
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەمجەد گەریاخیز، چالاکی کرێکاری تەمەن ۴۲ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەوشارە بە تۆمەتی”هاندانی بازاڕییان و کاسبکاران بۆ مانگرتن” حوکمی شەش مانگ زیندان و دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.
شایانی باسە، نیشانەی ئەنجامی ئەو تۆمەتە لە لایەن ئەمجەد گەریاخیز ڕۆڵگێڕانی ناوبراو لە مانگرتنەکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی نێو بردراوە. جێگای ئاماژەیە، ئەمجەد گەریاخیز لە ماوەی ۳۵ ڕۆژ دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەکییەکانی خۆی وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و دەرمان و پەیوەندیی تەلەفۆنی بێبەش کرابوو. ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ۳ی ڕێبەندانی پارەکە، بە بەکارھێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە و دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی ئەوشارە گواسترابوویەوە. ناوبراو لەئاکامدا ڕۆژی سێشەممە ۷ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.