فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەرمایەداری هۆکاری سەرەکیی شەڕ و هەژاری و برسییەتییە!
چوارشەممە ۰۴-۰۳-۱۴۰۱   |  25-05-2022

لە ڕۆژانی ڕابردوودا “دەفتەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆڤدۆستانە” لە ڕاپۆرتکێدا ڕایگەیاند کە ١٨ ملیۆن کەس لە ناوچەی لێوارئاوی ئەفریقا بەرەوڕووی برسییەتی بوونەتەوە. بەوتەی ئەم ڕێکخراە ئاستی برسییەتی لە جیهان لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا واتە لە ٢٠١٤ەوە گەیشتووەتە باڵاترین ئاستی خۆی. سەرۆکی  ئەم دەفتەرە ڕایگەیاندووە کە تەنها لە لێوارئاوی ئەفریقا حەوت ملیۆن و حەوسەد هەزار منداڵ لە بەدخۆراکیدا دەژین. ئەو لەو باوەڕە دایە کە کۆمەڵێک هۆکاری وەک نائەمنی، هەژاریی بەرین و نرخی بێوێنەی خۆراک، بەدخۆراکیی پەرەپێداوە و ژیانی ملیۆنان کەسی بەرەوڕووی مەترسی کردووەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی گوڵان بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەتی ئەم ڕێکخراوەدا سەبارەت بە ئەمنییەتی خۆراک وتی “لە سەرانسەری جیهان چل و نۆ ملیۆن کەس لە چل و سێ وڵاتەوە بەشێوەی نائاسایی لەگەڵ برسییەتی بەرەوڕوو بوونەتەوە و لەئێستادا شەڕی ئۆکراین پانتاییەکی خۆفناکی بە برسییەتیی جیهان داوە”.  بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕ لە ئۆکراین بووەتە هۆی ئەوەیکە نرخی خۆراک لە سەرانسەری جیهان بگاتە باڵاترین ئاستی خۆی. یەک ملیارد و حەوسەد ملیۆن کەس لە جیهان کە یەک لەسەر سێی ئەم حەشیمەتە لە هەژاریدا بەسەر دەبەن، لەبەردەم کەمبوون و قەتعبوونی مادەی خۆراکی، وزە و سیستەمی ماڵی دان کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی هەژاری و برسییەتیی زیاتر. لە سەرەتای ساڵی زایینییەوە نزیکەی دووسەد و حەفتا و شەش ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان لەگەڵ برسییەتیی بەرین بەرەوڕوو بوونەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت کە لە ئەگەری درێژەی شەڕی ئۆکرایندا، چل و حەت ملیۆن کەس بەم کەسانە بەتایبەت لە وڵاتانی باشووری سەحرای ئەفریقا زیاد بێت.

ڕۆژی هەینی بیست و سێی گوڵان سەرۆک وەزیرانی هێند بە ڕاگەیاندنی قەدەغەکردنی هەناردەی دانەوێڵە شۆکێکی دیکەی لە بازاڕی جیهانی دا. هێند دووهەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری گەنمی جیهانە. نزیک بە دوو مانگ لەمەوبەر وەزیری کشتوکاڵی هێند ڕایگەیاند کە لەمساڵدا بە بەرهەمهێنانی سەد و یازدە ملیۆن و سێسەد هەزار تۆن باڵاترین ڕەقەمی بەرهەمهێنانیان دەبێت. ئەو سێ حەوتوو لەمەوبەریش لە تویتێکدا ڕایگەیاندبوو کە “ئەنباری دانەوێڵەی ئێمە ئامادەیە کە لە خزمەت جیهاندا بێت”.  بەڵام ئێستا دەوڵەتی هێندووستان دەڵێت کە پلەی گەرمای یەکجار لەسەرێ و نائاسایی لە حەوتووەکانی ڕابردوودا بووەتە هۆی ئەوەیکە لە باشترین حاڵەتدا نەوەد و پێنج ملیۆن تۆنمان بەرهەمهێنانی گەنم بێت. لەئاکامی ئەم بابەتەدا ڕۆژی بیست و چواری خەرمانان دە ئەیالەت ڕایانگەیاند کە سەهمییەی گەنمێک کە بەپێی برنامەی “ئەمنییەتی خۆراک” بە نرخی هەرزان دیانخستە ئیختیاری خەڵکەوە دەهێننە خوارێ. شارەزایانی ئابووریی هێند هەر لە ئێستاوە هۆشداریان داوە کە ئەمنییەتی خۆراکی جەمعییەتی یەک ملیارد و سێسەد ملیۆنیی هێند لەگەڵ مەترسیی جیددی بەرەوڕوویە. نرخی کاڵاکان لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا نزیکەی ٩ لەسەد بەرز بووەتەوە.  دەوڵەتی هێند بەرهەمهێنەرانی خۆی بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە ڕێگای نایاساییەوە بەرهەمەکانیان بۆ دەرەوەی ئەم وڵاتە دەنێرن و بە نرخێکی  زۆر زیاتر  لە دەوڵەت دەیفرۆشن. بەڵام لەڕاستیدا ساڵەهایە کە جووتیارانی هێند بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان لە هەموو دەرفەتێکدا دەستیان داوەتە مانگرتن و ناڕەزایەتی و زۆر جار جادەکانی پایتەختیان بەستووە. ئاکامی ئەم باروودۆخە وەک هەموو شوێنێکی جیهانی سەرمایەداری بەر لە هەمووان بەرۆکی کرێکاران و توێژی خوارەوەی کۆمەڵگە دەگرێت. ئامارەکان بە ڕوونی ڕاستییەکان دەردەخەن. لە ساڵی ڕابردوودا نرخی بەرهەمە نەوتییەکان حەفتا لەسەد، سەوزی بیست لەسەد، ڕۆنی خۆراکی بیست و سێ لەسەد و دانەوێڵە هەشت لەسەد چووەتە سەرێ. گەنم، واتە ژەمی سەرەکیی خواردنی خەڵکی هێند زیاتر لە چواردە لەسەد بەرز بووەتەوە و ئاستی کڕینی گەنم لەلایەن دەوڵەتەوە هاتووەتە خوارێ. بەجۆرێک کە دەوڵەتی ناوەندی بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو پەنجا لەسەد کەمتر گەنمی لە جووتیاران کڕیوە. لەئاکامدا ژمارەیەک لە حیزبە چەپ و کۆمۆنیستەکانی هێند لە ناڕەزایەتی بە هەژاری و گرانی لە بانگهێشتێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵک کردووە کە لە ٤ تا ٩ی مانگی جۆزەردانەوە خەباتی هاوبەش و سەرانسەری دژبە هەژاری و گرانی بەڕێوەبەرن. ئەوان نووسییان کە “چوونەسەرەوەی بەردەوامی نرخەکان بارێکی قورسی خستووەتە سەر شانی خەڵک و لەگەڵ پەرەسەندنی برسییەتی بەرەو هەژارییەکی قووڵتر دەبردرێن. بێکاریی بێوێنە و بەردەوام، بەدبەختیی خەڵکی زیاتر کردووە”.

باروودۆخی یەمەن کارەساتبارترە. ڕێکخراوەکانی  سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە “خراپترین کارەساتی دەستکردی مرۆڤ لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوو” دەکەن. بەڵام یەمەن گۆیا شوێنێکە کە لە دەرەوەی جوگرفیای زەوی هەڵکەوتووە. یەمەن ئۆکراین نییە کە هەموو میدیای جیهانی سەرمایەداری زووم بکاتە سەری. ئەگەرچی شەڕی ئێستای یەمەنیش لە جۆری ئەو شەڕە نیابەتییانەیە کە لە زۆرێک لە شوێنەکانی جیهان لە ئارادان، بەڵام شەڕێک نییە کە مەیدانی هێزنواندن و شەڕی هەموو جەمسەرە دەسەڵاتدارەکانی جیهانی سەرمایەداری بێت. ئەوێش هەموو ڕۆژێ لەلایەن هێزە هاوپەیمانەکان بە ڕێبەریی عەرەبستانی سعوودی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ “حوسییەکان” کە لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانیان ماڵی و سەربازییان لێ دەکرێت، دەدێتە بەر بۆمباران. لەوێش هێزە هاوپەیمانەکان بە ڕێبەریی عەرەبستان لە دیفاع لە بەناو دەسەڵاتی یاسایی کە ڕووخاوە، هاتوونەتە مەیدان. هەر بەم شێوەیە لە پانتاییەکی گەورەتردا ناتۆش بۆ نەجاتدانی دارودەستەی دەسەڵاتداری پاش بەناو “شۆرشی مەیدان” هەموو هێزە سەربازییەکەی خۆی بەڕیز کردووە. ئەگەر لەوێ عەرەبستان یەمەنی پێ حەوشەی خەڵوەتە و کۆماری ئیسلامی یەمەن بە بەشێک لە ستراتێژی خۆی ناو لێ دەبات، حەوشەی خەڵوەتی ناتۆ و بەتایبەت ئیمپریالیسمی ئەمریکا ئۆکراینە و ڕووسیەش بەناو لە خودموختارییەکانی “لوهانسک و دۆنێتسک” و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پێشڕەویی ناتۆ بەرەو وڵاتانی هاوسنووری هێرشی خۆی پاساو دەکات. بەڵام جیاوازییەکانی نێوان یەمەن و ئۆکراین زۆرن. بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان حەفدە ملیۆن کەس لە جەمعییەتی سێ ملیۆنیی یەمەن بۆ ئەوەیکە لەبەرسیان نەمرن پێویستییان بە یارمەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە. و بینیمان لە مانگی مارسی ئەمساڵدا تەنیا یەک سێهەم لە سێ ملیارد و نۆسەد ملیۆن یۆرۆیەک کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگری لە مەرگی ملیۆنان یەمەنی بەهۆی برسییەتییەوە دیاری کردبوو، بۆی کۆکراوە. بەڵام هەر لەم کۆبوونەوانەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزیرانی ماڵیی جی حەوت بڕی ١٥ ملیارد یۆرۆیان بۆ دابینکردنی خەرجییە نیزامی و ئابوورییەکان بۆ ئەم وڵاتە پەسند کرد. پێویستە بەم ڕەقەمانە ئەو ملیاردها دۆلارەش زیاد بکرێت کە لە کاتی هێرشی ڕووسیەوە لەلایەن دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاواوە بۆ ئەم وڵاتە ناردراون.

هەڵبەت دەکرێت بەم وێنەیە چارەنووسی ملیۆنان مرۆڤی تر کە لە وڵاتانی ئەفریقایی، لە لیبی، سووریە، لۆبنان، عێراق، ئەفغانستان، مەراکێش، توونێس و ئێرانن، ئیزافە بکرێت. و ئەوە سیمای جیهانێکە کە بەربەرییەتی سەرمایەداری لە خزمەت بە کەڵەکردنی سەرمایەی کەمینەیەکی بچووک پێکی هێناوە. بەڵام ئەم بەربەرییەتە چارەنووسی ئەبەدیی کرێکاران، بێبەشان و برسییەکانی جیهان نییە. کرێکارانی حەوت تەپە وڵامی خۆیان بەمجۆرە دایەوە: “ئێمە برسین و باش دەزانین کە بێجگەلە پێداویستیی ماددی، ئازادی و دیمۆکراسیی شۆرایی تەنیا ڕێگای ڕزگاریی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە لەم بەربەرییەت و تەوەحوشە”.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە                                        https://alternative-shorai.tv