
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حیکمەت ئەمیری، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری دێهگۆلان و لە چالاکانی بواری پێشگیری و چارەسەریی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە، حوکمی ٤٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕژیم” و “پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت” حوکمی ٦ مانگ بەندکران و ٣٦ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و سەرجەم حوکمی ٤٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و ئەو حوکمە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ، بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. جێگای ئاماژەیە، دانیشتنی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی ئەو چالاکە ژینگەپارێزە، مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ هەر لەو دادگایەدا بەڕێوە چوبوو.