سەفەری بایدێن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتووێژەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و کاربەدەستانی عەرەبستان و پاشان بەشداریی لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو بۆ جارێکی تر سەرەنجی چاوەدێرانی سیاسیی بەرەو چارەنووسی بەرجام و بەرنامەی ناوەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاکێشاوە. وتووێژەکانی بەرجام لە دوایین مانگەکانی دەوڵەتی ڕووحانیدا بە پەسندکراوی مەجلیسی ئیسلامیی ڕێژیم سەبارەت بەوەیکە هیچ جۆرە ئیمتیازێک لە پێوەند لەگەڵ سپای پاسداران و بەرنامەی ناوەکی نابێ بدرێتە ئەمریکا کۆتایی پێهات. ڕووحانی دوای کۆتایی کاری دەوڵەتەکەی لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند کە ئەگەر “پەسندکراوەکەی مەجلیس نەبووایە، ڕێکەوتننامەکە واژۆ دەکرا”.
لەگەڵ یەکدەستبوونی دەسەڵات بە ڕێبەریی سپای پاسداران و هاتنە سەر کاری ڕەئیسی، پاش ڕێکەوتنێکی چەند مانگە دووبارە وتووێژەکان لە ڤییەن دستیان پێ کردەوە. هەواڵەکان ئەگەرچی جۆراوجۆر بوون بەڵام بەگشتی باسیان لەوە دەکرد کە هیچ کام لە لایەنەکان ئامادە نین مەرجەکانی لایەنی بەرامبەر قەبووڵ بکەن. وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی نوێنەرانی ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دۆحە پایتتەختی قەتەریش هەر بەم شێوەیە بەڕێوەچوو. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ڕوویتێرز، یەک ڕۆژ دوای کۆتایی بێ ئاکامی وتووێژی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران لە دۆحە، بە نێوبژیوانیی یەکیەتیی ئەورووپا، شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەڕێوەبرد. سەفیری یەکیەتیی ئەورووپا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: “نیگەرانی ئەوەم کە وتووێژەکانی بووژاندنەوەی بەرجام هەرگیز بەسەرەنجام نەگات”. هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا وێڕای ئاماژە بەوەیکە “ئاسۆی ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران لەدوای کۆبوونەوەی دۆحە خراپتر لە پێشوویە و ڕۆژ بە ڕۆژیش خراپتر دەبێت” وتی: “لە باشترین حاڵەتدا دەتوانین کۆبوونەوەی دۆحە دەرجالێدان و لە خراپترین حاڵەتدا گەڕانەوە بۆ دواوە وەسف بکەین”. هەواڵنێریی بلوومبێرگیش لەمبارەوە نووسیی: “دوو دیپلۆماتی ئەورووپایی کە لە دانوستانی ئەم حەفتەیەی دۆحە ئاگادارن وتوویانە کە ئەگەرچی وتووێژەکان پێشکەوتنێکیان نەبووە بەڵام چاوەڕوان دەکرێت کە هەوڵەکان بۆ بووژاندنەوەی بەرجام لە دوای مۆڵەتی ڕاگەیەندراوی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی واتە کۆتایی مانگی ژووئیە درێژەیان بێت”. ئەم هەواڵنێرییە هەروەها ڕایگەیاند کە پاش شکستی دانوستانی چڕوپەڕی دۆحە، وتووێژ لەگەڵ ئێران لەوانەیە دوای سەفەری ئەم مانگەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ بکاتەوە. بەڵام هەڵوێستی توندی ئیسرائیل بەرامبەربە بەرنامەی ناوەکیی ڕێژیمی ئیسلامی و نیگەرانیی دەوڵەتانی هاوپەیمانیی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی بەرجام لە جەرەیانی سەفەری بایدێن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەکەوە و درێژەی شەڕی ئۆکراین و نزیکبوونەوەی زیاتر لە ڕابردووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕووسیە بێگومان پڕۆسەی ڕێکەوتنی بەرجام دژوارتر دەکاتەوە.
سەرۆکی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئیسرائیل، بیست و شەشی مانگی پووشپەڕ وێڕای ئاماژە بەوەیکە تێلاڤیڤ لە حاڵی ئامادەکردنی باروودۆخی ناوخۆییە بۆ شەڕ، باسی لە ئەگەری کردەوەی نیزامی دژبە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کرد. ئەو تەئکیدی کرد کە: “ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ هێرش کردنە سەر ئێران خۆی ئامادە دەکات”. ئەم سەرۆکەی ئیسرائیل هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە بژاردەی نیزامی دژبە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەمیشە ئەولەوییەتی بەرنامەی ئەمنییەتیی ئیسرائیل بووە و ئەرتەش بۆ ئەم مەبەستە لە حاڵێ ئامادەکاری دایە. لە هەمان حاڵدا بایدێنیش لە وتووێژ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا تەئکیدی کرد کە سەبارەت بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی نیزامی دژبە ئێران وەک “دوایین بژاردە” هیچ دژایەتییەکی نییە.
ئەگەرچی ڕێژیمی ئیسلامی بەفەرمی لەئاست هەڕەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا هەڵوێستی نەگرت بەڵام کەماڵ خەرازی سەرۆکی شۆرای ستراتێژی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە لەلایەن عەلی خامنەییەوە دیاری کراوە، بە کەناڵی “ئەلجەزیرە”ی وت: ” دیالۆگی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن بەهۆی دیواری ئەستووری بێمتمانەیی و سیاسەتەکانی ئەمەریکا ئەستەمە. شاراوە نییە کە ئێمە توانای تەکنیکیی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیمان هەیە، بەڵام ئێمە بەنیازی ئەو کارە نین. تەنها لە چەند ڕۆژدا، پیتاندنی ئۆرانیۆممان لە ٢٠٪ەوە بۆ ٦٠٪ زیادکرد، و دەشتوانین بە ئاسانی بیگەیەنینە٩٠٪”. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە: “کردنە ئامانجی ئەمنییەتی ئێمە لەڕێگەی وڵاتانی دراوسێ، لەگەڵ وڵامی ئێمە بەم وڵاتانە و وڵامی ڕاستەوخۆ بە ئیسرائیل ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئێمە مانۆڕی فراوانمان ئەنجام داوە تا لە ئەگەری هێرش بۆسەر دامەزراوە هەستارەکانمان، قووڵایی ئیسرائیل بپێکین”.
ڕافائێل گرۆسی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا گەلێک جار سەبارەت بە چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران هۆشداری داوە. ناوبراو لە دوایین وتەکانیدا، ڕۆژی هەینی سیی مانگی پووشپەڕ ڕایگەیاند: “بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەخێرایی دەڕواتە پێش و ئاژانس دیدێکی سنوورداری بەسەر ئەو ڕووداوانەدا هەیە کە خەریکە ڕوو دەدەن”. ئەم وتانە لەحاڵێکدان کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەشێکی زۆری لە ئامرازەکانی چاوەدێریی ئاژانس کە بەپێی ڕێکەوتننامەی ناوەکیی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ دەسەڵاتەکانی جیهان دامەزرابوون، لە کاری خستوون. گروسی وێڕای ئاماژە بە لەکارخرانی دووربینی چاوەدێریی ئاژانس لەلایەن ئێرانەوە وتی: “خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە لەماوەی پێنج حەوتووی ڕابردوودا چاوەدێرییەکی سنووردارم بەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێراندا هەبووە کە بێگومان بە خێرایی دەڕواتە پێشێ. کەوابوو سەرەڕای ئەم دەورەیە لە نابینایی ئیجباری، ئەگەر ڕێکەوتنێکیش بوونی هەبێت، حەل کردنی ئەم پازێلە بۆ من یەکجار دژوار دەبێت.
لەم باروودۆخەدا وتووێژی مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسە لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕۆژی یەکی مانگی گەلاوێژیشدا ئاکامێکی نەبوو. مەکرۆن هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە بەخاتری بەرەوپێش نەچوونی وتووێژەکانی ڤییەن “ناهومێدی” دەربڕی، داوای لە ڕەئیسی کرد کە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن و پێبەندبوونی ئێران بە بەڵێنەەکانی، بەپێی ڕێکەوتنی ناوەکیی ساڵی ٢٠١٥، “بڕیارێکی ڕوون” دەربکەن. هەروەها جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی، هۆشداری دا کە ئەگەر خامنەیی ڕێکەوتنی سەر مێزی دانوستانی ناوەکی قەبووڵ نەکات، ئەمریکا گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ئێران. هەموو ئەم داتایانە پێمان دەڵێن کە بووژاندنەوەی بەرجام لەناو هەزار پێچی موعادلاتی جیهانی و ناوچەییدا گرفتار بووە. ئەگەرچی دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە بەپێی ڕێکەوتنی بەرجام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە لاچوونی گەمارۆ ئابوورییەکان قازانجی پێ دەگات، بەڵام نەوەیکە دەوڵەتی ئەمریکا سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان دەرناهێنێت لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بووەتە بەربەستێک بۆ ڕێکەوتنی بەرجام. ئەوەیکە جێگای سەرەنجە ئەو واقعییەتەیە کە لەگەڵ درێژەی شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین و سەقامگیربوونی نیزامی چەند جەمسەری و توندبوونەوەی ڕەقابەتەکانی نێوان ئەمریکا و باقیی ئەندامانی ناتۆ لەگەڵ ڕووسیە و چین، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لای وایە کە لەچاو ڕابردوو لە بەرامبەر ئەمریکادا ئیمکانی مانۆڕی سیاسیی زیاتری پەیدا کردووە. لەم باروودۆخە تازەیەدا سەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کەوتوونەتە ناو وەسوەسەی درووستکردنی بۆمبی ئەتۆمییەوە.
بەڵام دیارە هەرکام لە لایەنەکانی ئەم شەڕە سەرمایەدارانە و کۆنەپەرستانەیە ئامانجی کۆنەپەرستانەی خۆیان دەبەنە بەرەوە، ئامانجگەلێک کە هیچ پەیوەندێکیان بە بەرژەوەندی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ڕەنجدیتووی ئێران و ناوچەکەوە نییە و ئەوان تەنیا قوربانییانی ئەم شەڕ و کێشمەکێشانەن. چ کاتێک کە ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستانە بەڕێکەوتن دەگەن و چ کاتێک کە بەرامبەر بە یەکتری ڕیز دەبەستن، ئەوەیکە بەنەسیبی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەبێت، دیسان هەژاری و بێبەشی و نائەمنی زیاترە، دیسان فرۆشی هێزی کاری ئەرزانیانە بۆ حەقدەستێک کە تەنانەت بەشی تازەکردنەوەی هێزی کاری بەتاڵانچوویان ناکات. بەڵام بێگومان درووستکردنی بۆمبی ئەتۆمیش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە مۆتەکەی ڕووخان ڕزگار ناکات. بەرەی سەرەکیی شەڕ لەناو سنوورەکان دایە. ئەو هێزە کۆمەڵایەتییەی کە بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ساتەکان دەبژێرێت لەناوخۆی سنوورەکانی ئێراندایە و لە ڕێگەی درێژەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەرییەوە بەردەوام ڕیزەکانی خۆی پتەوتر و ڕێکخراوتر دەکات و هەنگاو بە هەنگاو پێداویستیی کردەوەیی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕێژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی ئامادە دەکات.