لەحاڵێکدا کە زیاتر لە سێ حەفتە لە مانگرتنی سەرانسەری کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی تێدەپەڕێت، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی مانگی گوڵان، مەئموورانی ئەمنیەتیی سەربە سازمانی ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئیسلامی، ٨ کەس لە کرێکارانی مانگرتوویان دەستگیر و ڕوانەی زیندان کرد. ئەکبەر پورات جێگری سیاسی، ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتیی ڕژیم لە ئۆستانی بوشێهر ڕۆژی یەکشەممە وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە وتی: “مانگرتنی کرێکاران لە ناوچەی پارسی جنوبی سازماندراو و بە پشتیوانیی تۆڕەکانی دەرەوەی وڵاتە کە بە چاوەدێریی و لێکۆڵینەوە، لیدێرە سەرەکییەکانیان شناسایی کراوە”. ئەم مۆرە ئەمنیەتییە لە درێژەدا دەڵێت کە کەسە دەستگیرکراوەکان بەشێوەی “حزووری و ئانلاین” ئەم مانگرتنانەیان لە پاڵاوگەی پارسی جنوسی سازمان داوە.
دەستبەسەکردن و زیندانی کردنی ٨ کەس لە کرێکارانی مانگرتوو و پەروەندەسازیی بێ پایە و ئەساس و ئیدعای درۆیین سەبارەت بەوان، ئیدامەی هەڕەشە و پیلانگێڕیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە بۆ تێکشکاندنی مانگرتنی کرێکارانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی. ئەم کردەوە سەرکوتگەرانەیەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا درێژەی هەیە کە زیاتر لە سێ حەفتە لە شەپۆلی نوێی مانگرتنی سەرانسەریی کرێکارانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی تێپەڕیوە. کرێکارانی مانگرتوو بردنەسەری لەسەدا ٧٩ی حەقدەست و بیست ڕۆژ کار و دە ڕۆژ پشوویان وەک داخوازیی خێرای مانگرتنەکەیان ڕاگەیاندووە. کرێکاران هەروەها لەسەر کورتکردنەوەی دەستی پەیمانکارانی مفتەخۆر، باشترکردنی ستانداردی شوێنی خەو و خۆراک، باشترکردنی سرویستەکانی هاتوچۆ و ئیمەنی شوێنی کار تەئکیدیان کردووە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە هەتا ئێستا وڵامی بە هیچ کام لە داخوازییەکانی کرێکاران نەداوەتەوە دەیهەوێ بە سەرکوت و دەسبەسەرکردنی کرێکارانی مانگرتوو و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆیین و تەفەرەقەنانەوە ئەم مانگرتنە تێکبشکێنێت.
بەڵام سەرەڕای ئەم ڕەشبگیرییانە و هەڕەشەی کاربەدەستانی ئەمنیەتی ڕژیم، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی مانگی گوڵان “شۆرای سازماندانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانی نەوت” لە ڕاگەیاندنێکدا وێڕای تەئکیدی دووبارە لەسەر خواستەکانیان ڕایگەیاند: “لەم ماوەیەدا پەیمانکاران، خاوەنکاران و کاربەدەستانی مەسئول بۆ تێکشکاندنی مانگرتنەکەمان دەستیان داوەتە هەموو جۆرە هەڕەشە و تاکتیکێک بەڵام بە ئامانجیان نەگەیشتوون و مانگرتن هەروا بەردەوامە. هەڕەشەیان کرد کە کرێکاری تازە دادەمەزرێنن و کرێکارانی پێشوو قەراردادەکانیان کۆتایی دێت بەڵام دواتر دانیان بەوە دانا کە ئەم تەرحەشیان شکستی خواردووە. هەڕەشەی دەستگیرکردن و هەوڵ بۆ تەفەرەقە دروستکردن لەناو ڕیزی کرێکارانی مانگرتوو لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بەشێکی تر لە هەوڵەکانیان بووە کە بەخۆشیەوە بە وشیاری و یەکگرتوویی پووچەڵمان کردوونەوە. ئێستاش بەخاتری ئەوەیکە کارگەکانمان چۆڵ کردووە، تەبلیغاتیان وەڕێخستووە کە مانگرتن کۆتایی هاتووە و کرێکاران گەڕاونەتەوە سەر کار. ئێمە ئەم تەبلیغاتە درۆیینە بە سیاسەتێک دەزانین بۆ وەڕێخستنی شەڕی تەبلیغاتی و بۆ دروستکردنی تەفرەقە لەناو کرێکارانی مانگرتوو و بۆ دوورخستنەوەی سەرنجی کۆمەڵگا لە مانگرتنەکان”. شۆرای سازماندانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانی نەوت” لە کۆتاییدا دووبارە تەئکیدی کردووەتەوە کە خواستەکانیان سەراسەرییە و پێویستە وڵامیان پێ بدرێتەوە و بە هەڕەشە و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست ناتوانن ئێمە لە بەدواداچوونی داخوازییە ڕەواکانمان پاشگەز بکەن.
کاربەدەستانی ئەمنیەتیی سەربە سپای پاسدارانی ڕژیم لە درێژەی پیلانگێڕییان دژبە مانگرتنی کرێکارانی نەوت ڕایانگەیاندووە کە هەشت شیرکەت و پەیمانکار لە ناوچەی پارسی جنوبییان بەهۆی پەرەپێدان بە مانگرتنی کرێکاری خستووەتە لیستی ڕەشەوە. سپای پاسداران وەک پەیمانکارێکی گەورەی حکوومەتی لە لایەکەوە دەیهەوێ مانگرتنی سەرانسەری کرێکاران بکاتە دەرفەتێک بۆ وەلانانی شیرکەتە پەیمانکارییە ڕەقیبەکانی و لەلایەکی دیکەوە بەنیازە زەربە لە ئیعتباری مانگرتنی سەرانسەری کرێکاران و ڕێکخەرانی بدات. کرێکارانی مانگرتوو دەزانن کە ڕەقابەتی سپای پاسداران لەگەڵ هێندێک لە شیرکەتە پەیمانکارییەکان هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی کرێکارانەوە نییە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا کە لە قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسیدا دەست و پێ لێدەدات، ستراتێژی بۆ بوون بە دەسەڵاتی باڵای ناوچەکە بەرەوووڕی شکست بووەتەوە و دەزگای ئایدیۆلۆژییەکەی توانای مەشرووعیەت بەخشینی بەم هەمووە هەژاری و فەلاکەتە ئابوورییە لەدەست داوە، بۆ ئیدامەی دەسەڵاتی تەنیا پشتی بە سەرکوت بەستووە و هیچی تر. کردەوەی ڕژیم بەرانبەر بە مانگرتن و داخوازیی ڕەوای دەیان هەزار کرێکاری نەوت و پێترۆشیمی سەلمێنەری ئەم حەقیقەتەیە.
کرێکارانی مانگرتووی نەوت و گاز و پێترۆشیمی بە خواستی میحوەریی بردنەسەری ٧٩ لەسەدیی حەقدەست لەڕاستیدا داخوازی باقیی بەشەکانی تری چینی کرێکاری ئێرانیشیان گەڵاڵە کردووە. خۆڕاگری و پایەداریی کرێکاران لەم مانگرتنە سەرانسەرییەدا لە بەشەکانی دیکەی چینی کرێکار دەخوازێت کە لەڕێگەی بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری دژبە سەرکوت و ڕەشبگیریی کرێکارانی پڕۆژەیی، هاوپشتیی خۆیان ڕاگەیەنن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە