فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سوخەنڕانی هاوڕێی گیانبەختکردوو کاک حسەین پیرخزرانیان لە کۆڕ و کۆمەڵی جووتیاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ناوچەی مەریوان لە ئاوایی بێلوو، ساڵی ۱۳۵۷ی هەتاوی
یەکشەممە ۰۵-۰۵-۱۴۰۴   |  27-07-2025

خوێنەرانی هێژا، ئەم نووسراوەیە کە لە بەردەستاندایە، داڕشتنەوەی قسە و باسەکانی هاوڕێی گیانبەختکردوو کاک حسەین پیرخزرانیان لە کۆڕ و کۆمەڵی جووتیاران و جەماوەری زەحمەتکێشی ناوچەی مەریوان لە ئاوایی بێلووە کە لە ساڵی ۱۳٥۷ی هەتاویدا زەبت کراوە. سەید حوسەین یەکێک ڕێبەرانی کۆمەڵە لێرەدا ئەزموونە بەنرخەکانی خەباتی چینایەتی و بەرگری کردنی وەرزێڕانی ئاواییەکانی مەریوان لە ماف و خواستەکانیان ئەخاتە بەرچاو. بەداخەوە بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە دوای شۆڕشی ۵۷، کاک حسەین پیرخزرانیان و برا گەورەکەی واتە هاوڕێ ئەحمەد پیرخزرانیان و حەوت ڕەفێقی تریان بە دەستی خەڵخاڵی و پاسدارە جینایەتکارەکان لە پادگانی مەریوان گوللەباران کران. هاوڕێ حسەین یەکێک لە ڕێبەران و سیما خۆشەویستەکانی مەنتەقەی مەریوان، بێجگە لە سوخەنرانی کردن لە سەر خەباتی ژنان و پیاوانی زەحمەتکێش، لە درێژەی ئەم قسە و باسەدا بە خوێندنەوەی شێعر و ئەدەبیاتی چینایەتی و شۆڕشگێڕانە وەکوو موبەللیغ و مورەویجێکی بەتوانا دەرئەکەوێت. یادی ئازیزان بەرز و بەڕێز بێت!

دایک و باوک خوشک و برا نەبەزەکان، قسەی قەییمی ئەڵێت: «هەرچێ چتە لە باریکیا ئەبڕیەت بەڵام زوڵم لە قەوییەتیا». گاملی و زوڵم و زۆر جەنگەڵبانی، ئەمە چەن ساڵە زۆری بۆ هێناوین بەڕاس نەختێ بیر کەینۆ بزانین فایدەی ئەم یاسا و قانونە بۆ میللەت چی بووە. دەوڵەت بۆچی نایەڵێت دار ببڕین، گەڵا بکەین، بوورە دەربێنین. دەوڵەت ئەڵێ، دار و دەوەن مللی کراوە وە لە بەر ئەوە دێهاتی نابێ دار ببڕن وە گەڵا بکەن با دارەکان گەورە بن وە کەژ و کێو جوان بێت. هەر بە پای قسەی خۆیانا هەرچتێ ملی کرا مانا ئەوەیە ئەو شتە ئەبێ بۆ هەموو میللەت بێ. بە لە ئەم قانونە لە تەواو مەریوانا باوەکوو مالک گەڵایانە و دارانەی ئەسەند و ئەوەیش هەر زوڵم بوو، بەڵام لای کەمی هەرکەسێ بەشی خۆی داری ئەبڕی و گەڵای ئەکرد، یانێ بە پای قسەی دەوڵەتا هێشتا ئەو عانە دار و دەوەن ملی بوون نەک ئیسە. ئەی دەوڵەت ئەم درۆیەی بۆچی کرد؟ بیستوومانە گێڵان و مازەندەران زۆر دارستانن، دەوڵەت لە ئەوێیش نەی‌ئەهێشت خەڵکی دار ببڕن و گەڵا بکەن، لە دوای چەن ساڵ تەواو جەنگەڵە گەورە و چڕەکانی فرۆشت بە شیرکەتە خارجیەکان تا بیبڕن بۆ خۆیان. ئەوانیش لەو دارە جوان و هەرزانە شتی جوان جوان، وەکوو مێز و سەندەڵی، تەخت و خاو، جێگەی لیباس و هەزار شتی تریان درووس ئەکرد و بە نرخێکی زۆر گران ئەیانفرۆشتۆ بەخۆمان. جگە لەمە دارە فرە باشەکانیان ئەناردۆ بۆ وڵاتەکەی خۆیان، بەم جۆرە لە لایەکۆ دێهاتی فەقیر کوانووەکەی سارد و بێ تین بوو خۆی و مناڵەکانی لە سەرما ئەلەرزین بەڵام لەولاکەی ترۆ خارجیەکان بەتایبەت ئامریکاییەکان قازانجێ زۆریان ئەخوارد. ئەوەتە لای خۆیشمان هەردەکانی گومارەلەنگ و وێڵە و دوەیسە و چنارە و قامیشڵە و هەروەها هەردی کەڵەوێنجە و کۆڵیت و کانی کوزەڵەی داگیر کردوە وە ئەیەوێت بیدا بە خارجیەکان. دەور ئەم هەردانیشەی تەلبەن کردوە. ئەو تەلبەنە مانای ئەوەیە ئەم هەردانە هین بیگانەیە و هی مەریوانی و ئێران نیە. ئائەمەیە کە ئەڵێن: «سەگی قوروەیە و پاسی سرێش ئاوا ئەکا». دەوڵەت بەسەر میللەتۆ ئەژیەت. نان، گۆشت، ڕۆن ،تەماکۆ، گوێز، دار و دەوەن، نەوت و هەموو شتێ لە میللەت ئەسێنێ. بەڵام جەنگەڵ و نەوتەکە لە میللەت درێغ ئەکا و بە تاڵان ئەیفرۆشێ بە ئامریکا و ئیسرائیل. جا ئیسا بزانین، بۆچی نایەڵێ بوورە دەربێنین؟ دەوڵەت ئەڵێ بوورە دەر مەیەنن، با ببێ بە مەرتەع. مەرتەع یانێ جێی لەوەڕ ئاژەڵ گشت خەڵک. بەڵام بە چاوی خۆمان دیومانە ئەو زەویانە ئەدات بە زۆردار و پارەدارە جاشەکان. وەکوو زەویەکان بێلو، بەردەڕەشە و سەرنژمار. یان خۆی داگیری ئەکات. وەکوو زەوییەکان تەرخان ئاوا و بەیەڵە هەکە دەوری تەلبەن کردوە. وەکوو کەڵەک لە قەراخی زرێبار، وەکوو ۱۵۰ گەز زەوی ئەملا و ئەولای ڕێگای بەین زرێبار و مەریوان، وەکو. زەوییەکان موسک هەکە تەلبەن کراوە. جا برا بەم لەونە درۆیەتری دەوڵەت دەرکەوت، یانێ ئەو زەوییانەی کە ناوی نابوو مەرتەع یا ئەیدا بە زۆردار و زاڵم، یان خۆی داگیری ئەکات. جا شەڵڵا دەوڵەت تەنیا درۆزن بوایەت، دیارە دێهاتی ناتوانن دار نەبڕن و گەڵا نەکەن و بوورە دەرنەیەنن. ئەوەتا ئەم چەن ساڵە بەبۆنەی ئەم کارانەوە ئەمنیە و جەنگەڵبانی لوولە سۆمپاکانیان ئەژمارد و بەرتیلیان ئەسەند. جگە لەوە ناو گەوڕ و ژێر خانیش ئەگەڕان، بۆ دۆزینەوەی دار و گەڵا. وە تەنانەت لە پەرژینی دێبەریش بیانویان ئەگرت و هەڕەشەیان ئەکرد تا گیفانەکانیان پڕ کردایە. ئەگەر بە بیانوو و هەڕەشەیش، شتێکیان دەس نەکەوتایەت، ئەمجا ئەکەوتنە پەروەندە درووس کردن بۆ دادگا. دادگایش یا جەریمەی ئەکرد یا زیندانی ئەبڕیوۆ. بەم لەونە دەرکەوت، دەوڵەت جگە لە درۆزنی زاڵمیشە. یانێ جەنگەڵ و بوورە لە میللەت زەوت ئەکات بۆ خارجی ە زۆردارە جاشەکان وە بەسەر ئەویشا بەرتیل و جەریمە و زیندانی داناوە بۆ گرۆی ڕەش و ڕووت. وا دیارە ئەگەر فرسەت بێنێ، خەوێ تری بۆ دیوین. ئەوەتە بازێ چاڵ ئای لە دەشتی مەریوان و خاومیراوا کەندوە وە جارێ هەر وا دایناوە، خوا بە خێری گەڕێنێ. بە پای لەمەو بەریا دیارە «ئەگەر ئەم بەڕوە بنێتە دەممان، ئازا قازانگێ گەۆرە ئەنێتە ژێر گوانمان». تا ئیسە پووڵ ئاومان نەئەدا. ئەوەتە کونێ تر بۆ ڕاو و ڕوت و دزی و فزی ئەکاتۆ و دەس ئەکا بە ئاو فرۆشتن پێمان.

لەوەدوایش ئەیەوێت شیرکەت زراعی و ئەو نەوعە شتانە درووس بکات، جا ئیتر ماڵ وێرانی هابە لای ئەوۆ. لە مەحال، شار وێران مەهاباد چەن ساڵ لەمەو پێش سێ شیرکەتی درووس کردوە. یانێ زەوییەکانی لە ڕەعیەت بڕیوە و کردوویە بە شیرکەت. ئیسە ڕەعیەتەکان زانیویانە بە ماڵ وێرانی خۆیان، ئالەم وەختا هەکە گڵۆڵەی دەوڵەت کەوتوەتە لێژی داوای زەویەکانیان ئەکەنۆ. بەخوا ئەم مارە زامدارە سەری پانۆ نەکرێ ئاخری ئەدات پێمانۆ. جا ئیسە بزانین کارەساتی ئەم هەراو بەزمە چیبوو؟ چۆن بوو، برا زیندانیەکانمان هاتنۆ بۆ ناومان؟ لە هەوەڵۆ وەختێکا خەڵکی بێلوو هاتن بۆ مەریوان، چوون بۆ لای فەرماندار و دادگا و پادگان. لەم پاڕیانۆ و لەو پاڕیانۆ، ئاخری لە پادگان وتیان، دوای دوو ڕۆژی تر جواب ئەدەنۆ. بەڵام دوای دوو ڕۆژەکە حیچ جوابیان نەدانۆ. ئاخری هاتن بۆ دادگا و وتیان هەر لێرا دائەنیشین و هەڵناسین تا براکانمان ئازاد ئەکەن. براڕۆ لەو هاشاوڵانە بازێ لە کاربەدەستەکان دادگوستەری هێنایان بۆمان! چەنێ ناونیتکەیان پیا وتین! چەنێ هەڕەشەیان کرد! تەنانەت ئەیانوت ئەگەر دادگوستەری چۆڵ نەکەن ئەنێرین پاسەوان و ئەمنیە بێت بەشەق دەرتان کات. بەخوا برا درۆ خاس نیە فرەمان ترسیاین و ناهۆمێد بووین. خوای هەقە بازێ لە کوڕەکان هەر گوێیان نەدا و پایان داگرت و وتیان ئیزرەم بیشمانکوژن هەر ناڕۆین. کورە ئەی ژنەکان بۆ نایەژی وەڵڵا پیاو کەتمان نەکا خاس سکاڵایان ئەکرد و گوێیان بە هەڕەشە و گوڕەشە نەئەدا. دوا ڕۆژیش هەر هاشاوڵیان ئەهاورد، بەڵام ئەوە بوو کوڕە شاری زۆرتر بوون وە لە سەرمان هاتنە جواو وە ئەوانیش نەختێ شل بوون. ئەمجارە کەوتنە قەسەم و دەس بە قورحانا دان کە بە دەس دادگوستەری مەریوان نیە و لە پایتەختۆ حوکم دراوە و هەتا شش مانگەکە تەواو نەکەن بەر نابن و ئەمە وا و ئەوە وا. دووهەم ڕۆژ بوو خەڵک مەریوان لە مزگەوت جامیعە کۆ بوونۆ و تەوبیریان کرد لە سەرمان بێنە جواب. ئەوە بوو دوا ڕۆژ تریا هێشتا دادگوستەری ملە جۆڕێی ئەکرد و ئەیانوت دادگوستەری سنە تەحتێڵ بووە و دادگوستەری مەریوانیش تەحتێڵ ئەوێ، بڕۆنە دەرۆ. بەڵام بە خۆمان و بە داسێرانیەکان و کوڕە شاریەکانۆ زۆرمان بۆ هێنان تا پەشیمان بوونۆ و هاتنە سەر ئەوە ئەوانیش یانێ کارمەندەکان دادگوستەری لە بەر ئێمە لە دادگوستەریا دابنیشن. ئالێرا بوو… بازێ لە ڕیش سپی و پیاوە مۆعتەبەرەکان مەریوان هاتن بۆ لای ڕەئیس دادگوستەری و وتیان ئەبێ ئەو پیاوانە ئازاد کریەن. ئەوە بوو ئیتر دادگوستەری مەریوان بەو گشتە زۆرۆ بۆی هاتبوو نەرم بوو. براڕۆ لە هەوەڵۆ چۆن بوون و لەوەدوا چەنێ نەرم بوون، وە تەنانەت کەوتنە سەر هێڵەکەی ئێمە. جا ئەگەر نەگبەتی بمانیگرتیایە و بەهاتاینە دەرۆ، وەڵڵا ئابڕوومان ئەچوو هیچێ، ئەم چوار برایشمانە ئازاد نەئەکران. دوای ئەم حەی و باسە بوو تەلگرافمان بە ئەملا و ئەلادا کرد و دوو کەس مەریوانی لە گەڵ چەن برای بێلوویی چوون بۆ سنە. ئیتر چەرمەسەرێ و هاتوو چووی ئەوانیش با بێسێ. جگە لەوە ئەوە بوو بازاڕی مەریوانیش خانەیان ئاوا بە پشتیوانی ئێمەوۆ دووکانەکانیان داخست. لە دوای ئەمانە گشتی هێشتا ڕەئیس و مەییس گوێی خۆیان لێ خنیبوو، وە تەنانەت جوابیشیان کردین. بەرلەم جواو کردنە گەرەکیان بوو بە لارەملێ بڕۆین و دەس لە جەنگەڵبانی ڕاکێشین با ڕەزایەتمان پێبدات، تا حەبس براکانمان بێ بە دوو مانگ. ئێمە ئەم مل کەجیمانە قەبووڵ نەکرد. دوای ئەوە لە سنە جوابیان کردین درۆ فاییدەی نیە بازێکمان ناهومێد بووین. ئەم دەس و ئەو دەس بوو چیبکەین و چی نەکەین، یەکێ ئەیوت پیاوەکان لە سنە هاتنۆ بڕۆینۆ، بازێ ئەیانوت نەوەڵا تا بەهاریش دائەنیشین و ناڕۆینۆ. بازێکیش ئەیانوت نەوەڵا برا بەزمەکەی بۆ بگۆڕین. قسەی ئیزراب هاتە ناو، ئەم دیو و ئەو دیومان پێ کرد. یەکێ ئەیوت براڕۆ بەخوا یەک ژەم نان نەخۆم ئەمرم! یەکێ ئەیوت ئیزراب کەین بێلوویی بەوناو ئەبێ و با ئەمە لە ئێمەوۆ دانەکەوێ. ئاخری هاتینە سەر ئەوە، ئەوانە کە بە خۆیانا ئەپەرمنۆ و ساق و سڵامەتن لەگەڵ کوڕ و کچە شاریەکانا بەزمەکەی بۆ بگۆڕن و نیەت لە گشت چتێ بێرن. ئەوە بوو لە ڕۆژ چوار شەممەوۆ کە بیست ڕۆژ لە زمسان لایدابوو بازێ لە خۆمان بە ژن و پیاو و لەگەڵ خوشک و برا شاریەکانمانا نیەتمان لە گشت چتێ هاورد، بێجگە لە ڕۆژێ سێ چایی شیرین. ئای لەم کارە چەنێ مەترسی خستە ناومان! بازێ ئەیانوت ئەمرین! یەکێ ئەیوت ئەگەر کەسێ چتێکی پێ بێت، ئاوڕوو چونەکەی بۆ ئێمە ئەمێنێتۆ! بڕێک ئەیانوت باوک و دایک ئەم شارییانە درگامان پێ ئەگرن! بڕێکیش خوای هەقە مێشێک مێوانیان نەبوو، هەر پشکیلانیان ئەکرد و گۆرانیان ئەوت. برا بۆ ئەم بیرە بیرەیە خەتامان نەبوو، بەسەرمان نەهاتبوو، نەمان ئەزانی هەر ئەم بەزمە چۆن دەنگ و باسەکەی ئێمەی زۆرتر ئەزڕێنی و ئەیخاتە ڕۆزنامچە و ڕادوێ.

هەر ئەویشە بوو کوڕە سنەیی ئازا و لێهاتوویی هەڵنا شەو لە مزگەوتەکان بانگەوازیان کرد بۆمان و دوا ڕۆژیا خۆیشیان لە مزگەوت جامێعەیا خیشیان کرد بۆمان. تەنانەت ئیدارەکانیش کاغەزێکیان دەرکرد و هەڕەشەیان کرد ئەگەر بێلووییەکان بەر نەدرێن ئێمەیش مان ئەگرین و ناچینە ئیدارە. ئائەوە بوو ئەم کارەساتە سنەیشی شڵەژاند و زۆری هاورد بۆ دەوڵەت. خانەی سنەییە ئازاکان ئاوا کە بەم چەشنە لەسەرمان هاتنە جواو. هەرچەنێ ئەوان ئازا بوون بازێ بێ ئینساف و دین فرۆش و بە زاهیر موسوڵمان و گوێ لە مشت مالک، کاغەزێکیان دەرکرد کە قەزایای بێلووییەکان شەڕ ناوخۆیانە و حەقێکی بەسەر هەوڵ و پڵای خەڵکی ئێرانۆ نیە وە خیش کردنیش بۆ ئەوان نکوول ئەدا بەم هەرا و بەزم و هەوڵ و تەقالا کە لە ناو موسوڵمانانا دەستی پێ کردوە. وەکوو شتێ ئێمە موسوڵمان نین! ڕووسین! گاورین! یان داسمین! وای دانێین بێلووییش هەر موسوڵمان نەبن و زۆڵمیشیان لێ نەچووبێ. ئەی گشت خەڵک دێهات دەور و بەر مەریوان و خەڵک شار مەریوان چی؟ وا لەسەر ئێمە هاتنە جواو. ئەو قسانە کە ئەو بێ ئینسافانە خستیانە کاغەز و کوتایان وە دیوارا، فیکە کێشانێ بوو لە مەریوانی و سنەییە ئازاکان. کلکە لەقەیێک بوو بە دەور جاشەکانا. بەڵام لە سایەی یەکیەتی مەریوانی و سنەییۆ خۆیان تڕۆ بوون و فیکەیان لێ کێشیا. داخم ئەو داخە لە لایەکۆ ئەڵێن موسوڵمانین و لەو لاکەیشۆ ئەقیڕێنن «ئەی کرێکاری بەش خوراو، ئەی جووتیاری تاڵان کراو، ئەی خوێندەواری دەم بەسراو». جا تەماشا کەن، ئەم قسە لە کوێ و کاغەز پای دیوارەکان لە کوێ! هەرچێ بوو ئەم کارەساتە چەند شتی دەرخست بۆمان: یەکەم، پیاو لە پای حەقیا وە تاقە باڵ حیچی پێ ناکرێ. ئەوەسە ئەگەر ماڵ و لای بێلوو پێکەوە لەسەر ئەو چوار زیندانیە نەهاتبایەنە جواو کەی وە مراو خۆیان ئەگەیین! دووهەم، پاڕانەوە و شفا و لاڵە لە زاڵم بایی پەناوایە ناهێنێ. ئەی ئەوە نەبوو لە پادگان و فەرمانداری و دادگا گوێیان نەداینێ؟ سێهەم، نابێ لە هەڕەشە و گوڕەشەی ئیدارە بترسین و ناهومێد بین. وەک قەزایاتەکەی هەوەڵی دادگوستەری. چوارەم، ئەگەر پیاو لە پێی حەقی خۆیا بوێسێ و نەترسێ و ناهومێد نەبێ، نەختە نەختە ئەم و ئەویش لەسەری تێنە جواو و لەسەری ئەکەنۆ و هەر لە پەسادا بەهێزتر ئەبێ. ئەی ئەوە نەبوو ئێمە، عانێکا گشتمان بەیەکۆ گوێمان بە هەڕەشە و گوڕەشە نەدا و وردە وردە لە لایەکۆ شاریەکان زۆرتر ئەهاتن بۆ لامان و یارمەتیان ئەداین، وە لەو لاکەی تریشۆ لە دێهاتەکانۆ هاتن بۆ لامان و یارمەتیان داین. با هەر لێرا ماڵئاوایی بکەین لە خەڵکی دێهاتی داسێران و تەرخان ئاوا و یەنگیجە و سێفی ژوورو و سێفی خواروو و مەحمەیەو و کانی میران و بەردەڕەشە و ساوجی و سەرنژمار و چۆڕ و نەنە و مڕگ و گوێزەکوێرە و نژمار و کەڵەوێنجە و چاوگ و باشماخ. بەبۆنەی ئەو گشتە هاوماڵی برایەتیۆ لە حەنای ئێمەیا کردیان. پێنجەم، بەشوێن ئەمانەیشا ئەگەر گیر و گرفتە بە بەزمێ نەکریاوۆ، نابێ ناهومێد بین وە ئەشێ بەیەکۆ ڕاوێژ کەین و دڵەورکێ و مەترسی بنینە لاوە و بەزمی لێ بگۆڕین. ئەی ئەوە نەبوو، هەوەڵ پاڕاینۆ فاییدەی نەبوو؟ لەوەدوا خیشمان کرد، هێشتا گوێیان نەدا پێمان وە جوابیان کردین. ئاخری ئەم بەزمیشمانە گۆڕا و ئیزرابمان کرد. بەخوا برا ئەم بەزمە «دڕکی نا وە بن کلکیانۆ». لە لایەکۆ دوکتور هات، موعایەنەی ئەکرد. ماڵیان ئاوا ئەمانیش کارەکەیان بەش بە حاڵ خۆیان دڕی و وتیان وە دادگوستەری ئەمانە پەکیان کەوتووە و تێنە ملتان. جا ئیتەر لەوەدوا ئەوان ملیان دانەواند و کەوتنە شفا و لاڵە و وتیان سێ ڕۆژ، یان دوو ڕۆژ، یان دەسکەم ڕۆژێک لێمان بخایەنێن تا زیندانیەکانمان بەر بدەین. بەڵام ئێمە هەر پامان داگرت و ئاخری بە قەوڵیان کردین. وەلێ برا ئەمەیشە بزانین، هەر گیر و گرفتێک بەزمێکی ئەوێ. ئەی ئەوە نیە زەوی لالێژ بە باریکا ئەدێریێ و بەڵام دەشت وە گوڕئاو! یان تەڕک بە تەورداس ئەبڕیێ و کۆتە وە تەور! هەروەها ئێمە وە خیش کردن و ئیزراب زیندانیەکانمان بەردرا. بەڵام داسێرانی و سێفی وە زۆر زەوییەکان خۆیان سەندۆ. شەشەم، وەختێکا خەڵکی ئاوا یەک بگرن و پشت بداتە پشت یەکۆ و بەزمەکانیشی بۆ بگۆڕێ، ئاخریشی سەر ئەکەون. ئەی ڕەحمەت لە قەور ئەو شاعێرە، ئەڵێت: «ئەگەر یەک بین و یەک بگرین/لەگەڵ یەکدا بژین و بمرین/زاڵ دەبین و سەردەکەوین/بەرز دەبین و نانەوین». جگە لەمانە، ئەم کارەساتە چاو و گوێی گشتمانی کردۆ و ئەو درۆ و دەلەسانەی کە ئەمنیە و جاشەکان ئەیانکرد، دەرکەوت. ئەوە بوو، ئەمنیە و جاشەکان ئەیانوت ئەم هەرا هەرایە لە شار خراپە و شاری قینیانە لە دێهاتی و هەزار قسەی قۆڕیتر!

بەڵام خوا حەقە، بە چاو خۆمان دیمان ئەوە گشتی درۆ و زۆڵی بوو. بۆ ئەوە بەین دێهاتی و شاری بدەن بەیەکا و ئەوان هەر وەکوو لەمەو پێش، هەر زاڵم و ئاغا بن. ئەر هۆ زاڵم! ئەگەر کەڕەتێ بمخڵەتێنی، خوا بووگرێت! بەڵام ئەگەر کەڕەتێ تریش بمخڵەتێنی، خوا خۆم بگرێ! جا چی بکەین، تا ئیتر نەمانخڵەتێنن؟ ئەشێ، بازێ ناکۆکی و ئاژاوە کە تا ئیسە لە بەین خۆمانا بووە، بینینە لاوە. لەمەوبەر لەسەر نۆرە ئاو و لەسەر ژن و مناڵ، زیان کردن، نۆبە ڕان، قەومە قەومانێ، هۆز ئەم و هۆز ئەو وە هەزار وردە حەساوتر، شەڕ و ئاژاوە ئەبوو. کورە ماڵوو نەڕمێ، بازێ وەخت تەنانەت لە هەڵپەڕکێیا، بەین ئەم دێ و ئەو دێ ئەبوو بە قینەبەرێ و شان لێدان و دڵ ناڕەحەتی. جا ئیتر جاش و فیتنە و ئەمنیەییش، «ناخوونەکڕێ شەڕ هەڵگڕێ» یان ئەکرد تا بیانکێشن بۆ پاسگا و لە هەردوو لا ڕیشوەت بسێنن. ئیتر گێرەوکێشەی پاسگا و دادگایش بەجێی خۆی. بەخوا برا حەیفە دوای ئەم یەکیەتی و هاوماڵیە، ئیتر تازە بە بۆنەی وردە حەساو لەمەوبەر دڵ لە یەک پیس کەین و هەر «کای کۆن وە با کەین». تەماشای «سێفی» کەین چۆن دەستیان داوە بە دەس یەکۆ و پشتی داگیرکەر و زاڵمیان شکاند. «جووت بەنە» و «سیاهی» بە هاوبەشی و هاوماڵی زەوی و زارە زەوت کراوەکانیان داگیر کردۆ. گشتمان ئەزانین لە دەورەی مالکا لە «سیاهی» زۆر فرەتر ئەکریا، وەکوو بێگاری، جەژنانە، سوورانە و هەزار ئەلەم و قەلەم تر. لە جووت بەنەیش هەر ئەم زووڵمانە ئەکریا، بەڵام ئەگەر «جووت بەنە» لە پای زەویەکەیا بوو، هین سیاهی لە پای چیا بوو؟ سیاهی فەقیر، تەنیا ئاو دێکەی ئەخواردۆ. ئەو گشتە زووڵم و زۆریشەی لێ ئەکرا. جا ئیسە کە تۆڵە لە زاڵم ئەسنیێ، حەقی خۆیەتی سیاهیش بەشی خۆی دەس کەوێ و زەوی پێ بدرێ. ئەنا زاڵم دووبەرەکایەتی ئەخاتە بەین سیاهی و جووت بەنە وە بە دەس ئەمیان، ماڵیان ئەویان وێران ئەکا. وە فورسەتیشی بۆ کەوت، وەکوو لەمەوبەر بەر ئەبێتە گیان هەر دوو لا…

خەڵک جەمۆ بوون و تەکبیریان کرد. ئائەم تەکبیرانە: یەکەم، شیوایی نابێ لە حەوت هەزار تمەن زیاتر بێت. دووهەم، نرخی کرێ ماشین بۆ شار هەکە لەمەوبەر ساحێب ماشین بێ ئینسافانە داینابوو هەرزان کرد. سێهەم، نرخ تراکتۆریان بۆ جووت کردن کەمۆ کرد. چوارەم، تەکبیریان کرد لەمەولا هەر دڵ ئێشان و ناکۆکیەک لە ناو خۆیانا هاتۆ بەرۆ نەچن بۆ پاسگا وە خۆیان بە هاوماڵی و برایەتی، چارەسەری بکەن. پێنجەم، ئاشێکیان بوو مزەی فرەی ئەسەند، «مزە» ئاشیشیان کەمۆ کرد. جگە لەمانە بە شەوا لە مزگەوتا جەمۆ ئەبن وە لە گیر و گرفت دێکەیان تەکبیر ئەکەن. وە چەند نەفەر لە خۆیان، هەکە دەست و دڵپاک و بە ئینسافن، هەڵبژاردووە بۆ ئەوە تەکبیرەکانیان ببەن بە ڕێوە. ئەوەسە لە بێسارانیش لە ناوچەی ژاوەرۆ، خەڵکەکە هەروەها جەمۆ بوون و تەکبیر خۆیان کردوە. بەخوا برا ئەگەر هەر بە قسە بڵێین یەکیەتی باشە، بایی پەنابایە نابێ. ئەشێ ئێمەیش لە هەموو جێگایە، وەکوو داسێران، بێلوو، سێف، بەردەڕەشە و دێهاتەکان تر جەمۆ بووین وە تەکبیر و ڕاوێژ خۆمان بکەین. بە قسەی قەدیمی «هەر مەردێ بەردێ». یان هەر کەسێ لە حەنای خۆیۆ وەکوو قارچک سەر هەڵتۆقێنێ. وە ئیتر نەیەڵین بمانخڵەتێنن. ئەوەتە ئەمنیە چووە بە دێهاتا و وتوویە دەوڵەت گۆڕاوە و باش بووە، بڕۆن بۆ پاسگا و هەر شتێکتان ئەوێ وەکوو ئاو و بەرق و حمام، داوا کەن پێتان ئەدرێت. یان وتوویانە هەر کەسێ ببێ بە جاش، مانگێ دوو هەزار تمەنی پێ ئەدەن. جا تەماشای ئەو زۆڵیە کە، ئەوەندە لە شارەکانا بەو گشتە سکاڵا و تەزاهورات و شەهیدانەوە کە دایان، هێشتا زۆر لە گەڕەکەکان ئاو و بەرقیان نیە، تەنانەت پایتەختیش ئاو و بەرقی کەمە، ئیسە چۆن بوو ئازا کەوتنە بیر دێهاتی و ئاو و بەرق بە گشتیان ئەدەن؟! جا خۆ درۆ پارەی پێ نادرێ! بەڵام ئیتر ناخڵەتین. جاشیەتیش دەورەی بەسەر چوو. چوونکا ئەو کەسە کە ئەبێ بە جاش یا خۆی بە کوشت ئەدا وە یان شاری و دێهاتی بێ تاوان ئەکوژێ. وەکوو جاشە قەڵغانیەکان هەکە «برای» بێ تاوان…

بژی خەڵکی ئازای شاری مەریوان و سنە! بژی یەکیەتی شار و دێ! سڵاو بۆ شەهیدانی ئێران کە لە ڕێی خەڵکا بوون بە قوربانی! سڵاو بۆ شەهیدی نەمر و ڕۆڵەی زەحمەتکێشمان «کاکە حەمەی تاڵەوەرانی»! بڕووخێ زاڵم و خوێن مژ! بڕووخێ حکوومەتی بەکرێ گیراو و دووژمن بە زەحمەتکێش!