
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی دووشەممە ۲۶ی پووشپەڕی ١٤٠٤، “محەممەد دەروێش نارۆیی” تەمەن ۲۲ ساڵ و “یاسین کەبدانی” تەمەن ۲۱ ساڵ و خەڵکی زاهیدان بە تۆمەتی «موحاربە و افساد فی الارض»، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها بنیامین کووهکەن کە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا تەنیا ۱۶ ساڵی تەمەن بووە لە هەمان دادگادا، دادگایی کراوە و دەستبەجێ لە بەندی چاکسازی و پەروەردەی منداڵانی زاهیدان بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.
ناوبراو تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری خۆیدا نەبووە و زانیارییەک لەسەر ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێندراوە لەبەر دەستدا نییە. محەممەد دەروێش نارۆیی، یاسین کێبدانی و بنیامین کووهکەن لە ڕەوتی لێپرسینەوەکانیاندا لەژێر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونیدا داندرابوون و لە مافە سەرەکییەکانی خۆیان وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون. ئەو سێ گەنجەی خەڵکی شاری زاهیدان لە ڕێکەوتی ۱۶ی بەفرانباری ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر و پاش لێپرسینەوە بە بەکارھێنانی گوشار و ئەشکەنجەی سەختەوە، بۆ زیندان گواسترابوونەوە.