ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕ، شارەداری مەریوان بە مەبەستی سووتاندنی چرپی و چاڵی دروستبوو لە هەرەسی دارەکان، لە نزیک “قەڵای مەریوان” ئاگرێکی کردبووەوە کە دواتر ئاگرەکە بەرەو دەوروبەر پەرەی سەند. بەهۆی پەرەسەندنی ئاگرەکە و لە کۆنترۆڵ دەرچوونی، نزیک بە حەوت هێکتار لە دارستانەکانی دەوروبەری شوێنەکە لە ئاگردا سووتاون.
هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن: “شارەداری زەحمەتی ئەوەندە بەخۆی نادات کە چەند دیوارێک کە هەزینەیەکی ئەوتۆشی نییە بە دەوری شوێنەکەدا بکێشێت بۆ ئەوەی ئاگرەکە بەرەو دەوروبەر تەشەنە نەکات”.
پێشتریش ڕۆژی ٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەو شوێنە و لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا ئاگر لە دارستانەکانی ئەو شوێنە بەرببوو و زیانی بە ژینگەی دەوروبەر گەیاند.
زۆربەی دەزگا و ئیداراتی سەر بە ڕژیم لە کوردستان، بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانیان ژینگە بەکار دێنن و بەو بۆنەوە ساڵانە زەرەر و زیانێکی زۆر بە ژینگە دەگەیەنن و تێکچوونی ژینگەیان بۆ گرینگ نییە.