شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری و خەڵکی شاری ڕەشت لەم دواییانەدا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەمشارە بە تۆمەتی “بەغی” لەڕێگای ئەندامبوون لە کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و “نزیکبوونی ئەو ڕێکخراوە لە کۆمەڵە” و بەپشتبەستن بە ماددەی ٢١١ و ٢٨٧ی یاسای سزای ئیسلامی کە لە ساڵی ١٣٩١ پەسەند کراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
شایانی باسە، ئەو حوکمە بەشێوەی فەرمی بە پارێزەری شەریفە محەممەدی ڕاگەیەندراوە و ٢٠ ڕۆژ دوای دەرکردنی ئەو حوکمە داوای پێداچوونەوەیە بەو بڕیارە لە دیوانی باڵای وڵاتدا ڕێگەپێدراوە. دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی شەریفە محەممەدی ڕۆژی شەممە ١٩ی جۆزەردان، لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشت بەڕێوە چووە. جێگای ئاماژەیە، شەریفە محەممەدی لەلایەن لێپرسانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنە، بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەییدا داندراوە. شەریفە محەممەدی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی سەرماوەزی پارەکە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ڕەشتدا دەستبەسەر کرا و ماوەی حەوت مانگی ڕابردوو لە زیندانی ناوەندیی سنە و لاکانی ڕەشت و هەروەها دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شاری سنە وئەو دوو شارەدا تێپەڕ کردووە.