بەپێی ڕاپۆرتەکان، عەلی ڕەزایی، خەڵکی شاری تاران لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و گرووپ” و “لێدان و بریندارکردن”، حوکمی دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو پێشتر لە تۆمەتی “موحاربە” بێبەری کرابوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، عەلی شەفاخاە، پارێزەری عەلی ڕەزایی لە وتووێژێکدا هاوکات لەگەڵ پێداگریی لەسەر ئەوەیکە عەلی ڕەزایی لە کاتی “ئەگەری ئەنجامدانی تاوانەکەیدا” تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە، ڕایگەیاندووە کە دیوانی باڵا بەجێی دادگای منداڵان، دادگای شۆڕشی بۆ ڕاگەیشتن بەو دۆسیە بە گونجاو زانیوە. عەلی ڕەزایی، لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە تاران دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ناسراو بە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گواسترابوویەوە. ناوبراو دوای یەک ساڵ لە دەستبەسەرکرانی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.