فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەد و سییەمین هەفتەی هەڵمەتی «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە» لە ٥٩ زینداندا؛ بە پەرەپێدانی بزووتنەوەی نا بۆ سێدارە، ماشێنی سەرکوتی ڕژیم ڕاگرین
چوارشەممە ۳۱-۰۴-۱۴۰۵   |  22-07-2026

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بێ‌وەستان و بێ‌پسانەوە لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی لەژێر بیانووی پاراستنی ئاسایشی گشتی لە بەرامبەر دزەکردنی دوژمنانی دەرەکی، و هەروەها لەسێدارەدانی زیندانییان و تاوانبارانی ئاسایی لەژێر پەردەی ڕێگریکردن لە تاوان و دابینکردنی مافی هاووڵاتییان درێژە دەدات. زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئیسلامییەوە تاکوو ئێستا، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەسەڵاتداریی ئەم ڕژیمە جینایەتکارە بووە. ئەمڕۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا لەژێر گوشاری قورسی قەیرانی ئابووری و بێ‌توانایی لە درێژەدان بە شەڕدا، هیچ ڕێگەیەکی جگە لە سازش لەگەڵ ئەمریکا لە بەردەمدا نەماوەتەوە، بەڵام لە بەرامبەر کرێکاران و جەماوەری ناڕازیی ئێراندا شمشێری لە ڕوو بەستووە و زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی کردووەتە ڕەمزی مانەوەی خۆی. ئەم ڕژیمە جینایەتکارە تەنانەت ئەو کاتەش کە تاوانبارانی ئاسایی لەسێدارە دەدات، مەبەستی تۆقاندنی کۆمەڵگە و چاوترسێنکردنی نەیارانی سیاسییە. بەڵام سەرەڕای پەرەسەندنی سەرکوت و شەپۆلی لەسێدارەدانەکان، کۆمەڵگە چاوترسێن نەبووە و خەباتی کرێکاران و خانەنشینان و توێژە بێبەشەکان بۆ گەیشتن بە داخوازییەکانیان و هەروەها خەبات دژی سزای لەسێدارەدان و بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی هەروا بەردەوامە. ژنان و پیاوانی زیندانیی سیاسی، ئەم مرۆڤە ئازا و ئازادیخوازانە، بە ڕێکخستنی هەڵمەتی «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە» لەپشت شیشەکانی زیندانەوە، ماوەیەکی زۆرە ئاڵای خەبات دژی سزای لەسێدارەدانیان شەکاندووەتەوە.

هەڵمەتی «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە» کە لە ٥٩ زیندانی ئێراندا درێژەی هەیە، لە سەد و سییەمین هەفتەی مانگرتن لە خواردندا، لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە لە ڕێکەوتی سێشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥ ڕایگەیاندووە کە وەک دژایەتی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە لەسێدارەدانە نامرۆڤانەکان، زیاتر لە ١٥٠٠ زیندانی لە یەکەی ٢ی زیندانی قزڵحەسار، پتر لە هەفتەیەکە دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و مانگرتن و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان دەکەن. لەم بەیاننامەیەدا هاتووە:

«هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە”، وێڕای شەرمەزارکردنی شەپۆلی سێدارە لە ئێران، یادی سەرجەم ئەو زیندانییانەی لەسێدارە دراون بەرز ڕادەگرێت؛ بەتایبەتی ئەوانەی لەپێناو ئازادی و خەبات دژی دیکتاتۆرییەتی سەرەڕۆدا گیانیان فیدا کرد.» بەیاننامەکە لە درێژەدا جەختی کردووەتەوە کە: «حکوومەتی مستەبیدی دەسەڵاتدار، لە هەفتەی ڕابردوودا جارێکی دیکە چوار زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی عارفی خۆشکار لە زیندانی قزڵحەسار و محەممەد ئەمینیی دەهاقانی، عیرفانی ئیسفەندیاری و گوڵ محەممەد محەممەدی لە زیندانی ئەسفەهان، بە شێوەیەکی سەدەکانی ناوەڕاست لەسێدارە داوە.» ئەم بەیاننامەیە بە پشتبەستن بە ئاماری باوەڕپێکراو، ئاماژە بە لەسێدارەدانی لانی‌کەم ٢٨٠ کەس لە زیندانییان لە ساڵی ١٤٠٥دا دەکات.

لە بەیاننامەی هەڵمەتی «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە»دا جەخت کراوەتەوە کە «زیندانییانی یەکەی ٢ی زیندانی قزڵحەسار کە ئێستا لە حاڵی ناڕەزایەتی و مانگرتن لە خواردندان، زۆربەیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە. لە کاتێکدا بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە کە هاوردەکار و بەرهەمهێنەری ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا گەورەبەرپرسانی حکوومەت و سەرکردەکانی سوپای پاسدارانن، وە بۆ داپۆشینی ئەم خیانەتە ئاشکرایە، ئەو کەسانەی لە ڕووی هەژاری و نەدارییەوە کەوتوونەتە نێو داوی ماددە هۆشبەرەکانەوە، هەموو ڕۆژێک ڕادەستی پەتی سێدارە دەکەن.»

لە هەلومەرجی ئێستادا، پەرەسەندنی شەپۆلی سەرکوت و سێدارە بەرنامەبۆداڕێژراوەکانی کۆماری ئیسلامی، دەبێت لە گرێدراوی لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی ڕەوایی سیاسیی ئەم ڕژیمە، درز و لێکترازان لە نێو دەسەڵات، وە بێ‌توانایی ئایدیۆلۆژیک لە ڕەوایەتیدان بە دۆخی هەنووکەیی و هەروەها ترس و دڵەڕاوکێ لە پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکاندا لێک بدرێتەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا، توندکردنەوەی سەرکوت هەم وەک ستراتیژیی مانەوە و هەم وەک تاکتیک، بووەتە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی قەیران. ئەم لەسێدارەدانە بەرنامەبۆداڕێژراوانە، زیاتر لەوەی نیشانەی دەسەڵات و هێز بن، دەربڕی لوتکەی قەیرانی ڕەوایی ڕژیمی ئیسلامی و داماوییەتی لە وەڵامدانەوە بە داخوازییەکانی کۆمەڵگە. ئێستاش لە کاتێکدا کە هەزاران کەس لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی بەفرانباری ١٤٠٤ لە زیندانەکاندا ڕاگیراون، ڕژیمی جینایەتکاری ئیسلامی بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگە، داسی مەرگی لەسەر سەریان ڕاگرتووە و هەموو هەفتەیەک ژمارەیەکیان لەسێدارە دەدات.

لە بارودۆخی ئێستادا، پەرەپێدانی بزووتنەوەی هاودڵی و هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی لە ناوخۆی ئێران و هاوپشتی لەگەڵ «هەڵمەتی نا بۆ سێدارە» کە ئاڵاکەی لەپشت شیشەکانی زیندانەوە بەرز کراوەتەوە، زیاتر لە جاران زەروورەتی پەیدا کردووە. لە دەرەوەی وڵاتیش پێویستە سەرجەم هێزەکان و مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان، دەست لەناو دەست، بە ڕێکخستن و وەڕێخستنی هەڵمەتی سیاسی، ڕژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی بۆ کۆتایی‌هێنان بە سێدارە و ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی، بخەنە ژێر گوشارەوە.