فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سیاسەتە دژەکرێکارییەکانی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران بێ وڵام نامێنێتەوە
شەممە ۱۳-۰۸-۱۴۰۲   |  04-11-2023

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی مانگی خەزەڵوەر “سەوڵەت مۆرتەزەوی” وەزیری تەعاون، کار و ڕەفاهی ڕژیمی ئیسلامی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوەڵەتدا بۆ جارێکی دیکە سەبارەت بە بردنەسەری لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لە میانەی ساڵدا ڕایگەیاند: ”یاسادانەر دیاریی کردووە کە شۆرای باڵای کار لانیکەمی مووچە و حەقدەست دیاری بکات. ئێمە لانیزۆری حەقدەستمان دیاری نەکرد، لانیکەمی حەقدەستمان دیاری کرد. ڕێکەوتنی نێوان کرێکار و خاوەنکار هەرچی بێت لەلایەن وەزارەتخانەشەوە تەئید دەکرێت. دەوڵەت ئەمساڵ بەرنامەیەکی بۆ پێداچوونەوە بەسەر لانیکەمی حەقدەستدا نییە”. ئەم وتانەی کارگێڕی ڕژیمی دژەکرێکاری ئیسلامی بەدوای ئەوەدا بەیان دەکرێ کە ڕۆژی دووشەممە ٨ی مانگی خەزەڵوەر کۆبوونەوەی شۆرای باڵای کاری ڕژیمی ئیسلامی بەڕێوەچوو و لەم کۆبوونەوەیەدا باسێک لە بردنەسەری حەقەدستی کرێکاران نەکرا. ئەم بابەتە لەلایەن کرێکارانەوە ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە. ئەم وەزیر و کارگێڕەی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران وتبووی کە: ”نوێنەرانی ڕەسمی کرێکاریی بەشدار لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاندووە کە بەشوێن بردنەسەری ئاستی حەقدەستەوە نین بەڵکوو ئامانجیان ئەوەیە کە سەبارەت بە باشترکردنی بژێوی کرێکاران گفتوگۆ بکەن”. یەکەم، کەسانێک کە لە شۆرای باڵای کاری ڕژیمدا دیاری کراون، لەلایەن کرێکارانەوە هەڵنەبژێردراون و بە هیچ شێوەیەک نوێنەری کرێکاران بەحیساب نایەن بەڵکوو لە جنسی نوێنەرانی خودی ڕژیم و خاوەنکارانن. دووهەم، کرێکاران و نوێنەرانی ڕاستەقینە چۆن دەتوانن بەشوێن بردنەسەری حەقدەستەوە نەبن و بە حەقدەستی چوار بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری ڕەزایەت بدەن؟ خواستی ئێستای کرێکاران بۆ بردنەسەری حەقدەست لە حاڵێکدا لەئارادایە کە لە مانگی ڕەشەممەی ئەمساڵدا، دوای ئەوەیکە تەنها ٢٧ لەسەد لانیکەمی حەقدەست زیاد کرا، کرێکاران دەستیان دایە ناڕەزایەتیی بەرین و ڕژیم لە ترسی پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری بەتایبەت لە گەرمەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەریدا بەڵێنی دا کە “ئەگەر لەماوەی ئەمساڵدا ڕێژەی تەوەرۆم و هەزینەی سەبەدی مەعیشەت دیسان بەرز بووەوە، لانیکەمی حەقدەست زیاد دەکات”. بەڵام ئێستا کە حەوت مانگ لە دەستپێکی ساڵ تێپەڕیوە و نرخی هەموو کاڵا پێویستەکانی ژیانی خەڵک بەشێوەیەکی یەکجار بەرین بەرز بووەتەوە و هێڵی هەژاری گەیشتووەتە سەرووی ٣٢ ملیۆن تمەن، ڕژیمی ئیسلامی بەڵێنی بردنەسەری لانیکەمی حەقدەست بە پاساوی پێدانی بۆنی بێبایەخی خاروبار، لەژێرناوی “ڕەفاهیات”، پشتگوێ دەخات.

دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران کە لەگەڵ قەیرانی قووڵی ئابووری بەرەوڕووە، لەماوەی ئەمساڵیشدا نەتەنها نەتوانیوە دروشمی پووچ و بێ ناوەرۆکی عەلی خامنەیی واتە “ساڵی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان و گەشەی بەرهەمهێنان” وەدی بهێنێت بەڵکوو بە چاپکردنی نابەجێی پارە و ڕەوانە کردنی بۆ ناو بازاڕ، ڕیاڵی بێ بایەختر لە ڕابردوو کردووە. گرانی و تەورۆمێکی بەرینتری بەسەر بازاڕدا سەپاندووە و ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی ئێرانی زیاتر لە ڕابردوو سەخت و دژوار کردووە. ئیبراهیم ڕەئیسیی قاتڵ و کارگێڕانی دەوڵەتە گەندەڵەکەی، بە دانی ئامار و ئەرقامی بەئاشکرا درۆ و ناڕاست، بێشەرمانە ئیدیعای کۆنتڕۆڵکردن و هێنانەخواری ڕێژەی تەوەرۆم دەکەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە کارناسان و ناوەندە ماڵییەکانی بەدەر لە بازنەی ڕژیم ڕایانگەیاندووە کە لەماوەی حەوت مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا ڕێژەی تەوەرۆم لە سەرووی ٥٠ لەسەدەوە بووە و حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ کەسری بوودجەی ٤٠٠ هەزار ملیارد تمەنی بەرەوڕوو بووەتەوە. سەرۆکی نوێی سازمانی بەرنامە و بوودجەی ڕژیم، کەسریی بوودجەی ٥٠ لەسەدیی دەوڵەتی بۆ بەراوردی هەڵەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی حەواڵە کرد و بۆ پاساوی درێژەی ئەم قەیرانە بەرینە ئابوورییە وتی کە داهاتەکانی دەوڵەت لە حەوت مانگی ڕابردوودا ٣٠ لەسەد لە پێشبینییەکانی بوودجە کەمتر بووە. واتە ٣٠ لەسەدی گشت داهاتەکانی سەرچاوەگرتوو لە فرۆشتنی نەوت و هەڕاجی ڕانتی ئەمواڵی کۆمەڵگا، کە ڕژیم ناوی ناوە “مولدسازیی داراییەکانی دەوڵەت”، نەخراونەتەوە ناو سندووقی دەوڵەتەوە و چوونەتە شوێنەکانی ترەوە.

ئەگەرچی ڕەوتی شڵەژاو و قەیراناویی بواری ئابووری لە حکوومەتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامیدا بابەتێکی تازە نییە، بەڵام ڕژیم ئەمساڵیش لە هەوڵی ئەوەدایە تا کەسری بەرینی بوودجە بە قەرز وەرگرتن لە بانک و بە چاپی پارەی بێ پشتیوانە و بە تاڵانکردنی سندووقەکانی خانەنشینی دابین بکات. ئەمەش بووەتە هۆی چوونەسەری ئاستی نەختینە، گرانی و تەوەرۆمی زیاتر و لەڕاستیدا بەسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگادا سەپاوە. بەپێی ئێعترافی بانکی ناوەندی هەتا کۆتایی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو دەوەڵەتی ڕەئیسی ٧٠٠ هەزار ملیارد تمەنی لە بانک و دامەزراوە ماڵییەکان قەرز کردبوو. لە پێوەند لەگەڵ چاپی پارەی بێ پشتیوانە، ناسر هیمەتی سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی لە دەوڵەتی ڕووحانی لە کۆنگرەی بەناو “کارگێڕانی سازەندەگی” و لە ڕەقابەتی جەناحیی ناو ڕژیمدا ئاشکرای کرد کە: ”تەنها لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ٢٨٠ هەزار ملیارد تمەن پارە لە ناوخۆی ئێراندا چاپ کراوە. ئەو ڕوو بە کارگێڕانی دەوڵەتی ڕەئیسی وتی: ”ئێستا هەر دروشم بدەن کە تەوەرۆمتان کۆنتڕۆڵ کردووە، مەگەر دەتوانن بە دانی ئەم ئامارانە تەوەرۆم کۆنتڕۆڵ بکەن؟”

بێگومان وەها کردەوەیەک لەلایەن دەوڵەتەوە بەمانای داڕمانی ئابووریی دەسەڵاتی ئیسلامییە. ڕژیمی دیکتاتۆر و گەندەڵی ئیسلامیی سەرمایە لە ئێران کە توانای وڵامدانەوەی بە خواستی کرێکاران، خانەنشیان، مامۆستایان، پەرستاران، ژنان، لاوان و باقیی توێژە بێبەشکراوەکانی کۆمەڵگا نییە، بە ئامانجی درێژەی دەسەڵاتی نگریسی لای وایە کە دەتوانێ بە سەرکوت و زیندان و کوشتار بەرەنگاریان بێتەوە. بەڵام ئایا لە جەرگەی قەیرانی بێکاری و ڕکوودی بەرینی ئابووری و داسەپاندنی حەقدەستی چوار قات ژێر هێڵی هەژاری بەسەر کرێکاران دەتوانێ بەم ئامانجەی بگات؟ لە بارودۆخێکدا کە ڕژیم هەموو ڕۆژێ لەگەڵ مانگرتنی کرێکارن و مامۆستایان، یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتیی خانەنشینان و خەباتی بوێرانەی ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخواز بۆ ڕزگاری لە ستەم و نابەرابەری و لاوانی بێکار و وەگیانهاتوو بەرەوڕوویە، ئایا دەتوانێ لە چنگیان ڕزگاری بێت؟ بێگومان دوور نییە ئەو ڕۆژەی کە بە پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری و بە پەرەسەندنی مانگرتنی سەرانسەری و یەکپارچەی کرێکاران بیساتی ڕژیمی دیکتاتۆری و جەهل و خورافەی ئیسلامیی سەرمایە بۆ هەمیشە لە ئێران تێکەوەپێچرێت و یەکێک لە گرینگترین بنکەکانی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕووخێت.