شەڕی ماڵوێرانکەری غەززە سێشەممەی ڕابردوو کارەساتێکی ترسناکی لێکەوتەوە. هەرچەندە تا ئێستا وردەکاری تەقینەوەکەی نەخۆشخانەی ئەلئەهلی لە غەززە جێی مشتومڕە، بەڵام دۆخی کارەساتباری ئێستای غەززە و کوشتنی خەڵکی بێتاوان و بۆردومانی نەخۆشخانە و ناوچە مەدەنییەکان لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت، پاساوهەڵنەگرە و مەحکوومە.
لەم تەقینەوەیەدا سەدان نەخۆش، منداڵ، پەرستار، پزیشک، کرێکار و خۆبەخشەکانی دیکە کە لەو نەخۆشخانەیە کاریان دەکرد، گیانیان لەدەستدا. سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحید هاودەنگ لەگەڵ سەندیکا کرێکارییەکانی دیکەی جیهان، بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانانە دەکات و سەرەخۆشی لە ڕزگاربووانی ئەم کۆمەڵکوژییە دەکات.
خەڵکی فەلەستین بەردەوام بوونەتە قوربانی ململانێی سیاسی و سات و سەودای نێوان زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان. ئێمە وەک ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری لە ئێران وەک چۆن هەمیشە لەلایەن کرێکارانی وڵاتانی ترەوە پشتیوانیمان لێ کراوە، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە لە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستملێکراوی شوێنەکانی تری جیهان دیفاع بکەین. بەداخەوە هێندێک بەخاتری ڕق و بێزارییان لە نیزامی کۆماری ئیسلامی و لە حەماس، چاویان بەسەر زیاتر لە ٧٠ ساڵ زوڵم و ستەم دەرحەق بە خەڵکی فەلەستین بەستووە و تەنانەت هێندێک جار لە هێرشی نیزامی دژبە خەڵکی فەلەستین و لە هێرشی نیزامی بۆسەر ئێران پشتیوانییان کردووە.
سەندیکای ئێمە بەردەوام و بێ پسانەوە، لە کاتی پێکهاتنیەوە هەتا ئێستا، لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکان، وەزارەتی کار، شۆرای ئیسلامیی کار، حەراسەت و دەست و پەیوەندەکانی خاوەنکارەوە سەرکوت و کۆنتڕۆڵ کراوە و ئەزیەت و ئازار دراوە. ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ ئێمەی کرێکارانی ئەم وڵاتە وەک دوژمن هەڵسووکەوت دەکات. بەڵام هەر ئەندازە ڕق و بێزاریمان لەم هەمووە سەرکوت و بێعەداڵەتییە لەلایەن نیزامی حاکم لە ئێران، نابێ ئێمە لەئاست ستەمێکی چارەسەرنەکراو و بنەمایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە یەکێک لە هۆکارەکانی تەشەنوجی هەمیشەیی لە ناوچەکە بووە، کەمتەرخەممان بکات و تووشی هەڵسووکەوتی نەشیاومان بکات. مەسەلەی فەلەستین بەر لە هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و بەر لە پێکهاتنی حەماسیش، مەسەلەیەکی پڕ لە گرژی و کارەساتبار لە ناوچەکە بوو. ئەم پرسە هەتا چارەسەرنەکرانی عادڵانەی بە سوننەتی شەفاف و بە بێ کوشت و کوشتار، بەردەوام بێ چارەسەر دەمێنێتەوە.
ئێمە هەروەک یەکیەتییە کرێکارییەکانی دیکەی جیهان خوازیاری ئاگربەستی دەستبەجێ و کۆتایی هێنان بە شەڕ و گەمارۆی غەززەین. داوا لە هەموو کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی وڵات دەکەین کە بایەخ بە بۆچوون و پڕوپاگەندەی شەڕخوازانەی هیچ لایەنێک نەدەن. بە ڕەگەزپەرستی، بە تەبلیغاتی دژەعەرەبی، دژەیەهوودی، دژەئەفغانی و بە بۆچوون و چالاکییەکانی دیکەیان کە لەجیات یەکگرتوویی و هاوپشتی بەدوای دوژمنایەتیی خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ یەکگترن، هیچ بایەخێک نەدەن. ئێمە کرێکاران متمانەمان بە هیچ دەسەڵاتێک لە جیهاندا نییە. چونکە دەزانین هەر هەموویان ئەو زەرفیەتەیان هەیە کە بەئاسانی لەسەر گیان و چارەنووسی خەڵکی جیهان موعامەلە بکەن. هاودەنگی و دیالۆگی سالم و هەمەلایەنە لە نێوان خەڵکی وڵات و لە نێوان کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراو لە ناوچەکە و جیهان، پێویستییەکی بەپەلەیە.
بە هیوای بەرقەراریی عەداڵەت لە ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرانسەری جیهان
سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئۆتۆبوسڕانیی تاران و دەوروبەر
٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢