سۆما پوورمەحەممەدی لە چالاکانی مەدەنی، مامۆستای زمانی کوردی و هەروەها ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتی نۆژین، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “درووستکردنی کۆمەڵە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات” بە ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی کرماشان سزا درا.
دانیشتنی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی سۆما پوورمەحەممەدی ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەڕێوەچوو و رۆژی شەممە ١ی گوڵان دوای سێ ڕۆژ سزای سەپێندراو بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەنرا.
هەروەها ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکەش بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی” لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی شاری سنە بە یەک ساڵ بەندکران سزا درا.
سۆما پورمەحەممەدی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی نووسی: “کەرەمی ڕۆژی دانیشتنەکە بە منی گوتووە کە سزاکە پێشتر دەرکراوە”.
سۆما پوورمەحەممەدی تەمەن ٣٥ ساڵە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ بەفرانباری ١٤٠١ لە کاتێکدا کە بەمەبەستی بەدواداچوونی دۆسیەی هاوژینەکەی بەناوی ئیدریس مێنبەری سەردانی دادگای کردبوو دەستبەسەر کرا و دوای ٢٧ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی دادگایەکەی ئازاد بوو.