نیزامی یەکی قەزوین، بە پێداگری لەسەر حوکمی دادگای پێشوو، بڕیاری خۆی دەرکرد و تۆمەتباری کوشتنی مێهران سەماکی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، بە سزای تۆڵەسەندنەوە مەحکوم کرد”.
“مێهران سەماک” ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، دوای دۆڕانی تیمی تۆپی‌پێی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر ئەمریکا، بەهۆی “بۆق لێدان” لە ئۆتۆمبێلەکەیدا، لەلای سەرێوە بوو بە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم و گیانی لەدەستدا.
لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، سزای “جەعفەر جەوانمەردی” بکوژی مێهران سەماک “حوکمی کوشتنی بە ئەنقەست”، لە لقی ٢٦ی دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایوە و دۆسیەکە بۆ تاوتوێکردن ڕەوانەی لقی هاوئاست کرا. ئێستا “دادگای نیزامی یەکی قەزوین” کە لقی هاوئاستی “دادگای نیزامی یەکی گیلان”ە، بڕیارێکی هاوشێوەی دەرکردووە.
بە وتەی پارێزەری بنەماڵەی سەماک، “ئەمە سێیەم جارە کە دادگایەکی نیزامی وەک دادگایەکی شارەزایانە، بڕیاری کوشتنی بە ئەنقەست و سزای تۆڵەسەندنەوە بۆ تۆمەتباری دۆسیەکە دەردەکات”.
مێهرشاد سەماک، برای مێهران، شەوی ڕابردوو لە ستۆرییەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاند: کە حوکمی تۆڵەسەندنەوە بەم زووانە جێبەجێ دەکرێت.