٣ هەڵسووڕاوی ژینگەپارێزی خەڵکی کامێران بە ناوەکانی موحسین دادگەر، سەعید دادگەر و یاسر سابیری کە لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەرداندا لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکانی کۆساڵاندا لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون، تا ئێستایش بەبێ مافی پارێزەر و دیداری بنەماڵە هەر لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنە دەستبەسەرن. بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەم ٣ هەڵسووڕاوە ژینگەپارێزە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا تەنها یەک جار توانیویانە بە تەلەفۆن پێوەندییەکی کورت بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن و لە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بەردەستدا نیە. ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان موحسین دادگەر، سەعید دادگەر (برای موحسین) و یاسر سابیری، لە هەڵسووڕاوانی ژینگەپارێزی کامێران کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەورێکی بەرچاویان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی ناوچەدا هەبووە، دوای گەڕانەوە لە کوێستانی کۆساڵان لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران، ئەم چالاکانە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرانە چووبوونە کۆساڵان کە لە ئەنجامی تۆپبارانی هێزەکانی سپای پاسداراندا دارستانەکانی ناوچەکەی گرتبۆوە.