فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەنگەرگرتن لە پشت ماشێنی ئێعدام، دوایین خاکڕێژی ڕژیم
پێنجشەممە ۰۵-۱۱-۱۴۰۲   |  25-01-2024

محەممەد قوبادلوو، بەندکراوی سیاسیی لاو کە لە جەریانی هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بۆسەر شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بە قەتڵی ژینا (مەهسا) ئەمینی دەستبەسەرکرابوو، ڕۆژی سێشەممە ٣ی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٢ ئێعدام کرا. ئەمیر ڕەئیسیان پارێزەری قوبادلوو دوای بەدەست گەیشتنی نامەی ئیجرای حوکمی ئێعدامی ناوبراو چەند سەعات بەر لە ئێعدامکردنی لە تۆڕی ئیکسدا نووسیی: “ئیجرای حوکمی محەممەد قوبادلوو هیچ جۆرە موجەوزێکی قانوونیی نییە و بێگومان قەتڵ بەحیساب دێ”. دەزگای قەزایی ڕژیم قوبادلوو کرێکاری ئارایشگای بەوە تۆمەتبار کرد کە لە جەریانی ئیعتڕازاتی شەوی ٣٠ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو بە ئۆتۆمبێل خۆی بە مۆتۆری مەئموورانی حکوومەتدا کێشاوە. بەڵام پارێزەری ناوبراو بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی قانوونی سەبارەت بە مەرگی مەئمووری پۆلیس ئەم تۆمەتەی ڕەت کردەوە و لەئاست کەمبوونی لێکۆڵینەوە و ئیرادی فەنیی پەروەندە و وەزعیەتی سڵامەتی و تووشبوونی قوبادلوو بە ئیختلالی دوو قوتبی هۆشداری دابوو. هەروەها لەم ڕۆژەدا حوکمی ئێعدامی فەرهاد سەلیمی، زیندانی سیاسی خەڵکی شاری سەقزیش لە زیندانی قزڵحەسار جێبەجێ کرا. فەرهاد سەلیمی، ڕێکەوتی ٢٩ی مانگی ڕێبەندانی ١٣٨٨ لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا. ئەو لەگەڵ سێ کەسی تر بەتۆمەتی بەشداریکردن لە تیرۆری مەلایەکی سەربە حکوومەتی ئیسلامی بە مەرگ مەحکووم کرا. ئەوەش لەحاڵێکدا بوو کە ناوبراو چەندین جار ئەم تۆمەتەی ڕت کردبووەوە. بەپێی هێنێدک لە ڕاپۆرتەکان، ئەگەرچی خانەوادەی فەرهاد سەلیمی بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو بانگ کرابوون، بەڵام لەلایەن پاسەوانانی زیندانەوە ڕێگەیان پێنەدرا و بەبێ چاوپێکەوتنی کۆتایی لەگەڵ بنەماڵەکەی ئێعدام کرا.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەحاڵێکدا لەپشت خاکڕێژی زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە سەنگەری گرتووە کە قوولبوونەوەی قەیرانی هەمەلایەنەی ئابووری، چوونەسەری بەرینی نرخی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، هێڵی هەژاریی ٣٠ ملیۆن تمەن لە تاران و سەرووی ٢٥ ملیۆن تمەن لە شارەکانی تر، حەقدەستی سێ بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، پەرەسەندنی ئازارە کۆمەڵایەتییەکان، قووڵبوونەوەی بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت، ڕێگایەکی بێجگەلە درێژەدانی خەبات بۆ کرێکاران و توێژە هەژارەکانی تری کۆمەڵگا نەهێشتووەتەوە. ئەم ڕەوتە بابەتییە، پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و جەماوەریی کردووەتە حەتمی و چارەهەڵنەگر. لەحاڵێکدا کە ئەم هەژاری و فەلاکەتە ئابوورییە بەسەر کرێکاران و زۆربەی کۆمەڵگادا سەپاوە، سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەشێکی بەرین لە داهات و بەرهەمی چەوساندنەوەی کرێکاران بۆ لەسەر پێ ڕاگرتنی نیزامی ئیسلامی لە گەرووی ماشێنی سەرکوت و ماشێنی جەنگی دەکەن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیەدا یەکجار دەترسێ لەوەیکە چکۆلەترین پاشەکشە لە سیاسەتەکانی هەتا ئێستای، ڕووحیەی تەعەڕوز لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پەرەپێبدات و ببێتە هۆی لێکهەڵوەشان و لەناوچوونی یەکجاریی نیزامی ئیسلامی و سیاسی. سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکان بە ماجەراجوویی نیزامی و مووشەک هاویشتنی گرووپە نیابەتییەکان، هەوڵ دەدەن لاوازیی خۆیان لە بەرابەر هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بشارنەوە کە لەماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا چەندین کەس لە فەرماندەکانی سپای پاسداران، حەشدی شەعبی، حیزبوڵڵا و حوسییەکانی کوشتووە. هەروەها لەناوەوەی ئێرانیش بە وەڕێخستنی شەپۆلی ئێعدامەکان دەیانهەوێ ترسی خۆیان لە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتیی کرێکاران و خەڵکی وەگیانهاتوو بشارنەوە.

کرێکاران، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و خەباتکار!

ئەگەرچی ئێعدامی بەکۆمەڵی بەندکراوان و پەرەپێدانی کەشوهەوای سەرکوت بەردەوام بەشێک لە مەوجوودییەتی ڕژیم بووە، بەڵام ئەمجارەیان سەرانی ڕژیم بەئاشکرا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاران، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی خانەنشیان و باقی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا، ئەم شەپۆلەی ئێعدامیان خستووەتە ڕێ. ئەم ئێعدامانە لە ئیدامەی تەهاجوم بۆ سەر ژنان بە “تاوان”ی لابردنی حیجاب، لە ئیدامەی هێرشی کیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان، لە درێژەی هێرشی ڕێکخراو بۆسەر زانکۆکان بەرنامەڕێژی کراوە. نابێ ڕێگە بە ڕژیم بدەین بە هیچ بیانوویەک لەڕێگەی ئەمنیەتی کردنی کەشوهەوای کۆمەڵگاوە هێرش بکاتە سەر خەڵک. ماشێنی کوشتار و ئێعدامی ئەم ڕژیمە دەبێ ڕابگیرێت. بەیاننامەی لێبڕاوانە و بوێرانەی چەندین ڕێکخراوی کرێکاری، ناوەندی نووسەرانی ئێران و دەیان ڕێکخراو و ناوەندی خوێندکاری بۆ مەحکوومکردنی سزای ئێعدام نیشانەی ئەوەیە کە زەمینەی زەینیی گونجاوتر بۆ جەماوەری بوونەوە و سەرانسەری بوونەوەی بزووتنەوەی خەبات بەدژی ئێعدام ئامادەیە. لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای ئێعدام یەکگرتوو و یەکپارچە ڕاپەڕن! سزای ئێعدام قەتڵی عەمدی دەوڵەتییە. پێویستە بەرانبەر بە شەپۆلی ئێعدام لە مافی ژیانی ئینسان لێبڕاوانە دیفاع بکەین. پێویستە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای ئێعدام یەکپارچە و یەکگرتوو بێینە مەیدان.

بۆ ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەبەرن. هیچ کەس نابێ بەخاتری بیروباوەڕ و بەخاتری چالاکیی سیاسی بخرێتە زیندانەوە. ئازادیی بیروباوەڕ و ئازادیی چالاکیی سیاسی مافی بێ ئەملاوئەولای هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە. بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شەقام و ڕێپێوان بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئازادی ڕادەربڕین و بیروباوەڕ. هەروەک مرۆڤی شیاوی ئازادی و بەرابەری، قورس و قایم و بێ راڕایی پێویستە بۆ دیفاع لە مافە ڕەواکانمان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەبەرین! لە بەرامبەر زیندانەکاندا کۆببنەوە و بە دەنگی ڕەساوە خوازیاری ئازادیی بەندکراوانی سیاسی بن. لە گەڕەک و کارخانە و زانکۆ و شەقام درووشمی “بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت” بەرز بکەنەوە. خەبات دژبە سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی بکەنە بزووتنەوەیەکی سەرانسەری.

بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێران و بەرپاکردنی هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی لە دەرەوەی وڵات، دژبە ئەحکامی ئێعدام بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، دەتوانێ بەر بە درێژەی شەپۆلی ئێعدام، بەربە زیندانی کردنی تێکۆشەرانی سیاسی و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بگرێت. خەباتی سەرکەوتووانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەحکامی ئێعدام و بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی لە هەلومەرجی سیاسیی ئێستادا دەتوانێ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا چەند هەنگاو بەرەوپێش بەرێت.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co

https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpirn

https://t.me/KomalaCpiranTv