سکاڵای بەندکراوانی زیندانی ئێڤین دژبە سەرۆکی ئەم زیندانە
چوارشەممە ۲۶-۰۶-۱۴۰۴   |  17-09-2025

ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسی زیندانی ئێڤین، بەهۆی دزرانی کەلوپەلە کەسییەکانیان بەدوای ڕاگوێزرانیان بۆ زیندانی تارانی گەورە، سکاڵایان لەدژی “هێدایەتوڵڵا فەرزادی” سەرۆکی زیندانی ئێڤین لە ناوەندەکانی دادوەری تۆمار کردووە.
ئەم بەندکراوانە دەڵێن: بەدوای بۆمبارانی زیندانی ئێڤین و ڕاگوێزرانیان بۆ زیندانی تارانی گەورە، کەلوپەلەکانیان دزراوە و هێدایەتوڵڵا فەرزادی بەرپرسی ئەم دزرانەیە. شایانی باسە، هەتا ئێستا پێنج سکاڵای فەرمی لە لایەن بەندکراوانی سیاسی لەوانە “شەهریار بەرائەتی، مورتێزا پەروین، میریووسف یونسی، ئەمیرحسێن مورادی و محەممەد ئۆجاقلو” لەدژی فەرزادی تۆمار کراوە و بەندکراوەکانی دیکەش، خەریکی نووسینی سکاڵای خۆیانن.