فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سیمای سیاسیی قەیرانی ناوخۆی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
یەکشەممە ۰۲-۰۶-۱۳۹۹   |  23-08-2020

سەلاح مازوجی

ئێستا ئیتر لە کەس شاراوە نییە کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە قەیرانێکی ناوخۆیی قووڵ کەوتووە. ئەم قەیرانە لە مێتابۆلیسمی تەشکیلاتی و لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکانی چالاکیی حیزبدا، سەری هەڵداوە. ئەگەر چەند ساڵ لەمەوبەر باسمان لە شل بوونەوەی پێچ و مۆرە تەشکیلاتیەکان و زەربە هەڵگربوونی پەیوەندیە حیزبیەکان و ناعیلاجیی پەرەگرتنی پەیوەندیی غەیرە حیزبی و مەحفەلی، پەرەسەندنی پەیوەندیی ناڕەفیقانە و ناشۆڕگێڕانە لە نەبوونی مۆناسیباتی کۆمۆنیستی و هەروەها باسمان لە زەربە خواردنی ئیعتباری ئەندامیەتی حیزب بەهۆی هاتنەخواری ئاستی چالاکیەکان بۆ ژێر لانیکەمی چاوەڕوانکراو و ڕووبەڕوو بوونەوەی سەری وەخت لەگەڵ پێشێل کردنی پرەنسیپە حیزبیەکان لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا، دەکرد ، لە ئێستادا ئەم باروودۆخە نەخوازراوە، جێگای خۆی داوە بە بلۆک بەندی و دوو جەمسەریەکی بەرچاو و سەرهەڵدانی ئاشکرای هەڵوێست  و کردەوەی تێکدەرانە. ئەم بۆشایی و بلۆک بەندییە، هەموو بەشەکانی تەشکیلاتی حیزب، تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات، تەشکیلاتی عەلەنیی کۆمەڵە و تەشکیلاتی ناوخۆی شارەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و بووەتە بەستێنێک بۆ شکڵ گرتنی پەیوەندی ناڕەفیقانە و گرژی و سەرەنجام زەربەی لە پرێستیژ و ئیعتباری دەرەوەی حیزب داوە و توانای بەشە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتی بۆ کاریگەری دانان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان، یەکجار کەم کردووەتەوە. لەژێر کاریگەریی وەها باروودۆخێکدا، پێگەکانی نەزم و دێسێپلینی حیزبی یەکجار لاواز بوون و یەکگرتوویی حیزب کەوتووەتە مەترسیەوە. لە وەها باروودۆخێکدا بەکارهێنانی هەموو توانا و پۆتانسیەلەکانی ئەم حیزبە لە پێناو کردەوەی هاوئاهەنگ و یەکگرتوو بە ئامانجی وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی خەباتی چینایەتی و ئەوەیکە بەرژەوەندیەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار لە ئێمەی چاوەڕوان دەکات، ئەگەر نامومکین نەبێت، یەکجار دژوار بووەتەوە. ئەم باروودۆخە بابەتیە نیشانی دەدات کە هاودەنگی لەسەر بەرنامە و ستراتێژی سیاسی حیزب و بنەمای ستراتێژی سۆسیالیستیی کۆمەڵە لە بزووتنەوەی کوردستان و بەرنامەی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی و باقیی بەڵگە حیزبییەکان لە مەیدانی کردەوە و لە دونیای واقعیدا، نەیتوانیوە یەکگرتوویی و یەکدەست بوونی تەشکیلات، زەمانەت کات.  

سەرەڕای تێپەڕینی پتر لە سێ ساڵ بەسەر توندبوونەوەی قەیرانی ناوخۆیی حیزب، بۆ جارێکی دیکە ئەم پرسیارە ڕوو بە هەموومان هاتووەتە ئاراوە کە سیمای سیاسیی ئەم جەمسەربەندی و باڵباڵێنەی ناوخۆی حیزب چۆن شی دەکەینەوە. لە ئێستادا هەموو ئەندامانی حیزب دەبێ لە ئەزموونی چالاکیی و هەڵسووڕانی خۆیاندا، بە ڕوونی، بەوە گەیشتبن کە ئیدیعای "ناکۆکیی سیاسی بوونی نییە"، هیچ ڕاستیەکی تێدا نییە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە مۆدەعیەکە توانای شیکردنەوە و لێکدانەوەی قووڵایی قەیران و گرووپ بەندیەکانی ناوخۆی حیزبی نییە. ئەو ئیدعایەی کە گۆیا چەند کەسێک بە پێی زەینییەتی خۆیان بۆچۆن دەتاشن و تەشکیلات بە ڕاست و چەپ دابەش دەکەن و پەنا دەستی خۆیان بە دوژمن دادەنێن یان ئەو ئیدعایە کە گۆیا ئەم قەیرانە ئاکامی گرژیی کەسی و  ناکۆکیی نێوان چەند کادرێکی ڕێبەرییە، نەتەنیا ناتوانێ پانتایی ئەم قەیرانە ڕوون کاتەوە، بەڵکوو لە باشترین حاڵەتدا، ئەوە بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتییە لە سەرەنج دان بە ڕیشەکانی ئەم قەیرانە. لە ئێستادا ئیدیعای کۆن و بێنرخی "تێز"ی ڕووبەڕوو بوونەوەی نەسڵەکان، کە گۆیا ئەم قەیرانە ئاکامی ڕووبەڕوو بوونەوەی نەسڵی پیر و لاوی ناو حیزبە، نە تەنیا ناتوانێ ئەم قەیرانە شیبکاتەوە بەڵکوو لەئەنقەست هەوڵ دەدات لەڕێگەی شکڵ دان بەم زەینییەتە و پەرەپێدانی، خۆ لە باس کردنی ڕیشەکانی ئەم قەیرانە بدزێتەوە. بەدەر لەوە، سەرەنجدان بە مامناوەندی تەمەنی دوو باڵی ئێستای ناو حیزبیش، ناڕاست بوونی ئەم لێکدانەوەیە و ئەمجۆرە هەڵسەنگاندنە ڕواڵەتیانە لە قەیرانی ناوخۆی حیزبمان، بەڕوونی پێ نیشان دەدات.

ئەگەرچی هەرکام لەو هۆکارانەی کە ئاماژەیان پێکرا و هەروەها زێدەخوازیی کەسی و هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئامرازە تەشکیلاتیەکان و هەوڵ بۆ پاراستنی ئەو پێگانەی کە لە ڕابردوودا بەدەست هاتوون، لەسەر شکڵ گرتن و قووڵ بوونەوەی قەیرانی ناوخۆی حیزب دەتوانن کاریگەر بن، بەڵام ئەم هۆکارانە ناتوانن پانتایی و قووڵایی ئەم قەیرانە شی بکەنەوە. ئەم قەیرانەش وەک هەموو قەیرانە ناوخۆییەکانی حیزب لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا، ڕیشەیان لە بوونی ناکۆکیی سیاسی دایە و حاشا کردن لە نەبوونی ناکۆکیی سیاسیش، هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە. نکۆڵی لێکردن لە نەبوونی ناکۆکیی سیاسی، بەشێک لەو شێوازە ناسالمەیە کە لە خەباتی سیاسیدا گرتراوەتە بەر و بەنۆبەی خۆی، قەیرانەکەی ئاڵۆزتر و بەژانتر کردووە.  ئەم هاوڕێیانە لە بەرامبەر تەئکیدی ڕێبەری حیزب لەسەر بوونی ناکۆکیی سیاسی، هەڵدەچن و داوا لە ئێمە دەکەن کە ئەگەر ناکۆکیی سیاسیتان هەیە، پلاتفۆرمی سیاسیی خۆتان بدەنە دەر. هاوڕێ ئیبڕاهیم عەلیزادە، لە وتووێژی ئەم دوایانەیدا لەگەڵ "ڕادیۆ دیالۆگ" لەمبارەیەوە دەڵێ: "لە نێوان ئەو هاوڕێیانەی کە خۆیان بە ئاراستەی جیاواز پێناسە دەکەن، هەتا ئێستا یەک لاپەڕەی ئاچوار، لە هیچ کۆنگرە و پلۆنۆمێک و لە دوایین پلۆنۆمیشدا، کە نیشانی بدات ئەوان لەچاو خەتەکەی دیکە خەتێکی جیاوازیان هەیە، نەبووە. ئەوەیکە هەیە تەنیا ئێتیکێتی چەپ و ڕاست و ناسیۆنالیسم و سۆسیالیسم و کۆمەڵێک ووشەن کە کایەی پێدەکرێ و کۆمەڵێک گلەیی و ڕەنگبێ هێندێک ڕەخنە بێت".

ئەم هەڵچوونە  و تەئکید لەسەر دانی پلاتفۆرمی سیاسیە بۆ سەلماندنی بوونی ناکۆکیی سیاسی، لە حاڵێکدایە کە ئەگەر سەرەنج بدەینە ماهیەتی ناکۆکیە سیاسیەکە، بۆ هەموو تەماشاچیەکی دەرەوە و بۆ هەموو لایەنگرانی حیزب کە پەیگیری هەواڵی ناکۆکیەکانی ناوخۆی تەشکیلاتن، بەڕوونی دیارە کە ئەگەر قەرار بێت کەسێک لاپەڕەیەکی ئاچوار یان پلاتفۆرمی سیاسی بداتە دەر، ئەوە نەک ئێمە، بەڵکوو هاوڕێیانی لایەنی بەرامبەرن کە دەبێ کۆتایی بە دەربڕینی نمەنمەی بۆچوونە تازەکانی خۆیان بێنن و پلاتفۆرمی سیاسیی خۆیان بدەنە دەرێ.

بەو دەستپێکەوە، بەش بەحاڵی خۆم، هەوڵ دەدەم تا سیمای سیاسیی قەیرانی ناوخۆی حیزب و جەمسەر بەندیەکانی، شی بکەمەوە. بەڵام لەو جێگەوە کە لایەنی بەرامبەر، و لە سەرووی هەمووان هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە، بۆچوونەکانیان نەک لە کۆکراوەیەکی یەکپارچە، بەڵکوو هەموو جارێ بە بۆنەیەکەوە، گۆشەیەک لە بۆچوونە سیاسی و نەزەریەکانی خۆیان لە قالبی چەند تێز و بڕیاری کورتدا باس دەکەن، منیش ناچارم بە گێڕانەوەی وردی باسە پڕژ و بڵاوەکانی ئەم هاوڕێیە، باس لە بنەمای هێندێک لە ناکۆکیە سیاسیەکان بکەم و نیشانی بدەم کە بە پێچەوانەوە، بۆچوونەکانی ئەوان لەگەڵ سیاسەتە ڕەسمیەکانی حیزب و کۆمەڵە لە دژایەتیی دان. ئەم دەربڕینی بۆچوونە پڕژ و بڵاوانە نیشانی دەدا کە شێوەی هەڵسووکەوت لەگەڵ حیزبە ناسیۆنالیستەکان و تەوەری دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی خەڵک لە کوردستان و تەوەری شکڵدان بە جەمسەریەکی چەپ و سۆسیالیست لە کوردستان و چەند میحوەرێکی دیکە کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێدەکرێ، هەروا لە زومرەی ئەو تەوەرانەن کە ناکۆکییان لەسەرە. هەر لێرەدا پێویستە تەئکید بکەم کە سەبارەت بە هەموو ئەو تەوەرانەی کە ناکۆکیان لەسەرە، پێشتر ئێمە بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە، بە شێوەی ئیسباتی بۆچوونەکانی خۆمان لەئاستی عەلەنیدا ڕاگەیاندووە. ئەوەیکە نووسینی ئەم بابەتەی بەو شێوەیە زەرووری کردووە، دەربڕینی ئەو ئیدیعا سەراوبنەیە کە گۆیا ڕێبەریی ئێستای حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، خۆی بە ئاراستەیەکی جیاواز پێناسە کردووە و بۆچوون و نەزەری جیاوازی لەگەڵ هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزب هەیە. ئیدیعای ئەوە دەکرێ کە ئەوانە واتە "ڕێبەریی حیزبی کۆمۆنیست"، کە خۆیان بە ئاراستەیەکی جیاواز پێناسە دەکەن، هەتا ئێستا یەک لاپەڕەی ئاچوار کە نیشانی بدا خەتێکی دیکەیان گرتووەتەبەر، نەنووسیەوە. هەموو ئەو ئیدیعایانەش لە حاڵێکدایە کە ڕێبەریی حیزب داکۆکیکاری پەیگیری بەرنامە، ستراتێژی سیاسی و هەڵوێست و سیاسەتە ڕەسمیەکانی حیزب و کۆمەڵە بووە.

*********

شێوازی هەڵسووکەوت لەگەڵ حیزبە بورژوایی و ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان

هەروەک لەسەرەوە باسی لێکرا، مێژووی سەرهەڵدانی ناکۆکی لەسەر شێوازی هەڵسووکەوت کردن لەگەڵ حیزبە بورژوایی و ناسیۆنالیستەکان، لانیکەم دەگەڕێتەوە بۆ پێش کۆنگرەی ١٦ی کۆمەڵە کە لە درێژەدا دەیدەینە بەر باس. دوایین نموونەی بەرچاوی ناکۆکی لەسەر شێوازی هەڵسووکەوت کردن لەگەڵ حیزبە بورژواییەکان، لە وتەکانی هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە لە ڕۆژی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی بە بۆنەی ڕۆژی کۆمەڵە، ڕوو بە حیزبە سیاسەکانی کوردستان، بە شێوەی ئاشکرا خۆی نیشان دا. ئەو سەرەڕای دیاری کردنی چارەنووسی هێزە چەکدارەکان لە داهاتووی کوردستان، تەوەری دەسەڵاتداریەتیشی وەک مەسەلەیەکی ناکۆکی هەڵگر لە نێوان ئەم حیزبانە دایە بەر باس و وتی:

"مەسەلەکەی دیکە، مەسەلەی دسەڵاتدارییەتیە. هەمووان دەڵێن شەڕی ناوخۆیی و ئەو جۆرە شەڕانە، لەسەر دەسەڵاتە، وابێت یان نەبێت، بەهەر حاڵ ئەگەر ئەو شەڕ و تێکهەڵچوون و لە گیانی یەکتر بەربوونانە واقعیە، باشە وەرن با بیر لە حاڵی خۆمان بکەینەوە، سادەترین بۆچوونی دیمۆکراتیک کە لە دونیادا باوە، ئەوەیە کە دەسەڵات مافی خەڵکە، کەوابوو با دەسەڵات بە خەڵک بدەین. دانیشین و بزانین پڕۆسەی سپاردنی دەسەڵات بە خەڵک چۆنە و لەسەر وردەکاریەکانی بەڕێکەوتن بگەین، بەڵام هەڵبەت ئێمە واقع بینین، ئێمە لە خەیاڵدا ناژین، ئێمە دەزانین کە قۆناغی تێپەڕینیش هەیە، ئێوە چاو لە ترافیک لایت، یان چرای ڕێنمایی، بکەن، ترافیک لایت چرای سەوز و سوور و زەردی هەیە، ئەگەر چرای زەرد نەبێت ڕۆژانە هەزاران تەسادوف دەکرێ، وەرن با بیر لە چرا زەردەکەش بکەینەوە، ئەو چرا زەردەی کە پێش بە تەسادوف دەگرێ، ڕێگایەکی بۆ بدۆزینەوە، بۆ ئەوەیکە لەو قۆناغەدا سەقامگیریی خۆی دووبارە بەدەست بێنێتەوە، تا خەڵک دەسەڵاتداریەتی جەماریی خۆیان دابین بکەن، تا هێزی چەکدار بکەوێتە کۆنتڕۆڵی خەڵکەوە، وەرن با بیر لە چرا زەردەکەشمان بکەینە، ئەوەش بە "پشتی شێر"ەوە نییە، ئەگەر حۆسنی نییەت بێت، دەکرێ. لە ڕوانگەی ئێمەوە دەرگای دیالۆگ و وتووێژ لەگەڵ هەموو حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، لەسەر ئەم تەوەرە، کراوەیە و ئێمە خۆمانی لێ بەدوور ناگرین، لە ڕێگاچارەیەکی واقع بینانە".

لەو وتانەیدا، هاوڕێ ئیبراهیم، باس لە ڕێکەوتن لەگەڵ حیزبە ناسیۆنالیستەکان، بە وردەکاریەکانیەوە، لەسەر پڕۆسەی سپاردنی دەسەڵات بە خەڵک، دەکات. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەزموونی مێژوو، بەردەوام نیشانی داوە کە دەسەڵاتداریەتیی خەڵک و بە ڕای ئێمە دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی لە کوردستان، تەنیا و تەنیا دەتوانێ بەرهەمی بزووتنەوەیەکی جەماوەری لەخوارەوە بێت. واتە هەر ئەو بزەووتنەوە و ئاخێزە جەماریانەی کە نموونەیەکیمان لە ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر لە هێندێک لە شارەکانی کوردستان بینی، دەتوانێ بەستێنی ڕووخان و لێکهەڵوەشانی هێز و پێگەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دابین بکات و کۆتایی بە داگیرکاریەکانی لە کوردستان بێنێت. تەنیا وەها بزووتنەوەیەکی هەڵقوڵاوی خوارەوەی کۆمەڵگا دەتوانێ، لە ناخی دا، ناوەند و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتداریەتیی جەماوەریی خۆی لە شار و گوندەکانی کوردستان دامەزرێنێت و بە ڕێکخستنی پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی بەئامانجی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر بکات. لە سەردەمی قەیرانی سیاسی و شۆڕشگێڕانەدا، کاتێک کە جەماوەر وەحەرەکەت دەکەون  و ناوەند و ئۆرگانەکانی سیستەمی دەسەڵات دەڕووخێنن، دەست دەبەن بۆ ئامرازەکانی داسەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی و هەر بۆشاییەک لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگا، بە دامەزرادنی ناوەند و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتداریەتی جەماوەری پڕ دەکەنەوە و بەڕێوەبەریی مەحەلە و شارەکان بەدەستەوە دەگرن. نابێ لەوبارەیەوە هیچ شکێکمان بێت کە حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە بەرامبەر ئەم ڕەوتەدا ڕادەوەستن و هەر لە ئێستاوە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاخێزی جەماوەری خەڵک و لەباربردنی، نەخشە دادەڕێژن. هەروەک چۆن زۆر جار وتوومانە و لە بەڵگەی ستراتێژی کۆمەڵە لە کوردستانیشدا تەئکیدمان کردووە، یەکێک لە پێش مەرجەکانی وەدیهاتنی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی خەڵک لە کوردستان، پووچەڵ کردنەوەی هەوڵی حیزبە بورژواییەکان لە کوردستان دەبێت کە بەنیازن ناوەندە بورژوا خۆجێییەکانی سەرووی خەڵک بخەنە جێگای ناوەندەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. سەرمایەداران و حیزبە بورژاواکان لە هیچ شوێنێکی دونیا، دەسەڵاتیان دوو دەستی تەحویلی خەڵک نەداوە تا لە کوردستانی ئێران، حیزبە ناسیۆنالیستەکان بە ڕێکەوتنیان لەگەڵ کۆمەڵە، دەسەڵات تەحویلی جەماوەر بدەن. لە سەردەمی قەیرانی سیاسی و شۆڕشدا، تەوەری دەسەڵات، بەردەوام یەکێک لە تەوەرە پڕکێشەکانی نێوان چینی باڵادەست و حیزبەکانیان لەگەڵ جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا بووە. ئەم باوەڕانە کە لە ئەزموونی مێژوودا بەدەیان جار سەلمێندراون، یەکێک لە بنەماکانی ستراتێژی سۆسیالیستیی کۆمەڵە لە بزووتنەوەی شۆڕگێڕانەی کوردستانە.

نابێ لەبیمان بچێتەوە کە بەهۆی پتر لە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بەهۆی سەرکوتی سیستماتیک، بەهۆی ئەو بێبەشیانەی کە بەسەر زۆربەی جەماوەری خەڵکی کوردستاندا سەپاوە، بەهۆی ئەو خواستە ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی کە لەسەر یەک کەڵەکە بوون، کۆمەڵگای کوردستانیش وەک هەموو شوێنەکانی دیکەی ئێران، کەوتووەتە پێگەیەکی خرۆشان. لە وەها باردووخێکدا کاتێک کە جەماوەری خەڵک وەحەرەکەت دەکەون، لە زەرف و قالبێک دەگەڕێن تا تێیدا، وێڕای نەفرەت لەو باردووخە، خواست و هیواکانیان بە ڕادیکاڵترین شێوە، دەربڕن. بێ گومان، هاوپەیانیەتیی حیزبە بورژواکان نە تەنیا ئەو زەرفە نییە کە جەماوەری ڕاپەڕیو ئامانج  و هیواکانیانی تێدا دەربڕن، بەڵکوو ئەم هاوپەیمانیانە لە بەرامبەر گەشە و پەەرەگرتنی ئاخێزە جەماوەریەکاندا ڕادەوەستن و هەوڵ دەدەن لە پێناو ئامانجەکانی خۆیاندا کۆنتڕۆڵی بکەن. هیوادار بوون بەوەیکە لەگەڵ بەرەی حیزب و هێزە بورژواییەکان لە کوردستان سەبارەت بە پڕۆسەی سپاردنی دەسەڵات بە خەڵک بەڕێکەوتن بگەین، تەنیا خۆشباوەڕیە و هیوادار بوون بەو جۆرە خۆشباوەڕیانەش، ڕەوتی سۆسیالیستی و هەوڵ و خەبات بۆ وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شۆرایی دەخاتە پەراوێزەوە. چاوخشاندنێک بەسەر ناڕەزایەتی و هەڵچوونی لاوان و بێشەشانی شار لە هێندێک لە شارەکانی کوردستان لە جەرەیانی ئاخێزی سەرتاسەریی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، ڕەنگدانەوەی ئەو پێگە خرۆشانە بوو. چالاکی و بوێری و بێ باکیەک کە لاوانی ناڕازی لە بەرامبەر هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لەخۆیان نیشانیاندا، هەڵسووڕاوانی سیاسیی کۆنتری، سەرسام کرد. لاوان و بێبەشانی شار، بەو گڕوتینە شۆڕشگێڕانەیەی لەخۆیانیان نیشان دا، کە لە ڕاستیدا دەرخەری چوونەسەرەوەی ئاستی وشیاری و زانستی سیاسی و خەباتکارانەی ئەوانە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چەندین قات چەپتر لە ئێمە  جووڵانەوە. پێویستە ئەو ئەزموونە بۆ هەموومان ڕاهێن بێت. هەربۆیە، باس لە ڕێکەوتن کردن لەگەڵ حیزبە بورژواییەکان لە کوردستان لەسەر پڕۆسەی سپاردنی دەسەڵات بە خەڵکی کوردستان، تەنیا دەتوانێ لەو بۆچوونەوە سەرچاوە بگرێ کە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان نەک بە ئاکامی ئاخێزێکی جەماوەری لە شارەکان بەڵکوو بە ئاکامی دەست بە دەست بوونی دەسەڵات لەسەرەوە بزانێ.

سەرەنج بدەنە وتەکانی ٣١ی جۆزەردانی عەبدوڵڵا مۆهتەدی وەک یەکێک لە نوێنەرانی "سۆسیال دیمۆکرات" و وشیاری بورژوازیی کوردستان. ئەوان نیگەرانیی خۆیان لە شکڵ گرتنی قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان و بەردەوام بوونی، ناشارنەوە و هەر لە ئێستاوە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی باروودۆخی ئەو قۆناغە نەخشە دادەڕێژن. مۆهتەدی بە چاولێکەری لە "شۆرای بەڕێوەبەریی تێپەڕین" لە ئاست سەرتاسەریدا، کە ڕێکخراوە دڵخوازەکەی لەگەڵ سەڵتەنەت تەڵەبەکان تێیدا ئەندامن، ڕوو بە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان دەڵێ: "وەک چۆن لە ئێران قۆناغی تێپەڕینمان دەبێت، لە کوردستانیش ئەو قۆناغەمان دەبێت، پێویستە قۆناغی تێپەڕینی خۆمان پێناسە بکەین". عەبدوڵڵا موهتەدی گەورەترین کاری ناوەندی هاوکاری چوار حیزبە ناسیۆنالیستەکە و باقی حیزبە سیاسیەکانیتر لە کوردستان "پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پێکهێنانی ئەرتەش و سپای نەتەوەیی و نیشتمانی" پێناسە دەکات، تا لەو ڕێگەیەوە "بەڕێوەبەرایەتیی هاوبەشی کوردستان بۆ نموونە بۆ ماوەی یەکساڵ تا تێپەڕین لە قۆناغی قەیران و "بشێوی"، بەدەستەوە بگرن".

عەبدوڵڵا مۆهتەدی "پێکهێنانی هێزێکی پێشمەرگەی واحید یان سپای نیشتیمانی کوردستان بە هەنگاوێکی گرینگ لەپێناو بوون بە نەتەوەیەکی ڕاستەقینە کە شیاوی بەڕێوەبەریی خۆیەتی" دەزانێت کە "تێیدا هێزی پێشمەرگەی واحید وەک ئەرتەش، پەیڕەوی ناوەندی دەوڵت و پەیڕەوی ناوەندی بەڕێوەبەریی وڵاتە". عەبدوڵڵا مۆهتەدی نوێنەری "سۆسیال دیمۆکرات"ی بورژوازیی کورد، بە چێژەوە، سەبارەت بە گرینگیی پێکهێنانی ئەرتەشی نەتەوەیی کوردستان دەڵێ: "ئێمە دەبێ لەسەر ئەو بەرنامەیەش بەڕێکەوتن بگەین کە چۆن خزمەتگوزاریەکان لە کوردستان بپارێزین، ئێمە دەمانهەوێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێک و پێک بدرێ، بەڵام نامانهەوێ کوردستانیش تێک و پێک بدرێ، نامانهەوێ خزمەتگوزاریش تێک و پێک بدرێ، چ بەسەر فێرکردن دێ ... دەبێ نەخۆشخانەکان و پزیشکەکان و پەرستارەکان و دەزگای پزیشکی بپارێزین، بۆ سڵامەتی و تەندرووستیی خەڵکی کوردستان"... لە جێگایەکی دیکەشدا دەڵێ "سەرچاوەکانی گەنم و دانەوێڵە چۆن بپارێزین، ئەدی چۆن ئاگامان لە سیلۆکان بێت".

ئەوەیکە عەبدوڵڵا مۆهتەدی دەیڵێ وڵامی کلاسیکی بۆرژوازیە بە تەوەری دەست بە دەست کردنی دەسەڵات لە سەردەمی قەیرانی سیاسی و شۆڕشدا. ستراتێژی حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان ڕوونە. ئەوان بەنیازن ئەزموونی کوردستانی عێراق لە کوردستانی ئێرانیش دووپات بێتەوە. ئەوان دەزانن کە ئەوە هێزی ئاخێز و ڕاپەڕینی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراوی شارەکانی کوردستانە کە سەرەنجام بارگەوبنەی ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان تێکەوەدەپێچێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە لە کوردستان دێێنێت. ئەم حیزبانە ئەرتەشی یەکگرتوو و نیشتیمانیی کوردستانیان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی پانتایی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵک دەوێ. ئەوان دەیانهەوێ خەڵک ڕاپەڕن و ڕژیم بڕووخێنن و دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتیی کوردستان تا هەڵبژاردنی پارلەمان تەحویلی حیزبەکان بدەن. ئەوان هەر لە ئێستاوە ئەو بۆچوونە پەرەپێدەدەن کە جەماوەری ڕاپەڕیو، خزمەتگوزاری، ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردن، نەخۆشخانەکان و دەزگای پزیشکی وێران و سیلۆکان تاڵان دەکەن. ئەوە بۆچوونی دێرینی بورژوازیە نیسبەت بە ڕۆڵی مێژوویی جەماوەری خوارەوەی کۆمەڵگا لە سەردەمی شۆڕشدا. هەموومان دەزانین کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و چەوساوەی ئێران کە پتر لە ٤٠ ساڵە لە ژێر چنگی ڕژیمێکی هاری سەرمایەداریی ئایینی دان، بەدەیان جار هاوپشتیی خەباتکارانە و ئینسانیی خۆی بەشێوەی شکۆدار نیشان داوە. هاوکاری و ڕێکخستنی بەرینی یارمەتییەکانی خەڵک لە جەرەیانی بوومەلەرزەکەی کرماشان، نیشانەی ئاستی باڵای ڕێکخستن و بەڕێوەبەرایەتیی جەماوەری بوو، ئەو لاوانەی کە هەر لەم قۆناغەدا لە بەرامبەر قەیرانی کۆرۆنادا کۆمیتە و ناوەندەکانی یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی شار و گوندەکانیان، پێکهێنا، توانای ئەوەشیان هەیە کە پاش ڕاپەڕینی سەرکەوتووانەی خۆیان، لەسەر وێرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، ناوەندەکانی دەسەڵاتی خۆیان، واتە شۆراکان پێکبهێنن و بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگای کۆردستان بگرنە دەست. ئەوەیکە عەبدوڵڵا موهتەدی و گشت حیزبە بورژواییەکان هەر یەک بەجۆرێک، لەژێرناوی قۆناغی تێپەڕین، باسی لێدەکەن، لە ڕاستیدا بەشێک لە ستراتێژی ئەوانە بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی. قۆناغێکە کە حیزبە ناسیۆنالیستەکان بەشێوەی هاوبەش بەڕێوەبەریی کاروبارییان بەدەستەوە گرتووە. بە قەولی عەبدوڵڵای مۆهتەدی لە سەر ڕێگای نزیک شارەکان "لە جیات چەندین خاڵی پشکنینی حیزبە جۆراوجۆرەکان، خاڵێکی پشکنینی هاوبەش" کە هی هەموو حیزبەکانە، کۆنتڕۆڵی وەزعەکە بەدەستە دەگرێ. قۆناغی تێپەڕین، قۆناغێکە کە هێزی پێشمەرگەی هاوبەشی هەموو حیزبە ناسیۆنالیستەکان دەبێتە بڕبڕەی پشتی ئەرتەشی دایمیی نەتەوەیی بۆ سەقامگیر کردنی دەسەڵاتی بورژوازیی کورد. قۆناغێکە کە ئەم حیزبانە بە سەرژمێریی خەڵک لە کوردستان و باقیی هەوڵەکانیان، بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان و سەقامگیر کردنی دەسەڵاتی سیاسیی بورژوازی، ئامادەکاری دەکەن. ئەم جۆرە لە قۆناغی تێپەڕینە کە پڕۆسەی بەدەسەڵات گەیشتن و سەرکەوتنی بورژوازی لە کوردستان دێنێتە بەرچاو، تەنیا دەتوانێ بەرهەمی لەبار بردن و سنووردار کردنی پانتایی ڕاپەڕین و ئاخێزی جەماوەری بێت. بەرهەمی باروودۆخێک کە جەماوەری ڕاپەڕیو دەزگای دەسەڵاتی کۆماری ئییسلامییان لە شارەکانی کوردستان ڕووخانبێت، بەڵام نەتوانن ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەریی خۆیان لەجیاتی دابمەزرێنن. لە ڕاستیدا ئەوەیکە بۆ حیزبە سیاسیە بورژوازیەکانی کوردستان، بەشێک لە پرۆسەی سەرکەوتن بەئەژمار دێت، تەنیا دەتوانێ بەرهەم و ئاکامی شکستی بزووتنەوەی جەماوەری لە دامەزراندنی ئۆرگان و ناوەندەکانی دسەڵاتداریەتیی خۆیان بێت.

ئەوەیکە هاوڕێ ئیبڕاهیم عەلیزادە لە ژێر ناوی ترافیک لایت بۆ ڕێگری لە خۆلێکدان باسی لێدەکا هاوشێوەی ئەو  باسەیە کە عەبدوڵڵا مۆهتەدی ناوی قۆناغی تێپەڕینی لەسەر داناوە. هاوڕێ ئیبراهیم ڕوو بە حیزبە بورژواییەکان دەڵێ:" وەرن با بیر لە چرا زەردەکەشمان بکەینە، ئەوەش بە "پشتی شێر"ەوە نییە، ئەگەر حۆسنی نییەت بێت، دەکرێ. لە ڕوانگەی ئێمەوە دەرگای دیالۆگ و وتووێژ لەگەڵ هەموو حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، لەسەر ئەم تەوەرە کراوەیە". پێشتر ئاماژەمان بە پێگە و  خەسڵەتی "قۆناغی تێپەڕین" لە ڕوانگەی عەبدوڵڵا موهتەدی وەک قۆناغێکی پێشەکی بۆ سەقامگیر کردنی دەسەڵاتی بورژوازی لە کوردستان کرد. دەربڕینی ئامادەبوونی هاوڕێ ئیبراهیم بۆ دیالۆگ بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێکەوتن لە دەورەی چرای زەرد یان هەمان قۆناغی تێپەڕین، بمانهەوێ و نەمانهەوێ بەو مانایەیە کە ئێمە هەر لە ئێستاوە بە شێوەی دوو فاکتۆر، شکستی خەبات و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانمان لە شکڵ دان بە ناوەندەکانی دەسەڵاتداریەتیی جەماوەری قەبووڵ کردووە. دابەشکردنی دەسەڵات لە لایەن حیزبە چەکدارەکان لە کوردستانی عێراق نموونەیەکی بەرچاو لە چارەنووسی خەڵکی بێدفاع لە قۆناغی تێپەڕینێکدا دەبێ کە ناسیۆنالیست لە کوردستانی ئێرانیش هەم نەخشەی بۆ دادەڕێژێ و هەم لەوانەشە دەیان ساڵ بخایێنێت و جەماوەری ڕاپەڕیو لە بواری ستراتێژیکەوە لە دەخاڵەت کردنی واقعی لە چارەنووسیاندا بێبەری کات. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەوڵ و خەبات بۆ پێکهێنانی ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەری ئەو توانا و پۆتانسیەلەی هەیە کە لە قۆناغی قەیرانی شۆڕشگێڕانە و لە پڕۆسەی کردەوەییی ڕووخاندنی کۆماری ئسیلامی، لە پڕۆسەیەکدا کە هاوسەنگیی هێز بەردەوام بە قازانجی خەباتی خەڵک لە حاڵی گۆڕان دایە، ببێتە بزووتنەوەیەکی جەماوەری و گشت حیزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان بەرەوڕووی ئەمری واقیع بکاتەوە. وەڕێکەوتنی بزووتنەوەی شۆرایی، بزووتنەوەی خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبردنی جەماوەری لە دەورەی شۆڕشگێڕانەدا، بەلەبەرچاوگرتنی پێشینەیەک کە کوردستان هەیەتی، ئەگەرێکی واقیعییە. شۆراکان و باقیی ناوەندەکانی سەپاندنی ئیرادەی جەماوەری کە سەرچاوەگرتوو لە خەباتی خەڵکن، دەتوانن داکۆکیکاری بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستان بن، دەتوانن خەباتی جەماوەریی لە دەورەی شۆڕشگێڕانەدا ڕێبەری بکەن و وەک مێکانیسمێک لە نەخشی موددەعیی دەسەڵاتی سیاسی و سەپاندنی حکوومەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بە دەستی جەماوەر، دەرکەون. لە لایەکی دیکەوە بەڕوونی قابیلی پێشبینیە کە پاش تێکەوەپێچرانی بارگە و بنەی کۆماری ئیسلامی بەدەستی جەماوەری ڕاپەڕیو لە کوردستان، دەگاتە خاڵی وەرچەرخانی خۆی. ئەم حیزبانە بە پشت بەستن بە پێگەی چینایەتیی خۆیان و بە کەڵک وەرگرتن لە متمانەی ناوشیارانەی بەشێک لە کۆمەڵگا، هەوڵ دەدەن کە جەماوەری ڕاپەڕیو بنێرنەوە ماڵەکانیان و ناوەندە پێکهاتووە جەماوەریەکان بخەنە پەراوێزەوە و دەسەڵاتی هاوبەشی حیزبەکان بۆ پێکهێنانی ئەرتەشی نەتەوەیی، پارلەمان و دەوڵەت، وەک سەرکەوتنی نیهایی ڕاپەڕین، بەسەر جەماوەری خەڵکی کودستانی داسەپێنن. هەموو باسەکە لەسەر ئەوەیە کە ئێمە لە داوی ستراتێژی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان بکەوین؟ لە بەرامبەر نەخشەی ستراتێژیکی ئەوان، واتە دەسەڵاتی هاوبەشی حیزبەکان، هەڵبژاردن و پێکهێنانی پارلەمان و دەوڵەت و ئەرتەشی یەکدەستی نەتەوەیی، پێویستە ئێمەش ستراتێژی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی و خۆبەڕێوەبەریی خەڵک، جەکدار کردنی جەماوەر و هیتر، دابنێین و هەڵبەت ئەوەش بابەتێک نییە کە بە ڕێکەوتن لەگەڵ حیزب بورژواییەکان بێتە دی. ئەوە تەنیا دەتوانێ ئاکام و بەرهەمی بزووتنەوەی جەماوەری شۆڕشگێڕ لەخوارەوە بێت. لە باروودۆخێکدا کە گڕۆتینی شۆڕشگێڕانە گۆمەڵگای داگرتووە، کۆمەڵە وەک داکۆکیکاری پەیگیری بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و گشت ڕەوتی سۆسیالیستی، پێویستە هەموو توانای خۆی بۆ هێنانە مەیدانی جەماوەری بەرینی خەڵک بۆ پێکهێنانی شۆرا و ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەری، بخاتە گەڕ. پێویستە دەستبەجێ شۆرا و ناوەندەکانی سەرچاوەگرتوو لە ڕاپەڕینی خەڵک لە گەڕەکان و شارەکاندا وەک ئۆرگانەکانی دەسەڵاتداریەتیی خەڵک بەڕەسمی بناسرێ. لە وەها باروودۆخێکدا حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان، بەسەرەنجدان بە پێش مەرجەکانی بۆرۆکراتیکی سیستمی پارلەمانی، لە ئامرازی دەسەڵاتی خۆیان بێبەری دەبن، بەڵام بەخێرایی بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان و ڕێکخستنی، هەوڵ دەدەن. گرتنەبەری سیاسەتی گونجاو و بەرپرسانە لە بەرامبەر حیزبەکان و یان هەر شێوازێکیتر لە دەسەڵات، لەو دەورەیەدا، لە زومرەی پێداویستیەکانی پێشڕەویی ڕەوتی سۆسیالیستی و بەسەرکەوتن گەیاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردسان دێتە ئەژمار. بەڵام گرتنەبەری سیاسەت و تاکتیکی گونجاو لەو باروودۆخەدا لە گرەوی لێکدانەەوی وردی هاوسەنگیی هێز لە کۆمەڵگا دایە. نابێ هەر لە ئێستاوە بە حیزبە بورژواییەکان چەکی سپی بدەین کە لەسەر چۆنیەتیی گواستنەوەی دەسەڵات بە خەڵک، لەگەڵ ئەوان بەڕێکەوتن دەگەین، نابێ هەر لەئێستاوە چەکی سپییان بدەینێ کە لەسەر تایبەتمەندیەکانی قۆناغی تێپەڕین، لەگەڵیان بەڕێکەوتن دەگەین. لە باروودۆخی ئێستادا هەرجۆرە دیاری کردنی سیاسەت و تاکتیکی دیاریکراو بۆ باروودۆخێک کە هێستا نەخوڵقاوە  و بۆ هاوسەنگیی هێزێک کە هێستا نەناسراوە، داڕشتنی بەرنامە بۆ ئەو سیاسەت و تاکتیکە دیاریکراوە تا ئاستی ستراتێژی دەباتە سەرێ و بەکردەوە، ستراتێژی سۆسیالیستی دەخاتە پەراوێزەوە. نابێ هیچ شکێکمان لەوەدا هەبێ کە ئەگەر لەو کاتدا هاوسەنگیی هێز بە قازانجی حیزب و هێزە بورژواییەکان بێ، ئەوان نەخشە ستراتێژیکەکانی خۆیان بو زەوت کردنی دەسەڵات، یەک بە یەک بەکردەوە دەردێنن. ئەگەر جەماوەری ڕاپەڕیویش لە جەرەیانی ڕووخاندنی ناوەندەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، شۆرا و ناوەندەکانی دەسەڵاتی خۆیان پێکهێنابێ و ببنە هێزێکی مادی و واقعی و ڕیشەداری کۆمەڵگا، ئەوانیش بە بێ ئەوەیکە بە هەوڵی حیزبە بورژواییەکان بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی هاوبەش لە قۆناغی تێپەڕین یان هەڵبژاردنی پارلەمانیەکەیان، بایەخێک بدەن، دەسەڵاتی شۆرایی خۆیان سەقامگیر دەکەن و بۆ دیفاع لە دەستکەوتەکانی جەماوەری ڕاپەڕیو، خەڵک چەکدار دەکەنەوە و ئەرتەشی جەماوەری پێکدێنن. دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک، خواست و بەرنامەی ڕێفاهی، ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی کرێکاران لەوانە گەڵاڵەی کرێکاران بۆ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی وەک یاساییەک لە کوردستان ڕادەگەیەنن.

مەسەلەکە ئەوەیە، وەک چۆن حیزبە ناسیۆنالیستەکان، لێبڕاوانە پەیگیری ستراتێژی خۆیانن و کۆنتڕۆڵی ڕاپەڕینی جەماوەر، گواستنەوەی دەسەڵات بە حیزبەکان، پێکهێنانی ئەرتەشی نەتەوەیی، ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی پارلەمان و زەوت کردنی دەسەڵات لە خەڵکیان، خستووەتە دەستووری کاری خۆیانەوە، کۆمەڵەش پێویستە بە ڕوونی و لێبڕاوانە پەیگیری وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شۆرایی لە شار و گوندەکانی کوردستان و چەکدار کردنی جەماوەر لە دواڕۆژی ڕاپەڕینی سەرکەوتووانەی خەڵک بێت. هەروەک چۆن حیزبە ناسیۆنالیستەکان هەر لە ئێستاوە لەگەڵ کۆمەڵە بۆ ڕێکەوتن لەسەر چۆنیەتی هەڵسووکەوت لەگەڵ شۆراکان، لە داهاتووی کوردستان، بەرنامە داناڕێژن، کۆمەڵەش نابێ بە پەرەپێدانی خۆشباوەڕی لە بوار ڕێکەوتن لەگەڵ حیزبە ناسیۆنالیستەکان لەسەر سپاردنی دەسەڵات بە خەڵک، ستراتێژیی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی بخاتە پەراوێزەوە. لێرەدا تەئکید لەسەر گرینگ بوونی هەوڵ بۆ وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شۆرایی لە کوردستان بەو مانایە نییە کە کۆمەڵە دەور و نەخشی حیزبە سیاسیەکان لە داهاتووی دەسەڵاتی سیاسیدا، لەبەرچاو ناگرێت. بەڵام هەر وەک چۆن حیزبە ناسیۆنالیستەکان بە پێی نەخشەی ستراتێژیکی خۆیان هەوڵ دەدەن کۆمەڵە و باقیی حیزب و هێزە چەپەکان لەناو سیستمی پارلەمانیی دڵخوازی خۆیاندا بگونجێنن، کۆمەڵەش لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بەشداریی حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە دەسەڵاتی سیاسی پێویستە لەڕێگەی مێکانیسمی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی بێتە دی.

هاوڕێ ئیبڕاهیم دیسان لەو بەشە لە وتەکانیدا ڕووبە حیزبە بورژواییەکانی کوردستان دەڵێ: "مەسەلەیەکی دیکە کە زۆر گرینگە، چارەنووسی هێزی چەکدار لە کوردستانە. هێزی چەکدار لە کوردستان یەکێک لەو پرسیارانە کە لە  بەرامبەرمان دایە، ئەویش ئەوەیە کە لە دواڕۆژی ڕوودانی ئاڵوگۆڕەکان لە کۆمەڵگای ئێران چیی لەگەڵ بکەین. سەبارەت بەو تەوەرە دەرگاکانمان کراوەیە بۆ باس و وتووێژ، خۆشمان بۆچوون و لێکدانەوەی خۆمانمان هەیە و فورموولەمان کردەووە و بەڕای من واقعبینانەیە. بەڵام با باسیان بکەین، وتوومانە کە هێزی چەکدار لەژێر کۆنتڕۆڵی جەماوەری ڕاپەڕیو دا بێت، لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەو ناوەند و ئۆرگانانەدا بن کە خەڵک نوێنەرایەتی دەکەن، لە ژێر کۆنتڕۆڵی حیزبە سیاسیەکان بێتە دەرێ، حیزبی سیاسی خاوەنی هێزی چەکدار نەبێت، با لەسەر وردەکاریەکانی وتووێژ بکەین، کێشەیەک نییە و لە لایەن ئێمەوە ئەو ڕێگایە کراوەیە، بەڵام کەسێک کە بیر لە داهاتووی کوردستان دەکاتەوە ناتوانێ بیر لەوە نەکاتەوە و ناتوانێ ئەو هەمووە ئەزموونە تاڵەی کە لە ڕابردوودا ڕوویانداوە لەبەرچاو نەگرێت".

ئەوەش لە حاڵێکدایە کە وڵامی حیزبە بورژواییەکانی بەشدار لە ناوەندی هاوکاری، ڕوونە. پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەی هاوبەش وەک بڕبڕەی پشتی ئەرتەشی نەتەوەیی، ئەرتەشێک کە پەیڕەوی پارلەمان و دەوڵەتی سەرچاوەگرتوو لە سیستمی پارلەمانی بێت. کەوابوو بە پێی ستراتێژی ئەوان هێزی چەکدار لە خزمەت و لەژێر کۆنتڕۆڵی جەماوەری ڕاپەڕیودا نییە، بەڵکوو هێزی پێشمەرگەی هاوبەشیان بۆ "کوێخایەتی" و بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی جەماوەر دەوێ. لە ڕوانگەی ئەوانەوە جەماوەری ڕاپەڕیو دوای ئەوەیکە بارگە و بنەی ڕژیمیان لە کوردستان تێکەوەپێچا، ئیتر دەبێ بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و بەڕێوەبەرایەتیی کوردستان بدەنە دەست حیزبەکان و هێزە چەکدارە هاوبەشەکەیان، تا ئەوان ئەرتەشی نەتەوەیی پێکبێنن و بۆ هەڵبژاردنی پارلەمان و پێکهێنانی دەوڵەت، ئامادەکاری بکەن. ئەوان پارلەمان واتە هەر ئەو مێکانیسمەی کە خەڵک لە بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا دەخاتە پەراوێزەوە، بە باشترین شێوازی دابین کردنی دیمۆکراسی و بە هێمای ئیرادەی خەڵکی دەزانن و ئەرتەشی نەتەوەییش دەبێ پەیڕەوی لە پارلەمان بکات. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە یەکێک لە گرینگرین ئەرکەکانی کۆمەڵە لە دەورەی قەیرانی شۆڕشگێڕانەدا، چەکدار کردنی گشتی  و ڕێکخستنی جەماوەر و خستنە ژێر ئۆتۆریتەی شۆراکانی خەڵکە. لە دونیای واقعیدا ڕێگای دیالۆگ و وتووێژ ناتوانێ حیزبە بورژواییەکان ڕازی کات کە هێزە چەکدارەکانی خۆیان بێننە ژێر ئۆتۆریتە و فەرمانی شۆراکانی خەڵک. پێویستە شۆرا و چەکدار کردنی جەماوەر ببێتە هێزێکی ماددی و واقعی، پێویستە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان کە هێزی بەرەوپێش چوونی خەباتی خەڵکی کوردستانە، پێگەی هێژمۆنیکیان بێت تا حیزبە بورژواییەکان بکەونە پێگەیەکەوە کە هێزی چەکداری خۆیان یان تێکەڵی ئەرتەشی جەماوەری بکەن یان بخرێنە پەراوێزەوە.  کۆمەڵە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش و بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستان، بۆ وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شۆرایی، پێویستە پڕۆژەی هەبێت. پێویستە کۆمەڵە هەوڵ بدات کە گشت هێزە چەپ و ڕادیکاڵ و سۆسیالیستەکانی کوردستان بۆ بەرەوپێش بردنی وەها پڕۆژەیەک، لەگەڵ خۆی هاوڕێ کات. لەبەر ئەوەیکە جیگیر کردنی شۆرا و ناوەندی خۆبەڕێوەبەری و دەسەڵاتی جەماوەری لە کوردستان لە جیات ناوەندە تێکشکاوەکانی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی، لە ڕۆژانی پاش ڕاپەڕین، یەکێک لە گرینگترین پێداویستیەکانی سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕێگێڕانەی خەڵکی کوردستانە.  لێرەدا پێویستە تەئکید بکەین کە تەنیا بەشداریی چالاکانەی خەڵک لە مەیدانی خەباتی سیاسی و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا، دەتوانێ زەمانەتی بکات کە هیچ حیزب و لایەنێک بۆ بەرەوپێش بردنی خەباتی سیاسی دەست بۆ چەک نەبات و باروودۆخێکی شارستانیانە بۆ پێشڕەویی خەباتی سیاسی بخوڵقێنێ.

*******

ئەو شێوە هەڵسووکەوتەی هاوڕێ ئیبڕاهیم عەلیزادە بە حیزبە بورژواییەکان لە کوردستان و هیوادار بوون بە ڕێکەوتن لەگەڵیان لەسەر دوو تەوەری گرینگی وەک تەوەری دەسەڵاتداریەتی و داهاتووی هێزی چەکداری حیزبەکان لە کوردستان کە هەر دووکیان ڕاستەوخۆ بە چارەنووسی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان پەیوەندییان هەیە، لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، پێشینەی هەیە. زۆرێک لە هاووڕێیان لە ڕێبەری حیزب و کۆمەڵە وەبیریانە کە لە یەکێک لە پلۆنۆمەکانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە پێش کۆنگرەی ١٥، هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە پێشنووسی بەڵگەیەکی بۆ پەسەند کران دایە پلۆنۆم کە بە پێی ئەو بەڵگەیە دەبوایە خۆمان لە پڕۆژی پێکهێنانی بەرەی کوردستانی  لەگەڵ حیزبە ناسیۆنالیستەکان خستبایە. بەندی ١٠ی ئەو پێشنووسە کە لە ئاوریلی ساڵی ٢٠١٢دا ئامادە کراوە، بە تەواوی باس لە پێکهێنانی بەرەی کوردستانی دەکات.

"پڕۆسەی شکڵ گرتنی هاوئاهەنگیەکی کاریگەر، لە ڕوانگەی ئێمەوە دەتوانێ لەو قۆناغانەوە تێپەڕ بێت.

یەکەم، خوڵقاندنی کەش و هەوای دیالۆگ، درێژەی دیدار و دانیشتن و چاوپێکەوتن بە ئامانجی بیر و ڕا گۆڕینەوە و ناسینی یەکتر.

دووهەم، گرتنەبەری هەڵوێستی هاوبەش سەبارەت بە ڕووداوە سیاسیە گرینگەکان و بانگەوازی پێویست بۆیان، لەو کاتانەدا کە زەروورەتی سیاسیی گرینگ دێنە گۆڕێ

سێهەم، بەڕێوبردنی کۆنفڕانسێکی گشتی لە هەموو لایەنەکان بە بێ هیچ جۆرە سڕینەوە و پەراوێز خستنی ئەم یان ئەو، هەمووان لە کۆنفڕانسەکەدا بەشداری بکەن بە ئامانجی: ا) هەڵسەنگاندنی لەنزیکەوەی هەڵوێست و بۆچوون و پڕۆژەکان. ب)دامەزراندنی مێکانیسمێکی ڕێکخراوەیی و تەشکیلاتی بۆ بەدواداچوونی پەسندکراوەکانی ئەو کۆنفڕانسە گشتییە. ج) خوڵقاندنی باروودۆخ و دەرفەت بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا ". ئاشکرایە کە ئەگەر پڕۆژەی بەرەی کوردستانی پەسند کرابا و ببوایە بنەمای پڕاتیکی کۆمەڵە، بەکردەوە کۆمەڵە دەڕوویشتە ژێر هێژمۆنی و ڕێبەریی حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان. لەبەر ئەوەیکە ئەمجۆرە هاوپەیمانیانە ڕەنگدانەوەی هاوسەنگیی چینایەتیی لە کۆەمەڵگادا نییە. لە باروودۆخێکدا کە بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی و ڕادیکاڵ لە کوردستان، لە خەبات لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لە پێگەی هێژمۆنیک دابێت، ئەوکات مەترسیی چوونە ژێر هێژمۆنیی حیزب و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان یەکجار کەمترە. ئەو چەند ڕستەیەم لە بەڵگە پێشنیاریەکەی ساڵانی ڕابردووی هاوڕێ ئیبڕاهیم، بۆیە باس کرد کە نیشان بدرێ هەڵوێستی ئەمڕۆی هاوڕێ ئیبڕاهیم عەلیزادە سەبارەت بە ڕێکەوتن بە وردەکاریەوە لەگەڵ حیزبە ناسیۆنالیستەکان لەسەر پڕۆسەی سپاردنی دەسەڵات بە خەڵک و دیاری کردنی چارەنووسی هێزی چەکداری ئەو حیزبانە، نەک لەپێناوی ستراتێژی سۆسیالیستیی کۆمەڵە، بەرنامەی دەسەڵاتداریەتیی خەڵک لە کوردستان و هەڵوێستە ڕەسمیەکانی کۆمەڵە لە قەباڵ پەیوەندیی لەگەڵ حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان، بەڵکوو لە درێژەی هەمان پڕۆژەی پێکهێنانی بەرەی کوردستانی دایە. کەوابوو نەک ڕێبەریی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بەڵکوو، ئەوە هاوڕێ ئیبڕاهیم و هاوبیرەکانین کە سیاسەتی دژبە پەسندکراوە ڕەسمیەکانی کۆمەڵە و حیزبیان گرتووەتە بەر و لەو نێوەدا ئەگەر کەسێک قەرار بێ هەڵوێستی خۆی بێنێتە سەر لاپەڕەیەکی ئاچوار و پلاتفۆرمی سیاسیی خۆی بداتە دەر، ئەوە نەک ئێمە، بەڵکوو هاوڕێ ئیبڕاهیم خۆیەتی.

ناکۆکی لەسەر شێوازی هەڵسووکەوت لەگەڵ حیزبە ناسیۆنالیست و بورژواییەکان لە کوردستان بۆ جارێکی دیکە کاتێک خۆی نیشان دا کە هاوڕێ ئیبڕاهیم عەلیزادە لە لایەن ڕێبەریی کۆمەڵە لە مانگی گوڵانی ١٣٩٦ی هەتاوی، پێی نایە دەرکردنی ڕاگەیەندنی هاوبەش ڵەگەڵ ئەو حیزبانە و ڕێکخراوی ئیسلامیی خەبات بۆ بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شۆرای ئیسلامیی شار و گوندەکان. دەرکردنی ڕاگەیاندنی هاوبەش و بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی لەمبارەیە، لە باروودۆخێکدا بوو کە پێشتر حیزبی دیمۆکراتی کوردستان ڕێکخراوی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، هەڵوێستی دوولایەنە و سازشکارانەی خۆیان سەبارەت بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاندبوو. ئەم دوو ڕێکخراوە لە زمانی کادرەکانی ڕێبەڕی خۆیانەوە لەژێرناوی ئەوەیکە تەنیا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بایکۆت دەکەن و لە هەڵبژاردنی شۆرای ئیسلامیی شار و گوندەکاندا بەشداری دەکەن، بەکردەوە، بۆ ئەم نومایشەی هەڵبژاردنە بازاڕگەرمیان کرد و بە ئامانجی ڕژیم کە بریتی بوو لە ڕاکێشانی خەڵک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان، یارمەتیی گەیاند. ئاشکرایە کە ئەمجۆرە لە یەکیەتیی کردەوەیە، ئەگەرچی بە ئامانجی وەکار خستنی زۆرترین توانای خەباتکارانە لە کوردستان دژبە کۆماری ئیسلامییش ئەنجام بدرێ، نە تەنیا خزمەت بەو ئامانجە ناکات، بەڵکوو بەکردەوە، بە سیاسەتی سازشکارانە و دوولایەنە، بە ڕژیم ئیعتبار دەبەخشێ و سیاسەتی خەباتی لێبڕاوانە دژبە ڕژیم و بایکۆتی نومایشی هەڵبژرادن تا ئاستی درووشم و سیاسەتی سازشکارانەی حیزبە بورژواییەکان دێنێتە خوارێ. هەروەها دەرکردنی ڕاگەیاندنی هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوێکی پەراوێزخراوی وەک سازمانی ئیسلامیی خەبات کە لە لایەن حیزبە ناسیۆنالیستەکانەوە بەسەر ڕێبەڕیی کۆەمەڵەدا "سەپێندرا"، پاشەکشەیەکی سیاسی بەئەژمار دێ. پێویستی بە بەڵگە هێنانەوە نییە کە دەرکردنی ڕاگەیاندنی هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوێکی وەک سازمانی ئیسلامیی خەبات کە لە بواری بابەتیەوە وەک لقی کوردستانی سازمانی موجاهیدینی خەلق وایە و لە پلاتفۆرمە سیاسیەکەیدا تەئکید دەکات کە یاسای بنەڕەتیی داهاتووی وڵات دەبێ بە پێی یاسا ئیسلامیەکان بێت، و بەشێکە لە بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەئاشکرا زەربە لە ئیعتباری کۆمەڵە و گشت بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستان دەدات.

ستراتێژی پەکەکە و پژاک لە خزمەت مانەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا

هەتا ئێستا سیاسەت و کردەوەی پەکەکە وەک ڕەوتێکی ناسیۆنالیست و پۆپۆلیست لە هەڵسووکەوت لەگەڵ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی ئێران، نیشانی داوە کە ئەو حیزبە بەنیازە بەرژەوەندی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی ئێران پەیڕەوی بەرژەوەندیە دیپلۆماتیکەکانی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکات. ئەگەرچی ماهیەتی سیاسەتی جەنایەتکارانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نە لە ئاست سەرتاسەری و نە لە قەباڵ خەڵکی کوردستان، لە کەس شاراوە نییە، بەڵام ڕێبەریی پەکەکە بە دەیان جار لە زمانی خۆیان یان لە زمانی سەرۆکی هاوبەشی "کەنەکە" و یان وتەبێژانی پژاکەوە ڕایگەیاندووە کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات(کە مەبەستیان کوردستانی ئێرانە)، دەبێ هەوڵ بدرێ مەسەلەی کورد لە ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئسیلامی و لە ڕێگەی سیاسی و دیمۆکراسیەوە چارەسەر بێت. پژاک (پارتی ژیانی ئازادی کوردستان) وەک "لقی کورستانی ئێران"ی (ک ج ک) یان پەکەکە، ساڵهایە ئەو ستراتێژیەی گرتووەتە بەر. پژاک لە جەرەیانی نومایشەکانی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی کە مێکانیسمێکە بۆ مەشرووعیەت بەخشین بە درێژەی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە، بەکردەوە، بە بانگەشەی خەڵک بۆ بەشداری کردن لەو گاڵتەجاڕیانەدا، هەڵوێست و سیاسەتی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی بردووەتە بەرەوە و بۆ ئەم نومایشانە بازاڕ گەرمی کردووە. کادرەکانی ڕێبەریی پژاکیش هەتا ئێستا بەدەیان جار بە گەورە کردنەوەی مەترسیی سووریەیی بوونی ئێران، خەڵک لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەترسێنن و ڕێگای دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی مۆعیزە دەکەن. بۆ ئەو کەسانەی کە لەگەڵ هەڵوێستی پەکەکە و ناوەند و ڕێکخراوەکانی سەربەوان ئاشناییان هەیە، پێویستە بە هێنانەوەی بەڵگە ناکات کە هەڵوێست و سیاسەتەکانی ئەم جەریانە لە ئاست کۆماری ئیسلامی، لە خزمەت مانەوەی ئەم ڕژیمە دایە.  لێرەدا باس لە سەر پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو جەریانە کە لە ناوچەکەدا حزووری هەیە و چالاکی دەکات، نییە، باسەکە لەسەر ئەوەیە کە نە تەنیا نابێ ڕێگە بدرێ کە لە ئیعتباری کۆمەڵە بۆ بەرەوپێش بردنی ئەو سیاسەتە سازشکارانەیە کەڵکی نابەجێ وەرگیرێ، بەڵکوو ئەمجۆرە هەڵوێست و سیاسەتانە پێویستە لە لایەن کۆمەڵەوە بەڕوونی ببردرێتە ژێر پرسیارەوە. لەم پێوەندەدا پێویستە بەشداریی کۆمەڵە لە ناوەندی ژێر شاخەی "ک ن ک" لەژێر ناوی "کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش" کە پتر لە سی حیزب و ڕەوتی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی تێیدا بەشدارن و لە بەیانییەکانیانەوە دیارە کە  لە خزمەت ستراتێژی مانەوەی کۆماری ئیسلامی دا هەنگاو هەڵدەگرن و هیچ پەیوەندیەکیان بە بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراوەوە نییە، کۆتایی پێبێ. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین بەیانییە و ڕاگەیەندراوی سیاسی کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بەرژەوەندی جەماوەری کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانەوە نییە و ئیمزای کۆمەڵەشیان پێوەیە، بڵاوکراونەتەوە و بە کەڵکی نابەجێ وەرگرتن هەر لەو پەیوەندیانە،  تەنانەت لە ڕەچاوکردنی سەرەتایی ترین پرەنسیپە سیاسیەکان، خۆیان بواردووە.

سیاسەت، هەڵوێست و پشتیوانیی بێدەریغی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە دیفاع لە بزووتنەوەی مافخوازانە و خۆبەڕێوەبەرایەتیی ڕۆژئاوا، یەکێک لە لاپەڕە پڕ لە شانازییەکانی جەریانی ئێمەیە. ئێمە لە هەمان حاڵدا کە لەو بزووتنەوە مافخوازانەیە لە بەرامبەر دەوڵەتی فاشیستی تورکییە و باقی هێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە دیفاعمان کرد و بۆ پشتیوانی کردن و هاوپشتیی خەڵکی کوردستانی ئێران و بیروڕای گشتیی سەرتاسەری لەو بزووتنەوەیە، پەیگیرانە هەوڵمان دا، بەردەوامیش نیسبەت بەو مەترسیانەی کە بەهۆی سەرلێشێواویی ستراتێژی حیزبە بەشدارەکان، هەڕەشەیان لەو بزووتنەوەیە دەکرد، هۆشدارمان دەدا. درووست ئەوەیە کە کۆمەڵەش نیسبەت بە ڕۆڵی پژاک لە بزووتنەوەی کوردستان، هەر ئەو شێوازە بگرێتە بەر.

********

پێکهێنانی جەمسەریەکی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان

یان "وەدووی کڵاوی لار کەوتن"؟

هاوڕێ ئیبڕاهیم کە حازرە لەگەڵ حیزبە بورژوا و ناسیۆنالیستەکان، بە وردەکاریەکانیەوە، لەسەر پڕۆسەی "سپاردنی دەسەڵات بە خەڵکی کوردستان" بەڕێکەوتن بگات، کاتێک تەوەری هاوکاری لەگەڵ حیزب و هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و پێویستیی هەوڵدان بۆ پێکهێنانی جەمسەرێکی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان دێتە بەرەوە، لە دوایین پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەدا بەو ئیستدلالە کە "کۆمەڵە بەستێنی سەرەکی چەپە لە کوردستان و داوا لەو هێزانە بکەین کە ئەگەر خۆیان لەگەڵ ئەو ڕەوتە دەزانن لە دەوری کۆمەڵە کۆبنەوە"، "هێزی چەپ لە کوردستان بوونی نییە"،"کەوابوو خۆمان بەوەیکە لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانە ڕێکبەخەین، نەخافڵێنین"، لەگەڵ ئەو پڕۆژەیە دژایەتی دەکات. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ و سۆسیالیست لە ئێران  و کوردستان، بەشێک لە ستراتێژی ڕەسمیی حیزب و هەڵوێستی پلۆنۆمەکانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و کۆمەڵە بووە. ئەمجۆرە دژایەتیانە لەگەڵ سیاسەتی پێکهێنانی بلۆکی چەپ لە کوردستان بە مانای نەدیتنی ڕاستیەکانی کۆمەڵگای کوردستانە. کۆمەڵگای کوردستانیش کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری و چینایەتیە. لەو کۆمەڵگایەشدا لە جەرگەی کێشمەکێش و ڕووبەڕوو بوونەوەی چینایەتی، بزووتنەوە و ئاراستە و سوننەتە جۆراوجۆرە سیاسیەکان وەک ڕاستیەکی بابەتی و حاشاهەڵنەگر بوونیان هەیە و هەرکام لەو سوننەت و ئاراستە سیاسی و کۆمەڵایەتیە جێکەوتووانە، خۆیان، بەستێنی پێکهاتنی حیزب و ڕەوتە جۆراوجۆرە سیاسیەکانیان خوڵقاندووە. ئاراستەی ئیسلامی سیاسی، بزووتنەوە و سوننەتی ناسیۆنالیستی و بزووتنەوەی سۆسیالیستی، هەرکامیان بەشێک لە ڕاستیەکانی کۆمەڵگای کوردستانن.

بوونی ئاراستەی سەلەفی گەری بەهۆی کردەوەی مێژوویی کۆماری ئیسلامی لە کەڵک وەرگرتن لە هێزە ئیسلامیەکان بۆ لاواز کردن و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان و گەشەی سێکۆلاریسم و باقیی حیزب و هێزە سیاسیەکانی کوردستان، ئەگەرچی لاواز، بەڵام خۆی ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە. ڕەوتی ئیسلامی سیاسی، لە قالبی گرووپی سەلەفی و یان جەریانی مۆفتی زادە، بەشێک لە ڕاستیەکانی ئەو کۆمەڵگایەن. ڕێکخراوی ئیسلامیی خەبات، بەشێک لەو ڕەوتەیە کە کەوتووەتە ڕیزی ئۆپۆزیسیۆنەوە. یان هەر وەک دەبینین لەسەر بەستێنی ئاراستەی ناسیۆنالیستی لە  کوردستان، حیزب و ڕێکخراوی جۆراوجۆر سەری هەڵداوە و چالاکی دەکەن و کادر و پێشینەی مێژوویی و سوننەتی جێکەوتووی خۆیانیان هەیە. لەو نێوەدا بزووتنەوە و ئاراستەی سۆسیالیستی لە کوردستانیش، بەدەر لەو یاسایە نییە. لەسەر بەستێنی ئەو بزووتنەوە واقعی و بابەتیە، کۆمەڵە و حیزبە جۆراوجۆرە سیاسیەکان چالاکی دەکەن. ئەم بزووتنەوەیەش کادر و سوننەتی خەباتکارانەی ناسراوی خۆی هەیە. سوننەتی مانگرتنی گشتی، مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری، بەڕێوەچوونی ئەوەڵی مانگی مەی، بەڕێوەچوونی ڕۆژی جیهانیی ژن، دیفاع لە مافی منداڵان و هیتر، بەشێکن لە سوننەتەکانی ئەم بزووتنەوەیە و ئاراستە کۆمەڵایەتیەکەی. ئەوە ڕاستە کە کۆمەڵە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئیعتبارێکی حاشاهەڵنەگری لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە، بەڵام حیزبە سیاسیەکانی دیکەش لەسەر بەستێنی هەر ئەو سوننەتە خەباتکارانەیە لە کوردستان چالاکی دەکەن. حیزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاری، بەدەر لە هەرجۆرە لێکدانەوەیەک کە لەسەر چوارچێوەی چالاکیی و پێگەی خۆیان هەیانە، بە بەرنامە و کلتووری تایبەتی سیاسیی خۆیانەوە لەو کۆمەڵگایەدا چالاکی دەکەن. کەوابوو ئەگەر بزووتنەوە و ئاراستەی ناسیۆنالیستی لە کوردستان ئاراستەیەکی حیزبییە، ئاراستەی چەپ و سۆسیالیستیش لەو کۆمەڵگایەدا، ئاراستەیەکی حیزبییە.

لە وەها باروودۆخێکدا، هەوڵی چەند ساڵ لەمەوبەری حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان بۆ کۆبوونەوەیان لە ناوەندی هاوکاری و ڕێکەوتنیان لەسەر بنەمای هاوبەشی هاوکاری، لەبواری مێژووییەوە لە کۆمەڵگایەکی حیزبیی وەک کوردستان، هەنگاوێکی بەرەو پێشە و هەڵبژاردن لە نێوان ڕاست و چەپی کۆمەڵگا، بۆ جەماوەری خەڵک ئاسانتر دەکاتەوە. کاری ئێمە دژایەتی لەگەڵ شکڵ گرتنی ناوەندی هاوکاری حیزبە ناسیۆنالیستەکان نییە، بەڵکوو پێویستە کۆمەڵەش لە ڕوانگەی وڵامدانەوە بە پێداویستیەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان، داهێنانی هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ و سۆسیالیست لە کوردستان بگرێتە دەست. هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هاوکاریی پایەدار لەگەڵ باقیی حیزب و هێز و گرووپە کۆمۆنیستەکان لە کوردستان و پێکهێنانی جەمسەرێکی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی و ڕێکەوتن لەسەر وردەکاریی پڕۆژەکانی وەڕێخستنی کەمپەینی سیاسی و بانگەشەکارانەی سەرکەوتوو، دەتوانێ ببێتە هۆی بەهێز بوونی بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کۆمەڵگای کوردستان. هەر وەک چۆن بەردەوام تەئکیدمان کردووە، بە وەڕێخستنی کەمپەینی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کوشتنی کۆڵبەران لە کوردستان، وەڕێخستنی بزووتنەوە لەدژی بێکاری، کەمپەینی دیفاع لە بەیانییەی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی زەحمەتکێش لە کوردستان، کەمپەینی دیفاع لە دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی خەڵک، لە کۆمەڵگایەکی حیزبیی وەک کوردستان کە پڕە لە ئەزموونی شۆڕشگێڕانە، دەکرێ دەرفەت  و ڕووداو بخوڵقێ و لە ڕێگەی ئەم چالاکیانەیە کە بزووتنەوە و وتاری سۆسیالیستی لە کوردستان دەتوانێ ڕۆڵی هێژمۆنیک و ڕێبەری بەدەست بێنێ. بە وەڕێخستنی ئەمجۆرە کەمپەینانە لە کوردستان، بە هەزارن "تاکەکەسی" کۆمۆنیست، مرۆڤە چەپ و ڕادیکاڵەکان بە ئاراستەی سیاسی و بۆچوونی جۆراوجۆرەوە، پێیان پەیوەست دەبن و پێگەی خۆیان لەو کەمپەینانەدا دەبیننەوە. کەوابوو تەئکید لەسەر سیاسەتی پێکهێنانی بەرەیەکی چەپ و سۆسیالیست لە کوردستان "وەدووی کڵاوی لار کەوتن" نییە، بەڵکوو ڕێگایەکی واقع بینانەیە بۆ هاوکاریی نێوان خەباتکارانی سیاسی و هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵات. کۆمەڵە نەک بە حاشا کردن لە بوونی هێز و حیزب و ڕێکخراوە چەپەکان لە کوردستان، بەڵکوو بە هاوکاری کردن لەگەڵ ئەوان و گشت کۆڕ و گرووپە چەپ و ڕادیکاڵەکانی ئەم کۆمەڵگایەیە کە دەتوانێ یارمەتیدەری بەهێزبوونی وتاری چەپ لە کوردستان بێت و بێ گومان بەهێزبوونی کۆمەڵەش هەر لەو ڕێگایەوە تێپەڕ دەبێت.

بەپێچەوانەوە، ئەمجۆرە بانگەوازانە لە لایەن هاوڕێ ئیبڕاهیم عەلیزادە لە ڕۆژی کۆمەڵەدا ڕووبە هەزاران سۆسیالیستی بەرەی کۆمەڵە کە "وەرن حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕێگری چالاکیی ئێوە لەناو کۆمەڵەدا نییە" و لە وتووێژ لەگەڵ ڕادیۆ دیالۆگیش دیسان تەئکیدی لەسەر کردەوە، هەم حیسابگەرانەیە و هەم وەدووی کڵاوی لار کەوتنە. حیسابگەرانەیە، لەبەر ئەوەیکە کاتێک بانگەواز دەکەی کە وەرن "حیزبی کۆمۆنیست ڕێگری چالاکیی ئێوە لەناو کۆمەڵەدا نییە"، لە ڕاستیدا ڕوو بەو "سۆسیالیستانە" بانگەواز دەکەی کە حیزبی کۆمۆنیست لە پەیوەست بوونیان بە کۆمەڵە بە ڕێگر دەزانن. ڕستە و ووشەکان بە وردبینیەوە هەڵبژێردراون. هاوڕێ ئیبراهیم خۆی باش دەزانێ کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە ماوەی تەمەنی خۆیدا، نەتەنیا ڕێگری پەیوەست بوون یان هاوکاری سۆسیالیستەکان لەگەڵ کۆمەڵە نەبووە، بەڵکوو بەردەوام هاندەریش بووە. بەڵام ئەو بەناو "سۆسیالیست" و "کۆمۆنیست" و "ئەنترناسیۆنالیست"انەی کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە مەسیری پەیوەست بوون و هاوکاری کردنیان لەگەڵ کۆمەڵە بە ڕێگر دەزانن، ئەساسەن لەبەر ئەوەیە کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەردەوام لەسەر کۆمۆنیست بوون و چالاکیی سەرتاسەری پێداگریی کردووە. بەشێک لەوانە بە ناکۆکیەکانی نێوان حیزب و کۆمەڵە سەرخۆش بوون و بە دەیان جار لە نامە سەرئاواڵەکانیاندا ڕایانگەیاندووە کە "خۆتان لەگەڵ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران یەکلا کەنەوە تا ئێمەش بێین و دووبارە بە کۆمەڵە پەیوەست بینەوە". هەرچەند ئەزموون دەریخستووە کە ئەوانە تەنانەت بە ئیدیعاکانی خۆیشیان پێبەند نین.

لەڕاستیدا، ئەمجۆرە بانگەوازانە، وەدووی کڵاوی لار کەوتنە، لەبەر ئەوەیکە بۆچوونی هەزاران کەسی "بەرەی کۆمەڵە"، واقعی نییە، ئەو بۆچوونە هەڵخەڵەتێنەرە. لەبەر ئەوەیکە "بەرەی کۆمەڵە" کۆمەڵێکی ڕەنگاوڕەنگە. ئەو هەزاران کەسە، بەرەیەکی واحید پێکناهێنن. ئەگەر "بەرەی بەربڵاوی کۆمەڵە" بریتی بێ لەو دۆست و هاوڕێیانەی کە ساڵیانێک لە تەمەنی خۆیان بۆ چالاکی لەناو کۆمەڵە تەرخان کردووە، ئەم بەرە بەربڵاوە، لە ئێستادا ئاراستەی سیاسی و فیکریی جیاوازیان هەیە. بەشێک لەو هاوڕێیانەی کە لە حیزبی کۆمۆنیست و کۆمەڵە جیا بوونەوە لەگەڵ کۆمۆنیستی کرێکاری ڕۆیشتن و پاشان لەوانیش جیا بوونەوە و لەئێستادا بە شێوەی سەربەخۆ یان تاکەکەسی چالاکی دەکەن، لە بواری سیاسی و بۆچوونەوە، زۆربەیان، لەو حیزبانە و بنەما فیکریانی ئەوان نزیکن. ئەو بەشەش کە لە بنەمای فیکری و سوننەتە کۆمۆنیستیەکانی کۆمەڵە دابڕان و لەگەڵ ڕێکخراوی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕۆیشتن و پاشان لە ڕێبەریەکەی ناهۆمێد بوون و لێیان جیابوونەوە، ئەوانیش لەبواری فیکری و سیاسیەوە لەو دوو ڕێکخراوە نزیکن. ئەو هاوڕێ و دۆستانەش کە خۆیان بە ڕەوتی سۆسیالیستیی کۆمەڵە دەزانی و پاشان تووشی جیابوونەوە بوون، چوارچێوەی سیاسی و فیکریی، بە نیسبەت ناسراوایان هەیە. بەشێک لەو "بەرەی کۆمەڵە"یەش بوونەتە لایەنگری پەکەکە و پژاک و بەشێکی دیکەشیان چالاکیی سیاسی ئەنجام نادەن. کەوابوو ئەو "بەرە هەزاران کەسێی کۆمەڵە" ئاراستەی سیاسی و فیکریی جیاوازیان گرتووەتە بەر و بەرەیەکی یەکدەست و واحید نین. هەڵبەت بەشێک لەو هاوڕێیانەش هیچکات حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ کۆمەڵە، بەڕێگر نەزانیوە و بانگەشەی ئەو هاوڕێیانە بۆ پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی کۆمەڵە، نە تەنیا لەگەڵ هەوڵی کۆمەڵە بۆ پێکهێنانی بلۆکی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان ناتەبا نییە، بەڵکوو بەشێک لە پێداویستیەکانیەتی و ئەم حەرەکەتە بەهێز دەکات.

ناکۆکی "لەسەر ناوێک"

یەکێک لەو تەوەرانەی دیکە کە ناکۆکیی لەسەرە، پێناسە کردنی دوو باڵی سازمانی زەحمەتکێشانە لەژێرناوی "کۆمەڵەییەکان" یان "کۆمەڵەی زەحمەتکێشان". ئەم ناکۆکیە تەنیا لەسەر ناوێک نییە. هەموومان ئاگادارین کە ئەم ڕەوتە بە دابڕانی بنەڕەتی لە بنەمای فیکری و سوننەتی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستیی کۆمەڵە، لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بانگەشەکاری هەڵوێست و کردەوەی ناسیۆنالیستی و سوننەتە بورژواییەکان بوون لەژێر ناوی کۆمەڵەدا. هەر بۆیە ئیدیعای ئەوان سەبارەت بە کۆمەڵەیی بوونیان لە کوردستان، لە ئاستی  کۆمەڵایەتیدا قەبووڵ نەکراوە. جەماوری کرێکار و زەحمەتکێش و پێشڕەوی کوردستان، کەڵک وەرگرتنی ئەم دوو سازمانە لە ناوی کۆمەڵە، بە ڕەوا نازانن. ئەم دوو ڕێکخراوە بۆ خۆگونجاندن لە چوارچێوەی ناوی کۆمەڵەدا، پشتیان بە ئاراستە و کلتووری سوننەتی و پێش مۆدێرنیتە بەستووە، بەڵام لە کوردستان ئاراستە و کلتووری مۆدێرن و پێشکەوتووش ڕاستیەکی کۆمەڵایەتییە و خەباتی پتر لە چوار دەیەی کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی کۆمۆنیستی و ڕادیکاڵ و پێشڕەو و بوونی بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستان، هاوسەنگیی هێزی لەنێوان کلتووری کۆنە و سوننەتی و کلتووری مۆدێڕن گۆڕیوە و کۆمەڵگای کوردستان لە ڕابردوو سیاسیتر بووەتەوە. ڕێک لە باروودۆخێکدا کە بەشی پێشڕەوی کۆمەڵگا لە ڕێگەی ئەزموونی سیاسی و کردەوەیی خۆی، ماهیەتی ڕاستەقینەی ئەم ڕەوتانەی ناسیوە، ئێمە بە پێناسە کردنی ئەم دوو ڕێکخراوە لەژێرناوی "کۆمەڵە"، ڕیزی کۆمەڵەییەکان تێک دەدەین. نابێ ڕێگە بدرێ کە ئەو دوو ڕێکخراوە لە ئیعتباری سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتی ڕاست ڕەوانەی ئەمڕۆی خۆیان، کەڵک وەرگرن. نابێ ڕێگە بدرێ پێشینەی خەباتکارانە و خۆشەویستیی و خۆشناویی گیان بەخت کردووانی کۆمۆنیست، ببێتە سەرمایەی سیاسیی ئامانجەکانی ئەمڕۆیان. نابێ ڕێگە بدرێ بە ناوی کۆمەڵەوە دەهۆڵی دانووستان لەگەڵ ڕژیم بکوتن، بە ناوی کۆمەڵەوە سیاسەتی باڵی ڕاستی سۆسیال دیمۆکراسی تەبلیغ بکەن، بەناوی کۆمەڵەوە دەست لەناو دەستی سەڵتەنەت تەڵەبەکان، پەیوەستی شۆڕای بەڕێوەبەریی تێپەڕین بن، بەناوی کۆمەڵەوە لەناو کۆریدۆرەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا بسووڕێنەوە و لە واشینگتۆنەوە پەیامی "هیوابەخش" بۆ خەڵکی کوردستان بنێرنەوە ... .

ئێمە هەتا ئێستا لە ڕێگەی میدیا حیزبیەکانەوە بەشێوەی ئیسباتی لەو بوارەدا بۆچوونی خۆمان دەربڕیوە و بە چاوپۆشیەوە، بەرەنگاری ڕوانگەیەک بووین کە دوو باڵی سازمانی زەحمەتکێشان بە کۆمەڵە ناولێدەبات. بەڵام ئێستا کە لە زمانی دەبیری ئەوەڵی کۆمەڵەوە وا نیشان دەدرێ کە گۆیا ئەوە ئێمەین کە هەڵوێستێکی دژی سیاسەتەکانی حیزب و کۆمەڵەمان گرتووەتە بەر، بەڵام پلاتفۆرمێکمان نییە، پێویستە وەبیر ئەو هاوڕێیەی بێنینەوە کە تکایە دژبە پەسندکراوە ڕەسمیەکان، ڕەفتار مەکەن، لەوە زیاتر سازمانی زەحمەتکێشان "کۆمەڵە" پێناسە مەکەن، "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" بەشێک لە مێژووی ڕێکخراوێکە کە دواتر بە پڕۆسەی پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پەیوەست بوو. لە کۆنگرەی ١٠ی کۆمەڵەدا، بە زۆرینەی دەنگ، بڕیارێک لەسەر جەریانی ئینشعابیی سازمانی زەحمەتکێشان پەسند کرا کە لە یەکێک لە بەندەکانیدا، بەڕاشکاوی تەئکید کراوە کە "کۆنگرە، بەکارهێنانی ناوی کۆمەڵە بۆ پێناسەی ڕەوتێک کە هیچ پەیوەندیەکی بە ئامانج و سوننەتەکانی کۆمەڵەوە نییە، مەحکووم دەکات".

*******

سەرەڕای ئەو میحوەرە ناکۆکی هەڵگرانەی کە بەکورتی باسیان لێکرا و لە چالاکیەکانی حیزبدا ڕەنگدانەوەی کردەوەییان هەیە، هەموو ئێمە و تەنانەت ئەو هاوڕێ و دۆستانەش کە لە دەرەوەی حیزب پەیگیری مەسەلەکانن، ئاگادارن کە لەناو ئێمەدا لەسەر تەوەری بوونی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ناکۆکیی هەیە و لە ئێستادا ئاراستەی دژایەتی لەگەڵ درێژەی چالاکیی لەژێرناوی حیزبی کۆمۆنیست  و وزە دانان لەسەر چالاکیی سەرتاسەری، ئاراستەیەکی واقعییە. لەناو تەشکیلاتی ئێمەدا لەسەر دامەزراندنی سۆسیالیسم لە یەک وڵاتدا، بۆچوونی جیاواز هەیە. لە هەر کۆنگرەیەکدا، کاتێک لەسەر بەرنامە و ستراتێژی سۆسیالیستیی حیزب لە ئێران تەئکید کراوە، دەستبەجێ هاوڕێ یان هاوێیانێک بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە سۆسیالیسم لە یەک وڵاتدا دانامەزرێ و ئەم تەوەرەیان داوەتە بەر باس. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بۆ حیزبی ئێمە کە لەسەر ستراتێژی شۆڕشی کرێکاری پێداگری دەکات، دەبێ ئەوە ڕوون بێت کە کاتێک چینی کرێکار شۆڕشی کرد و دەسەڵاتی سیاسیی بەدەستەوە گرت ڕێگایەکی بێجگەلە ئەوە بۆ نامێنێتەوە کە بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی ئابووریی کۆمەڵگا، لەپێناو ئامانجەکانی خۆی، بەرنامە داڕێژێ. ئاشکرایە کە حکوومەتی کرێکاران، بە دەرکردنی چەند فەرمان، ناتوانێ سۆسیالیسم بخاتە جێگای سەرمایەداری. بەڵام حکوومەتی کرێکاران دەتوانێ دەسەڵاتی دەوڵەتی بەهەموو توانایەوە بەکار بێنێت تا بە داڕشتنی بەرنامە و گەشەی ئابووری لە پێناو سەقامگیر کردنی نیزامی هاوبەش و سۆسیالیستی، خێرایی ببەخشێت. بۆ حکوومەتی کرێکاران ئاشکرایە کە سۆسیالیستی کردنی بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگایەکی سەنعەتیی وەکوو ئێران، دەتوانێ لە سەنعەتە سەرەکیەکانەوە دەست پێبکات کە کەمترین کێشە و بەربەستیان لەسەر ڕێگایە. هەر چی سۆسیالیستی کردنی بەرهەمهێنان، لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا، دەستکەوت و تایبەتمەندیەکانی بۆ وڵامدانەوە بە پێداویستیەکانی مرۆڤ زیاتر ئاشکرا کات و ئازادیی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان زیاتر ڕیشەدار بکرێت، دەوڵەتی خۆبەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمهێنەرانیش، بوێرانەتر لە ڕێگای بەرەوپێش بردنی سۆسیالیسمدا هەنگاو هەڵدەگرێ. لەناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا لەسەر دیاردەی ئیسلامی سیاسی و کۆماری ئیسلامی وەک یەکێک لە پێگە حکوومەتیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیاوازیی بۆچوون هەیە. هەرکات لە تەشکیلاتی ئێمەدا، لەناو باسەکانی پەیوەندیدار بە باروودۆخی سیاسیی ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باسی دیاردەی ئیسلامی سیاسی دێتە گۆڕێ، دەستبەجێ باسی ئەوەش دەکرێ کە ئیسلام بە سیاسی و غەیرە سیاسی دابەش مەکەن، ئیسلام لە سەرەتاوە دینێکی سیاسی بووە. ئەو بۆچوونە بە بێ لەبەرچاوگرتنی مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی ئیسلام و بە بێ سەرەنجدان بە جیاوازیی نێوان ئەو خەڵکە ئاساییەی کە خۆیان بە موسوڵمان و پەیڕەوی دینی ئیسلام دەزانن لەگەڵ گرووپ و بزووتنەوەکانی ئیسلامی سیاسی کە بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی، لە ئەنجامدانی هیچ جەنایەتێک دەست ناپارێزن، نەخوازراو و یان بە هەر مەبەستێکەوە بێت، حیزب لەبواری سیاسی و تەبلیغییەوە لەگەڵ کێشە و گرفت بەرەوڕوو دەکاتەوە. هەروەها سەبارەت بە سیاسەتی ئێمە بەرامبەر بە هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ئاست سەرتاسەریدا، لەسەر بەرنامەی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی، لەناو حیزبدا جیاوازیی بۆچوون هەیە. ئەگەر خاوەنانی ئەم بۆچوونانە، هێشتا متمانەبەخۆیی ئەوەیان نییە کە لە ئاستی عەلەنیدا، بیر و بۆچوونی خۆیان بدەنە بەر قەزاوەتی گشتی، هیچ لەو ڕاستییە کە لەناو حیزبی ئێمەدا ناکۆکی هەیە، کەم ناکاتەوە.

هەڵبەت هێندێک لەو هاوڕێیانە، بۆ نموونە سەبارەت بە پێویستیی مفع بوونەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەناو کۆمەڵە و یان سەبارەت بە دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی، بۆچوونەکانی خۆیان نووسیوە و خستوویانەتە ئیختیاری ئەندامانی حیزبەوە و وڵامیشیان پێدراوەتەوە.  کەوابوو بەپێچەوانەی هێندێک ئیدیعا کە بە ئامانجی سنوورداری تەشکیلاتی، حاشا لە بوونی بۆچوونی جیاوازی سیاسی دەکات و دەربڕینی ئەو ڕاستیە سادەیە بە "زەڕەبین دانان لەسەر مێشکی کەسەکان" پێناسە دەکات، بوونی بۆچوونی جیاوازی سیاسی دیاردەیەکی تەواوەن بابەتی و حاشاهەڵنەگرە لەناو تەشکیلاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا.

هاوڕێ ئیبڕاهیم عەلیزادە، لە حاڵێکدا (پتر لە سێ چوارەمی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) بە ئاراستەی جیاواز لەگەڵ هەڵوێستە ڕەسمیەکانی حیزب پێناسە دەکات و دەڵێ کە هەتا ئێستا لاپەڕەکی ئاچواریان سەبارەت بە جیاوازیەکانی خۆیان نەنووسیوە، کە "بەپێچەوانەوە"، ئەو هاوڕێیانەی کە سیاسەت و هەڵوێستی ناتەبایان لەگەڵ هەڵوێستە ڕەسمییەکانی حیزب و کۆمەڵە، چ لە ئاست ڕێبەری و چە لە ئاست بەدەنەی تەشکیلاتدا، گرتووەتەبەر، لە دەوری ئەو کۆبوونەوە. لە ڕاستیدا، بە پێچەوانەی ئیدیعای هاوڕێ ئیبڕاهیم سەبارەت بە ڕێبەریی حیزب، هاوپەیمانیی ئەو هاوڕێیانە کە هەڵوێستی ناتەبایان لەگەڵ سیاسەتە ڕەسمیەکانی حیزب و کۆمەڵە هەیە، لە گرووپ بەندیی ناو تەشکیلاتدا، کەوتوونەتە باڵێکەوە کە هاوڕێ ئیبڕاهیم خۆی لە دوندەکەیدا ڕاوەستاوە.

ئەو ڕوانگە و بۆچوونانە بەشێوەی بابەتی و سەرەڕای هەر تێبینیەک کە لەخویانیان هەبێت، دەکەونە باڵی ڕاستی هەڵوێستی بەرنامەیی و ستراتێژیکی حیزب. کاتێک باس لە بوونی ئاراستەی ڕاست دەکەین، لە واقعدا، خەریکین باس لە نیسبییەتێک لە هەڵوێستی ستراتێژیک و هەڵوێستی سیاسی و تاکتیکی دەکەین. باس لە هەڵسەنگاندنی ئەم بۆچوونانە لەگەڵ هەڵوێستی بەرنامەیی و ڕەسمیی حیزب دەکەین. پێوەری ئێمە بۆ دیاری کردنی پێگەی ئەم باس و بۆچوونانە، هەمان بەرنامە و ستراتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و سیاسەتە ڕەسمیەکانی حیزب و کۆمەڵەیە. لە بەرنامە سیاسی و ستراتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و سیاسەتە ڕەسمیەکانی حیزب، بەڕوونی لەسەر پێگەی حیزبی کۆمۆنیست، دامەزرانی سۆسیالیسم، پێویستیی ستراتێژیکی هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، بەرنامەی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی، پێگەی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی لە ئاڵووگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیتر، تەئکید کراوە.

بەڵام سەرەڕای هەر تێبینییەک کە لە ماهییەتی ئەم جیاوازیی بۆچوونانە هەمان بێت، تەنیا بوونی ئەم جیاوازیە سیاسیانە باروودۆخی قەیراناویی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە  شیناکاتەوە. هیچکام لەو ڕوانگە و بۆچوونە جیاوازانەی کە باسیان لێکرا، هەڵوێستێکی لادەرانە نین. بوونی بۆچوونی جیاواز لە حیزبێکی کۆمۆنیستیدا دەبێ بابەتێکی ئاسایی لەقەڵەم بدرێ. ئەم ناکۆکیانە دەتوانن بوونیان هەبێ و لە کەشێکی هاوڕێیانەدا، باسەکان پەیگیری بکرێن و بەرەوپێش بچن. ئەگەر ئێمە بتوانین ئەم ناکۆکیانە بەشێوەی درووست بەڕێوەبەرین، لە دەرەوەی ئێمەش دەزانن کە ناکۆکیەکان لەسەر چین و پۆتانسیەلی ئەوە لەخۆمان نیشان بدەین کە سەرەڕای بوونی ناکۆکی، دەتوانین یەکگرتوویی تەشکیلاتیی حیزب بپارێزین. ئەوکات بابەتێکی خراپمان کردووەتە بابەتێکی باش و پێگەی حیزب و کۆمەڵەش بەهێزتر دەبێت. کەوابوو ئەوەیکە قەیرانی ئێستای تەشکیلاتی ئاڵۆز کردووە و جەمسەر بەندیەکی توند و پڕلە گرژیی لێکەوتووەتەوە، تەنیا بوونی بۆچوونی سیاسیی جیاواز نییە، بەڵکوو بەهۆی ئەو شێوەکار و سوننەتە ناسالمانەیە کە لە خەباتی سیاسی و تەشکیلاتیدا گرتراوەتەبەر. ئەو شێوەکارانە کە لەگەڵ کلتوور و سوننەتە پێشڕەوەکانی خەباتی سیاسی یەکتر ناگرنەوە، باروودۆخێکی جێگای نیگەرانییان لەناو تەشکیلاتدا پەرەپێداوە و لایەنگرانی جەریانی ئێمەیان لە دەرەوەی تەشکیلات نیگەران کردووە.

هاوڕێ ئیبڕاهیم لە وتووێژ لەگەڵ ڕادیۆ دیالۆگدا دەڵێ:"ئەوەیکە هەیە تەنیا ئێتیکێتی چەپ و ڕاست و ناسیۆنالیسم و سۆسیالیسم و کۆمەڵێک ووشەن کە کایەیان پێدەکرێ...". بەڵام سەبارەت بەو ڕاستیە حاشاهەڵنەگرەی کە لە بەرامبەر ئێمە و زۆرینە ڕێبەریی حیزبدا، ئاژیتاسیۆن و کەمپەینیان وەڕێخستووە، بێدەنگی دەگرێتە بەر. پتر لە سێ ساڵە کە لەناو ئەم تەشکیلاتەدا ئاژیتاسیۆن و کەمپەینێک دژبە داکۆکیکارانی پەیگیری هەڵوێستە ڕەسمیەکانی حیزب کە لەسەر سێ میحوەر بەندە، ڕێکخراوە کە گۆیا "دەستەیەک هەن کە باوەڕیان بە مانەوەی تەشکیلاتی عەلەنی کۆمەڵە لە کوردستانی عێراق نییە و دەیانهەوێ بڕۆن و ئۆردووگا کۆبکەنەوە". گۆیا "دەستەیەک کۆمۆنیستی کرێکارین و بەنیازن حیزب و کۆمەڵە لەگەڵ خۆیان بەرنە ناو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریەوە". میحوەرێکی دیکەی ئەو ئاژیتاسیۆنەش ئەوەیە کە "دەیانهەوێ دژبە دەبیری ئەوەڵی کۆمەڵە کودتا بکەن و لەسەر کار لایبەرن".

ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هیچکام لەو ئیدیعایانە پایە و ئەساسیەکیان نییە. ئەوەڵەن، دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە درێژەی کاری تەشکیلاتی ئێمە لە کوردستانی عێراق لە سەردەمە جۆراوجۆرەکاندا لە لایەن چەند هاوڕێیەکی دیاریکراوی کۆمیتەی ناوەندی باسی لێکراوە و ئەم هاوڕێیانە لەو ڕیزبەندیەی کە ئەنجام دراوە، دەکەونە هەر دووک لا و هیچ کاتێکیش پێشنیارێکی دیاریکراو بۆ کۆکردنەوەی ئۆردووگا لە لایەن هیچ کەسێکەوە باسی لێنەکراوە. ئەگەر هاوڕێیەکیش پێشنیارێکی لەمجۆرە بدات، بەمانای لادانی لە باوەڕەکانی ئێمە نییە و دەبێ هەوڵ بدرێ نیگەرانیەکانی بڕەوێ. بەردەوام ئەمجۆرە نیگەرانیانە لە لایەن هاوێیانی جۆراوجۆر، بۆ نموونە لەلایەن ئێمەوە وڵامی پێدراوەتەوە. هاوڕێیانی کۆمیتەی ئیجرایی، خۆیان، لەو پێوەندەدا هەڵوێست و بۆچوونی ڕوونیان بووە و بە بەشداریی خۆیان لە چالاکیەکانی ئەم بەشە لە تەشکیلات، نادرووست بوونی ئەو ئیدیعایەیان نیشان داوە. دەنگۆی وەرچەرخان بەرەو کۆمۆنیسمی کرێکاریش پووچ و بێ مانایە. سیاسەتی حیزب سەبارەت بە پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ حیزب و هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کۆنگرەی ١٠ی حیزبدا داڕێژراوە و لە کۆنگرەکانی دواتر و لە پلۆنۆمەکانیشدا لەسەری تەئکید کراوە و پەیوەندیەکانی ئێمە لەگەڵ حیزبەکانی کۆمۆنیسمی کرێکاریش هەر لەو چوارچێوەیەدایە. ئەم پەیوەندیانە، ڕوون و ئاشکرا و قابیلی دیفاعن و گشت کۆبوونەوە و دیدارەکان بە هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی ڕاگەیەندراوە. کەوابوو ئیدیعای ئەوەیکە چەند ئەندامێکی ئەو حیزبە بەنیازن حیزب بەرەو کۆمۆنیسمی کرێکاری بەرن، بێ ئەساسە. ئەگەر گرتنەبەری ئەم سیاسەتە بەدڵی چەند هاوڕێیەک نییە، دەتوانن لە ئاست عەلەنیدا بۆچوونی خۆیان دەربڕن و ئەوەش بابەتێکی زۆر ئاساییە. لە هەمووان بێ ئەساستر دەنگۆی پیلانگێڕیە بۆ لابردنی دەبیری ئەوەڵی کۆمەڵە. کەوابوو یەکێک لە پێش مەرجەکانی سالم کردنەوەی کەش و هەوای ناو تەشکیلات، کۆتایی هێنان بەمجۆرە شێوەکارانەیە لە خەباتی سیاسیدا. هاوڕێیانێک کە سەمیمانە بۆ کۆتایی هێنان بەم باروودۆخە هەوڵ دەدەن، پێویستە بەرەنگاری ئەم شێوەکارانە ببنەوە.

قەیرانی ناوخۆی حیزب لەو دەورەیەدا نیشانی دا کە حیزب لە کلتوورێکی پێشڕەو و مۆدێڕنی ئەمڕۆیی، کە یەکێک لە  پێداویستیەکانی حیزبی کۆمۆنیستی سەدەی بیست و یەکە، بێبەریە. قەیرانی ناوخۆیی حیزب کە ڕیشەی لە بوونی ناکۆکیی سیاسی دایە، بەدەستی کلتوورێکی دواکەوتوو و سوننەتی لە خەباتی سیاسیدا، زەربەی خواردووە. بەجۆرێک دەتوانین بڵێین، قەیرانی ئێمە، ژانی لەدایک بوونی حیزبێکی مۆدێرنی ئەمڕۆییە. حیزبێک کە ئاراستەی سیاسیی جۆراوجۆر لەناویدا، ڕوو بە چین و ڕوو بە کۆمەڵگا، خۆی دەردەبڕێ. حیزبێک کە ئاراستە سیاسیەکان تێیدا بە دڵ ئاواڵەییەوە وەردەگیرێن و لایەنێک بۆ سڕینەوەی لایەنەکەی دیکە نەخشە داناڕێژێ. حیزبێک کە کۆمەڵگا لە بوونی جەمسەربەندی و بۆچوونە جۆراوجۆرەکانی ناوی ئاگادارە و  نوێنەرانی ئەو بۆچوونانە لەگەڵ یەکتر دیالۆگ دەکەن، بە بێ ئەوەیکە لایەنگران و دۆستانی حیزب، لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر جیاوازیی بۆچوونێک نیگەرانی جیابوونەوە بن. تەنیا بەمجۆرەیە کە لەناو حیزبدا، سانترالیسمی دیمۆکراتیک مانای ڕاستەقینەی خۆی پەیدا دەکات، ئەگینا سانترالیسمی بوروکراتیک جێگاکەی دەگرێتەوە.

ئەگەر حیزب وەک ئۆرگانیسمێکی زیندوو چالاکی بکات، پێویستە ڕووبەڕوو بوونەوەی بۆچوونەکان لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی بڕیارداندا، دابین و زەمانەت بکرێ. ئەگەر باس لەوە دەکەین کە حیزب وەک ئۆرگانیسمێکی زیندوو وایە، بەو مانایەیە کە پاراستنی دیمۆکراسیی ناوخۆی حیزب و هەڵسووکەوتی دیمۆکراتیک بە بۆچوونەکان دابین کراوە. دەسەڵاتی ناوەندە ئۆرگانی و مەحەلیەکان هیچکات نابێ لەسەرەوە داسەپابێ، بەڵکوو دەبێ لە ئیرادەی حیزبەوە سەرچاوەیان گرتبێ. ئەگەر بەو ڕوانگەیەوە چاو لە سانترالیسمی دیمۆکراتیک بکەین. ئەگەر دەسەڵاتی ئۆرگانەکانی ڕێبەری، نەک هی بەشێک لە ئەندامەکان، بەڵکوو سەرچاوەگرتوو لە ئیرادەی حیزب و ئەندامەکانی بزانین، ئاشکرایە کاتێک لە ئۆرگانێکی ڕێبەریدا، ئیرادەی نزیک بە نیوەی ئەندامەکان نوێنەرایەتی ناکرێ، لەو باروودۆخەدا، بەناچار پەیوەندی بۆرۆکراتیک جێگای پەیوەندی دیمۆکراتیکی ناو حیزب دەگرێتەوە. کاتێک کە لە کۆمیتەیەکی تەشکیلاتی جیزبی دا، ئیرادەی نیوەی ئەندامانی لەبەرچاو نەگیراوە، بمانهەوێ و نەمانهەوێ پەیوەندیەکانی ڕێبەری لەگەڵ ئەندامەکان تا ئاستی پەیوەندی بۆرۆکراتیک دادەبەزێت و تەشکیلات یەکگرتوویی خۆی لەدەست دەدا.

بەدەر لەو ڕوانگە بنەماییە بە سانترالیسمی دیمۆکراتیک، ئەزموونی مێژوویی حیزب و کۆمەڵەش هەر ئەوەمان پێ دەڵێ. کۆمەڵە لە کۆنگرەی یەک و دوودا، لەگەڵ دوو بۆچوونی جیاواز بەرەوڕوو بوو. بۆچوونێکیان کۆمەڵگای ئێرانی پێ نیوە فێۆدالی و نیوە کۆلۆنی بوو و لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە هێشتا پەیوەندیەکانی سەرمایەداری نەبووەتە پەیوەندی زاڵی کۆمەڵگای ئێران و بۆچوونەکەی دیکەش باوەڕی وا بوو کە سەرمایەداری بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا زاڵ بووە. ئەو دوو بۆچوونەوە، دوو بەرنامەی جیاواز، دوو ستراتێژی سیاسی و بنەمای تاکیتیکی جیاوازی لێدەکەوتەوە. سەرەڕای ئەو ناکۆکیانە، نە لە کۆنگرەی ١ و نە لە کۆنگرەی ٢دا، کە کۆمەڵە لە جەرگەی ئاڵووگۆڕی ئەو سەردەمەدا ببووە ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی بە پانتایی تەشکیلاتیی بەرینترەوە، هیچکام لەو دوو بۆچوون و ڕیزبەندیە بۆ سڕینەوەی ئەوی دیکەیان لە ئۆرگان و ناوەندەکانی بڕیاردان، نەخشەیان دانەڕشت. لە کۆنگرەی ٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، جا بە هەر تێبینێکەوە بووبێ، باس لە بوونی سێ ئاراستەی چەپ و ڕاست و ناوەند و بنەما فیکریەکانیان دەکرا.  بەڵام ئەم سێ ئاراستەیە و باسە پەیوەندیدارەکانیان، ڕەنگدانەوەیان لەسەر هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی حیزب نەبوو. لەناو ڕێبەریی حیزب و ئۆرگانەکانی بڕیارداندا بۆچوونی جیاواز هەبوو. بۆ ماوەی ساڵیانێکی زۆر هاوڕێیانێک لەناو ڕیزەکانی ئێمەدا بوون کە لەگەڵ پڕۆسەی پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیست یان  بوونی خودی حیزب دژایەتیان دەکرد، بەڵام هیچکات ئەم بۆچوونەیان لە حزووری ئەوان لە ئۆرگانەکانی ڕێبەریدا ڕێگریی نەکرد. ئەمانە هەموویان ئەزموون و بەشێک لە کلتووری سیاسی و سوننەتەکانی ئەم تەشکیلاتە بوون کە پێویستە لە هەڵسووکەوت کردن لەگەڵ قەیرانی ئێستای حیزب دەرسیان لێوەربگیرێت.

ئەگەر لە ڕێکخراو و حیزبەکانی ئێستای بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیی ئێران ئەو ڕەخنەیەمان هەیە کە هەرکات ناکۆکیی سیاسی لەناویاندا سەری هەڵدا، ڕێگای جیابوونەوە دەگرنە بەر، پێویستە بزانین ئەم ئینشعاب و لێک جیابوونەوانە، تەنیا بەخاتری سەرهەڵدانی ناکۆکیی سیاسی نییە. بوونی ناکۆکیی سیاسی، خۆی لە خۆیدا و دەستبەجێ هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی دوو لەت ناکات، بەڵکوو شێوازی هەڵسووکەوت کردن لەگەڵ ئەم جیاوازیی بۆچوونانە، ڕۆڵێکی گرینگی هەیە لە دیاری کردنی چارەنووسی ئەو تەشکیلاتە. لە کاتی سەرهەڵدانی ناکۆکیدا، ئەگەر لایەنێک بۆ سڕینەوەی لایەنی بەرامبەری لە ناوەندەکانی بڕیاردان، نەخشە دابڕێژێ، سەرهەڵدانی ئەو ناکۆکیە، بەناچار، دوو لەت بوونی ئەو تەشکیلاتەی لێدەکەوێتەوە.

لە ئێستادا بەداخەوە تەشکیلاتی ئێمە دوو لەت بووە. لەو بوارەدا، پێگەی تەشکیلاتیی حیزب، بەدەر لە ماهییەت و ناوەرۆکی ناکۆکییەکان و پێگە کۆمەڵایەتییەکەی، هاوشێوەی پێگەی حیزبی سۆسیال دیمۆکراتی ڕووسیەیە لە قۆناغی پاش کۆنگرەی حیزب لە ساڵی ١٩٠٣دا. لەو گۆنگرە مشتومڕهەڵگرەدا، هەم بەرنامەی حیزب و هەم ئەساسنامەیان، سەرەڕای ناکۆکییەک کە لەسەر پێناسەکردنی ئەندامی حیزب بوویان، پەسند کرد. پاش ئەو کۆنگرەیە دوو باڵی بۆلشویک و مۆنشویک بەهۆی هێندێک ناکۆکیی سیاسی لەسەر تەوەری سیاسی و تەشکیلاتی، بەکردەوە، دوو لەت بوون و ئینشعابیان کرد بە بێ ئەوەی هیچ لایەنێک بەڕەسمی ئیشعاب ڕاگەیەنێ. لە هێندێک شوێن، تەشکیلاتی مەحەلیی هەر دووک باڵەکە، پێکەوە کار و چالاکیان ئەنجام دەدا و لە هێندێک شوێنی دیکەش، بەجیا چالاکیەکانیان بەرەوپێش دەبرد. لە درێژەدا، بۆلشویکەکان بەشێوەی سەربەخۆ کۆنگرەی ٣ی حیزبی سۆسیال دیمۆکراتیان بەڕێوەبرد و مۆنشویکەکانیش کۆنفڕانسی حیزبی سۆسیال دیمۆکراتیان بەڕێوەبرد. هەر دوو باڵەکە لە کۆنگرە و کۆنفڕانسەکەی خۆیاندا قەرارێکیان سەبارەت بە پێویستیی یەکگرتنەوەی ئەو دوو بەشەی حیزب دەرکرد و کۆمیسۆنیان بۆ پەیگیر کردنی پڕۆسەی یەکگرتنەوەی حیزب دیاری کرد. لەبەر ئەوەیکە بەرنامە و ئەساسنامەیەکی هاوبەشیان بوو، سەرەنجام کۆنگرەی ٤ی حیزبیان، کۆنگرەی یەکگرتن ناولێنا و هەر دوو بەشەکەی حیزب دووبارە یەکیان گرتەوە بە بێ ئەوەیکە بۆ سڕینەوەی لایەنی بەرامبەریان لە ئۆگانەکانی بڕیاردان، نەخشە دابڕێژن.

ئێستاش لەو باردووخەدا حیزبی ئێمە بەکردەوە دوو لەت بووە. دوو باڵی سیاسی بوونی هەیە، دوو جەمسەری سیاسی شکڵی گرتووە، لەو باروودۆخەدا تەنیا بە ڕێکاری ڕووتینی ئەساسنامەیی ناکرێ ئەم قەیرانە چارەسەر کەین. لە حاڵەتی نۆڕماڵدا، کاتێک کە هیچ جەمسەربەندیەکی سیاسی بوونی نییە، دەتوانین هەموو کێشەکان بە ئەسڵی پەیڕەو کردنی کەمینە لە زۆرینە حەواڵە بکەین، بەڵام لە بارووخێکدا کە قەیران توند بووەتەوە و پێکەوەژیان لەگەڵ کێشە و گرفتی جیدی بەرەوڕوو بووەتەوە، ئەوە ناتوانێ ڕێگاچارە بێت.

هاوڕێ ئیبڕاهیم عەلیزادە لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ ڕادیۆ دیالۆگ دەڵێ: "ئینسان جاری وایە، وابیر دەکاتەوە کە ڕووحی دیکتاتۆری و سەرکوتگەریی ڕژیمە دەسەڵاتدارەکان لە وڵاتانی داوکەوتووی وەک وڵاتی ئێمە، چووەتە ناو دڵی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە و ئەوانیشی نیسبەت بە یەکتر نادیمۆکراتیک بار هێناوە". بەڵام هاوڕێ ئیبڕاهیم کە حەتمەن خۆی پێی دیمۆکراتیکە، هەر لە سەرەتای باسەکەی سەبارەت بە ناکۆکیەکانی نێو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئیدیعای ئەوە دەکات کە "بەدڵنیاییەوە زۆربەی هەرەزۆری تەشکیلاتی حیزب و کۆمەڵە یەکگرتوون و لەم بابەتەوە نیگەران نین". هاوڕێ ئیبڕاهیم پاش خەت و نیشان کێشانێکی زۆر لە دوایین بەشی وتووێژەکەیدا لەگەڵ ڕادیۆ دیالۆگ دەڵێ: "ئەوانە لە پێگەیەک دان کە خەت و مەشێکی ڕوونیان نییە و بە بێ ئەوەیکە لە تەشکیلاتدا زۆرینە بن و توانای ئینشعابیان هەبێ، (ئەگەر ئینشعاب بکەن) شکست دەخۆن و هەرەس دێنن".

ئەوەیە دوایین وتەی هاوڕێیەک کە خۆی بە ئازادیخواز دەزانێ و بەو شێوەیە دەیهەوێ یەکگرتوویی ڕیزەکانی حیزب بپارێزێ. ئەو ئیدیعایە کە ڕێبەریی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران خەتێکی ڕوونی نییە، لە حاڵێکدا کە بەکردەوە، هەر ئەم ڕێبەریە خەت و مەشی سیاسی و تەبلیغیی حیزب دیاری دەکات و لە ڕێگەی میدیا حیزبیەکانەوە بەرەوپێشی دەبات و حیزب لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ حیزب و هێزە سیاسیەکانی دیکە نوێنەرایەتی دەکات، زیاتر وەک گاڵتەیەکی تاڵ دەچێ. بەڵام ئەم ئیدیعایە وشیارانە دێتە گۆڕێ. بەو تۆمەتە کە ئەوانە خەت و مەشێکی ڕوونیان نییە، بە درووست کردنی ئەو زەینییەتە کە ناکۆکی و کێشمەکێشی ناوخۆی حیزب بنەمایەکی سیاسیی نییە، لای وایە کە دەتوانێ هەزینەی سیاسیی هەڵسووکەوتە نادیمۆکراتیکەکانی کەم کاتەوە. بەو ئیدیعایە کە ناکۆکی و کێشمەکێشی ناوخۆی حیزب بنەمایەکی سیاسیی نییە، لای وایە کە دەتوانێ بەخەیاڵی ئاسوودە پتر لە سێ چوارەمی کۆمیتەی ناوەندیی ئەم حیزبە لە مۆعادلاتەکە بسڕێتەوە بە بێ ئەوەیکە هیچ شتێک بگۆڕێ. بەو ئیدیعایە، خاوەنانی ئەو سیاسەت و بۆچوونانەی کە پێشتر باسیان لێکرا، پێیان وایە دەتوانن یەک لە دوای یەک دەست بەسەر ئۆرگانەکانی ئەم تەشکیلاتە دابگرن و وای بنوێنن کە سیاسەتەکانیان لە درێژەی سیاسەتەکانی تا بە ئەمڕۆی حیزب دایە و متمانەش بدەن کە هەم حیزب و هەم کۆمەڵە لە سەر جێی خۆیانن. کاتێک کە تان و پۆی ئەو بڕوا و متمانە پتەوەی کە لە ڕابردوویەکی دووردا شکڵیان گرتووە، لێک هەڵدەوەشێن، ڕێگا بۆ ئەمجۆرە شێوەکارانە خۆش دەکرێت.

ئەوە قابیلی دەرکە کە بەهۆی توندبوونەوەی ناکۆکی و کێشمەکێشی ناوخۆیی، پێکەوەژیانی ئەو دوو باڵە، ئەگەر نامومکین نەبێت، کەوتووەتە مەسیرێکی پڕ لە کۆسپ و بەربەستەوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە، بەلەبەرچاوگرتنی دواهاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیەکی زیاندەر کە ئیشعاب لێیدەکەوێتەوە، پێویستە ڕێگاچارەیەکی گونجاو بۆ پێکەوەژیان و یەکگرتن بدۆزینەوە.

لە باروودۆخی ئێستادا یەکگرتنەوەی دووبارەی حیزب لە  گرەوی گۆڕینی پەیوەندیە ناوخۆییەکان لەپێناو بوون بە حیزبێکی کۆمۆنیستی مۆدێرنی ئەوڕۆیی، دایە. ئەگەر ئێمە لەو مەسیرەدا، هەنگاوی کردەوەیی هەڵگرین، ئەگەر پۆتانسیەل و توانای ئەوە لەخۆمان نیشان دەین کە سەرەڕای بوونی ناکۆکی نەزەری و سیاسی سەرەڕای ئەو زەربە و برینانەی کە بەهۆی کێشمەکێشی ناوخۆیی پتر لە سێ ساڵ، لەجەستەی ئەم حیزبە دراوە، بتوانین شان بە شانی یەک چالاکی بکەین و لە لێکهەڵوەشانی حیزب ڕێگری بکەین، ئەوکات نە تەنیا حیزب و کۆمەڵە لاواز نابن، بەڵکوو بەهێزتریش دەبن. ئەگەر دەمانهەوێ لەو مەسیرەدا هەنگاو هەڵگرین، نابێ چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٣ بین، پێویستە هەر لە ئێستاوە دەست بەکار بین. کۆنگرە مۆجیزە ناکات. کۆنگرە ئەگەر سەرکەوتووانە بەڕێوەچێت، لە باشترین حاڵەت دا، ڕەوتی باروودۆخی ناوخۆی حیزب دەخاتە مەسیرێکی درووستەوە. فەرهەنگ سازی، چالاکیی سیاسیی چڕوپڕ بۆ خوڵقاندنی کەش و هەوایەک کە هەر دووک باڵەکە بە دڵ ئاواڵەییەوە، سەرەڕای بۆچوونی جیاواز، تێیدا بتوانن یەکتر تەحەمول کەن، ڕێگایەکە کە پێویستە بیبڕین. سیاسەتی سڕینەوە لەسەر بنەمای بوونی بۆچوونی جیاوازیی سیاسی لە کاتی هەڵبژاردن و ڕێکخستنی ئۆرگانەکانی بڕیاردەر، لە ئاستە جۆراۆجۆرەکاندا و لە لایەن هەر دووک باڵەکەوە، پێویستە وەلابندرێ.

گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی

ئاگوستی ٢٠٢٠ی زایینی