فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەپاندنی برسیەتی بەسەر خەڵکی غەززە، چەکی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل
شەممە ۰۳-۰۳-۱۴۰۴   |  24-05-2025

٢٠ مانگ بەسەر دەستپێکی شەڕ و جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە تێپەڕیوە. شەڕێک کە تێیدا دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٣ هەزار و ٧٠٠ کەس لە خەڵکی غەززەی کوشتووە و پتر لە ١٢٠ هەزار کەسی بریندار کردووە و کەرتی غەززەی لە باکوورەوە بۆ باشوور کردووەتە وێرانە. بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەدا ٤٤ی ئەوانەی لەم شەڕە نامرۆڤانەیەدا کوژراون، منداڵن. لەم ماوەیەدا ئەرتەشی فاشیستی ئیسرائیل خەڵکی ستەملێکراو و ماڵبەکۆڵی لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی ئاوارە کردووە، تا ماڵەکانیان بۆمباران و نابوود بکات.

دەوڵەتی هاوپەیمانیی ڕاست و کۆنەپەرستی نەتانیاهۆ ڕۆژی ٢٧ی مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٣ بە بێ هیچ هۆکارێک ئاگربەستی دوو مانگەی شکاند کە لە ٢٩ی مانگی بەفرانبارەوە بەرقەرار کرابوو. لەو کاتەوە هەتا ئێستا ئەرتەشی ئیسرائیل توندتر و وەحشیانەتر لە قۆناغی پێشوو بە ئامانجی جینۆساید و وەدەرنانی خەڵک لە وڵاتەکەیان، نەخۆشخانەکان، ژێرخانە کۆمەڵایەتییەکان، ناوەندەکانی کۆبوونەوەی خەڵک و ماڵەکانیان بەتایبەت لە شارە پڕ حەشیمەتەکانی باشووری کەرتی غەززە بۆردومان دەکات. ئەم ئەرتەشە فاشیستە ڕۆژی شەممە ٣٠ی مانگی گوڵان بێشەرمانە و بەشانازییەوە ڕایگەیاند کە لە ماوەی یەک ڕۆژدا هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ١١٥ ئامانج لە غەززە. بە وتەی ئەو پزیشکە بیانیانە کە خۆبەخشانە هاوکاری خەڵکی ئازارچێشتوو لە غەززە دەکەن، لە ڕۆژی هەینیەوە و لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ کەس لەم هێرشانەدا کوژراون کە بەشێکی زۆریان منداڵ بوون.

حکوومەتی ئیسرائیل لەو کاتەوە هەتا ئێستا قۆناغێکی دیکە لە کۆمەڵکوژی و وێرانیی بە دڕندەیی هەرچی زیاترەوە، خستووەتەوە ڕێ. ئەم دەسەڵاتە ڕەگەزپەرستە لە درێژەی جینۆسایدی خەڵکی فەلەستیندا، ماوەی سێ مانگە بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێونەتەوەییەکان، بە داخستنی سنوورەکان، بە گەمارۆدانی غەززە و بە قەدەغەکردنی چوونی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکەی ژیان، دوو ملیۆن کەسی لە خەڵکی غەززە بەرەوڕووی قاتی و برسیەتی کردووەتەوە، وە لە قاتی و برسی کردنی مرۆڤەکانیش چەکێکی دیکەی بۆ جینۆساید دروست کردووە.

وێنەی دڵتەزێنی هەزاران منداڵی قابڵەمە بەدەست کە هەوڵیان دەدا کاسەیەک سوپی ئامادەکراو لەلایەن ناوەند و کەسانی مرۆڤدۆست بەدەست بێنن، تا ڕۆژێکی دیکە ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەیان لە برسیەتی نەجات بکەن، دڵ و ویژدانی هەموو مرۆڤێک ئازار دەدات. سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) هۆشداریدا کە ئەگەر لە دوو ڕۆژی داهاتوودا یارمەتیی خۆراک نەنێردرێت، ١٤ هەزار منداڵ گیانیان لەدەست دەدەن. ئەم کارەساتانە هێندە ئازاردەرن کە زۆرێک لە خەڵکی مرۆڤدۆست و چەپ و پێشکەوتنخواز لە ئیسرائیل لە ناڕەزایەتی دژبەم کوشتار و جنایاتە هاتنە سەر شەقامەکان و لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکان تووشی تێکهەڵچوون بوون. ئەوانەی لەم شەڕەدا ئازیزانیان لەدەستداوە، هاواریان دەکرد کە ناتانیاهۆ منداڵەکان دەکاتە قوربانی بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێننەوە.

حکوومەتی ئیسرائیل هەموو ئەم تاوانانە بە پشتیوانیی ئەمریکا و زلهێزە سەرمایەدارییەکانی تر و لە بێدەنگی و بێهەڵوێستی حکوومەتە عەرەبییە کۆنەپەرستەکاندا ئەنجام دەدات. ئەوان هەتا ئێستا کوشتار و نەسلکوژیی فەلەستینییەکانیان لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە لە ژێرناوی “مافی بەرگری کردن لە خۆ” بۆ ئیسرائیل پاساو کروودە و پشتیوانیان لێ کردووە. هەڵبەت ئێستا لەژێر فشاری بیروڕای گشتیی وڵاتەکەیان، زمانی ناڕەزایەتییان دەگەڕێ و هۆشدار بە ئیسرائیل دەدەن کە ئەگەر سەپاندنی قاتی و برسیەتی بەسەر خەڵکی غەززە کۆتایی پێ نەهێنێ، پێداچوونەوە دەکەن بەسەر پشتیوانیکردن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل. ڕۆژی دووشەممە ١٩ی گوڵان، وەزیرانی دەرەوەی ٢٢ وڵاتی بەخشەری یارمەتی مرۆیی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایان لە ئیسرائیل کرد ڕێگە بدات یارمەتییەکانیان دەستبەجێ و بەتەواوی بگاتە خەڵکی برسی لە کەرتی غەززە. هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی مانگی گوڵان، وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، سەرەڕای دژایەتیی بەشێک لە وڵاتانی ئەندام، بڕیاریاندا پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی هاوکاریی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل بکەن. هەروەها بریتانیاش هەر بەم هۆکارە دانوستانە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگرت.

لەژێر کاریگەری ئەو فشار و هەڕەشانەدا، حکوومەتی گەندەڵ و کۆنەپەرستی نەتانیاهۆ ناچار بوو پاشەکشەیەکی سنووردار بکات. بۆ نموونە، دوای قەدەغەکردنی دوو مانگ و نیو، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گوڵان، مۆڵەتی بۆ ٩ بارهەڵگری خۆراک دەرکرد بۆ چوونە ناو غەززە، بەڵام تەنها چوار بارهەڵگر توانیان بگەنێ. ڕۆژی سێشەممەش ١٠ بارهەڵگر و چوارشەممە ٩٠ بارهەڵگر چوونە ناو غەززە و دوای ماوەیەکی زۆر، بارەکانیان بڵاوکرایەوە. ئەم ڕادەیە لە یارمەتی، بە بەراورد بەو ٦٠٠ بارهەڵگرەی پێشتر ڕۆژانە دەچوونە ناو غەززە، بە گوتەی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دڵۆپێکە لە دەریارەک و بە هیچ شێوەیەک بەش ناکات.

بەڵام بۆچی نەتانیاهۆ بەم شێوەیە وەحشیانە و غەرەزاوی منداڵ و پیر و لاوی غەززەی کردووەتە ئامانج. لەڕاستیدا سەرەڕای هەموو ئەو تاوانانەی کە لەماوەی ٢٠ مانگ شەڕدا ئەنجامی داوە، سەرەڕای کوژرانی زیاتر لە ٨٥٠ کەس و برینداربوونی هەزاران کەس لە ئەرتەشی ئیسرائیل و سەرەڕای تێچوونی بەرینی ئەم شەڕە، هیچ کام لە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی نەهاتووەتە دی. دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل بە بۆمباران، کۆچپێکردنی زۆرەملی و بە سەپاندنی قاتی و برسیەتی بەسەر خەڵکی فەلەستین لە غەززە دەیهەوێ خەڵک ئەم ناوچەیە چۆڵ بکات و هەموو کەرتی غەززە داگیر بکات. نەتانیاهۆ دووشەممەی ڕابردوو ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: “بە ئامانجی لەناوبردنی حەماس هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە کۆنترۆڵ دەکەین”.

لەلایەکی دیکەوە هاویشتی جاروبارەی گولـلە لەلایەن گرووپی ئیسلامی و تیرۆریستی حەماس بەرەو سەربازانی ئیسرائیل کە هیچ کاریگەرییەکی لە کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی فەلەستین نییە، بووەتە کێشە بۆ خەڵک و بووەتە پاساوێک بۆ تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل. هەر بەم هۆکارە، زۆرێک لە خەڵکی غەززە بە قبووڵ کردنی ڕیسکی ئیعتراز بە حەماس، لەدژی کردەوەی ئەم گرووپە دەست دەدەنە ناڕەزایەتی. ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی مانگی گوڵان، بۆ سێیەم ڕۆژی بەردەوام، هەزاران کەس لە شاری پڕ جەمعیەتی خان یوونس دژی حەماس خۆپیشاندانیان کرد و خوازیاری کشانەوەی ئەو گرووپە لە غەززە و کۆتایی هێنان بە شەڕ و هەژموونی حەماس بوون. جیا لە جینۆساید و تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل، دەسەڵاتی ١٨ ساڵەی گرووپی ئیسلامیی حەماس بەسەر کەرتی غەززە، بۆ خەڵکی ستەملێکراوی ناوچەکە نە ئاسایش و ئەمنیەت و نە ڕەفاه و پێشکەوتنی بەداوە بووە. خەبات و خۆڕاگری لە فەلەستین، ئەگەر دەیهەوێ ڕزگاری دەستەبەر بکات، دەبێ لە چوارچێوە و ستراتێژی سیاسیی هێزە ئیسلامی و کۆنەپەرستەکان و لە ڕەوتەکانی بورژوازیی گەندەڵ و پارێزکار تێپەڕێت و بەرەو ستراتێژی شۆڕشگێڕانە و بەرەو ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و جەماوەری هەنگاو هەڵگرێت. ئەم بابەتە تەنیا لەڕێگەی پەیوەندی گرتن لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕەکانی ناوچەکە و جیهان مومکینە. لە بارودۆخی ئێستادا بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین بێجگەلە یەکگرتن و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخواز و ڕەوتە شۆڕشگێڕەکان لە ئیسرائیل، بێجگەلە ڕاکێشانی پشتیوانیی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەئاستی جیهانی بەئامانجی بەهێز کردنی خەبات دژبە ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و دوورخستنەوەی جەریاناتی کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی، ڕێگایەکی تر بوونی نییە.

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv