ڕۆژی دووشەممە، ٧ی سەرماوەز، خوێندکارێکی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی سەید پووریا نەحوی، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی، کە بە “دادوەری مەرگ” ناوبانگی دەرکردووە، بە تۆمەتی “ئەمنییەتی” سزای ۵ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا.
ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری تاران دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە بەم شێوەیە: “پێکهێنانی گرووپ بە دژی ئاسایش و تەناهی وڵات” و “تێکدانی ئاسایشی گشتی و بەشداریی کۆبوونەوە نایاسایییەکان”.
پووریا نەحوی، لە ڕەوتی ئاخێز و ڕاپەڕینی خەڵکی شاری تاران، ڕۆژی شەممە، ١۶ی ڕەزبەر، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە.
ئەم خوێندکارە پاش ئەوەی کە بە شێوەیەکی دڕندانە و بە لێدان دەستبەسەر کراوە، بۆ بەندیخانەی گەورەی (فشافویە) گوازراوەتەوە. ناوبراو تا ئێستە لەو بەندیخانەیەدایە و لەو ماوەیەشدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە.