ڕۆژی شەممە ١٦ی مانگی دێسامبری ٢٠٢٣ دەفتەری ڕێکخراوی نێونەتەوەیی پەنابەری لە لیبی لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکەوە ڕایگەیاند کە: „بەلەمی هەڵگری پەنابەرانی نایاسایی چەند دەقیقە دوای وەڕێکەوتنی لە شاری بەندەریی (زوارە) لە باکووری ڕۆژئاوای لیبی، بەهۆی شەپۆلە بەرزەکانی ئاوی ساحلی ئەم وڵاتە کەوتە ژێر ئاوەوە”. بەپێی ئەم بەیاننامەیە زۆربەی قوربانییانی ئەم ڕووداوە کە چەندین منداڵیشیان لەناودا بووە، خەڵکی وڵاتانی نیجەریە، گامبیا و چەند وڵاتی تری ئەفریقا بوون. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییەکان و بەوتەی دەربازبووان، ئەم بەلەمە هەڵگری لانیکەم ٨٦ پەناخواز بووە کە هەتا ئێستا تەنها ٢٥ کەسیان نەجاتیان بووە و ڕەوانەی گرتووخانەیەک لە لیبی کراون. بەدوای ئەم کارەساتەدا وتەبێژی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی پەنابەری بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس ڕایگەیاند: „کە هەتا ئێستا زیاتر لە ٢ هەزار و دووسەد و پەنجا پەناخواز لەمساڵدا بەهۆی ڕووداوەکانی دەریا لە مەدیتەرانەی ناوەنددا گیانیان لەدەست داوە.“ لیبی و توونێس وڵاتی سەرەکیی حەرەکەتی زۆربەی ئەو پەنابەرە ئەفریقاییانەیە کە بۆ دەربازبوون لە نائەمنی و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و بە هیوای گەیشتن بە ئورووپا لە ڕێگەی ئیتالیاوە، سەفەرێکی دەریایی پڕ لە مەترسی دەستپێدەکەن کە زۆرجار بەرەوڕووی کارەساتی مەرگبار دەبنەوە.
ئەم کارەساتە دڵتەزێنە لە حاڵێکدا ڕوو دەدات کە نزیکەی ٦ مانگ پێش ئێستا لە ٨ی ژۆئەنی ٢٠٢٣ واتە شەش ڕۆژ بەر لە ڕوودانی کارەساتی مەرگباری وەرگەرانی بەلەمێکی ماسیگری لە ئاوەکانی یوونان کە بەهۆیەوە ٦٠٠ کەس لە پەنابەران گیانیان لەدەستدا، وەزیرانی ناوخۆی یەکیەتی ئورووپا لە برووکسێل بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەری کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان بەڕێوەبرد. لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیرانی ناوخۆ، پێشنیاری کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا سەبارەت بە “یاسای تازەی هاوبەشی سیستمی پەنابەری ئەورووپا”یان دایە بەر لێکدانەوە و لەسەر سیاسەتێکی هاوبەشی دژەپەنابەری بەڕێکەوتن گەیتشن. دوای ئەم ڕێکەوتنە، میدیاکانی سەربە دەوڵەتانی ئورووپایی ڕایانگەیاند کە ئەم ڕێکەوتنە تازەیە گیانی هەزاران پەناخواز لە خنکان لە ئاوەکانی مەدیتەرانە نەجات دەدات. بەڵام ئەم ڕێکەوتننامە تازەیە شتێک نەبوو بێجگەلە ژێرپێنانی دوایین بەندەکانی کۆنوانسیۆنی ژنێف سەبارەت بە مافی پەنابەران. بەپێی ڕێکەوتننامەی نوێ و لەپێناو پاراستنی قەڵای ئورووپا، پەنابەران پێویستە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئورووپا داوای پەنابەری بکەن و ئەگەر لەگەڵ پەنابەرێتییان موخالفەت بکرێ، دەستبەجێ بۆ وڵاتی خۆیان یان بۆ وڵاتی بەناو ئەمنی سێهەم دەگەڕێندرێنەوە. ئەگەر لەگەڵ خواستی پەنابەرییان موافقەت بکرێ ئەوکات لە نێوان وڵاتانی ئورووپاییدا دابەش دەکرێن و ئەگەر وڵاتێک وەریان نەگرێ ئەوکات دەبێ جەریمەی نەغدی بدات. ئەوەش بەو مانایەیە کە ئەم وڵاتانە بە دانی جەریمە “پەنابەران لەکۆڵ خۆیان دەکەنەوە”. هەر ئەوکات لانیکەم چوار وڵاتی یەکیەتیی ئورووپا لەوانە لەهستان و مەجارستان، ڕایانگەیاند کە هیچ پەنابەرێک وەرناگرن و دژایەتیی خۆشیان لەگەڵ دانی جەریمە ڕاگەیاند. بەپێی ڕێکەوتننامەی نوێ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئورووپا “ناوەندەکانی پەنابەری” دروست دەکرێن و پەنابەران تا ڕوونبوونەوەی چارەنووسیان لەم ناوەندانە ڕادەگیرێن. ئەگەرچی وەزیرانی ناوخۆی یەکیەتیی ئورووپا باس لە دروستکردنی “ناوەندی پەنابەری” دەکەن بەڵام لەڕاستیدا ئەم ناوەندانە ئەو گرووتووخانە خۆفناکانەن کە لە دەرەوەی سنوورەکانی قەڵای ئورووپا دروست دەکرێن. بەمەبەستی هەموارکردنی زەمینە بۆ سازکردنی ئەم ناوەندانە سەرۆکوەزیرانی نیۆفاشیستی ئیتالیا بۆ لیبی سەفەری کرد و لەگەڵ یەکێک لەو دوو دەوڵەتەی ئەوێ ڕێکەوتننامەی واژۆ کرد. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی لێبۆردنی نێونەتەوەیی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پەناخوازان لە کەمپەکانی پەنابەری لە لیبی بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە، خۆراک و ئیمکاناتی تەندروستی، مەجبوور بوون پەیوەندی سێکسی ئیجباری قەبووڵ بکەن. لە ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە داکۆکیکارەی مافی مرۆڤدا هاتووە کە پەنابەران لە لیبی بەرەوڕووی دەستدرێژیی سێکسیی پاسەوانانی کەمپی پەنابەران دەبنەوە. گرتووخانەکانی لیبی کە پەنابەران تێیاندا ڕادەگیرێن، شوێنی بێبەزەیانەترین ڕەفتار لەگەڵ پەنابەرانن. ئەو پەنابەرانەش کە هێستا لەناو لیبی دان و لە ساحل و گرتووخانەکاندا نین، لە بازاڕەکانی لیبیدا کۆیلە دەکرێن.
دەوڵەتانی ئورووپایی بە ڕێکەوتن لەسەر سیاسەتێکی هاوبەشی دژەپەنابەری سەدان ملیۆن یۆرۆیان بۆ یارمەتیدانی دەوڵەتی توونێس تەرخان کردووە تا پەنابەران لە کەمپەکانی پەنابەریدا ڕابگرێت و لە چوونیان بەرەو ئورووپا ڕێگری بکات. پرسیار ئەوەیە کە لەم “ناوەندانەی پەنابەری”دا پەنابەران چ مافێکیان هەیە؟ کامە پارێزەر لە مافیان دیفاع دەکات، بە چ زمانێک لەگەڵیان وتووێژ دەکەن و چ پێوەرێک هەیە بۆ ئەمن پێناسەکردنی وڵاتی سێهەم و یان وڵاتانێک کە پەنابەران لێیان هەڵاتوون. یان وڵاتانی ئێران و تورکیە بۆ ئەو ئەفغانستانییەی کە لە جەحەنەمی تاڵەبان ڕایکردووە و خۆی گەیاندووەتە سنووری یەکیەتیی ئورووپا، بە وڵاتانی ئەمن پێناسە دەکرێن. واتە هەر ئەو وڵاتانەی کە لەسەر شەقامەکان خەڵک وەبەر گولـلە دەدرێن و یان ناوچە کوردنشینەکان بۆمباران دەکرێن. ئایا ئەو پەنابەرانەی کە لە شەڕی ناوخۆیی سوودان یان چادەوە ڕێگایەکی پڕمەترسییان بڕیوە، لە بازاڕی کۆیلەفرۆشانی لیبی و شەپۆلی خرۆشانی دەریای مەدیتەرانە نەجاتیان بووە و گەیشتوونەتە سنووری ئورووپا، کامە وڵات لە مەسیری ڕێگایاندا وڵاتی سێهەم و ئەمنە؟
وەزیرانی ناوخۆی یەکیەتیی ئورووپا بەم بڕیارەیان ملیۆنان پەنابەری سووریەیی، عێراقی، یەمەنی، چادی یان سوودانی، بۆ هەمان جەحەنەم دەگەڕێننەوە کە لێی ڕایانکروودە. ئەوەیکە دەوڵەتانی ئورووپایی ئەنجامی دەدەن، هەر ئەو کارەیە کە بریتانیا لە توافوق لەگەڵ وڵاتی ئەفریقایی “رواندا” چەندین مانگە ئەنجامی داوە. وێنەی دڵتەزێنی ئوردووگای “موریا” لە “لسبوس”ی یونان و تەلدڕووی دەوری ئەم ناوەندانە، خۆکوژیی لاوان و نەبوونی پێداویستیی پزیشکی تەنانەت بۆ منداڵان، قەت فەرامۆش ناکرێن. هەڵبەت ئەمە وێنەی وڵاتێکی ئورووپایە و زۆر زەحمەت نییە هێنانەبەرچاوی چارەنووسی پەنابەرانی دستبەسەرکراوی دەرەوەی سنووری ئورووپا. بێهۆ نییە کە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی پەنابەران ئەم ڕێکەوتننامەیان بە “هێرشێکی ئاشکرا بۆسەر یاسای پەنابەری و بە هەڵەیەکی مێژوویی” پێناسە کردووە.
واقعیەت ئەوەیە کە تا کاتێک شەڕی نیابەتی، مەزهەبی و قەومی کە ئاکامی دەسەڵاتی بەربەریەتی سەرمایەداری و میلیتاریزمی دەوڵەتانی سەرمایەداری ڕەقیبە کۆتایی نەیە، جیهان بەردەوام شایەدی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە دەبێت. چینی کرێکار و مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بۆ کۆتایی هێنان بەم کارەساتانە چارەیەکی بێجگەلە ڕیشەکێشکردنی ئەو نیزامە نییە کە سات لە دوای سات کارەسات دەخوڵقێنێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە