فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سۆسیالیسم تاکە بەدیلی ڕزگاری لەو بەربەریزمەی کە بەسەر جیهاندا زاڵە!
پێنجشەممە ۰۱-۰۲-۱۴۰۱   |  21-04-2022

ئەوەیکە لە هەمووان زیاتر بە سیمای جیهانەوە بەدی دەکرێت، ئەو قەیرانە ئاڵۆزانەن کە هاوکات لە ئارا دان. هێشتا جیهان لە قەیرانی کۆرۆنا و دواهاتەکانی ڕزگاری نەببوو کە شەڕ لە ئۆکراین، بوو بە دڕندەترین بەیانی کێبەرکێی لایەنە ئیمپریالیستییەکان. ئێستا ئیتر “کۆتایی مێژوو” و “هەتاهەتایی سەرمایەداری” لەجاڕ نادرێت. دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری کە قەرارە بیروڕای گشتیی جیهان بە قازانجی ئەم یان ئەو لایەنی کێشمەکێش لە ئۆکراین ڕێک بخەن، بە دوایین کەرەستەی میدیاییەوە هاتوونەتە مەیدان. بە سەختی دەکرێت وێنەی ڕاستەقینە و وێنەی درۆ لەژێر کێوی تەبلیغات و پڕوپاگەندەدا لێک جیا بکرێتەوە.

سەرەڕای ئەو هەمووە تەبلیغاتە کەڕکەرانە، شتێک کە ناکرێت بشاردرێتەوە ئەوەیە کە لانیکەم لە نیو سەدەی ڕابردووەوە جیهان لەگەڵ وەها بێ سەرەوبەرەیی و نائارامییەک بەرەوڕوو نەبووەتەوە. شەڕی نیابەتی، کودتای خوێناویی وەک کودتای نیزامییان لە میانمار، سوودان و مالی، هەوڵی ئەمریکا بۆ بەرزکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی لایەنگری ڕۆژاوا لە هێندێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین دژبە دەوڵەتانی چەپگەرا، قەیرانی کۆرۆنا، خێرایی لەناوچوونی ژینگە و سەرەنجام هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، ئامادەکاریی ناتۆ و توندبوونەوەی کێبەرکێی تەسلیحاتی و مەترسیی شەڕی گەورەتر تەنیا بەشێک لە سیمای جیهانی سەردەمە لە ساڵەکانی دەستپێکی دەیەی سێهەمی سەدەی ٢١دا.

لە هەموو شوێنێک وا نیشان دەدرێت کە گۆیا هەموو ئەو نەهامەتییانەی کە گشت جوگرافیای جیهانیان گرتووەتەوە بە هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین دەستی پێکردووە. میدیا ئیمپریالیستییەکان هەوڵ دەدەن کە خەڵکی جیهان ئەم تەزویر و ڕیاکارییە ئاشکرایە وەک حەقیقەتی موتڵەق قەبووڵ بکەن. لەناو هەموو ئەم هەرواوهوریایەدا دەبێت هەمووان باوەڕ بکەن کە هێرش بۆسەر سووریە لە دیفاع لە ئازادی و دژبە دیکتاتۆری ڕژیمی ئەسەد بووە. هێرش بۆسەر عێراق بۆ لەناوبردنی چەکی کوشتاری بەکۆمەڵی ڕژیمی بەعسی سەدام بووە  کە هەڵبەت هیچکاتیش نەدۆزراوە. وێران کردنی ئەفغانستان “شەڕ لەدژی تیرۆریسم و بۆ ئازادیی ژنان” بوو. لێکهەڵوەشاندنی گشت تانوپۆی لیبی، خەبات دژبە دیکتاتۆریی قەزافی بوو. ڕووداوەکانی ٢٠٠٥ و ٢٠١٤ لە ئۆکراین، گەڕاندنەوەی ئەم وڵاتە بەرەو “بایەخە ئەورووپاییەکان” بووە. هەڵبەت لە جەرگەی ئەم هەراوهوریایەدا، هەموو چەمکەکان لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەیان بەتاڵ دەکرێن. هەر شتێک کە لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندی لایەنێک هاوئاراستە بێت بەرز دەنرخرێت، ئەگینا هەر ناوێک کە پێیان خۆش بێت لەسەری دادەنێن. ئۆلیگارشییەکان لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات بەم یان بەو لایەن پەیوەست دەبن و ئەم جارەیان لە خزمەت ئەم یان ئەو لایەندا، ڕژیمە دڵخوازەکانی خۆیان پێک دێنن.

لەم شانۆ یەکجار کۆنەپەرستانەیەدا کە گۆیا هەموو ڕووداوەکان بێ پێشەکی و بێ مێژوو شکڵ دەگرن، ئەوەیکە ون دەبێت ماهییەت و جەوهەری ئەم ڕووداوانەیە. هەموو چینەکان، هەموو بزووتنەوەکان و هەموو هێزە کۆنەپەرستەکان لە چوارچێوەی ئەم بەناو ڕووداوە لەناکاوانەدا، لە دیدەکان دەشاردرێنەوە. هەموو شتێک دەبێت بکەوێتە خزمەت کێبەرکێی جەمسەرە جیهانییەکانەوە. بەڵام ئەم کێبەرکێیانەی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری و ئیمپریالیستیی جیهان، بە خستنەگەڕی تێچووی بەرین و سەرسوورهێنەر لە هەر دووک لاوە و بە ئامانجی تازەکردنەوەی دابەشکاریی جیهان و پەرەپێدانی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵ و چەوساندنەوە و تاڵانی سەروەت و سەرچاوە و هێزی کاری هەرزانتری باقیی وڵاتان ئەنجام دەدرێت. ئاکامی ئەم شەڕ و کێبەرکێیانە کەڵەکرانی زیاتری سەرمایە لەناو دەستی ژمارەیەکی کەم و بەرەو هەژاری بردنی زیاتری ملیاردها کەس لە جەماوەری بێبەشی جیهانە.

تەبلیغاتی کەڕکەری میدیای ڕۆژاوا کە گۆیا شەڕی ئۆکراین “شەڕی نێوان دیمۆکراسی و دیکتاتۆرییە” هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە. ئەگەر لە لایەکەوە ناسیۆنالیسمی پاوانخوازی ڕووسیە ڕاوەستاوە، لە لایەکەی دیکەوە لانیکەم لە سەردەمی بەناو “شۆڕشی مەیدان”ەوە فاشیستەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان لەناو دەوڵەت، ئەرتەش و دەزگای ئیداریی ئۆکرایندا هەبووە. لەبیرمان نەچووەتەوە کە لە دەوڵەتی دوای بەناو “شۆڕشی مەیدان”دا سێ کەس لە وەزیران، جێگری سەرۆک کۆمار و دادستانی گشتی لە فاشیستە بەناوبانگەکان بوون. هەر ئەوانەی کە هەموو ساڵێ لەدایکبوونی ڕێبەری فاشیستەکانی ئۆکراین لە شەڕی جیهانیی دووهەم واتە “باندێرا” جێژن دەگرن و پەیکەرەکانی لە چەند مەیدانی شاردا دەبیندرێت. ئەوان بەرپرسی هێرش بۆسەر یەکیەتیی کرێکاران و ئاگرتێبەردانی لە ئودێسا بوون کە تێیدا دەیان کەس گیانیان لەدەست دا. هەر ئەوانە لەئێستادا لەژێرناوی “باتلیۆن ئازۆف” ڕۆڵێکی تایبەتیان لە ئەرتەشدا هەیە و بەرپرسی گەمارۆدان و کوژرانی هەزاران کەس لە خەڵکی دونباس لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەرەو ئەملان.

لەم شەڕەدا ئەوە تەنیا خەڵکی ئۆکراین نییە کە لە پانتایی ملیۆنیدا ئاوارە دەبن. دواهاتەکانی ئەم شەڕە هەموو سنوورەکانی جوگرافیای جیهان وەپشت سەر دەنێت. بۆنی گەنیوی “ڕاسیسم” و “وەتەن پەرستی” لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەیەکی ئازاردەر هەستی پێ دەکرێت. تەوەرۆم، چوونەسەرەوەی نرخی پێداویستییەکان بەر لە هەمووان گەرووی ملیاردها مرۆڤ دەگوشێت کە تەنانەت لە جەرگەی ئەم شەڕ و کێشمەکێشانەشدا دەبێت بۆ تیکە نانێک بەشەڕ بێن.

سندووقی نێونەتەوەیی پارە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە هەر چوونەسەرەوەیەکی یەک لەسەدیی نرخی کاڵاکان، زیاتر لە دە ملیۆن کەس لە دانیشتووانی زەوی بەرەو هەژاری دەبات. هەموو ئەو ئامار و داتایانەی کە لەپێوەند لەگەڵ گەشەی ئابووریی جیهانی و یان سەبارەت بە بەهێزترین وڵاتانی جیهان ڕادەگەیەندران، لەماوەی چەند مانگدا ئاسەواریان نەما و لەناوچوون. زیاتر لە هەمووان ئەوە خەڵکی وڵاتانی دەوروبەر بوون کە بوون بە قوربانی.

هەواڵەکان باسی ئەوەیان کرد کە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ئاوریل، گەورەشاری ئەستەنبوڵ لە تورکییە، شایەدی خۆپیشاندان “بەشێوەی سوننەتی” بە قابڵەمە و تاوە لە ناڕەزایەتی بە گرانبوونی کاڵاکان و هەزینەی لەسەرێی خزمەتگوزاری بەهۆی تەوەرۆمی بێوێنە بوو. خۆپیشاندەران چەندین پلاکارد بەناورۆکی “هێنانەخوارەوەی بەهای بەرق و گازی سرووشتی و کاڵا ئەساسییەکان”یان بەرز کردەوە و دەنگیان هەڵبڕی و درووشمی “ژیانی ئینسانی”یان وتەوە. بەڵام بێگومان ئەم “ژیانە ئینسانی”یە کە خۆپیشاندەران هاواری دەکەن تەنیا دەتوانێت بە ڕووخاندنی نیزامی سەرمایەداری و بەرپاکردنی نیزامێک وەدی بێت کە ئینسان تێدا ناوەندی سەرەنجە.