فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر سێ هاووڵاتیی بە تۆمەتی سێخوڕی بۆ ئیسڕائیل
چوارشەممە ۱۶-۰۸-۱۴۰۳   |  06-11-2024

بەپێی ڕاپۆرتەکان، “ئازاد شوجاعی” و “ئیدریس ئالی”، هەردووکیان خەڵکی ئاوایی “دۆڵەگەرم”ی سەردەشت و “رەسوڵ ئەحمەد محەممەد” خەڵکی شاری سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستانی عێراق، لە لایەن دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سەپێنراوە.
بە پێی زانیاریەکان، ئەم دوو کەسە لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٢، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە شاری سەردەشت دەستبەسەر و بۆ گرتنگەیەکی ئەمنییەتی ئیتلاعاتی سپا ڕاگوێزرابوون. شایانی باسە، ئەم سێ کەسە لە ماوەی دەستبەسەر کرانیاندا بە مەبەستی وەرگیرانی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونیدا بوون. تاوانبارکراوان بە سیخوڕی، مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و خزمەتگوزاری یاساییان نەبووە و دوای ٣ مانگ بەندکران بۆ یەکەمجار ڕێگایان پێدراوە پەیوەندیەکی زۆر کورت ماوەی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بکەن. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی لەگەڵ رەسوڵ ئەحمەد محەممەد، سەرجەم تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی دژیان ڕەت دەکەنەوە بەڵام بە هۆی ئەشکەنجە و گوشارەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و قەبوڵ کردنی سەرجەم تۆمەتەوەپاڵدراوەکان کراون.