دوو برا بە ناوەکانی سیرووس و ئازاد عەباسی، لە لقی دووهەمی دادگای تاوانەکانی شاری دێولان، هەر کامیان بە ۶ ساڵ و ٤ مانگ بەندکران سزا دراون. بەپێی ئەم سزایە ئەو دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” بە ١٠ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ١٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “پێکهێنانی گرووپ بە دژی تەناهی و ئاسایشی میللی” بە ٤٨ مانگ بەندکران سزا دروان.
بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتەسزای ٤٨ مانگ بەندکردن بۆ ئەو دوو چالاکە مەدەنییە دەبێت جێبەجێ بکرێت. سەرەڕای داخوازیی فەرمیی ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ دابینکردنی پارێزەر، ئەو دوو برایە لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون و هەروەها لە دانیشتنێکی چەند خولەکیدا بە شێوەیەکی ڤیدیۆ کۆنفرانس دادگایی کراون.
سیرووس و ئازاد عەباسی، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانان، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە شاری دێولان ڕفێندراون و پاش ٣٢ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ڕژیم لە شاری سنە گوازراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی پێشوو، هێزە حکومەتییەکان لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی سیرووس عەباسی، بێڕێزییان بەو دوو برایە کردووە و بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیان کردوون.