فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سێناریۆی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی حوسییەکان لە یەمەن
شەممە ۱۳-۰۲-۱۴۰۴   |  03-05-2025

لە درێژەی شەڕ و کوشتار و وێرانییەک کە ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو لە غەززە، لۆبنان و سووریە بەڕێوەی دەبەن، ماوەیەکە حوسییەکانی یەمەن وەک لقێکی دیکە لە هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”ی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نۆرەی هاتووە. دوابەدوای هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور بە بیانووی “بەرگریکردن لە خەڵکی غەززە” و پەکخستنی هاتوچۆی دەریایی، هێزە ئەمریکاییەکانی جێگیرکراو لە ناوچەی کەنداو ، لە ٢٥ی مانگی ڕەشەممەوە بەردەوام و بەشێوەی بەرین هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان دەستپێکردووە. “سێنتکام” فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی پێنجی مانگی گوڵان ڕایگەیاند کە لە سەرەتای هێرشە ئاسمانییەکان لەدژی حوسییەکان هەتا ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ ئامانجیان لە ناو یەمەندا پێکاوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبییە، زیاتر لە ٦٥٠ ئەندامی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان لە ئەنجامی ئەم بۆردومانانە کوژراون. ڕۆژی ٢٩ی مانگی خاکەلێوە بەهۆی هێرشی جنایەتکارانەی ئەمریکا بۆسەر بەندەری نەفتیی ڕەئس عیسا لە پارێزگای ئەلحودەیدە، ١٣٦ کەس برینداربوون و ٧٤ کەسیش گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان کرێکاری نەوت بوون. ڕۆژی شەممە ٦ی گوڵانیش لە ٥٤ هێرشی ئاسمانیدا بۆسەر ٦ پارێزگای یەمەن ژمارەیەک لە حوسییەکان لەوانە فەرماندەیەکی باڵا بەناوی “ئەبومۆحسن ئەلڕەساس” کوژرا. لە ماوەی مانگ و نیوی ڕابردوودا بەشێک لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی حوسییەکان، ڕادار، سیستەمی مووشەک و درۆن، پاڵاوگەی نەوت، فڕۆکەخانەکان، ئەنبارەکانی چەک و تەقەمەنی، ناوەندەکانی فەرماندەیی و ژێرخانی سەربازیی حوسییەکان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکادا لەناوچوون.

پێویستە بوترێ کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ و جینۆساید لەلایەن حکوومەتی تاوانکاری ئیسرائیلەوە لە دژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە، حوسییەکان زیاتر لە ١٩٠ هێرشی سەربازییان بۆ سەر ئەو کەشتیانەی بە دەریای سووردا تێدەپەڕن ئەنجام داوە. لە ئەنجامی هێرشەکانی حوسییەکان تا ئێستا دوو کەشتی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا نوقم بوون؛ دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە و چوار سەرنشینیان کوشتووە؛ هەروەها لە نزیک بەندەری عەدەن هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری یۆنان. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا ٧٠%ی کەشتییە تجارییەکان کە پێشتر لە دەریای سوورەوە تێدەپەڕین ئێستا بە ڕێگایەکی دوورتر و پڕ خەرجتردا دەرۆن. ئامانجی حوسییەکان لەم هێرشانە کە بێ گومان بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئەنجام دراوە، وەرگرتنی سەدان ملیۆن دۆلار بووە لە کۆمپانیا و خاوەن کاڵای ناو کەشتیەکان لە بەرامبەر دابینکردنی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆیان. هەڵبەت ئەم پارەیە نەک بۆ باشترکردنی بارودۆخی فەلاکەتباری خەڵکی هەژاری یەمەن، بەڵکوو بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی مووشەک و کەرەستەی نیزامی و بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی خۆیان خەرج کراوە.

هەرچەندە ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشانە گەڕاندنەوەی ئاسایشە بۆ دەریای سوور کە بەهۆی هێرشەکانی حوسییەکانەوە پەکی کەوتووە، بەڵام بەردەوامبوون و چڕبوونەوەی ئەم قەبارەیە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بریتانیا و ئیسرائیل لە ماوەی شەش هەفتەی ڕابردوودا لە لایەک و ڕاهێنان و پڕچەککردنی ٨٠ هەزار هێزی یەمەن کە دژایەتی حوسییەکان دەکەن بە هاوکاری لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، لە لایەکی دیکەوە، ئاماژە بە بوونی سیناریۆیەکی هاوشێوەی سووریە دەکەن بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی حوسییەکان لە یەمەن. لەم ماوەیەدا، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بریتانیا، توانا و ئیمکانات و ژێرخانی سەربازی و ئەمنی حوسییەکان وەک دوا ئەڵقەی بەناو “میحوەری موقاومەت”ی کۆماری ئیسلامی، یەکجار لاواز بووە. بە سەرنجدان بەوەی کە پێشتر ترامپ کۆماری ئیسلامیی وەک بەرپرسی هەر هێرشێکی حوسییەکان ناوزەد کردبوو، حکوومەتی ئیسلامی کە ئێستا لەگەڵ ئەمریکا هێنراوەتە سەر مێزی دانوستان، تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ کاردانەوەیەک بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ئەمریکا و حکومەتەکانی ناوچەکە لەئاست حوسییەکان نیشان بدات. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وێڕای ئەوەی ئەم هێرشە سەربازییانەی بۆ سەر حوسییەکان بە پەیامێک بۆ کۆماری ئیسلامی ناوبرد، ڕایگەیاند کە هێرشەکانمان تا ئەو کاتەی حوسییەکان بە تەواوی لەناو دەچن بەردەوام دەبن.

لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ لە ٢٧ی مانگی خاکەلێوەدا بڵاویکردەوە کە ئیمارات لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ ئەمریکا تاوتوێی پلانی هێرشی زەمینی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان کردووە و ئەمریکا ڕازی بووە و بیر لە بژاردەکان دەکاتەوە. هەروەها ئاشکرای کرد کە هێزەکانی “حکومەتی یاسایی یەمەن” بە کەڵک وەرگرتن لەو لاوازییەی کە لە ڕێزەکانی حوسییەکاندا پێکهاتووە، ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان دەکات. هەروەها سی ئێن ئێن لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماتیکی ناوچەیی و شیکارانی سیاسی بڵاویکردووەتەوە کە ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی هاوئاهەنگ دژ بە حوسییەکان دەکرێت بە پشتیوانی ئاسمانی ئەمریکا لە سێ ئاڕاستەی باشوور و ڕۆژهەڵات و بەدرێژایی لێوارئاوەکانی ڕۆژئاوا بۆ کۆنترۆڵکردنی بەندەری حودەیدە و شاری سەنعا. چونکە تەنها هێرشی زەمینی دەتوانێت ببێتە هۆی شکست و ڕووخاندنی حوسییەکان و کۆتاییهێنان بە دەستوەردانەکانیان.

لەلایەکی دیکەوە سایتی هەواڵنێریی تابناکی سەربە سپای پاسدارانیش ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی مانگی گوڵان زەبوونانە ڕایگەیاند: “هەروەک چاوەڕوان دەکرا ئەنجامی شەڕی یەمەن نەک  لەڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە بەڵکوو لەسەر عەرز دیاری دەکرێت و نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە مەیدانی نەبەرد بەرەو هێرشی زەمینی بۆسەر سەنعا و حودەیدە دەڕوات”. هەروەها عەلی ئەلحوسی، یەکێک لە سەرکردەکانی ئەنساروڵا، لە تویتێکدا ئاماژەی بە جێگیرکردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری “کارل ڤینسۆن” لە باشووری ڕۆژهەڵاتی یەمەن و دووبارەبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگاکانی مەریب و جەوف کرد و ڕایگەیاند، مەئموورییەتی شەڕڤانانی ئەمریکا بۆردومانکردنی هێڵەکانی بەرگری هێزەکانمان و دەستپێکردنی هێرشی زەمینییە.

حوسییەکان لە ساڵی ٢٠١٥ بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی توانیان شاری سەنعا پایتەختی یەمەن و هەژارترین وڵاتی ناوچەی کەنداو و پارێزگاکانی دەوروبەری بگرن. لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا حوسییەکان هەموو سەرچاوەکانی کۆمەڵگایان بەکارهێناوە بۆ سەقامگیرکردن و بەهێزکردنی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانە و دیکتاتۆری خۆیان. بارودۆخی ئابووری جەماوەری ستەملێکراو لەماوەی ئەم ساڵانەدا یەکجار قەیراناوی بووە و خەڵک هەژارتر و برسیتر بوون. حوسییەکان لە جیاتی هەوڵدان بۆ باشترکردنی گوزەرانی جەماوەر، بە هاوکاری سەربازی و چەکی ئامانجداری کۆماری ئیسلامی، تونێلی ژێر زەوییان هەڵکەند، بەرهەمهێنانی مووشەک و چەکی دیکەی شەڕیان پەرەپێدا، مووشەکیان بەرەو کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەی هەستیار و ستراتژیکی دەریای سوور هاویشت و بوونە بەشێک لە بەناو “میحوەری موقاومەتی”ی کۆماری ئیسلامی. لەئێستاشدا بە بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتانە خەڵکی هەژاری یەمەنیان داوەتە بەر کوشتار و وێرانکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل و دەسەڵاتەکانی دیکەی سەرمایەداری.

لە وەها بارودۆخێکدا جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی یەمەن، تەنیا بە یەکگرتوویی و هاوپشتی و بە پەرەپێدانی ئیعتڕاز و خەبات لەدژی بارودۆخی ئێستا و بە ڕاکێشانی هاوپشتیی بزووتنەوە ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەکان لەئاستی جیهاندا، تەنانەت لە ژێر دەسەڵاتی گەندەڵ و کۆنەپەرست لە باکوور و باشووری یەمەن و لەژێر سێبەری هەڕەشەی شەڕی ئەمریکا و هاوپەیمانانیدا، دەتوانن هیوای پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و هیوای کۆتایی هاتنی ئەم بارودۆخە کارەساتبارە زیندوو ڕابگرن.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpirn

https://t.me/KomalaCpiranTv