وەزارەتی ناوخۆی فەڕانسە، ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنی گشتی ئەم وڵاتەی ڕاگەیاند و بە گوێرەی دوائەنجامەکان، هاوپەیمانی بەرەی “جەماوەری چەپڕەو” بە سەرۆکایەتی جان لۆک میلانشۆن، 182 کورسی بەدەست هێناوە و پێشەنگی هەڵبژاردنەکانی گرتووە.
هەروەها هاوپەیمانی “پێکەوەیی” ئیمانوئێل ماکرۆن, توانیویەتی 162 کورسی بەدەست بێنێت و پلەی دووەمی گرتووە، لە پلەی سێیەمیشدا هاوپەیمانی “گردبوونەوەی نیشتیمانی” ڕاستڕەوەکان دێت کە 143 کورسیان بەدەست هێناوە. جێگای ئاماژەیە، حەوتی ئەم مانگە لە 501 بازنە گەڕی دووهەم و یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڕانسە بەڕێوەچوو. لەگەڕی یەکەمدا ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدان %66.7 بوو، تیایدا هاوپەیمانی گردبوونەوەی نیشتمانی ڕاستڕەوەکان بە سەرۆکایەتیی مارێن لۆپێن توانیان %33ی دەنگەکان بەدەست بێن و ڕیزبەندی یەکەمی گەڕی یەکەم بن. هەروەها هاوپەیمانێتییەکەی ئیمانوئێل ماکرۆن تەنیا %20ی دەنگەکانی بەدەست هێنا و لە پلەی دووەم بوو، بەڵام لە گەڕی دووەمدا ئەنجامەکان بۆ ڕاستڕەوەکان پێچەوانە بووەوە و بۆ سێیەمی هەڵبژاردن دابەزین و هاوپەیمانەکەی ماکرۆنیش هەر لە دووەم مایەوە.