
لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی بەدوای شەپۆلی نوێی ڕاپەڕینی جەماوەری کە لە حەوتی بەفرانبارەوە دەستی پێکرد و ئەو جنایەت و کۆمەڵکوژییەی لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار ئەنجامی دا، لە هەموو لایەکەوە کەوتۆتە تەنگانە و ئاستەنگەوە، سپای پاسداران واتە گەورەترین دەزگای سەرکوت و جنایەتی ئەم ڕژیمە، لەلایەن یەکێتیی ئورووپاوە خرایە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندان، نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک و بە ٥٦٢ دەنگی بەڵێ لە بەرانبەر تەنیا ٩ دەنگی نەخێر، داوایان لە ئەنجومەنی یەکێتیی ئورووپا کرد کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بخاتە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی خۆیەوە. بەدوای ئەوەدا ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕێبەندان وەزیرانی دەرەوەی ٢٧ وڵاتی ئەم یەکێتییە لە بڕۆکسێل، بە کۆدەنگی و تێکڕای دەنگ، سپای پاسدارانیان خستە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی جیهانەوە. هەڵبەت لە بڕیارنامەی نوێنەرانی پارلمانی ئورووپادا، وێڕای ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، کوشتار و ئێعدامی هەزاران کەس و دەسبەسەرکردنی دەیان هەزار کەس لە جەماوەری ناڕازی لەلایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە مەحکووم کرا و خوازیاری ڕاگرتنی ئێعدامەکان و ئازادیی بێ مەرجی هەموو دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان بوون.
لە ڕەوتی ئاخێزی سەرانسەریی ئەم دواییەی جەماوەردا، کە تەنیا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە هەڵاوسان و گرانی، هەژاری و برسیەتی، هەڵاواردن و نایەکسانییەکان ڕژابوونە سەر شەقامەکان، لەلایەن دەزگای سەرکوتی حکوومەتی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامییەوە، بەرەوڕووی کوشتار و کۆمەڵکوژی بوونەوە. ئەم جنایەتە ئەوەندە سامناک و بەرین بوو کە سەرەڕای پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران، زۆر بە خێرایی دەنگدانەوەی جیهانی پەیدا کرد و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بەرەوڕووی شەپۆلێکی تازە لە نەفرەت و بێزاریی گشتی لە ئاستی جیهاندا کردەوە. بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بەم جنایەتەی ڕژیمی ئیسلامی، دەیان هەزار کەس لە وڵاتانی ئورووپایی دەستیان دایە خۆپێشاندان و ڕێپێوان کە هێشتاش بەردەوامە. گوشاری بیروڕای گشتی، دەوڵەتانی یەکێتیی ئورووپای ناچار بە کاردانەوە کرد و لە هەنگاوێکدا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییان خستە لیستی تێرۆری خۆیانەوە. هەڵبەت بە وتەی کاربەدەستانی ئەم یەکێتییە، بنبەست و بێئاکام مانەوەی وتووێژەکانی پێشوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاریی ڕژیم لەگەڵ ڕووسیا لە شەڕی ئۆکراین و کردەوە تێرۆریستییەکانی چەند دەیەی ڕابردووی ڕژیمی ئیسلامی لە ئورووپا، کاریگەرییان لەسەر بڕیاری ئەم دەوڵەتانە هەبووە.
“کایا کالاس”، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئورووپا، ڕۆژی پێنجشەممە و دوای خستنەلیستی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: “ئێمە بە سەرنجدان بە ڕەفتارە تێرۆریستییەکان، سپای پاسدارانمان لە ڕیز و ڕادەی تۆڕی ئەلقاعیدە و داعش داناوە. پەیامی ئێمە بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە سەرکوتی خەڵک بێ وەڵام نامێنێتەوە و تێچووی دەبێت”. یەکێتیی ئورووپا هەر ئەو ڕۆژە پاکێجێکی گەمارۆی دیکەی پەسەند کرد کە بریتی بوو لە سزادانی ٦ دامەزراوە و ١٥ کەسایەتی لەوانە وەزیری ناوخۆ، داواکاری گشتی و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سپا و ئەرتەش بەهۆی بەشداریکردن لە کۆمەڵکوژی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ.
لەگەڵ ئەوەشدا، کالاس ئەگەری وتووێژ و سازش و سات و سەودای لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە دوور نەزانی و ڕایگەیاند کە ئەمە بە واتای پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان نییە. جێی ئاماژەیە کە پێش یەکێتیی ئورووپا، ژمارەیەک دەوڵەتی دیکە لەوانە ئەمریکا، هێند، کەنەدا، ئوسترالیا، سوید، عەرەبستانی سعوودی و بەحرەین، سپای پاسدارانیان خستبووە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی خۆیانەوە.
بەڵام لە کاردانەوە بەم هەنگاوەی یەکێتیی ئورووپا، عەباس عێراقچی لە پەیامێکدا هەڕەشەی لە دەوڵەتانی ئەم یەکێتییە کرد کە: “لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا، ئورووپا خۆی بە شێوەیەکی بەربڵاو تووشی ئاکامەکانی دەبێت”. خستنەلیستی سپای پاسداران لەلایەن یەکێتیی ئورووپاوە لە کاتێکدایە کە سێ زلهێزی ئورووپایی ئەندامی بەرجام لە مانگی ڕەزبەری ڕابردوودا بە کاراکردنەوەی “میکانیزمی ماشە”، هەموو گەمارۆ هەڵوەشاوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دژ بە کۆماری ئیسلامی گەڕاندەوە. بەڵام خستنەلیستی سپای پاسداران کە زیاتر لە ٧٠٪ی ئابووریی ئێرانی قۆرخ کردووە؛ دەستی لە کڕین و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکاندا هەیە؛ بەرپرسی دروستکردن و پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامییە و ناوەندی ڕێبەرییەکەی بڕیاردەری سەرەکییە لە داڕشتنی سیاسەتە ستراتیژییەکان و ئیدارەکردنی حکوومەتی ئیسلامیدا، بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زەربەیەکی سیاسیی گەورەی نێونەتەوەییە و لێکەوتەی زۆری بەدواوە دەبێت. بەم کارە لەمەودوا سپای پاسداران وەک ماشێنی جەنگ و کوشتاری کۆماری ئیسلامی لە ڕیزی داعش، حیزبوڵڵا، حەشدی شەعبی و ئەوانی تر دادەنرێت و هەمان یاساکانیان بەسەردا دەسەپێت.
لە ئاکامەکانی خستنی سپای پاسداران لە نێو لیستی تێرۆری یەکێتیی ئورووپا، دەتوانین ئاماژە بەم چەند نموونەیە بکەین: دەستبەسەرداگرتن و بلۆکەکرنی دارایی و سەرچاوە ماڵییەکانی سپا و کۆمپانیا و دامەزراوە وابەستەکانی؛ قەدەغەکردنی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی بانکەکان و کۆمپانیاکان و دەوڵەتانی یەکێتیی ئورووپا لەگەڵ پڕۆژە ماڵی و تسلیحاتییەکانی سپا، قەدەغەی هاتنی ئەندامانی سپا و کەسانی پەیوەندیدار بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئورووپا و خستنەژێر چاودێری و لێپرسینەوە و سەپاندنی سزای قورس بۆسەر کۆمپانیا و دامەزراوە هاوکارەکانیان لە هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئورووپا. جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە بۆ گشت دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتییەکە حەتمی و ئیلزامییە.
بەڵام یەکێتیی ئورووپا لە کاتێکدا سپای پاسداران دەخاتە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە کە دەوڵەتانی ئەندامی ئەم یەکێتییە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە سازش و سەودا و مامەڵە لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، نەک هەر ڕێگرییان لە کردەوە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە وڵاتەکانیان نەکرد، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا لەبەر بەرژەوەندیی ئابووری، یارمەتیی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییان داوە و گەڕاندوویاننەتەوە بۆ ئێران. گەیاندنی جەعفەر سەحراروودی و تیمەکەی دوای تێرۆری قاسملوو، ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەی ڤییەن لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران؛ ئازادیی ئەنیس نەقاش تێرۆریست و بکوژی شاپوور بەختیار لە فەرەنسا؛ ئازادکردنی کازم دارابی و تیمەکەی کە ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان بوون و تێرۆری ڕێستۆرانی میکۆنۆسیان لە ئاڵمان ئەنجام دا و هەروەها ئازادی و ڕادەستکردنەوەی حەمید نووری کە بە تاوانی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی لە دەیەی ٦٠دا مەحکووم کرابوو، چەند نموونەیەک لەم باجدان و سازشانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوون کە سپای پاسدارانیان لە درێژەدان بە کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆی هارتر و بێباکتر کرد.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، تێخستنی سوپای پاسداران لە لیستی هێزە تێرۆریستییەکانی یەکێتیی ئورووپا و سەپاندنی گوشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لەلایەن دەوڵەتانی ئورووپاییەوە، نیشانەی لاوازبوونی زیاتری پێگەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کۆتایی هاتنی تەمەنی پڕ لە جنایەتیەتی.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە