ژینا مودەڕیس گورجی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی ژنان لەم دواییانەدا لەلایەن لەقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی دەسەڵات” حوکمی ١٠ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ گرووپ و وڵاتە دژبەرەکان” حوکمی ١٠ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” وهەروەهاحوکمی ١ ساڵ بەندکرانی دیکەش بە سەریدا سەپێندراوە.
دوایین دانیشتنی بەدواداچوونەوە بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە لە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەڕێوەچوو و حوکمی دەرکراو ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی جۆزەردان بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. هەروەها دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی ” بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و هاندانی خەڵک بۆ هەڵسوکەوتی توندوتیژانە”، دادگای تاوانی بۆ بەدواداچوونەوەی بەرپرسیار کردووە و دۆسییەکەی بۆ دادگای تاوانەکانی ٢ی سنە ناردووە. ژینا مۆدەرێس گورجی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گوڵانی ١٤٠١، دوای یەک مانگ ڕاگیرانی لە ژووری تاکەکەسی زیندانی ژنانی سنە بۆ ژووری گشتی گواسترابوویەوە. ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی پارەکە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕفێندرا و دوای ٨٤ ڕۆژ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی قورسی پێنج ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لەزیندان ئازاد کرابوو.